ئەمه‌ریکا وەک نێوەندگیر!

کارۆخ خۆشناو
  2023-03-30     477

لە پەراوێزی لێدوانەکانی جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە، دەربارەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆمان ڕووندەبێتەوە کەوا ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت (وەک نێوەندگێر) لە نێوان بەغدا و هەولێر لەلایەک و لە نێوان عێڕاق و تورکیاش لەلایەکی تر، چونکە ئەمەریکا لەگەڵ (عێڕاق و هەرێمی کوردستان) هاوپەیمانی ستراتیژین لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی، هەروەها لەگەڵ تورکیاش هاوپەیمانی ستراتیژین لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی ناتۆ، بۆیە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنها زیان بە ئابووری هەرێم ناگەیەێت بەڵکو زیان بە تورکیا و عێڕاق و کۆمپانیا ئەمریکیەکان و بازاڕی ووزەش دەگەیەنێت، لەم پێناوەدا ئەمەریکا هاتۆتە سەر هێڵ و بەدوای چارەسەرێکی خێرا و هاوسەنگدا دەگەڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق.

لە ئێستادا کۆمەڵێک ئاڵانگاری و دەرفەت لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەگەر هێزە سیاسیەکان و داڕێژەرانی بڕیار ژیرانە مامەڵە بکەن دەکرێت هەرێمی کوردستان زاڵ بێت بەسەر ئاڵانگاریەکان و سود لە دەرفەکانیش ببینێت، بەتایبەت لە دوو ئاستدا گرنگە هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە ئەوانیش:

یەکەم، لە سەر ئاستی ناوخۆیی هەرێم:
گرنگە لایەنە سیاسیەکانی هەرێم پابەند بن بەو وادەیەی کەوا سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاکو هەرێم ئەم پاڵپشتیە نێودەوڵەتیەی کە هەیەتی لە دەستی نەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە کۆسپ و تەگەرە دروست نەکرێن لەبەردەم هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاساییەکانی (سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسۆن و...هتد) لە پێناو زەمینەسازکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکروودا.

دووەم، لە ئاستی دانوستان لەگەڵ بەغدا:
گرنگە هەرێم جەخت لەسەر ئەو ڕێکەوتنە سیاسیە بکاتەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کردوویەتی و لە دەرەنجامی ئەم ڕێکەوتنە سیاسیە، ئەم حکومەتەی سودانی لە دایک بووە، کە لە ڕێکەوتنەکەدا لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە شێوەیەکی نوسراو بەڵێنی جێ بەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پرسی پێشمەرگە و یاسای بووجە و...هتد.

وەک بەبیرهێنانەوە جێگای خۆیەتی لەو ڕاستیە تێبگەین کەوا فاکتەری سەرەکی مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بە پشتگیری نێودەوڵەتی لە سەروشیانەوە پشتگیری ئەمریکا، بۆیە لەم قۆناغە چارەنوسسازەدا ئەگەر بمانەوێت پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەست نەدەین و هەرێمەکەمان بپارێزین ئەوا هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نیە جگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و پێکهاتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستور.

لە ڕێگای ئەم دوو هەنگاوەی سەرەوەدا دەتوانین پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا بپارێزین و بەهێزتری بکەین، چونکە هێشتا ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان گرنگیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدەن بەتایبەت لەبەر ئەم پێنج هۆکارەی خوارەوە:

یەکەم: ئەمەریکا لەسەر ئاستی پاراستنی (باڵانسی سیاسی) ناوخۆی عێراق پشت بە هەرێم دەبەستێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە نێوان هەردوو پێکهاتەی شیعە و سونە، تاکو شیعە نەتوانێت هەموو جومگەکانی دەسەڵات قۆرخ بکات، هاوشێوەی قۆرخکاری سونەی پێش رووخانی رژێم.

دووەم: لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کەوا ئەمەریکا متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا دروست بووە.

سێیەم: لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە دەوڵەمەندەیە لە رووی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، کەوا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمه‌ریکی و جیهانییەکان تاکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا.

چوارەم: لەسەر ئاستی برەودان بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کەوا ئەمەریکا ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان بۆ ناوچەکە.

پێنجەم: لە سەر ئاستی جیۆپۆڵەتیکیش هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی گرنگە نەک تەنیا بۆ ئەمەریکا، بەڵکو بۆ زلهێزەکانی وەک (چین و رووسیا)ش کە چاویان لەسەریەتی، بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەمەریکا شوێن پێی خۆیان لە ناو هەرێمدا بکەنەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ستراتیژی ئەمەریکا هێشتا لەگەڵ بژاردەی بونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزە لەچوارچێوەی عێڕاقدا، لەم چوارچێوەیەشدایە ئەمریکا وەک نێوەندگیر ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، بەڵام برەودان بەم بژاردە ستراتیژیەی ئەمەریکا لەسەر خۆمان وەستاوە، تاچەند دەتوانین سود لەم دەرفەتە ببینین و هەرێمێکی گەشەسەندوو بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو بونیات بنێین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×