خوێندنەوەیەک بۆ هێرشی شەمشەمەکوێرەکانی داعش!

کارۆخ خۆشناو
  2021-12-06     693
ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد بکەین بۆ زیادبوونی هێرشی تیرۆرستانی داعش (لەم کاتەدا) بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە ئەنجامدا دەگەینە ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- تیرۆرستانی داعش بەم هێرشانە مەبەستیانە بسەلمێنن کە هێشتا ماون و دەتوانن شەڕی پارتیزانی بکەن.

2- ئەم هێرشانە یاریەکی سیاسی و سەربازین بە ئامانجی بەعەرەبکردن، واتە دەرکردنی کورد و چوڵکردن و تەعریبکردنی ناوچە کودستانیەکانی دەرەوەی هەرێم.

3- حەشدی شەعبی كە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستیان خوارد و تاڕادەیەک كەنارگیر و پەراوێز خراون، ئاسانکاری دەکەن بۆ هاتوو و چۆی داعش، تاکو لە ڕێگای ئەم بەهانەیە جارێكی دیکە خۆیان بەهێز بکەنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق.

4- زیادبوونی هێرشە تیرۆرستیەکانی داعش لەم تەم کاتەدا ڕەنگە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدار بێت بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا، چونکە زیادبوونی ئەم هێرشانەی داعش ڕەنگە ناکۆکی زیاتر بخاتە نێوان (پەنتاگۆن و بایدن) لەسەر پرسی كشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێڕاق، واتە پەنتاگۆن ڕازی نابێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێڕاق دووبارە بێتەوە، بۆیە ئەم هێرشانەی داعش فشار بۆ سەر بایدن دروست دەكەن تاکو لە سەر پرسی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان پەلە نەکات، چونکە ئەم هێرشانە بەڵگەن لەسەر بوونی مەترسی تیرۆرستانی داعش لە سەر ئاسایش و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لەم ناوچەیە.

5- هێرشەكانی داعش لەم کاتەدا (یاریەکی مەترسیدارە) لە نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان بە مەبەست و ئەجیندای جۆراوجۆر، بۆیە پێویستە کورد لەم یاریە چاوکراوە و ئاگادار بێت.

6- ئەم هێرشانە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێڕاق و دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێڕاق.

لە کۆتاییدا گرنگە سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش) هەوڵبدەن لە ڕێگای (پلان و میکانیزم و پێداویستی لۆجستی هاوچەرخ) سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆکمە بکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووی پیلانی تیرورستان و شەمشەمەکوێرەکانی داعش و هاوشێوەکانیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×