ئێمە لەدەرەوەی مێژووداین! بەردەوامی دۆخی ستەمکاری بۆ؟ 

عەلی حەمە
  2022-04-17     595

ستەمکاری و سیستمی دەسەڵاتخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا ، رەگ و ریشەی مێژوویی و کلتوری هەیە و مانەوەو بەردەوامی ئەم سیستمە دەسەڵاتخواز و ستەمکارانە، لە بەرامبەر هەمو ئەو رووداو و گۆران و ئاڵوگۆرە بنەرەتیە هەمەلایەنەی کەبەسەر جیهاندا هاتوە و بەتایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و باهۆزی  عەولەمە و  شۆڕشی زانستی و تەکنۆلۆجی و ژمارەکان و سەرهەڵدانی راپەرین و شۆڕشی جەماوەری لەبەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و گۆڕینی چەندین سیستمی سیاسی تاکڕەو لەناوچەکە کە بە بەهاری عەرەبی ناوەزەند کرا ، لەگەڵ هەموو ئەم روداو و گۆڕان و ئاڵوگۆڕانەشدا بارودۆخێکی سیاسی و سیستمێکی سیاسی دیموکراسی سەرکەوتو و رەوشێکی ئابوری  و ژیانێکی بە کەرامەت و شایستەی فەراهەم نەکرد بۆ خەڵک .

ئەم چەند ئاڵوگۆڕ و گۆرانکاریەش کە لەناوچەکە و دەوروبەردا روویداوە . بە بەراورد بە مێژوویی بەرهەڵستی و هەوڵ و قوربانیە زۆرەکانی بۆ ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانە ، شتگەلێکی گەورە و گۆڕانی گەورە نین !

        هێشتا کۆمەڵگە و سیستمی حوکمڕانی لە ژێر کاریگەری گەورەی کلتور و دابونەریت و بیری دواکەوتوانەی رابردو دایە و  نایەوێت لەو دنیا سەپێنراو و پیرۆزکراو رابردوە دەق گرتوە رزگاری بێت و دەروازە و دەلاقەکانی بەسەر جیهانی دەرەوەو تازەدا بکاتەوە .

      هەندێ بیرمەند و مێژوونوس و تويژەر بەشێکی زۆری مانەوەو درێژبونەوەی دەسەڵاتی سیستمی ستەمکاری و تاکڕەو و دواکەوتوی رۆژ هەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕنەوە لەوانە(١)  ؛ 

١- کاریگەی رابردوو ، بەدامەزراوەیی بوونی کلتووری .

٢- تێگەیشتنی کۆن ، ئاینی ئیسلام .

٣- رۆشنبیری عەرەبی و باوکسالاری نوێ .

٤- هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی مانەوەی سیستمی ستەمکاری .

٥- گەشەی ئابوری و  دەوڵەتی موڵکانە .

٦- سوپا ، لە چ بەرەیەکە .٠

١- کاریگەری رابردو ، بەدامەزراوەیی بونی کلتووری .

                 بۆ ئەوەی لە پێکهاتە و بنەمای دروست بوونی دەوڵەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بگەین ،پێویستە ئاوڕێک لەمێژووی ناوچەکە بدەینەوە ، کە لەوانەیە بگەینە ئەو رایەی کە بنچینە و بەردەوامی حوکمی ستەمکاریی بەهۆی ئەو قۆناغ و شاڵاوە داگیرکاریە یەک لەدوای یەکەی استعماری سوڵتانی عوسمانی و بەریتانیا و وڵاتە ئەوروپیەکانی ترەوە بێت ، کە بەردەوام هەوڵیانداوە گەلانی ناوچەکە لەناو چوارچێوەی باوەڕ و دابونەریت و بیرکردنەوەی دواکەوتوانەی خۆیدا بمێنێتەوە و هوشیار و چاوکراوە نەبێت و سەرقاڵی مەراسیم و سروتە ئاینی و کۆمەڵایەتیە دواکەوتوەکانی خۆی بێت(٢).

٢- لێکدانەوەی کۆن ، ئاینی ئیسلام ؛

           زۆرێک لەلێکۆڵینەوەکان رەگی ستەمکاری لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەگێرنەوە بۆ مێژوویی ئیسلام ، (برنارد لۆیس ) یەکێکە لە ناودارترین توێژەرەکان لەم بوارەدا و ئەڵێ ؛ ( ئاینی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسی ناگونجێ ، واتە جیا نە کردنەوەی ئاین لە دەوڵەت  لە ئیسلامدا ئەوە هۆکاری سەرەکیە ، چونکە دەوڵەتی ئیسلامی لە رووی پرەنسیپەوە دەوڵەتێکی ئاینییە ، وە ئیسلامیەکان لەوباوەڕەدان کە شەرعیەتی دەسەڵات لەلایەن خوای تەنهاوە دراوە بەدەسەڵاتدار ، وە دەسەڵاتدار (الخلیفە) هێزو دەسەڵات لەخواوە وەردەگرێ نەک گەل ، شەریعەتی ئیسلامیش لە قورئان وەرگیراوە بۆیە لەسەر موسڵمانان پێویستە ملکەچی دەسەڵات بن بێ هیچ بێنەوبەرەدەیەک  …. ئەم رەوایەتی دانە ئایینیە یەکێکە لە گەورەترین 

ئەو هۆکارانەی کە بوە هۆی بڵاوبونەوە و مانەوەی دەسەڵاتی ستەمکاری لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ، لەم بارەیەوە بیرمەندی گەورەو ناوداری سعودی عبداللە القصیمی رەخنەی توند ئاراستەی نەتەوەکەی دەکات و ئەڵێ ؛( هەمو گەلانی دنیا مێژووی خۆیان واڵا کردوە بۆ رەخنە و پیرۆزییان لە کلتوری خۆیان کردوە ، تەنها عەرەب نەبێ .! 

    رێگە نەدان بە لێکۆڵینەوە و رەخنە گرتن لە مێژووی کۆمەڵگە و کلتور و ئاین و زمان شارستانیەت و دابونەریتی باو بە بیانوی پیرۆزیی ، گەورەترین مەترسی و هۆکاری دواکەوتن و مانەوە و بەردەوامی سیستمە سیاسیە ستەمکار و تاکڕەوەکانە چونکە هەر ئاڵوگۆری و هۆشیاریەکی سیاسی پێشکەوتوانە و بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر پێگە و ئاستی رێژەی جەماوەری حزبی دەسەڵاتدار دائەنێت و لەوانەشە کە لوتکەی هەرەمی حوکمڕانیدا بیهێنێتە خوارەوە  (٣).  ….

  ٣- رۆشنبیری عەرەبی و باوکسالاری نوێ :

   بەپێی توێژینەوەی هەردوو لێکۆڵەر ( الفريدستیبان و روبرتسون ) ؛ هۆکاری بەردەوامی دەسەڵاتی ستەمکاریی دەگێرنەوە بۆ دواکەوتوویی باری رۆشنبیری و کلتووری کۆمەڵگەی عەرەبی نەک ئایین لە بەدی نەهێنانی دیموکراسیدا ، لەروویەکی تریشەوە ئەو توێژینەوەیە لۆمەی رۆشنبیری سیاسی دەکات لەناوچەکەدا و پێی وایە ( حوکمی باوکسالاری نوێ ) خەسڵەتێکی دیاری کۆمەڵگەی عەرەبیە و باوک سەرکوتکەر و هەیمەنەی تەواوی بەسەر خێزاندا هەیەو کوڕیش ئەو هەیمەنەی هەیە لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا ، هەروەها جگە لە پەیوەندیەکی هەرەمی واتە لەسەرەوە بۆ خوارەوە وەک حاکم و مەحکوم یا باوک و مناڵ هیچ پەیوەندیەکی تر نیە ، ئەم شێوازە لە پەیوەندی هەر لە نێو خێزان و کۆمەڵگە بە شێوە فراوانەکەی نیە ، بەڵکو خزاوەتە نێو دامودەزگاکان و پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەتیشەوە ، بۆیە ئەم میکانیزمە لە پەیوەندی بۆتە هۆکاری دروستکردنی رۆشنبیری هەیمەنە و پاشکۆیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا(٤) .

٤- هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی سیستمی ستەمکاری ؛

       ئەگەر پرۆسەی هەڵبژارن دەربڕی خواست و نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل نەبێت ، ئەی ئامانج لەم پرۆسەیە چیە و چی بەدی ئەهێنێت هەڵبژاردن لە هەناوی سیستمێکی ستەمکاردا ؟ 

          ئامانج لەو هەڵبژاردنە بۆ سیستمی سیاسی ستەمکاری دەسەڵاتدار بریتیە لە بەدەستهێنانی (مۆسگەرکردنی دڵنیایی ) ، چونکە هەڵبژاردن یارمەتی سیستمە ستەمکارەکان دەدات لە لاواز کردن و کۆنترۆڵکردنی جۆرێک لە جوڵەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەلایەک و لەهەمان کاتیشدا بەدەمەوە چونێکی داواکاری دیموکراسیانەیە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە .

      هەڵبەتە بۆ دەسەڵاتی ستەمکاری ،  دەستکاری کردن و یاری کردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە زۆر سودبەخش ترو سەرکەوتوو ترە لە گرتنەبەری شێوازی توندوتیژ و بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە بێدەنگ کردن و کپکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەوڵاتدا .

         هەروەها دەشێ هەڵبژاردن لە ژێر سایەی سیستمە تاکڕەو و ستەمگەرەکاندا لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا بگۆڕێ بۆ شێوەیەک لە تەڵەی سیاسی  لە رێگەی سیاسەتی دابەشکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ دوو بەرە بە  پشتگیری کردن و نەرمی نواند بۆ بۆچون و خواستەکانی کەمایەتیەک و پەراوێز خستن و فەرامۆشکردنی بەشە زۆرەکەی تر لەدەرەوەی ئەم پشتگیریە ، کەئەمەش دەچێتە خانەی جێبەجێکردنی  سیاسەتی ستراتیجی پەرتکە و زاڵ بە ! 

      کاتێک دەسەڵاتی ستەمکار سەرکەوتو بو  لە کەرتکردنی ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دوو بەرە ؛ ( بەرەیەکی لایەنگر و بەرەیەکی رادیکاڵی دژ )،  ئەو کاتە ئۆپۆزسیۆن توانا و هێزی کەم ئەبێت و ناتوانێ جەماوەر سازوئامادە بکات بەمەبەستی خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایی سیاسی و لەلایەکی تریشەوە پرسی هەڵبژاردن دەبێتە ئامێرێک بەدەستی دەستی دەسەڵاتەوە .

٥- گەشەکردنی ئابوری و دەوڵەتی موڵکانە :

        داهاتی موڵکانە چۆن بوە بەربەست لە رێگەی دیموکراسی و پێدانی هەیمەنە بە دەسەڵاتی ستەمکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا !

       یەکێ لەهەرە شێوازە بڵاوەکانی پشتی حوکمی ستەمکاری بریتیە لە پەیوەندی سیستمی سیاسی و دۆخی گەشەی ئابوری !

       سیستمی ئابوری موڵکانە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی لە رێی موڵکانەی سەرچاوە سروشتیەکانی وەک ( نەوت و غاز ) دەست دەکەوێت، دەسەڵات لەرێگەی فروشتنی نەوت و غاز و بەکرێدانی کێڵگەکانی نەوت و غاز بە کۆمپانیا دەرەکیەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و مۆنۆپۆل جگە لە دەستکەوتنی پارەیەکی بێ شومار و مفت لەهەمان کاتیشا پەیوەندیەکی دووانی هاوبەرژەوەند و هاوقازانجی دێتە ئاراوە لەنێوان وڵاتی کڕیار و دەسەڵاتی نەوتفرۆش ، کە وڵاتی کڕیار پشتگیری و هاوکاری سیستمی سیاسی دەسەڵاتدار ئەکات و  پارێزگاری مانەوەی لێ ئەکات وەک ئەو شێوازە باوەی ئێستای وڵاتانی نەوتفرۆشی ناوچەکە کە هەمویان نمونەی سیستمی سیاسی تاکڕەو و داپڵوسێنەر و ستەمکارن و بەهۆی پشتیوانیە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە زلهێز و خاوەن هێزانە درێژە بە حوکمی ستەمکاری و دواکەوتوانەی خۆیان ئەدەن  (٥)

ئێستا بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خێزانی دەسەڵاتی سیاسی ئەم پەیوەندیە دوولایەنە هاوبەرژەوەندیە ئابوریە دەبەستن و کۆمپانیا زەبەلاحەکان قازانجێکی زۆر گەورە لەم پرۆسە نهێنی و گرێبەستە موڵکانەیە ئەکەن و دەسەڵاتی سیاسی لە پێناو زامنی مانەوەی خۆی بەشێکی فراوانی سەروەت و سامانی میللی هەراج ئەکات .

٦- سوپا ، لە چ بەرەیەکە ؛

      لەبەر ئەوەی سوپا لە وڵاتانی رۆژ هەڵاتی ناوەراستدا بکەرێکی سیاسی گرنگ بوە و رۆڵێکی سەرەکی گێراوە لە مێژووی سیاسی ناوچەکەدا ،

 هەمیشە پەیوەندیەکی بەتین لە نێوان رێژمە سیاسیەکان و دەمودەزگا داپڵۆسێنەر و هێزە سەربازیەکانیاندا هەبوە ، گەلێ جاریش لەرێگەی کۆدێتای سەربازیەوە دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکراوە و بەردەوامی بە رژێمی ستەمکاری دراوە ، بۆیە سوپا و دەزگا داپڵۆسێنەرەکان وەک پشتیوانەیەکی گەورەو بەهێز لە پشتی دەسەڵات و سیستمی ستەمکاری دابون لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×