چێژی خوێندنەوە لەتێگەیشتینیدایە

فازیل شەوڕۆ
  2023-09-22     159

مەسعوود محەمەد، گەورە نووسەر، لەم پەرگرافەی خوارەوەدا، کە لە کتێبی (گەشتی ژیانم) وەرگیراوە، دوو جاران دەستەواژەی (حەسقێلی کرد) وە (ئەو حەسقێلییەی ئەو) ی بەکارهێناوە. ئایە مەبەست لەو (حەسقێل)ە چییە و ئەو نووسەرە مەزنە چ داهێنان و وەستاکارییەکی جوانی لە وشە و زمانی کوردیدا کردوە.

ئەمە پەرگرافەکەیە، فەرموو بیخوێنەوە:

“بێمەوە سەر حیسابی خۆم، کاردوستایی خوێندنی بەغدام بۆ کرا (دایکم خشڵی خۆی فرۆشت) لەگەڵ تاهیری حەمە لاڵدا سەفەرم کرد. ژوورێکی بۆ ڕێک خستم لە خانی حەمە تەیباغا و حەمەد مستەفاغای حەوێزی. لە هەوەڵەوە ناوی خۆڕایی لێ هات، ساڵی دوایی بوو بە کرێ ئەمما کرێی کەم. کاک تاهیر خوا لێی خۆش بێ لەو کەرەستەی بۆمی کڕی چەندی بڵێی حەسقێلی کرد. منیش شەرمە ئەبەدیەکەم زمانی دەبەستم. پارەی دانابوو لای عەبدول وەهاب قەلەمچی، ناسیاوی باوکم و دۆستی زۆربەی توجاری کۆیە بوو بە تایبەتی هی حاجی مەجیدی ئەمینی حسێنی، کە مانگانەی لێ وەرگرم ئەمما نەمدەزانی خێر و سەدەقەیە دەمداتێ یان پارەی خۆمە کاک تاهیر، وەکو ئینگلیزی سڕی نەدەدرکاند. خوا لێ خۆش بێ بایی ناڕحەتی من بە دەست ئەو حەسقێلییەی ئەوەوە، خۆی لە ئیستیراحتدا بوو کە چەند قرۆشێکی لێ کەم کردوومەتەوە." (ل.335).

ئەم (حەسقێلی کرد) و (ئەو حەسقێلییەی ئەو)، ئاماژەیە بۆ ناوی ساسون حەسقێل١٨٦٠ - ١٩٣٢، کە یەکەم وەزیری دارایی عێراق بووە لە یەکەمین حکوومەتی عێراقیدا لە سەردەمی هاوچەرخدا، لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی دەست بەکاربووە. ئەو بە ڕەچەلەک جووێکی ڕەسەنی عیراقی، خەڵکی بەغدا بووە. شارەزا و کارامە و پسپۆڕێکی ئابووریی برنجی بووە، لە یەکەم گفتوگۆیدا لەگەڵ لە ئینگلیزەکان سەبارەت بە ئیمتیازات (کۆمپانیایەکی بەریتانی)، لە ساڵی، ١٩٢٣ ئینگلیزی ناچارکرد کە پارەدانی نەوتی فرۆشراوی عیراقی دەبێ بە لیرەی زێر بێ نەک بە شیلینگی زێڕ بەریتانی. ئەو ڕێکخەری یەکەمین بوودجەی دارایی بوو لە مێژووی عێراقدا، یەکەمین ڕێکخەری هەیکەلی باج بوو لەسەر بناغە مۆدێرن، بەشداری لە کۆنفرانسی قاهیرە کرد بوو لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی، بە سەرۆکایەتیی وینستن چەرچڵ، کە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پاشەڕۆژی عێراق.

ساسۆن حسقێل لە سەردەمی پاشایەتیدا، پێنج جار وەک وەزیری دارایی کاری کردووە. بە ناوبانگترین و بەڕێزترین وەزیری عێراق دادەنرێت لە مێژووی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، یەکەم وەزیری دارایی عێراق بوو کە بەشدارییەکی زۆری کرد لە دانانی بناغە تۆکمە و پتەو بۆ دامەزراندنی ئابووریی عێراق و بنیاتنانی داراییەکەی بەپێی سیستەمێکی وردی سەردەمییانە.

یەکێک لە خەسڵەتە ناسراوەکانی ئەو زاتە ئەوەبوو، کە یەکجار توند دەستی بە پارە و سامانی دەوڵەتەوە گرتبوو و نەیهێشتووە یەک فلسی سوور، بە فێرۆبدرێت و لە دەرەوەی یاسای خەرکردن سەرف بکرێت.

دەگێرنەوە، پاشا ویستویەتی دەوڵەت بڕی ٢٠ دیناری عێراقی خەرج بکات بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک لە قەزای دیوانیە، بەڵام حەسقێل ڕازی نابێ بە پاشا دەڵێ:" بودجە لە پەرلەمان پەسەند کرا، و هیچ بوارێک نییە بۆ دەستکاریکردنی، گەر دەتەوێ بە شەقاوەیی بیبەی، بڕۆ دەستکاری یاسا بکە."

جارێکی دیکە، مەلکیک غازی، لە گەڵ فوئاد عارف، لە جامخانەی دوکانێک لە شەقامی ڕەشید، چاوی بە ئۆتۆمبیلێکی زۆر نازدار دەکەوێ، مەلێک بە هاوەڵەکەی دەڵێ بڕۆ بزانە بای چەندییە، کە خاوەن کۆمپانیا، دەبینی مەلیک لە ناوە ئۆتۆمیلیەکەی لە پێش دوکان دانیشتووە، دەڵێ" بای ٧٠٠ دینارە، بەڵام بۆ جەنابی مەلیک با بە ٦٥٠ دیناری بێ، دەبا جەنابیان، بفەرموێتە ژوورە و قاوەیەک بخواتەوە."

لە ماڵەوە، مەلیک هەر ٥٠٠ دیناری پێ کۆدەکرێتەوە، جا فوئاد عارف دەڵێ:"جەنابی مالیک، با داوا لە حەسقێل بکەین باقییەکەی، کە ١٥٠ دینارە، بە قەرز بمان داتێ." حەسقێلێش کە ئەو داوایەی لێدەکرێ، دەڵێ:"بڕۆ بە مەلیکی بڵێ، جەنابتان هەمیشە داوای دەستپاکی و نیزامان لێدەکەن، ئەگەر ئەو ڕازییە، بەو یاساشکێنیەوە، بان چاوان." مەلیک خوا خوای دەبێ، هەر بەردێکی لەسەر دانێن و لای کەس باسی نەکەن،

دوای مردنی، شاعیری ناسراوی عێراقی مەعروف ئەلروسافی لە شیعرێکی جواندا حەسقێل دەیلاوێنتەوە بەسەریدا هەڵ دەڵێ.

جا لە زاراوەی عەرەبی بەغداییدا، دەستەواژەی (لا تحسقلها!) داهێنرا. وەک واتایەکی بازرگانی و دارایی بەو واتایە بەکار دەهات کە هێندە چرووکی و سەقیلی مەکەوە نەختۆکەک، دەستت بکەوە.

من لەو باوەردام وشەی (سەقیل)، کە لە بنزاری کۆییان زۆر بەکار دێ، بەواتای بەخیل و چرووک، هەر لە ناوی (حەسقێل)ەوە داتاشراوە.

وەستاکارییەکەی مامۆستا مەسعوود مەحەمەد لێرەدا ئەوەیە کە:

یەک: (لا تحسقلها!) عەرەبییەکەی زیرەکانە کورداندوە.

دوو: یەکەم نووسەرە – بە عیلمی من، کە ئەو داهێنانەی لە وشەکەدا کردبێ.

سێ: ئەو پتر لە داڕشتنێکدا، وەسایەتی لە وشەکە، یان بڵێین زارەوەکەدا، کردوە، جارێک دەنووسێ: حەسقێلی کرد. واتا سەقیلی کرد و دەستی گێرایەوە. وە جارێک دەڵێ: (ئەو حەسقێلییەی ئەو)، واتا ئەو سەقیلیەی ئەو کاک تاهیرە.

تا ئێستا، لە هیچ نووسراوێکی کوردیدا، بەم دەستەواژەم بەرچاو نەکەوتووە، نەمدیوە قەڵەمێکی دیکەش لاسایی مامۆستا مەسعوود محەمەددی کردبیتەوە لەم وشەیەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×