کورد لە نێوان (تڕەمپ و بایدن)دا!

کارۆخ خۆشناو
  2020-09-12     654
وڵاتانی جیهان (بەگشتی) چاویان بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٠/١١/٣) ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئەمریکا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەختیش (چەق)ی داڕشتنی بڕیارە چارەنوسسازەکانی جیهانە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەتایبەتی) لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دایە، چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمریکا، چاوەڕواندەکرێت هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەدا بگۆڕێت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سونە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و ڕێکەوتنی ئەتۆمی (٥+١) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سوریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاری ئۆپۆزۆسیونی تورکیا دەکەم بۆ ڕوخاندنی دیکتاتۆر ئۆردوگان"

بەڵام لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی (تڕەمپ و کۆماریەکان) ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، چونکە (ستراتیژیەتی ئەپەڕی فشار) لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت تاکو ناچار بکرێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا واژوو بکات، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بە هۆی ئەو پەیوەندیە  دۆستانەیەی کە تڕەمپ لەگەڵ ئۆردۆگاندا هەیەتی.

جیاوازی نێوان تڕەمپ و بایدن (کۆماری و دیموکراتەکان) بەرامبەر دۆزی کورد:

بە هۆی ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاستدا دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ناتوانین لە نێوان (تڕەمپ و بایدن)دا بە دیاریکراوی بڵێین ئەم کاندیدە باشترە لەوەی تر، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندنی کوردانی ڕۆژهەڵاتە کە (تڕەمپ) دووبارە هەڵبژێردرێتەوە چونکە (تڕەمپ) دژی ئێرانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی باکور نیە چونکە (تڕەمپ) هاوڕێی ئۆردوگانە، بەپێچەوانەشەوە لەبەرژەوەندی کوردانی باکورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت چونکە (بایدن) دژی ئۆردوگانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵات نیە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت چونکە ئەگەری هەیە سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و ڕێکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (تڕەمپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد،  بەڵام لەسەر ئاستی حیزبی (کۆماریەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حیزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەویش چونکە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە هەموو هەڵوێستەکانیان نەک شتی تر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×