ڕۆڵی ژنان لە كایە سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەكان

کەمال محەمەد
  2021-07-07     280
ئێمەی مرۆڤ هەمومان سەربەم گۆی زەویەین و روو لە بەها گەردونییە مرۆڤایەتیەكانین ئیتر هەرچەندە تایبەتمەندییەكانیشمان جیاواز بن ،ئێمە هەمومان پێویستیمان بە تێكۆشانێكی گشتگیرە لەپێناوی بەدیهاتنی هەموو مافەكان بۆ ئەوەی بەدوایدا كۆتایی بێت بە هەمو توندوتیژییە مەعنەوی و دەرونی و جەستەیی و مادییەكانی سەر ژنان ،خودی ئەمەش واتای نەمانی جیاكارییە لەسەر بنەمای ڕەگەز كە بریتییە لە توندوتیژی ،

سەردەمی كۆڵۆنیاڵیزم سەردەمی شێواندنی ژنان بو،ئەو سەردەمە كردنی ژنان بوو بە دایكی هەمو ڕەنجەكان و تاڕادەی خاوەنی ڕەنجی خۆڕایی و توندوتیژی بێسنوری پیاوان و هەروەها ئامرازی ریكلام كردن و پۆڕنۆگرافی ،هەمو ئەمانە لە چوارچێوەی ڕاستییەكی تاڵدایە كە ژنان دواجار دەیچێژن ،نمونەی دوای سەردەمی كۆڵۆنیاڵیزم لەسەردەمی ئێستاش ئەبینرێت بەڵام بە شێوەیەكی جیاوازتر كە بەناوی شاژنی كاڵاكان و كچە مۆدێلكارەكان ناودەبرێن كە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین سەرچاوەی هەمو جۆرەكانی نایەكسانی لێرەدا شاردراوەتەوە .

تیشك خستنە سەر كایە سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەكان لە هەر كۆمەڵگاو سەردەمێكدا كارێكی مەحاڵە بە بێ تیشكخستنە سەر پرسەكانی ژنان بە شێوەیەكی بەرفراوان ،چون ئەزمونە مێژوییەكان ئەوەیان خستۆتە ڕوو كە جیاكاری و پشتگوێخستنی ژنان لە فیكرو شێوازدا لە كایەكان هەرگیز ناتوانێ ڕاستی و حەقیقەت وەدەرخات و ناتوانێ مۆدێلێكی كردەیی پارادیمایەك پێشكەش بكات كە زهنییەت و سیستەمی نێرایەتی خۆسەپێنەر تێپەڕێنێ ،بۆیە هەركات چەندە پارادیمای دیموكراتی و ژینگەیی بە ئازادی ژنان ببەخشرێت ئەوەندەش بە كۆمەڵگای ئەبەخشێت .

ئێمەی مرۆڤی نێو كۆمەڵگاكان ناتوانین ئازادی ژیان جێبەجێ بكەین و كۆمەڵگا سەرپێ بخەین لەڕوی سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەوە بە بێ بەرپاكردنی شۆڕشی ڕیشەیی ژن و وەرچەرخان و ئاڵۆگۆڕی پێویست لە زهنییەت و ژیانی پیاواندا ،چون ژیان لەهەر كۆمەڵگایەكدا وەك سەراب و تراویلكەیەك وایە ئەگەر سازان و یەكسانی لەنێوان ژن و پیاو و ژیان ژندا نەبێتو بەختەوەری بەدوایدا نایەت ،ئیدی بەختەوەریش خۆی ئەبێتە خەیاڵێكی پوچ و تەواوی كایە سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەكانی ژنان تێك ئەشكێنێ .

ئەگەر بێێنە سەر باسی ڕۆڵی ژنان و ئەو ئەزمونە پەیوەندیدارو مێژوییانەی كە بە ماندونەناسی بەدیهاتون سەرەڕای ئەوەی كە ڕوبەروی چەندین جیاكاری پەراوێز خستن و مۆڕاڵی بونەتەوە بەهۆی هزری باوك سالاری و پاشڤەڕۆ كەلتوریی و ئیتنیكییەكان بەڵام هێشتا ئەم ڕەگەزەی مرۆڤایەتی بەرپرسیارێتی قورسیان خستۆتە ئەستۆیان ،هەر ئەو هزری كەلتورییەش بو وایكرد كە ڕۆمان نوس ئەمین مەعلوف بە بە دیاردەو ناسنامەی كوشتنی ژنان دەناسێنێ لە سنورە تەسكەكەیدا .

ڕۆڵی ژنانی كورد هەمیشە شۆڕشێكی ڕاستەقینە بوە كەلە نەتەوەیی بون و كۆمەڵگا بونیدا جێبەجێی كردوە ،بۆیە ئەتوانرێت بوترێت كە ژنی كورد لە شۆڕشەكان نەك تەنها لە ئاستی بەرگریكردن لەهاوشانی پیاوان بەڵكو ئەوەی پەیوەندی بە ئایدۆلۆژی ئازادی ژن و تواناكاری لە بوارە سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەكان هەیە خاوەن ڕۆڵ بوە ،بەڵام ژنان كاتێك كە بیانەوێت بگەنە ئامانج و واتای ژیان پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن ئاخۆ ئەو پێداویستی و پرەنسیبانە كامانەن كە ڕۆڵ و هەبونی ژنان بە زیندویەتێی و بەرپرسیارێتیەوە ئەهێڵنەوە كە بێ گومان ڕۆڵی خۆیانە لە كایە سیاسی و ڕۆشنبیری وكۆمەڵایەتییەكان .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×