وتارەکەی پیاوە شێتەکە دەربارەی کورد لە ٢٠٠٣ دا

فازیل شەوڕۆ
  2023-09-06     614

کەم نەبوون ئەوانەی کە موعەمەر قەزافییان بە سەرکردەیەکی شێت دەزانی. هەمیشە ئەنوەر سادات بە ئەوی دەگوت "پیاوە شێتەکە". فەرموون ئەمە دەقی وتارێکی قەزافییە، کە خۆی نووسیویەتی و لە ماڵەپەڕەکەی خۆیدا، بە زمانی کوردی، لە کاتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە:



 "جا دیسان کوردەکان دەستیان لەبنی هەمبانەکە دەرچوو!"
بە قەڵەمی: موعەمەڕ قەزافی "لە وڵاتی میسردا، وا بە کەسێک دەڵێن کە دەدۆڕێت."

وا کوردەکانیش دۆڕان و دەستییان لە بنی هەمبانەکە دەرچوو.
باشە، دەستکەوتی کوردەکان چی بوو لە گڕیبەستەکەیاندا لەگەڵ عێراق؟ هیچ! تەنها لە ئامێزیگرتنی سەربازانی داگیرکەر و ماچ و مرچی ڕوومەتی داگیرکەرە نوێیەکان و تاوانبارکردنییان بە خیانەتی مەزن و خۆهەڵواسینیان بە داگیرکەر.

بەڵام بارودۆخی کوردەکان هیچ نەگۆڕا، بەڵکوو دژووارتر و ناخۆشتر بوو، هەرنەبێ لە ڕووی ڕووخسار و ئەدگاردا خراپتربوون. ئێمە واپێشبینیمان دەکرد، لەو هەل و مەرجە مێژووییە دڕاماتیکییەدا، کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هەڵکەوتووە، بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە ــ وەک چۆن جووەکان ساتەوەختی ڕووخانی بەڕلین و شکانی دەوڵەتانی میحوەر و سەرکەوتنی هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی دووەمی جیهانیدایان قۆزتەوە، کوردانیش ئیعلانی ئەو دەوڵەتە کوردییە دەکەن کە خەون و هیوای لە مێژینەی ئوممەی کوردیی چەوساوە و لەتلەتکراوە. هیچ، هیچیان نەکرد، هەر وەک ڕەعییە لەو دەوڵەتانە مانەوە کە لێبوون. کوا چی نوێتان وەدەستهێنا؟
دەستکەوتتان چی بوو؟ هیچ! کوردەکە، هەر هاووڵاتییە نمرە دووەکە و سێیەکەی جارانە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەنددا.

گاڵتەتان پێدەکەن، کە هۆشیار زێباریتان بۆ دەکەنە وەزیری دەرەوەی عێراقی ئێستا. سەرهەنگ نورەدین محەممەد و ئەحمەد بابان سەرۆک وەزیران بوون، هەردووکیان کورد بوون، تەنانەت وەزیری ئەشغال و ڕێگاوبان و ناوخۆ و داد و دارایی و بەرگریش کوردبوون. سەرۆکایەتیی ئەڕکانی سوپای عێراقی هەر سێکیان کورد بوون: فەریق بەکر سدقی و فەریق حوسێن فەوزی و فەریق ئەمین زەکی. ڕێژەی فەرمانبەران لە دەوڵەتی عێراقیدا (٢٥٪) و لە ناوچە کوردنشینەکاندا (٩١٪) بوون. ئەوان لە گوند و شارەدێ و ناحییە و قەزا و پارێزگاکاندا ئەنجومەنی خۆیان هەبوو.

هەردوو زمان، کوردی و عەرەبی، زمانی فەرمی بوون لە هێندێ پارێزگادا، وەکو پارێزگای سلێمانی. زمانی خوێندن بوون لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوندەی لە دەڤەرە کوردییەکاندا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، زمانی عەرەبی زمانی دووەم بوو بۆ کوردەکان.

پێشبینی دەکرا لەو ڕووداوە مەترسیدارەی ناوچەکەدا، لە نێو چڕەدوکەڵی ئەو تەقینەوە گەورەیەدا، دەوڵەتی کوردی لە دایک ببێت و کوردان لە چەوسانە و کۆت و سندم و کووشتن و بڕینە ڕزگار بکات، کە بە درێژایی مێژوو تاڵاوی مەرگەساتی دەنۆشن.

دەبێ دیسان، بگەڕێنەوە بۆ سەردولکە بە ئازارەکان: بەختی کوردان، هەر بەختی حەسرەت و ئاخ هەڵکێشان و لەدەستدانی دەرفەتیی مێژووییە، سەرەڕای شۆڕشەکان و قوربانییەکان و ڕاپەڕینەکان. چی نوێی هاتە کایەوە؟ کوردەکان هەر هاوونیشتیمانی عێراقین وەکو جاری جاران. کەواتە، کورد قازانجی چی کرد لەو ئاهەنگەی لەدایکبوونی عێراق، کە وڵاتەکەی کاول و وێران کرد؟ لەمەش پتر، کورد، هەر ئەوانەن کە لە عێراقن؟ یان ئەو زۆرینەشن کە لە دەرەوەی عێراق دەژین؟ چۆن، بە چ حەقێک ئێوە دەتوانن بریار لە چارەنووسی زۆرینەی کوردی دەرەوەی عێراق بدەن، بە پشتبەستن بە کەمینەی ناخۆ؟ ئاخۆ، کێن ئەوانەی بازرگانیی بە خوێنی قەزیە پیرۆزەکەی کوردان دەکەن؟ کێن ئەوانەی خوێنی هەزاران شەهیدی کورد نۆش دەکەن؟ باشە، دەستکەوتی فرۆشیار و کڕیار چییە؟!

ئەمە بەری خوێنی گەشی ڕژاوی کوردەکانە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی عەبدوڵڵا نەهری و بەدرخان و بۆتان و نەقشبەندی و شەهابەدین و شیخ سەعید و شکاک و حەفید و ئیحسان نووری و ئەحمەد بارزانی و ڕەزا و مستەفا بارزانی؟!

ئەگەر ئێمە، لە چرکەساتێکی مێژووییدابین، لەم ئان و ساتەدا و بانگەشەیی ئازادیی گەلانی ژێردەستە بکەین، ئەوا قەت هیچ گەلێک، لە هیچ شوێنێک نییە لە گەلی کورد چەوساوەتر و ژیردەستەتر. گەلێک نییە لە کوردان مەزڵومتر. ئەو ڕییاکارییە چییە لە مەسەلەی چارەنووسەکاندا؟ بۆ هەمووان پشتی ئوممەی کوردی ناگرنن؟ بۆ ئیعلانی سەربەخۆی و یەکێتیی وان ناکەن و شمشێری جەور و ستەمیان لەسەر گەردن هەڵناگرن؟ جێی تیدایە با ببنە دراوسێ و برای شیریی ئوممەی عەرەبی و فارسی و تورکی، بۆ نابێ؟! کێ کوردی هەڵخەڵەتاند؟ کێ مامەڵەی بە قەزیەکەیانەوە کرد؟ کێ ئەوانی فرۆشـت؟"



ئەمەیش لینکی ماڵپەڕەکەی قەزافی:
http://www.arabic.algaddafi.org/
سەرچاوە: کتێبی شووێنپێیاەکانم لە جەماهیرییەی لمدا، فازیل شەوڕۆ، ٢٠٢٣، ل. ٢٠٤ - ٢٠٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×