کورد ؛ بۆ ئەقڵی خێڵ تێناپەڕێنێ !؟

عەلی حەمە
  2021-06-23     593
کورد هەمو ئامراز و ئامێرە هاوچەرخ و تازەکان بەکار ئەهێنێت کەچی کە قسەی لەگەڵ ئەکەیت بەزمانی خێڵ ئەدوێ !
ئێمە شوناس و پێناسەی هەڵەمان هەیە بۆ شارستانیەت و مەدەنیەت و پێشکەوتن و ، مامەڵەیەکی تەقلیدی لەتەک فۆرم و لێکەوتەکانی دنیای هاوچەرخ و نوێ ئەکەین بە جۆرێک نەدەستبەرداری کلتور و نەریتی دواکەوتوی خۆمان ئەبین و نە برواو قبوڵی عەقڵانیەت و شارستانیەتی پێشکەوتوی مرۆڤایەتی ئەکەین .
کۆمەڵگەکراوە وسەرکەوتوەکان ئەوانە بون کە دەستبەرداری ناعەقڵانیەتی پیرۆز و باوەشی وەهمە سەرابیەکان و مژدە خەیاڵیەکانیان بون و جارێکی ترو سەرلەنوێ ژیانیان بە تێروانین و دنیابینیەکی جیاواز بنیات نایەوە و مێژوویەک لە شارستانی و پێشکەوتن و مۆراڵیان نوسیەوە و بەهایان بۆ مرۆڤایەتی گەراندەوە .
کۆمەڵگەی ئێمە وێرانەیەکە ، تێکەڵەیەکە لەنوێنەرایەتی رابردوی نائەقڵانی پیرۆز وکلتور و نەریتی دواکەوتوانەی خێڵ و پیاوسالاری و ، هەژمون و باهۆزی پرتاوی بیروباوەر و شارستانی و لێکەوتەکانی کە بێ هیچ بەربەست و فلتەرێک راستەوخۆ وەک یەکێک لە خەسڵەتەکانی جیهانگیری هەمو کەلێن و قوژبنێکی ئەم هەرێمەی ئێمەشی گرتەوە . لەناو ئەم وێرانەیەش دا دێوەزمەی حزب و دەسەڵات ، وەک دوانەیەکی هاوبەشی هاوئامانج و هاوبەرژەوەند دەستی ناوەتە بیناقاقای کۆمەڵگە و لە پێناو مانەوە و پاراستنی هێزو دەسەڵات و سەروەت و سامانەکەی جارێک وەک حزب جارێ وەک دەسەڵات ، جارێ لەبەرگی مەڕ و جارێ گورگ ، جارێ ئەگاتە دوای پۆست مۆدێرینە و جارێ ئەچێتەوە سەر ئەصڵی خۆی کە فۆرمێکە لە فۆرمەکانی خێڵ ، کۆمەڵگەی وێرانتر و هەمو رایەڵەکانی پەیوەندی و هاوبەشەکانی توشی لێکترازان و پەرتەوازەیی و دژ بەیەک کردۆتەوە کە ئەمە جگە لە گەرانەوە و بردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ناو بازنە و چوارچێوە داخراوەکەی تیرە و خێڵ چ وێنایەکی تری تیا نابینرێت کە ئەمەش خواست و ئامانجە گەورە شاراوەکەی دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵەیە
لە هەرێمی کوردستان نەحزب وەک دامەزراوەیەک و پێکهاتەیەکی جیا لە پێکهاتە کۆمەڵەیەتیەکانی تر ماوە ، نە رۆڵ و ئەرک و ئامانجی وەک حزبێکی سیاسی پراکتیزە ئەکات ، (حزب ئێستا ئەوەندەی لەروی رۆڵ و ئەرک و ئامانجەوە لە کۆمانیایەکی بازرگانی ئەچێ ئەوەندە لە حزب ودامەزراوەیەکی سیاسی ناچێ !)
حزبی دەسەڵاتدار و فەرمانبەدەستی کوردستان ، حزبی لە پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی زیندو و چالاکی خاوەن پرەنسیپ ، کردۆتە دیوەخانێکی گەورەی بێ گیان و مردو ، بێ پرەنسیپ و بەتاڵ لە پلەبەندی و کاری پێکەوەیی ورێکخراوەیی.
ئەقڵی خێڵ، حزبی لە دەزگایەکی دەستنیشان کردن و دارشتنی بەرژەوەندیە گشتی وباڵاکانی گەل ، کردە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی پاراستن و پتەو کردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بنەماڵە و خێڵ .
بێ شک نەریت وکلتوری کۆنینەی باوی خێڵەکی و تیرەگەری ئەبن بە یاساو رێسا و جێگەی پرەنسیپەکان و پێڕەوی ناوخۆ ئەگرنەوە و بەمەش حزب لەستراتیژە گەورە راستەقینەی خۆی دوور ئەکەوێتەوە و لە پرۆژەیەکی نیشتیمانی ـ نەتەوەیی ئەبێ بە پرۆژەیەکی خێڵ و تیرە کە هەڵگری خواست و داواکاری تایبەت و بچوکدا خۆی ئەبینێتەوە و لەباشترین حاڵەتدا لەسنوری تەسکی بەرژەوەندیەکانی خێڵ تێ ناپەڕێ ..
حزب لە ژێر هەژمونی بنەماڵە وکلتوری خێڵدا ، دەسەڵاتەکان لای خۆی ئەهێڵێتەوە و دابەشی ناکات و دەستوەردەداتە ناو هەمو کایەکانەوە بەدامو دەزگا مەدەنیەکانیشەوە ، بۆنمونە دادگا هەیە و ئەو مەکتەبی کۆمەڵایەتی ئەکاتەوە ، باسی دیموکراسی و چەمکی هاوڵاتی وبەهای شارستانیەت ئەکات کەچی لەولاوە دنەی خێڵ و عەشیرەت ئەدات و ئەیان کات بە گروپی رێکخراو و ساڵانە ڤیستیڤاڵیان بۆ ساز ئەکات .(دەسەڵاتە گشتگیرەکان ئەو دەسەڵاتانەن کە ئەیەوێ لەهەموو شتێکا ئامادەیی هەبێ و لە هەمو شوێنێک وێنەیەکی بچوک کراوەی خۆی هەبێ )
' حەسەن عەلەوی ' نوسەرو روناکبیری عێراقی لە نوسینێکی بەخەم ئامێزدا ئەڵێ ؛ ( کورد بەدۆخی رەتکردنەوەی یەکتری رازیە و گرێی مێژووی بۆ ناکرێتەوە ، ئێوە دوای ساڵی ۱۹۹۱ دەسەڵاتتان دروست کرد نەک دەوڵەت !
دەسەڵاتی وەها هەموو شتێ دەخوات ولوشی ئەدات ، بۆیە دەسەڵاتی کوردی دەوڵەتی خۆی خوارد ) .
بەڵێ دەسەڵاتی بارگاوی بەکلتوری خێڵ لەبری پەیوەندی و تاکتیکی سیاسی ، بەئەقڵ و بنەما و رێساکانی دیوەخان رەفتار ئەکات و ئەجوڵێتەوە ئەوەندەی لەخەمی تایبەتی و پاراستنی بەرژەوەندیە کانی خۆیدایە ، چارەگێکی ئەوە بیری لای خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی نیە و بەواقیعی ئێستای رازیە و خەونی گەورەتر و خەمی گشتی نیە و نایەوێ ئەو قۆناغە تێ پەرێنێ و گرێی مێژوو بکاتەوە .
رەنگدانەوەی هەژمونی کلتوری خێڵ وتیرە لەسەر حزب و تاک بەتایبەتی ( بەش بەشێنەی عەشیرەتی و تیرەگەری پشتگیری و هێزێکی گەورەی بە شوناسە لاوەکیەکان داوە لەسەر حسبابی شوناسی نیشتیمانی ) کە ئەمەش کەلێنێکی گەورەی کردۆتە نێو رایەڵەی کۆمەڵایەتی کە پڕکردنەوەی ئاسان نابێ و هەروەها بەش بەشێنەی تیرەگەری دەرفەتی زیاتر دەدات بەهەندێ کەس کە بەشداری سیاسی دیار یا پۆستێکی حکومی باش بەدەست بهێنێ لەبەر ئەوەی نا کە خاوەنی بروانامەی باڵا و تواناسازی وپاکی و گونجاوی تایبەتمەندیەکانی خۆی بێت ، بەڵکو بەهۆی ئینتیما و ولائی راستەخۆیەتی بۆ ئەو تیرە یا هۆزەکەی کە پێکهاتەیەکە لەناو پێکهاتەیەکی گەورەو ئاڵۆزتردا ، بۆیە ئەمە کاریگەری قوڵ لەسەر ئەقڵی تاکی خێڵ دادەنێ و زیاتر وابەستەی هەڵگری شوناسی خێڵ دەبێت چونکە ئەزانێ ئەوەی بەدەستی کەوتوە ئەگەرێتەوە بۆئینتیما تایبەتیەکەی و هەمیشە خۆی بەقەرزار ئەزانێ و جگە لە وبەستە بونی بە تیرە کەی یا خێڵەکەی هیچ لایەن و شوناسێکی تری بەلاوە گرنگ نابێ و لەخەم وخولیای خێڵدا گیرۆدە ئەبێ نەک ئەوەی وەک هاوڵاتیەکی نیشتیمانی و هەڵگری شوناسێکی گشتی و خاوەن خەمێکی گشتی بێت ، هۆکاری هێشتنەوە و برەودان بەم فۆرم و ئەقڵیەت و دنیابینیە تەسک و بەرژەوند پەرستیە ، بۆمانەوە و درێژەدانە بەو دەسەڵاتەی کە حەسەن عەلەوی باسی ئەکات و ئەڵێ هەمو شت هەڵئەلوشێ و دەسەڵاتی کوردی دەوڵەتی خۆی خوارد .!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×