ئەرکی پەرلەمانتاريی

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح
  2021-05-28     473
بە ئەزمونی کاری پەرلەمانی و بینینی چەند ئەزمونێکی دەرەوەو خوێندنەوەی واقعی کوردستان، زۆرێک کاری پەرلەمانتاری لە بری نوێنەرایەتی ڕاستەقینە کردوەتە شەڕی ساختەی سیاسی، تێگەشتنێکی ھەڵەش لای خەڵک بۆ کاری پەرلەمانی ھەیە.. 

چەند بنەمایەک بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەشتنە و کاری دروستی  پەرلەمانتاری کە پەیوەستە بەیەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمانتار کە چاودێریکردنە..

یەک: پەرلەمانتار لە بری نوێنەرایەتیکردنی خەڵک، بەرەو ئەو ئاراستە دەڕوات بەڕاست و ھەڵە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی حیزب یان نەرپرسێکی حیزبی بکات یان ببێتە وتەبێژی حکومەت، ھەڵەی لایەنێکی سیاسی و زۆنێکی حوکمڕانی چەندین جار گەورە بکات و ھیچی زۆنی حیزبی و بەرپرسی  خۆی نەبینینێت!! ئەمە ھەڵەیەکی گەورەیەو پێچەوانەی ھەنگاوی یەکەمە؛ گەڕان بەدوای ڕاستی وەک ئەوەی ھەیە...

دوو: ٨٥٪‏ کاری پەرلەمانی لە دەرەوەی ھۆڵی پەرلەمانە، چاودێریکردن و بەدواداچون، بەردەوامی کۆڵنەدان و گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێکی پێڕەوی و یاسایی بۆ ئەو دۆسیانەی بەدواداچونی بۆ دەکەین، پەرلەمانتارێک ھیچ بەدواداچونێکی نەکردبێت، دەیان پرسیارو لێکۆڵینەوەی نەکردبێت، قسەی گشتی لە ھۆڵی پەرلەمان بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان(کە دەسەڵاتی دارایی و جێبەجێکردنی نیە) تەنیا بەکارھێنانی ھەست و سۆزی خەڵکە لە ڕێگای میدیاوە، بەمە دەوترێت فێڵکردن لە چاوی خەڵک..

بۆنمونە: کەدەڵێی پارەی ئەم وڵاتە ھەموی دزرا!  بۆچی موچە نادرێت، ئەمە قسەیەکی بێ جەدوایە بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان...

پەرلەمانتار دەبێت لە وردەکاریدا گەندەڵی دەستنیشان بکات، ئەوەی دزراوە بە بەڵگە باسی بکات!! 

سێ: پەرلەمانتاری پێویستی بە مەعریفەیە، لە ھیچ بوارێکدا شارەزایت نەبێت و ئامادەش نەبیت فێرببێت ھەرگیز ناتوانیت نوێنەرایەتی خەڵک بکەیت، تەنانەت پەرلەمانتار ئامادەنەبێت پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بخوێنێتەوە! چۆن دەتوانێت چاودێری حکومەت بکات کە بەدەیان یاساو سەدان ڕێنمایی کار دەکات.. 

چوار: وەک چۆن پەرلەمانتار نابێت چاوپۆشی لە گەندەڵی یاسا شکێنی بکات، ناشبێ شەڕە جنێو بکات، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی خواستی خەڵک بکەیت دەبێت پەیوەندیەکی سەنگینت ھەبێت و دۆسیەو گرفتەکانی خەڵک بگەیەنیت.. پەرلەمانتارێک لە چوار ساڵدا دۆسیەیەکی نەگەیاندبێتە وەزیرێک، نوێنەرایەتی پێناکرێت.. دەبێت ھەموان بزانن ئەوەی تۆ دوژمنایەتی و ڕقی شەخسی و حیزبی نیە؛ خەمی گشتیە... 

پێنج: تۆی ھاوڵاتی پەرلەمانتار بە بەرپرسی سوپا مەزانە داوای روخاندنی حکومەت و کودەتای لێبکەیت، ئەرکی ئەو ئەوە نیە، دەڵێ: جگە لە قسەو بەدواداچون چیت کردوە! ..

ئەرکی پەرلەمانتار، چاودێریکردن بەدواداچون و ڕێککاری یاسایی و پێڕەوییە بەرامبەر دۆسیەکان و دروستکردنی ڕایگشتیە.. 
ئەو کە ئۆتۆمبیلی پێیە تۆ چۆن داوای فڕینی لێدەکەیت! ..

شەش: دروستکردنی ڕایگشتی، وەک یەکێک لە ئەرکی نوێنەرایەتی لە پرۆسەی چاودێرکردن و وەک ئامانجێک بۆ چارەسەری گرفتەکان،  پەرلەمانتار گرنگە بتوانێت ڕای گشتی دروست بکات، من زۆر باوڕم بەم ڕێگایەو بەردەوام بەکاری دەھێنم. لە موچەخۆری نایاساییەوە تاوەکو قاچاخچێتی و لە داگیرکردنی زەوی بۆ دیارنەبونی داھاتی نەوت، لە بەحیزبکردنی دادگاوە  تاوەکو ژەھری و گازوایل بەنزین.. 

بۆیە کە پەرلەمانتارێک لەسەر دۆسیەیەک دەڕوات، مەڵێ تاقەتمان نەما... لەبری پشتیوانی ساردی مەکەرەوە.. 

حەوت: یەکێ لەو مەترسیەی کە پەرلەمانتار دەبێ زۆر وریا بێت و بە ئەستەم لێی دەردەچێت، حیزبێک دژی ئەوی تر بەکارت نەھێنێ، کۆمپانیا دژی کۆمپانیای دیکە و سیاسی دژی سیاسی دیکە بەکارت نەھێنێت...

دەبێت ئامادەبیت بۆ فشاری سیاسی، ھەموو جۆرەکانی ھەڕەشە، تەسلیم نەبون بۆ بەرژەوەندی تایبەت، لەبەردەم پارەدا بەھێزبیت و کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت خاڵی لاوازت نەکەوێتە بەردەست ئەوانەی کەدەبێت چاودێربیت بەسەریانەوە...

بە کورتی: پەرلەمانتار بۆ ئەوەی سەرکەوتوانە کاری خۆی بکات، بە وردی و بە زانیاریەوە بەبی ترس و چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەنێک و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بەپێی پێڕەی ناوخۆ و یاسا بەرکارەکان کاری خۆی دەکات، زۆر بەخێرایی ھەست بە گرفەکان دەکات و زانیاری بۆ کۆدەکاتەوەو ڕێگای یاساو پێڕەوی بۆ چارەسەر بەکاردەھێنێت، لە ئاستی کۆتاییدا ھەوڵی دروستکردنی ڕایگشتی دەدات... 

پەرلەمانتاری باش ھەمیشە لە خەمی ئەنجامدایە بۆ ئەو دۆسیانەی کاری لەسەر دەکات، بەڵام نە گەشتنە ئەنجام کۆڵیپێنادات.

گرنگترین شت دانانی پلانی کارکردنە، من بۆ خۆم ھەموو ھەینیەک بە وردەکاری پلانی ھەفتەی کارکردن دادەنێم، مانگانەش پلانی گشتی.. 

بۆ ئەو دۆسیانەش لە ناکاون ڕۆژانە کاریان لەسەر دەکەم..

عەلی حەمە ساڵح
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×