ئەفغانستان ؛ ڤێتنامی سەدە!

عەلی حەمە
  2021-06-29     370
دوای زیاتر لە ۲٠ ساڵ لەشەڕ ، ئینجا ئەمەریکا تێگەیشت کە رێکخراوی گالیبان بەشێکە لە کۆمەڵگەی ئەفغانی و ناتونرێ بە هێزی سەربازی کوتایی پێ بهێنرێ .
 ژەنەڕاڵ " کریتۆن أبرامز " ئەو ژەنەراڵەی کە سەرکردەی پرۆسە سەربازیەکانی ئەمەریکا بوو لە ڤێتنام لەساڵی ۱۹٦۹ و لە بەرئازایەتی و لێهاتویی سەبازیی ئەمەریکا تانکی M1Abrams ی بەناوی ئەوەوە کرد دەربارەی بارودۆخی خراپی سوپای ئەمەریکا لە ساڵی ۱۹٦۹ لە شەری لەگەڵ ڤێتنامیەکان ئەڵێ ( من پێویستم بەوەیە ئەم سوپایە بگێرمەوە بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی رزگاری بکەم ) واتە چیتر نەبنە قوربانی شەرێکی دۆراو !
ئێستا هەمان مێژوو لە شکستێکی تردا ،لە جوگرافیاو زەمەنێکی تردا دووبارە ئەبێتەوە .

ئەمەریکا بەهۆی تێوەگلانی چەند سەرکردەیەکی رێکخراوی تالیبان لە هێرشە خۆکوژیەکانی سەر هەردو تاوەری بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن لە ۱۱ی سێبتەمبەری ۲٠٠۱ دا کە نزیکەی ۲۹۹٦ کەس بونە قوربانی ، هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و داگیری کرد و رێکخراوی تالیبان و چەکدارە توندرەوەکانی قاعیدەی لە کابول و زۆربەی خاکی ئەفغانستان دەرکرد .

ئێستا دوای بێ هیوابون و شەرێکی وێرانەی ۲٠ ساڵی دژی میلیشیاکانی تالیبان ، ئەمەریکا و تالیبان بەپێی رێککەوتنامەی دوحەی ساڵی ۲۹ شوباتی ۲٠۲٠ رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک و گرنگترینیان کشانەوەی تەواوی سوپای ئەمەریکایە لەو وڵاتە لەمانگی ئەیلولی ۲٠۲۱ دا
کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان مشتومری زۆری لێکەوتۆتەوە چونکە ئەو بریارە پەیوەندی بەشەرێکی درێژ خایەن و قوربانی مادی و مەعنەوی زۆر و داهاتوی لەپێشیەنەی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیشیەوە هەیە لە ناوچەکە 
جگە لەوە زۆرێک لە بەرپرسی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە و چاودێرە سیاسی و لێکۆڵەر و نوسەرەکان کشانەوەی ئەمەریکا لەم بارودۆخە نەخوازراوەی ئەفغانستان کە بەشێکی زۆری ئامانجەکانی ئەم شەرە بەدی نەهاتون و هێشتا میلیشیاکانی تالیبان زۆر بەهێزەوە لە ناوچەکەدان و لەوماوەیەی گفتوگۆدا و لەیک مانگدا زیاتر لە ۹٠ هەرێمیان لە کۆی ٤٠٠ هەرێم گرتۆتەوە و چاوەروان ئەکرێت لەگەڵ کشانەوەی کۆتا سەربازی ئەمەریکی لەکابول جگە لەوەی ئەگەری بەهێزی روودانی شەری ناوخۆ هەیە ، لەگەڵ ئەوەشا ئەگەری ئەوەش هەیە هێزەکانی تالیبان وەک ساڵی ۱۹۹٦ لەماوەیەکی زۆر کورت و بەخێرایی بتوانن بگەنەوە ناو کابول و کۆتایی بە حکومەتەکەی ئێستای  " أشرف غنی " بهێنن .
" أدم وینشتین " شارەزا لەکاروباری ئەفغانی لە پەیمانگای کۆینسی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ جەزیرە نت دا وتی ؛ ( گەیشتن بەبریاری کشاندنەوەی سوپا ۲٠ بیست ساڵی خایاند ، لەبەرئەوەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکی قبوڵی ئەوەی نەئەکرد کە هێزەکانی ئەمەریکا نەتوانن کۆنترۆڵی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی دەوڵەتێکی بێگانە بکەن ).
هەروەها وینشتن ئەڵێ ؛ دیارکردنی رۆژی ۱۱ی سێبتەمبەر وەک کۆتا رۆژی کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەنها بەهایەکی رەمزیە ،ئەوەی بەهای حەقیقیە ئەوەیە کە ئەو سوپایە بهێنینە دەرەوە لە شەرێکدا کەناتوانین سەرکەوتنی تیابەدەست بهێنین !
هەندێ لە چاودێرانی تر رەخنەی توند لە بریاری کشاندنەوەی سوپای ئەمەریکا دەگرن و ئەڵێن ؛ ئەمەریکا لەشەری ڤێتنام دوای کوژرانی ٥۸۲۲٠ هەزار سەربازی ئەمەریکی و زیانی زیاتر لە تریلێۆنێ دۆلار  بەشکست و بێ دەستکەوت لەو شەرە هاتەدەرەوە ، ئێستا بۆ هەمان سینارێۆ دوبارە ئەکاتەوە کە کۆمەڵێ پایە و بنەمای کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان کۆمەڵێ دەستکەوت و ئازادی و بەشداری سیاسیان  بەدەست هێناوە و هێشتا ئەبێ ئەو پرۆسە مەدەنیە و پشتیوانیە دیموکراسیە پشتگیری و هاوکاری بکرێ و درێژەی هەبێ  نەک لە نیوەی رێگەدا ئەم پرسە گشتی و ژیان  بەخشە بەجێ بهێلدرێ و بۆ چارەنوسێکی نادیار و دوارۆژێکی پر گومان و بدرێتە دەست قەدەری داهاتوی رەشی بزوتنەوەی تالیبان 
کەهیچ گرەنتیەک نیە بۆ لە بارنەبردنی هەموو ئەو دەستکەوت و گۆرانکاریە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و فەرهەنگیەی کە لەماوەی ئەم ۲٠ ساڵە دا لە ئەفغانستان بەدەست هاتون .
هەربۆیە حامد کرزای سەرۆکی پێشوی ئەفغانستان ئەڵێ ( ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەبەر ئەوە هات بۆ وڵاتەکەمان کە " شەری توندرەوی بکات و سەقامگیری دابین بکات " وەئێستا دوای ۲٠ ساڵ لە سەرنەکەوتن و بەدی نەهێنانی ئەو دوو چەمکە بەجێمان ئەهێڵێ !.
هەروەها سەرۆکی کۆماریەکان لە کۆنگرەی پیرانی ئەمەریکا " میتش مکۆنیل " داوای لە سەرۆک جۆ بایدن کردوە کە بە بریاری کشاندنەوەی سوپا  لە ئەفغانستان دا بچێتەوە و ئاگاداری کردۆتەوە لە گەرانەوەی قاعیدە و بەهەدەردانی هەمو ئەو دەستکەوتانەی کەبەدەست هاتون لە ئەفغانستان ،
بەڵام "أرون دیڤید میلر " بەرپسی پێشو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدایە ئەو بریارە  بریارێکی سیاسی دروستە و ئەڵێ ؛ کشانەوە لە شەرێک کە سەرکەرکەوتنی تیا نەبێت ، بریارێکی راست و دروستە.
ئەوەی ئەبێتە مەترسی و پرسیار و گومان لەداهاتودا ،  ئەو لێکەوتە و دەرئەنجامانەن کە لە بریاری پاشەکشەی گەورەترین سوپای پڕچەک و خاوەن پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای سەردەم و  باڵادەستی بۆشایی یە لەبەرامبەر درندەترین میلشیای نارێکخراوی سەربازی و خاوەن شۆڤینی ترین تێرونین و کۆنەپەرستترین رێکخراوی مەزهەبی کە بە پرۆژەیەکی رابردوەوە دێنەوە ناوی دنیای داهاتوەوە ، کەئەمە گروتینێک ، هەناسە و هیوایەک دەبەخشێ بەهەمو ئەو رێکخراو و میلشیا توندرەو و تیرۆریستانەی ناوچەکە و هۆکارێک ئەبێ بۆ برەودان و خۆگری زیاتریان و پەنجەرەیەکە لە هیوا لەسەر ژیانی بێ هیواییاندا ، کە ئەمە هۆکارێک ئەبێ لە شکست و گەرانەوە بۆ دواوە و پشتکردنە پرۆسە گەورە بۆ پێشەوە  چوەکەی رەوتی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی یە و رێگری و کۆسپێکی گەورە ئەبێ لەبەردەم هەنگاو و ئەو دەستپێک و سەرپێ کەتنەی  چەندین جوڵانەوەی ئازادیخوزانە و بیری ئازاد و کرانەوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و ماف و ئازادیەکانی تاک و هەمو ئەو ئامانج و دەستکەوتانەی تر کەلەناوچەکەدا بەدەست هاتون و قوربانی زۆری لەسەر دراوە 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×