ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی نەخشەی رۆژ هەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی!

عەلی حەمە
  2022-11-30     723

بیرۆکەی هێڵی شەمەندەفەری بەرلین - بەغداد سەری ئیمپراتۆری عوسمانی خوارد!


*~ ئەوەندەی من بزانم تەنها لەم ساڵدا ، سێ جار پرسی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر بڵاوکراوەتەوە ،ئەجارەش بەپێی راگەیاندنەکەیان لەساڵی داهاتودا ، دەست بەقۆناغی دیزاینی دەکرێ !

*~ وەزیری پێشوی گواستنەوەی عێراقیش
( ناصر حسێن الشبلی ) لە ٩-١٢-٢٠٢١ رایگەیاند کە ئەوانیش گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵی کردوە بۆ جێبەجێ کردنی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەری ( بەسرە - بەغداد - بەرلین ) .
تۆبڵێی هەرێم و بەغدا ئاگایان لەیەک بێ ؟

سەرەتایەکی مێژوویی ؛
*~ لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و بەتایبەتی لە مانگی تشرینی ١٨٨٩ قەیسەری ئەڵمانی (فیلهلم ی دووەم ) بەسەردانێک دەگاتە ئەستنەبوڵ بەمەبەستی قوڵکردنەوەی دۆستایەتی لەگەڵ سەڵتەنەی عوسمانی و قسەکردن لە چارەنوسی هاوبەشیان لە سیاسەت و جوگرافیادا ، دیارە پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەری نێوان ( بەرلین - بەغدا ) یەکێک بوە لە پرۆژە ستراتیژیەکانی نێوانیان کە زیاتر سود و قازانجی ئابوری و ستراتیژی گەورەو گرنگی بۆ هەردوو وڵات لێدەکەوێتەوە و زەمینەیەکی هاوبەشی گرنگیش دەبێ لە زیاتر قوڵکردنەوەی پەیوەندی و بەیەکەوە بەستنی داهاتوی چارەنوسی ئەو دوو دەسەڵاتە و بەتایبەتیش لە بەگژدا هاتنەوەی دوژمنە هاوبەشەکانیان کە هەریەک لە وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا کە بەوردی چاودێری ناوچەکەیان دەکرد و لە نەخشە و پلان دانان دابوون بۆ دەرکردنی سوپای سەڵتەنەی عوسمانی و داگیرکردنی ناچەکە .
بەهۆی پەیوەندی بەتین و بەهێزی ئیمپراتۆری ئەڵمان لەگەڵ سەڵتەنەی عوسمانی و حاکمە عەرەبیەکانی ژێر قەڵمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پروپاگەندەی ئەوە بڵاوببۆوە کە ئیمپراتۆری ئەڵمانی بە نهێنی ئیسلام بوە بۆیە لەلایەن بەشێکی ئەوسای ناوچەکەوە بە (حاجی غلیۆم ) ناویان دەبرد ، شایانی باسە ئەم بابەتەش لەسەردەمی هتلەر و بەتایبەتی لە شەڕی دووەمی جیهانیدا لەبەر پەیوەندی مێژوویی ئەم دوو وڵاتە و لەبەرئەوەشی هەردووکیان لەبەرەی محوەر دابون لە جەنگدا دژی هاوپەیمانەکان و دژایەتی کردن و ئاوارەکردن و کوشتنی یەهودیەکان لە تەواوی ئەوروپاو بەتایبەتیش لە ئەڵمانیادا لەسەر دەستی حزبی نازی هتلەرەوە دووبارە لەو سەروبەندەشا عەرەب و موسڵمانەکان هەمان بۆچونیان لەسەر هتلەریش لا دروست ببوو گوایە بە نهێنی موسڵمان بوە و بۆیە ناوی ئەویشیان لای خۆیان گۆڕی بو بۆ (حاجی محمد هتلەر) !(١)
*~ ئەم پرۆژەیە بۆ سەڵتەنەی عوسمانی جگە لە سودی ئابوری گرنگ و بایەخە ستراتیجیەکەی پیلانێکیش بۆ ئەوەی ئەڵمانەکانیش لەگەڵ خۆی بخاتە بەرەی بەگژداهاتنەوەی سیاسەت و پلانەکانی بەریتانی و فەرەنسیەکان لە ناوچەکەدا و لەلایەکی تریشەوە بەو هەنگاوەی بەریتانی و فەرەنسیەکانی لە مستەعمەرەکانی لە هند و لە کەناڵی سوێس دادەبڕی ئەوە جگە لەوەی کە ئەم پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەرە بە تێچویەکی هەرزانتر و ماوەیەکی خێراتر و سەلامەتتر کاڵاو پێویستیە بازرگانیەکانی لە ( رێرەوە ئاویەکان کە بەهۆی کەشتیەوە دەگوازرانەوە ) دەگواستەوە و بەمەش بەریتانی و فەرەنسیەکان زیانێکی گەرەی ئابوری و سیاسی و بازرگانی بێ وێنەیان لە ناوچەکە بەر ئەکەوت ، بۆیە ئەم پرۆژەیە بوە هۆی توڕە کردنی بەریتانی و فەرەنسیەکان و وای کرد کە زووتر بکەونە بیرکردنەوەی جدی لە وەرگرتنی رێکاری هەمەلایەنی پێویست بۆ دروستکردنی بەربەست و کەمکردنەوەی نفوزو هەژمونی سەڵتەنەی عوسمانی لەناوچەکە و بێ بەش کردنی لە گەیشتنی بە پیشەسازی پێشکەوتوی ئەڵمانی .(٢)
*~ بەریتانی و فەرەنسیەکان لە رێگەی هەر یەک لە ( مکماهۆن و وایزمان و بلفور و سایکس و بیکۆ ) هەستان جێبەجێکردنی پلانی خۆیان و دەستیان بە دارشتنی نەخشەرێگایەک بەرەنگی رەگەزی و ئاینی کرد لە ناوچە عەرەبیەکان بەتایبەتی لەهەریەک لە حیجاز و لە میسر و جەزیرەی عەرەبی و لوبنان .
*~ روداوی شۆڕشی تورانیەکانی ساڵی ١٩٠٨ کە بەناوی حزبی اتحاد و تەرەقی دژی سەڵتەنەی عوسمانی ئەنجامیاندا و جەختیان لە دەستور و دروشەمەکانی ( حریات - عدالات - مساوات - اخوان ) بەرز کردبۆوە هەروەک محمد حسین زیدان ئەڵێ ؛( ئەم دروشمانە جگە لە کۆمەڵێ وشەی بۆندار و بریقەدار و هۆکارێکیش بۆ گەیشتن بەدەسەڵات چ شتێکی تر نەبوو) .(٣)
حزبی اتحاد و تەرەقی بەرگی خەلافەتی ئیسلامی لە تورکیا کردەوە و عەبایەکی رەشی نەهامەتی و دڵرەقی و زۆردارانەتری بەناوی ئەنازۆڵی تورکی پۆشی و جگە لە زۆری و ستەمی باج و سەرانە و ستاندنی ئازوقەی قوتی رۆژانەی خەڵک لەلایەن سوپا دڕندەکەیەوە ، شاڵاوێکی گەورەی نەژاد پەرستی لە تەتریک و تەرحیل و تەهجیر و گرتن و کوشتن لە سەرانسەری خاکی ژێر دەسەڵاتی قەڵەمڕەویان لەلایەن تورانیە تورکە توندرەوە نەتەوەییەکانەوە دەستی پێکرد و بەمەش کاری بەریتانی و فەرەنسیەکانی ئاسانتر کرد لە جێبەجێ کردنی نەخشە و پرۆژەی هاندانی خەڵک و بەرپاکردنی بزوتنەوە نەتەوەیی و ئایینی دژی داگیرکاری و دەسەڵاتی زۆردارانەی تورکەکان ، کە هەردوای ئەوە شۆڕشی رزگاری دژی عوسمانیەکان لە ١٩١٦ لە حیجاز بە سەرکردایەتی شەریف بن حسێنی مەکە سەری هەڵداو دواتر هەریەک لە عێراق و شامی گرتەوە و لە جەزیرەی عەرەبیش بە پێشڕەوی ئیمام ابن سعود و لە میسر و لوبنانیشی بەهەمان شێوە دەسەڵاتی عوسمانیەکان بەرەو کۆتایی دەهات و بەریتانیو فەرەنسیەکان جێگەی سوپای عوسمانیان دەگرتەوە ، بەم شێوەیە و لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لە ١٩١٨ و روخانی بەرەی ئەڵمانی و تورکەکان نەخشە رێگەیەکی نوێ و جێگیر لە رێکەوتنامەکانی سیڤەر و دواتر لۆزان بەیەکجاری نەخشەی تەواوی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی .
*~ پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەرلین - بەغدا کەلە ساڵی ١٩٠٣ دەستکرا بە جێ بەجێکردنی دوای ٣٧ ساڵ و لە ١٩٤٠ تەواو کرا ، کاتێ ئەو هێڵە تەواو بوو ، پرۆژەکە خۆی لە جیهانێکی تردا بینییەوە ، جیهانێک تەواو جیاواز کە لە گەڵیدا نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گۆڕا بوو ؛ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نەمابو بەڵکو گۆڕابو بۆ زەعیم ئەتاتورک ، بەغداش بەشێک نەمابو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەڵکو ببوو بەپایتەختی مەلیک فەیسەڵ بن حسێنی پاشای عێراق ..شارەکانی بەرلین و پاریس و کۆی شارەکانی تری ئەوروپا لەناو کورەی شەڕی دووەمی جیهانیدا ئەژیا وحجاز و نەجد لە زەمەنێکی تر و لوبنان لە باوەشی میهرەبانی فەرەنسی و میسیریش لە نێوان خۆی و هەژمونی بەریتانیا مابۆوە و فەلەستینیش وەک دیاریەک درا بە یەهودیەکان .(٤)

*~ شایانی باسە بەرای زۆرێک لە مێژوونوسان و ئاگایانی روداوە گەرمەکانی ئەو سەردەمە پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەرلین - بەغدا و لێکەوتەکانی بەیەکێک لە فاکتەر و تەنگوچەڵەمە گەورەکانی سەرهەڵدانی شەڕی یەکەمی جیهانی دادەنێن و پێیان وایە هەروەئەوش بو کە بوهۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست.(٥)
 


دەرئەنجام ؛
*~ روداو و ئاڵوگۆڕی و گۆڕانکاریەکانی ئەم دوو سەدەیەی رابردو لە ناوچەکە و رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی ئەوە دەردەخەن کە هەمو ئەم گۆڕان و بەریەککەوتن و ئاڵوگۆڕیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانەی کەرویانداوە پەیوەندی بە تینی بە کۆلۆنیالیزم و بەرژەوەندی ستراتیجی و جیۆسیاسی ئەو دەوڵەتانەوە هەبوە بەتایبەتی بە دەوڵەتی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکاوە هەر لە ململانێ و دووبەرەکی هند و جیابونەوەی پاکستان و بەنگلادش و شکست پێهێنانی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەرکردایەتی دکتۆر محمد مصدق لە ساڵی ١٩٥٣ و هێنانەوەی محمد رەزا شا بۆ سەر حوکم لە ئێراندا و کودێتای بەعسیەکان دژی شۆڕشی زەعیم عبدالکریم قاسم لە عێراق لەساڵی ١٩٦٣ و سەر خستنی کودێتا خوێناویەکەی جەنەراڵ سوهارتۆ دژی سەرۆک احمد سۆکارنۆ لە ئەندۆنیسیا لە ساڵی ١٩٦٧ و لەگەڵ سەرجەم ئەو روداو ئەو دژایەتیە قوڵ و بەهێزەی کە گرتیابەر لە دژی دەسەڵاتی سەرۆک جەمال عبدالناسر لە میسر و عبداللە السلال لە یەمەن و سەرۆک ماوتسی تۆنگ لە چین و هەموو ئەو بزوتنەوە نیشتیمانی و رزگاری و ئازدیخوازانەی ناوچە وەک شۆڕشی رزگاری نیشتیمانی کوردستان و خەباتی گەلی فەلەستین و بزوتنەوەی ئەمازیخی لە باکوری ئەفریقیا و بزوتنەوەو جوڵانەوە مەدەنی و ئازادیخوازانەکانی تری پێکهاتەو کەمە نەتەوەییەکانی تر .(٦)

*~ بۆیە هەر پرۆژەیەکی گەورە و نەخشە رێگایەکی نوێ لەناوخۆی دەوڵەت و سنوری ناوچەکەدا لێکەوتە و کاریگەری هەمەلایەنەی خۆی دەبێ و چوارچێوە و سنورە ناوخۆییەکان دەبەزێنێ ، جگە لە پرۆژەی گەورەی چەپک و رێگەی ئاوریشمی چینی ، بیرۆکەو پرۆژەی دانانی بۆڕی گواستنەوەی غاز و سوتەمەنی لە سنوری نێوان دوو دەوڵەت یا زیاتر ، یا سنور و تەنگەبەرە ئاوییەکانی کە رێگەی سەرەکی گواستنەوەی وزە و کاڵاکانن وەک تەنگەی بوسفور و دەردەنێڵ و کەنداوی عەرەبی ، یا بەندەرە ئاویە گەورەکانی ناچەکە کە نزیکی ٥٠ بەندەرەو سێیەکی وڵاتی چین کڕیویەتی ..
لەگەڵ وڵاتە بەرهەمهێن و سەرچاوەکانی وزەی ناوچەکە ،هەموویان بەشێکن لە کۆی ستراتیج و جیۆسیاسی زل هێزەکانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین و روسیا ، کە هەر بەپێی بەرنامە و پلان و بەرژەوەندی ئەوان نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ناوچەکە دادەرێژنەوە و کۆی ململانێ و ناکۆکیەکانیشیان هەر لە بازنەی فەلەکی ئەو بەرژەوەندیانەی خۆیاندا دەسوڕێتەوە .(٧)

*~ شایانی باسە نوسەری دیاری ئینگلیزی ئاجاسا کریسیی ناونیشانی رۆمانە بەناوبانگەکەی لەم پرۆژەیە وەرگرتوە و رۆمانەکەی لەساڵی ١٩٣٤ لە ئەمەریکا بەناونیشانی ( تاوانێک لە نێو شەمەندەفەری خێرای رۆژهەڵاتدا ) بڵاو کردەوە .(٨

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×