سەرۆکی هەرێم لەبەردەم دەرگای ژمارە (10)

کارۆخ خۆشناو
  2021-09-16     1105
لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەڕیتانیا بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (2021/9/17) سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا (بۆریس جۆنسن) لەبەردەم دەرگای ژمارە (10) لە داونینگ ستریت پێشوازی بکات لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی)، چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارە مێژوویەدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ بکرێن، سەرکیترینیان پرسەکانی (سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنین) بە ئامانجی بونیاتنانی پەیوەندیەکی پتەوی دیبلۆماسی (هەمەلایەنەی هاوبەش) لە نێوان (هەولێر و لەندەن) لە سەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی مێژوویەکی دووری تەمومژاوی بەرەو ئایندەیەکی گەش و ڕوون لە نیوان بەڕیتانیا و کوردستان.

دەرگای ژمارە (10) لە داونینگ ستریت لە شاری (لەندەن)ی پایتەختی بەڕیتانیا بە گرنگترین و بەناوبانگترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان ئەژمار دەکرێت، چونکە بارەگای سەرەکی سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیایە.

مێژووی ئەم دەرگایە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (1732) کاتێک پاشا (جۆرجی دووەم) خانووی ژمارە (10) بە دیاری پێشکەشی لۆردی یەکەمی خەزینەی بەڕیتانیا دەکات کە ناوی (ڕۆبەرت واڵبۆڵ) بوو، بەڵام ڕۆبەرت ئەم دیاریە بۆ خۆی قبوڵ ناکات، بەڵکو دەیکات بە شوینی نیشتەجێبوونی خەزنەداری بەڕیتانیا، ئەویش دوای نۆژەنکردنەوەی لە ساڵی (1735) وەک نەریتێک دەبێتە بارەگای خەزنەداری بەڕیتانیا، بەڵام چونکە دواتر خەزنەدار و سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا دەبنە یەک پۆست و یەک کەس بەڕێوەی دەبات، بۆیە لە ماوەی (285) ساڵی ڕابردوودا (76) سەرۆک وەزیران لە پشت دەرگای ژمارە (10)ی داونینگ ستریتەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.

بە درێژایی مێژووی دوور و نزیک، داڕێژەرانی بڕیاڕی بەڕیتانی لە پشت دەرگای ژمارە (10)ەوە بە سەدان پرسی گرنگی ناوخۆیی و دەرکیان تاوتوێ کردووە.
بەڕیتانیا لە مێژووی دووردا ئەو وەڵاتە بوو کە پێیان دەگوت هەرگیز (خۆر لێیەوە ئاوا نابێت) چونکە دەستی گرتبوو بەسەر هەرچوار لای گۆی زەوی، لە ئێستاشدا ئەگەرچی ڕێزبەندیەکەی لە دوای ئەمەریکاوە دێت، بەڵام هەر بە وڵاتێکی زلهێز و کاریگەر لەقەڵەم دەدرێت چونکە (ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش)ە و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕیت لە زۆربەی پرسە نێودەوڵەتیەکان.

ئەگەر لەم وتارە کورتەدا ئاماژە بە چەند ڕۆڵێکی بەڕیتانیا بکەین لەسەر پرسی کورد، دەبینین بەڕیتانیا ڕۆڵی گەورە و کاریگەری (ئەرێنی و نەرێنی) گێڕاوە لە هەمبەر دۆزی کورد، بۆ نمونە بەڕیتانیا هاوشان لەگەڵ فەڕەنسا داڕێژەری ڕێکەوتننامەی (سایکس-بیکۆ) بوون کە لە ساڵی (1916)دا بەبێ خواستی (کورد) کوردستانی گەورەیان دابەشکرد بەسەر چوار ووڵاتی دەگیرکەردا (عێڕاق و ئێران و تورکیا و سوریا) لەو ساوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەرچوار پارچەی کوردستان بە دەست نەفرەتی ئەم (دابەشکاریە جیۆپۆڵەتیکیەوە) دەناڵێنیت، بەڵام هەر ئەم بەڕیتانیایەش بوو کە لە سەردەمی (جۆن مێجەر) و لە دوای ڕاپەرین و کۆڕەوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هاوشان لەگەڵ فەڕەنسا و ئەمەریکادا بڕیاری دژەفڕینی ژمارە (688)ی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرکرد لە پێناو پاراستنی خەڵکی کوردستان و سنوردانان بۆ دەستدرێژیکردن و قەتل و عامی ڕژێمی بەعس.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×