کوردستان لە پێودانگی ئه‌مه‌ریكادا!

کارۆخ خۆشناو
  2020-12-08     339
سەرەکیترین بنەما بۆ تێگەیشتن لە (ئەلف و بێ)ی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئه‌مه‌ریكا، بەندە بە تێگەیشتن لە شێوازی داڕشتنی بڕیار و رەنگڕێژکردنی ستراتیژییەته‌کانی ئه‌مه‌ریكا، هەموو ئەم کارەکتەر و دەزگایانەش کە بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئه‌مه‌ریكا هەمیشە دوو بنەما لەبەرچاو دەگرن، ئەوانیش (پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مه‌ریكا)ن، هەر ئەکتەرێکی دەوڵەتی یان نادەوڵەتی کاریگەریان هەبێت بە شێوازی ئەرێنی یاخود نەرێنی لەسەر ئەم دوو بنەمایەی سەرەوە، ئەوا سەنگیان دەبێت لە پێودانگی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئه‌مه‌ریكادا.

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی سەنگ و پارێزبەندییەکی تایبەتی هەیە لە پێودانگی ئەمەریکادا، ئەگەرچی کوردستان هێشتا خاوەن کیانێکی سەربەخۆش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ گرنگی خۆی هەیە لە هاوکێشەی ئه‌مه‌ریكادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بەهۆی ئەوەی (هەرێمی کوردستان) لەلایەکەوە پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی گرنگ و ستراتیژی هەیە "وەک دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە"، لەلایەکی تریشەوە ژێرخان و سەرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە.

روون و ئاشکرایە دروستبوون و پاراستنی ئەم قەوارەیەی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئه‌مه‌ریكادایە، ئەم پاڵپشتیەی ئه‌مه‌ریكاش وایکردووە کەوا باشووری کوردستان جیاواز لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان، ببێتە خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا، لەم روانگەیەشەوە بەرپرسانی کۆنگرێس و کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا (کۆماری و دیموکراتەکان) هەمیشە ته‌ئکیدیان لەوە کردووه‌تەوە کە "ئه‌مه‌ریكا لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی بەهێزدایە، لەچوارچێوەی عێراقدا"

پرسیار لێرەدا ئەوەیە:

ئایا سەرکردایەتی سیاسی هەرێم چۆن بتوانێت لە پێودانگی ئه‌مه‌ریكادا سەنگی کوردستان زیاتر بکات و پێگەی کوردستان بەهێزتر بکات، لە پێناو مانەوە و پاراستنی بەردەوامی قەوارەی هەرێمی کوردستان؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بۆ زیادکردنی سەنگی هەرێمی کوردستان لە پێودانگی ئه‌مه‌ریكادا، گرنگە (داڕێژەرانی بڕیار) ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

1- نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێم.

2- ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا.

3- برەودانی زیاتر بەپرسی (شەفافیەت) لە داهات و خەرجی گشت سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت.

4- بووژاندنەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گورزار لە پێناو هەمەچەشنکردنی داهاتی کوردستان.

5- پاراستنی پێگەی پێکەوەژیانی کوردستان بەلای ئه‌مه‌ریكاوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە.

6- پاراستنی پێگەی سەقامگیر و ئاسایشی هەرێم.

7- یەکخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێم لەژێر چەتری حکومەتدا.

8- بە دامەزراوەیکردنی زیاتری دام و دەزگاکانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرسێ دەسەڵات (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەری).

9- جێبەجێکردنی سیاسەتی (تەقەشوف) لە پێناو دەربازکردنی ئەم دۆخە ئابووریە قورسەی کەوا هەرێم و ناوچەکە و جیهانی گرتۆتەوە.

10- گرنگیدانی زیاتر بە پره‌نسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەرز راگرتنی شکۆی هاووڵاتیانی هەرێم لە رێگای برەودان بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا و ئازدی خۆپیشاندانی مەدەنی لەچوارچێوەی یاسادا.

11- پێویستە داڕێژەرانی بڕیاری کوردستان لەپاڵ گرێبەستی سەربازی، گرێبەستی سیاسی و ئابووری هەمەچەشن لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا واژوو بکەن.

12- گرنگیدانی زیاتر بە پرسی دادی کۆمەڵایەتی و بەرز راگرتنی گوزەرانی هاووڵاتیان لە رێگای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و چینی مامناوەندی کۆمەڵگا.

لە کۆتاییدا گرنگە بۆ ئێمەی كورد كەوا بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی (لەسەر بنەمای توێژینەوە و لێكۆڵینەوە) لە سیاسەتی ئه‌مه‌ریكا تێبگەین و هەوڵبدەین بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هاوتەریب و پاڕاڵیڵ بكەین تاكو قەوارەی هەرێمی کوردستان لەم ناوچە پڕ لە دوژمن و جیۆپۆڵۆتیکە داخراوەدا هەمیشە پارێزراو بێت، هەروەها پێویستە لەو حەقیقەتەش تێبگەین کەوا ئەمەریكا بەگوێرەی (گرێبەستە یاسایی و سیاسی و سەربازییەکان) سەنگ و قورسایی بۆ بەرامبەرەکەی دادەنێت، نەک لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسۆزی کۆمەڵایەتی!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×