نهێنی سەرکەوتنی ئەمریکا!

کارۆخ خۆشناو
  2020-01-20     1782
کۆمەڵێک نهێنی لە پشت سەرکەوتنی ئەمریکادا هەن، سەرەکیترینیان هەبوونی دەستورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دیکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت چونکە تەمەنی (۲۳۱) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.
ڕەشنوسی دەستوری ئەمریکا لە ساڵی (۱۷۸۷) لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سێزدە ولایەت نوسرایەوە (ئەوکات ئەمریکا تەنها ۱۳ ولایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆی چڕ و پڕ، ساڵی (۱۷۸۸) ڕاپرسی لەسەرکرا، ئینجا ساڵی دواتر واتە ساڵی (۱۷۸۹) پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەستوری ئەمریکا لە (۷) ماددە پێک هاتووە:
ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێ بەجێکردن.
ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.
ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندیەکانی نێوان ولایەتەکان و حکومەتی فیدڕاڵ.
ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستور.
ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیە)
ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستور.

دوای پەسەندکردنی دەستور (جۆرج واشنتن) وەک یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەوکاتە هێشتا دیموکرات و  کۆماریەکان دانەمەزرا بوون)، جۆرج واشنتن هەڵسا بە دانانی بەردی بناغەی کۆشکی سپی و گواستنەوەی پایتەختی ئەمریکا لە (فیلادلفیاوە بۆ واشنتن دی سی) بەڵام دوای خۆی کۆشکی سپی تەواو بوو (جۆن ئادەمز)ی دووەم سەرۆک، یەکەم کەس بوو لە کۆشکی سپی نیشتەجێ بوو.

ئەمریکیەکان لە (۱۷۷٦/۷/٤) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەڕیتانیایان ڕەتکردەوە، ئەمریکا لە ماوەی (۲٤٤) ساڵدا، (٤٥) سەرۆکی هەڵبژاردووە، (۱۹) سەرۆک کۆماری بوون، (۱٥) سەرۆک دیموکرات بوون، (۱۱) سەرۆکیش پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری بوون (پارتی دیموکرات لە ساڵی ۱۸۲۸ دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی ۱۸٥٤ دامەزرا)

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستوری ئەمریکا (Flexibility) واتە نەرمی و گونجانیەتی لەگەڵ هەموو سەردەمێک، ماددەی پێنجەمی دەستور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستور بە گوێرەی پێویست، دەستوری ئەمریکا تاکو ئێستا (۲۷) جار هەموار کراوەتەوە.

خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستوری ئەمریکا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (۱ و ۲ و ۳)ی دەستوری ئەمەریکا هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئەمریکا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستوری ئەمریکا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە ڕێگای چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە: 
 (The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)

لە ئەمریکادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستورە، یاسا لەسەروی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەو کەسە ئەگەر سەرۆکی ئەمریکاش بێت، لە ژێر سایەی ئەم دەستورەدا سبەینێ سێ شەممە (۲۰۲۰/۱/۲۱) سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد تڕەمپ) لە ئەنجومەنی پیران دادگایی دەکرێت.

کەواتە دەستوری ئەمریکا بەردی بناغەی دروستبوونی وڵاتێکی هاچەرخ، مۆدێرن، خاوەن دام و دەزگای بەهێز و ئاکتیڤ، ئەمانەش شارستانیەتێکی نوێی بەرهەمهێناوە بەناوی شارستانیەتی ئەمریکا، کە لە ژێر سایەیدا یاسا سەروەرە، واتە یاسا بەرامبەر هەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی ئەمریکاش بێت!!!

لە کۆتاییدا هیوادارم ئێمەی کوردیش هەوڵبدەین سود لە ئەزموون و دەستوری ئەمریکا وەربگرین، بە تایبەت لە کاتی نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×