دڕۆن، بەرەو کوێمان دەبات؟

فازیل شەوڕۆ
  2023-06-11     411

ئەگەر پێش حەفتا ساڵێک، لە کۆیە،  کە ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاکان ژنیان دەهێنا، دەبووایە دەستە دەستە خەڵک لە سەر ڕێگا و لە سەربانان ڕاوەستن بۆ تەماشاکردنی کەژاوەی بووکێ کە دەیان ئەسپی شێی کوردی لە دوای یەکدێ ڕێیان دەکرد،  سەرکەللـەیان  بە دەسرۆکەی ئاڵ و سەوز و زەرد دەڕازاندرایەوە و جۆرەها گوڵینگە و ڕیشمە و تاڵایان تێدەئاڵاندن، ئەوا هەر چەند ساڵێکی دیکەیە، نەوەکان، دەبێ پۆل پۆل ڕاوەستن بۆ تەماشاکردنی کەژاوەی بووکێ کە بە دڕۆن بەرەو هەواری مانگی هەنگوین  دەفرێت و بەڕی دەکەوێ!

  لە ساڵی ١٩٧٢- کە لە زانکۆ دەمخوێندن،  لە پێشەنگای نێو دەوڵەتیی بەغدا، لە هۆبەی وڵاتی هیندستان، کیژۆڵەیەکم بینی لەو دەشتە، فڕۆکەیەکی، بە ئاسماندا دەخولاندەوە کە وەک کۆلارە بە داوێکەوە بەسترابۆوە، من لە خەیاڵی خۆمدا دەگوت، چەند خۆش دەبێ ئەگەر فڕۆکەکە ئەو داوەی پێوەنەبێ و بە ئازادی بتوانرێت  بفرێندرێت!

   مێژووی درۆن (فرۆکەی بێفڕۆکەوان)، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نوزدەم، کاتێک نەمساوییەکان لە ساڵی  ١٨٤٨ بە بەکارهێنانی ٢٠٠ بالوونی بێ سەرنشین هێڕشیان کردە سەر شاری ڤینسیا لە ئیتاڵیا. پاش ١٤ ساڵان ئەمریکا  یەکەم داهێنانی لە درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکرد. لە ساڵی ١٨٩٨ ەوە  ئەمریکا  کامێرای لە باڵندە خستوە و بۆ چاودێری و سیخۆڕی بەکاری هێناوە، وەک لە شەڕەکەی نێوان ئیسپانیا و ئەمریکا . لە ساڵی ١٩١١ ەش ئیتاڵیا لیبیای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد. لە شەستەکانی سەدەی ڕابروودا، بەو جۆرە فڕۆکەیە، ئەمریکا  پتر لە ٣٥٠٠ هێڕشی کردە سەر ڤێتنامییەکان. ئەوە بوو ئەمریکا  و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٦ یەکەم فڕۆکەی (Pioneer)یان درووست کرد و دوای چوار ساڵ، سوپای ئەمریکا  جبەخانەی خۆی پێدەوڵەمەند کرد. لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو فڕۆکە وەک چەکێکی کاریگەر لە شەڕی کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان بەکارهاتوو و لە ساڵی ٢٠٠٧  لە عێراقیش ڕۆڵی خۆی بینی. لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمریکا  بڕی ٢٤ ملیار دۆڵاری بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دانا. ١١ ملیار دۆلاری دیکەش بۆ لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی بازرگانی خەرج کرا. بەمشێوەیە ئەو داهێنانە نوێیە وردە وردە  پەرەیسەند و پێشکەوت و پەل و پۆی گەیشتە زۆربەی بوارەکانی ژیانی سەردەم، وەک دەیبینین.

    دڕۆن ــ کە ناوەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا، لەو وینگە وینگەوە هاتووە کە پەروانەکانی دروستی دەکەن، ئیمڕۆ بووەتە زانستێکی بەربڵاو بە ناوی (درۆنۆلۆژی)، نەک هەر لە زانکۆی سەربازی و زانکۆ پێشکەتووەکاندا دەخوێندرێت، بەڵکوو زانکۆی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک لە هیندستان، کە چەندها ڕشتە و بەش و هۆبەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.

 بە گوتەی پسپۆڕێکی ئەو زانستە و ئەو سنعەتە،:"هیچ کەسێک ناتوانێ پێشبینیی ئایندەی دڕۆن بکات، چونکە  عەمبازەکانی هێندە گەورەن هەر لە خەیاڵ دەچن، ئێمە هەر دەتوانین  وێنای ئەو دڕۆنە بهێنینە بەرچاوی خۆمان کە لە ساڵی ٢٠٣٠ بەئاسماندا دەفڕێت، دوای ئەوە نازانین چ جورە  داهێنان و پێشکەوتنێک دێتە ئاراوە، هەر ئەوەندە دەزانین، کە دێ دڕۆن ببێتە ئامێرێکی سیحریی دەستی مرۆڤ، وەک چرایەکەی دەستی عەلائەدین، بتوانێ هەموو شتێکت بۆ دەستەبەر بکات!"

ئەوەی دەروازەی داهێنانە خەیاڵییەکانی بۆ پیشەسازیی دڕۆن خستووەتە سەرپشت، ئیمڕۆ، ئەو زانست و ئامرازانەن:

 

زیرەکیی دەستکرد (AI):

 ئەو ڕەووتە پێشکەتووەی زانستیی زیرەکیی دەستکرد کە دێ ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرپسێنێت و داهێنانی نوێتر بهێنێتە ئاراوە، یارمەتیدەری نمرە یەکە لە پێشخستنی پیشەسازیی دڕۆن و بارگاویکردنی بە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترین بەرنامە و کار و چالاکی کە لە ئەقڵی مرۆڤ بەدەرن. تەیارکردنی ئەو ئامێرە بە زانست و بەرنامەی ورد و درووست و کاریگەر، وادەکات ئاکام و دەستکەوت و کاردانەوەکانی یەکجار سەرنجڕاکێش و سەرسورهێنەر و بەتوانا بن.

 

زانستی نانۆ(Nanscience):

ئەم زانستە کە بە وردترین وردترین شێوە و ئامێر و کەرەستە، شیکاری و لێکۆڵینە لە شتەکانی ئەم گەردوونە دەکات و لە پیشەسازی و تەکنەلۆژیای سەردەمدا، پشکی شێری هەیە، گەورەترین شۆڕشی لە هەموو بوارەکاندا بەرپاکردوە. خودی  زاراوەی نانۆ کە بە ڕەچەڵەک گریکی دێرینە، واتا یەک بەش  لەسەر یەک بلیۆن لە مەترێكدا  ـ (١/١+ ١٢ سفر).  ئەمەش یارمەتیدەرە کە بتوانیت  بە بچووکترین و سووکترین ئامێر، کار و ئیشی مەزن ئەنجام بدەی، هەرچەند دڕۆنەکە بچووکیش بێ.

 

تەکنەلۆژیای ڕەو (Swarm):

 ـ وەک شەرغەی هەنگ کە هەزاران هەنگ یان زەردەواڵە بەیەکەوە  دەفڕن، ئەم سیستەمە کە بەشێوەیەکی خودیی، لە یەک بنکە و پنتدا، فرمانی بێتەلی بەسەر هەزاران بنکە و خاڵی دیکەدا پەخش دەکات و کاریان لەگەڵدا دەکات بە شێوەیەک کە یەک تاکە کەس بنتوانێ ئیشی چەند هەزار کەسێک بکات لە هەمان دەمدا. ئەمەش بەرهەمهێنەری جیهانێکی ئاڵۆز و پاڵۆزی  سەرسورهێنەرە کە پێشتر مرۆڤ پێی ئاشنا نەبووە.

 

بەکارهێنانی هایدرۆجین وەک سووتەمەنی:

 تا ئەم دواییە زۆربەی دڕۆنەکان بە پاتری جۆری (LiPo) کاریان دەکرد، ئیمڕۆ، گازی هایدرۆجین، کە وزەبەخشێکی بێ ئەندازایە، وەک سووتەمەنی ئەو فڕۆکەیە بەکار دێ. بەوەش دەتوانن  چەندان بار کاتی مانە و فڕینیان لە ئاسمان درێژبکرێتەوە. دووریش نییە لە ئایندە وزەی ئەتوومیش لەو پێشەسازییەدا بەکار بێ.

 

بەرزکردنەوەی تایبەتمەندی سەلامەتی و ئاسایش:

چونکە پێشکەوتن و داهێنان لە هەموو زانستەکان بەردەوامە، زامنکردنی باشترین و گونجاوترین سەلامەتی لە هەموو بوارەکان لەو دڕۆنانەدا پەیڕەودەکرێ، وەک دوور کەوتنەوە لە بەربەست و کۆشک و باڵەخانە بەرزەکان، ئاگرنەگرتن و نەتەقینەوە، تانپۆن نەکردن لەگەڵ دڕۆنی دیکە یان لەگەڵ پەڕەشووت و فڕندەکانی دیکە کە بە ئاسمانەوەن، هەرەوها فڕین و نیشتنەوە بە سەلامەتی... تاد.

ئاوێتەبوونی زانستەکانی دیکە: چەندان زانست و تەکنەلۆژیایی دیکە هەیە، کە لە پیشەسازیی ئەو جۆرە فڕۆکەیەدا بەکاردێن و سوودیان لێوەردەگیرێت، لە جۆری ماددەکان و  توخم و پێکهاتە و بەکارهێنانیان... تاد. ئەم توخم و کەرەستانەش ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێ بە مەبەستی باشتر کردنیان. ئەمانە هەموو ڕێخۆشکەرن بۆ درووستکردنی درۆنی پێشکەوتووتر.

ئیمڕۆ نزیکەی ١٠٠ وڵات، درۆنی سەربازیی وەک چەک هەیە و بەلانی کەم ١٧ وڵات بە کرداریی لەبەرەکانی شەڕدا بەکاریان هێناوە. وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی دڕۆن لە جیهاندا، بە گوێرەی ڕێزبەندیان لە زۆری بەرهەم ئەمانەن: ئەمریکا ، چین، ئیسرائیل، تورکیا، ئێران. لە ساڵی ٢٠١٤ ئیسرائیل بە تەنیا لە٦٠٪ی دڕۆنی جیهانی  هەناردەکردوە و ئەمریکاش  لەو ساڵەدا ٩هەزاری  لێ درووست کردوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٩٠٠ هەزار دڕۆنی گەورە و گچکە لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە، کە نرخی هەرزانەکەیان ٥٠٠ دۆلار بووە.

 

دڕۆن، ئیمڕۆ لە چ بوارێکدا بەزۆری  بەکاردێ:

 

یەک: بواری کشتوکاڵ:

فەڕەنسا یەکەم وڵاتە کە بەم دواییە،  زۆر زانستییانە سوودی لە دڕۆن وەرگرتووە لە کەرتی کشتوکاڵی  و ـ تەنانەت ئاژەڵداریشدا.  ئەمەش لە  چەندان بوار و بە چەندان شێوە، هەر بۆ نموونە، بۆ ڕووماڵکردنی ئەو زەووییانەی کە  دەیانەوەی دایچینن و نەخشەکێشانی تۆبۆگرافی شوێنەکان، هەرچەند سەخت و عاسێش بن.  چاککردنی ئیکۆسیستمی ژینگە، کاتێک لەبەر هەر هۆ و شتێک ئەو ژینگە زیانی پێبگەیبێ.  ئاودێریکردن و بینینی ڕۆڵی میراو و هەڵبەستنی جۆبار و جۆماڵکردنی جۆگەکان و ڕێڕەوەکانی ئاو. قڕکردنی مێشوولە و زیندەورە بە زەڕەکانی وەکو قڕگە و سنوکیسەڵ و خۆرکە و ...تاد. نەخشەکێشانی ڕێگەی هاتووچۆ بۆ جوتیار و ئامێرەکانیان.  وەرگرتنی وێنەی سێڕەهەندی  و دەیان جۆری سکانی پشکەوتووی جۆری خاک و خۆڵ و بەرهەم و دار و درەخت وسەوزایی. چاودێریکردنی ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان. ئەوجا جگە لە کەمکردنەوەی زەرەوروزیانی لافاو و ئاو هەڵسان و بەنداوشکان... تاد. ــ (نامانەوێ لێرە مێشکی خوێنەر بە ناوی ئەو ئامێرانە  بهێشینین کە لەو دڕۆنانە بەکاردێن.)

 

دوو: کەرتی گواستنەوە:

   ئەمەیان بەرفراونترین بەکارهێنانی دڕۆنە لە بوای بازارگانیدا، سەدان کۆمپانیای زەبەلاح کێبڕکێیانە لە درووستکردنی دڕۆنی تایبەت بۆ  خزمەتکردنی ئەم بوارە.  دوو دەزگا زەبەلاحەکەی جیهان: گوگوڵ و ئەمەزۆن، شۆڕشێکیان لە لۆجیستیی گواستەنەودا بەرپاکرد، بەتایبەتی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩ کە خەڵک ئۆنلاین شتومەکەکانیان دەکڕی.  لە هێندێ وڵاتدا، گواستنەوە بە دڕۆن لە بواری ئەزموونیی دەرچووە و چووەتە بواری کرداریی، ئاساییە دڕۆنێک لەسەر بان یان لە حەوشەی ماڵەکەتان بنیشێتەوە و  نان و کەباب و پیتزەت بۆ بێنی کە داوت کردوە.

   فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خزمەتگوزاریی جۆری  (DaaS) مۆدێلێکی بازرگانییە کە  کۆمپانیاکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان پێشکەش بە کڕیارەکان دەکەن لەسەر بنەمای بەشداریکردن یان پارەدان بۆ هەر بەکارهێنانێک. ئەم ڕەوتە خەریکە جێگەی خۆی دەگرێتەوە چونکە ڕێگە بە بازرگانەکان دەدات دەستیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگات بەبێ وەبەرهێنانی پێشوەختە لە ئامێر و ڕاهێناندا.  لەم ساڵدا (٢٠٢٣)،  پێشبینی دەکەیرێت کە دابینکەرانی زیاتری DaaS سەرهەڵبدەن، کە خزمەت بە کۆمەڵێک پیشەسازی و بەرنامەی بەرفراوان دەکەن.

    هەر لە  بواری گواستنەوەدا، ئێستا ئەمریکا و ژاپۆن و چین، مەشق و ڕاهێنان لەسەر دڕۆنەتاکسی دەکەن.  ‘تاکسی ئاسمانی’  ئەم فڕۆکە کارەباییە پێشکەوتووانە دەتوانن ئەرکی بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی ڕاست (VTOL) ئەنجام بدەن؛ و توانای هەڵگرتنی ١ ـ ٥ سەرنشینیان هەیە. مەودای فڕینیان بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ٢٥-١٠٠ کم دەبێت، هەرچەندە مەودای هەندێک مۆدێل لە ٢٥٠ کم زیاترە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە نەک تەنها خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە فڕۆکەوانیدا، بەڵکوو سەرەتای سەردەمێکی نوێیە کە تێیدا ئاسمانی ئاستی نزم لەوانەیە ببێتە ‘ڕەهەندی سێیەم’ی گواستنەوە.

بێگومان ئەم بوارە پۆست و گەیاندیش دەگرێتەوە کە هەزاران کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهان  کێبڕکێیانە و خەریکی ئەو پیشەیەن.

 

سێ: بواری سـەقا:

   نەک هەر بۆ چاودێرکردن و کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵکوو بۆ دیاریکردنی گۆڕانەکانی  سەر شوێن و ژینگە و گیاندار و دار و درەختەکانیش سوود لە دڕۆن وەردەگیرێت.

    بەپێی توێژەرانی زانکۆی کۆرنێل، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی تێبگەین کە پارچە زەوییەک چەند وزەی خۆر هەڵدەمژێت یان ڕەنگدانەوەی هەیە. بەم شێوەیە پلاندانەرانی دیمەنی سروشتی دەتوانن بەکارهێنانی زەوییەکانیان بە باشترین شێوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی سوود بە خۆیان و کەشوهەوا بگەیەنن. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن چاودێری کوالیتی هەوا و دانیشتوان و  گیانلەبەرە کێوییەکان و ڕووپۆشی دارستانەکان و زۆر شتی تر بکەن. دڕۆن چاودێرە بەسەر ڕێژەی پیسبوون و پاکی ژینگەی شارەکانیش.

 

چوار: بواری  ڕووداوە سرووشتییەکان:

   چونکە دڕۆن دەتوانی بگاتە هەموو خاڵێک هەرچەندە دژوار و سەختیش بێ، لە کاتی  لافاو و گڕکان و بوومەلەرزە و زەوی ڕووچوون و هەرەسی بەفر و ئاگرکەوتنەوە، دڕۆن  هەم دەتوانرێت ڕووماڵی شوێنەکان بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەم  خزمەتگوزاریی فریادگوزاریش بگەێنێتە لێقەوماوان. لە زۆرە ڕووداوی سرووشتی، دڕۆن کۆمەک و یارەمەتی گەیاندووەتە لێقەوماوان یان یاردەربووە بۆ کوژانەوەی ئاگر.

   دوای لافاو، دڕۆن، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕووپێویکردنی زیانەکان و تەنانەت ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە عاسێیەکاندا گیریان خواردووە.  لە ساڵی ٢٠٠٥ دوای زریانی کاترینا،  بۆ یەکەمجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ گەڕان بە دوای گیرخواردوو و زامدارەکانی بەکارهێنرا.

 

پینج: لە بواری تەندرووستی و پزیشکیدا:

     لە زۆربەی بنکە و مەڵبەندە تەندرووسیتەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە ڕێی دڕۆنە و کۆمەک و یارمەتی و داودەرمان و کەرەستەی پزیشکی  و خۆراک و جل و بەرگ و زۆر شتی تر دەگەێینە نەخۆش و کەسانێک لە شوێنی دوورەدەست تووشی ڕووداو و سووتان و شکان و زامداربوون...تاد بوون.  لە سەردەمی پەتای کۆڤید – ١٩ دڕۆن رۆڵی باشی هەبێ لەم بوارەدا.

 

شەش: لە بواری  فیلمۆگرافیدا:

     ئیمڕۆ فۆتۆ و فلیم و گرتەی ڤیدیۆیی بووەتە پیشەسازییەکی جیهانی زۆر پڕ داهات، بۆیە ئەوانەی لەو بوارانەدا کاردەکەن هەوڵدەن هەموو تەکنەلۆژیا بەردەسەتەکان بۆ جوانترتین و باشترین تۆمار و فۆتۆ بەکار بێنن.  ئەمەش بوارەکانی فلیمسازی و سینەما و میدیاکاری و فۆتۆگرافی و هەر پیشەسازییەک پەیوەست بێ  بەکارهێنانی کامێرا، دەگرێتەوە،  جا بۆنەکان هەر جۆر و تەرز و شێوەیەک بن.

 

حەوت: لەدەرەوەی بەرگەی هەوا:

    لە سەرەتای ئەمساڵدا(٢٠٢٣)، ناسا بە سەرکەوتوویی فڕۆکەی ڕۆڤەری Perseverance ی ناردە سەر مەریخ و توانرا بنیشێتەوە  لەکاتێکدا  بارێکی قورسی لە کەرەستەی و ئامێری پێویستی  هەڵگرتبوو و  هێلیکۆپتەری مەریخ، Ingenuity لەگەڵ خۆی بردە ئەوەێ. ئەمە یەکەمجار بوو کە تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر جیهانێکی تر تاقی بکرێتەوە. گەشتی Ingenuity کورت بوو بەڵام ساتێکی پڕ بایەخ بوو لە مێژوودا، توانرا لە بەرگەهەوای زۆر تەنکتری مەریخدا چەندین جار بە سەرکەوتوویی بفڕێت و بنیشێتەوە  بۆیە  تاقیگەی جێت پاڵنەرەکانی ناسا، گەشتەکانی بۆ مانگێکی دیکەی تاقیکردنەوە درێژکردەوە. ئەمە تەنها هەنگاوێکی بچووکە بەڵام پڕ بایەخە،  لە پەرەپێدانی پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیدا.

 

هەشت: لە  بوارەکانی گەشتوگوزار و بیناسازی و پەروەردە:

نەک  هەر لەم سێ کەرتە هەستیارەدا بەڵکوو لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەشدا، بە شێوەیەک لە شێوەیەک دڕۆن ڕۆڵی پڕ خزمەتگوزاری دەبینی و سوودی لێوەردەگیڕێ. وەک نەخشەکێشان، دانانی ماستەرپلان، گواستنەوە، تاقیکردنەوە...تاد.

 

نۆ: لە بواری سەربازی و ئاسایشدا:

ئێمە، زانیارییەکانمان دەربارەی دڕۆن، پتر لەسەر بەکارهێنانە سەربازییەکەیەتی ـ کە ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرەدەسێنێت و داهێنانی نوێی تێدا دەکرێ.

لە بواری سەربازیدا دڕۆن ئیمڕۆ بەکاردێت لە هۆبەی هەواڵگری، چاودێریکردن، بە ئامانجگرتن، سیخوڕیکردن و هەڵگرتنی تەقەمەنی و هێرشکردن و بەرگریکردن و تەقاندنەوەی مین، هەرەوەها لە  یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنە تاکتیکی و ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێت ئەوا جگە لە پێشکەشکردنی پشتگیریی لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەپێی قەبارە و تواناکانیان. ئیمڕۆ  کۆمپانیایەکانی سنعەتی دڕۆنی سەربازیی پێشبڕکێیانە لە داهێنان و درووستکردنی نوێترین و باشترین جۆریان. لە بازاڕی چەکفرۆشاندا، لە پێشەنگای نمایشکردندا، دەیان جۆریان دەبینرێن. هەر بچووکەیان هەر ٥٠ سم دەبێ و هەرە گەورەکەیان ـ تا ئێستا، درێژییەکەی نزیکەی ١٠ مەتر دەبێ.

دڕۆنی (RQ-4 Global Hawk) گەورەترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە جبەخانەی ئەمریکادا. نزیکەی  ١٣٠ پێ درێژە و ٤٧ پێ پانە و کێشی کۆی گشتی ١٤٩٥٠ پاوندە و دەتوانێت چاودێری ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بکات لە ڕۆژێکدا و لەلایەن تیمێکی سێ کەسییەوە دەفڕدرێت و مەودای ٢٣ هەزار کیلۆمەتری هەیە. لە بەرزایی ١٨ هەزار پێدا دەفڕێت. دەتوانێت بۆ ماوەی ٤٢ دەمژمێر بفڕێت. لە ٢٠/٦/٢٠١٩ سوپای ئێران توانی درۆنێکی لەو جۆرە بپێکێت و  بخاتە خوارەوە. 

دڕۆن هەیە تا ٥٠ هەزار پێ بەرزدەبێتە و هیچ ڕادارێک ناتوانی بیدۆزێتەوە و بیگرێ. لە ساڵی ٢٠١٨ ئیسرائیڵ بووەتە سەر تۆپی وڵاتان لە دروستکردنی باشترین جۆری درۆن. لە بارەی نرخەکانیانەوە هەرزانیان هەیە و گرانیان هەیە وەک:

جۆری (Black Hornet) بە  ١٩٥ هەزار دۆلارە، (FULMAR) بە ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار دۆلارە، (Global Hawk) بە ٢٢٠ ملیۆن دۆلارە. ئەو دڕۆنانەی لە عێراق و ئەفغانستان بەکار هاتن جۆری (Predator) بوو نرخەکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە سنعەتی ئەمریکا  و ئیسرائیلە. (ناکرێ لێرە مۆدیل و پێناسەی هەموو جۆرەکان بکەین.)

 

ئایندەی دڕۆن بەرە کوێ؟

وەک لە سەرەتادا، ئاماژەمان پێدا، لەبەر خێرایی گەشەکردنەکانی زانستی و تەکنەلۆژی، زەحمەت بتوانرێت سنووری ئایندەی ئەو داهێنانە دەست نیشان بکرێت. لە لایەکی دیکە هەر کۆمپانیایەک، بەو پەڕی سڕرقایمی و نهێنیی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، دوور لە چاوی میدیا و دەزگاکانی دیکە.

وامەزەندەدەکرێ، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، لە هێزەکانی ئەمریکا، هەر سەربازێک، دڕۆنێکی تایبەت بەخۆی هەبێ، قەبارەکەی هەر بە قەد چۆلەکەیەک بێ و پێدەگوترێ دڕۆنی زەردەواڵەیی، کە لە چەندان بواری سەربازییدا یارمەتی سەربازەکان دەدات.

وامەزەندە دەکرێت، کە لە چەند ساڵێکی دیکەدا تابلۆ ئۆتۆمبیل لە ئەمریکا و ئەوروپا بکرێتە دیجیتەڵی، تا دڕۆن بتوانێت هەر ئۆتۆمبیلێکی کە بێەوێت یەکسەر بیدۆزێتەوە ـ بە تایبەتی لە کاتی ئەنجامدانی تاوان و کاری تیرۆریستی و قاچاغچییەتیدا.

وامەزەندە دەکرێ، هەموو دەزگا فریادگوزارییەکانی وەک تەندرووستی و ئاگرکوژاندنە و پاراستنی دارستان، دڕۆنی تایبەت بەخۆیان هەبێ.

چەند مانگێک پێش ئێستا، سوپای چین، مەشق و ڕاهێنانێکی تایبەتی ئەنجامدا، کە یەک سەرباز بە بەکارهێنانی یەک ڕیموتکۆنتڕۆڵ، توانی ئیش بە یەک هەزار دڕۆن بکات و بەگەڕیان بخات و نیشانە و  ئامانجە دیارکراوەکانیان بە وردی بپێکن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

لە ئایندەی نزیکدا، لە ئاهەنگ و گۆبەندەکانی وەکو جەژنی سەری ساڵ و لە دایک بوونی مەسێح، دەکرێ بە هەزاران دڕۆن، لە شەودا،  نمایشی هونەری جوان جوان لە ئاسماندا ئەنجام بدەن. تاکسی ئاسمانیش ئێستا ئەوا مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر دەکرێ.

 

لایەنی خراپی و مەترسییەکانی دڕۆن چین؟

زۆرن... .

هەموو ئەو وڵاتانەی نیازیانە دڕۆن لە بەرنامەی ئایندەیان بە زۆری بەکار بێنن، پێویستیان بە دەستوور و یاسایی نوێ هەیە، بۆ مۆڵەت و سزا و چۆنیەتیی بەکارهێنانی، ئەمە یاسای هاتووچۆی ئاسمانییش دەگرێتەوە. چونکە ئەم سنعەتە نوێیە، سەدان جۆر پێشە و پیشەوەری نوێش لەگەڵ خۆیدا دادەهێنی، کە پێویستان بە یاسا و ڕێسا هەیە بۆ ڕێکخستنی کارەکانیان. پارەکە ئەمریکا  هەر بە بڕی یەک ملیار و نیو دۆلار دڕۆنی بازرگانی فرۆشتەوە، مەزەندە دەکرێ داهاتەکەی لەو سنعەتە، لە ساڵی ٢٠٢٦ بگاتە نزیکەی ٥٥ ملیار دۆلار!

بەکارهێنانی دڕۆن لە لایەن تاقم و گرووپە تیڕۆرستییەکان، مەترسییەکی جددیە، کە کێشە و گرفتی زۆر بۆ ئاسایشی نەتەویی وڵاتان درووست دەکات. ئێستا ماددەی هۆشبەر و شتومەکی قاچاغ، لە سەر سنووی زۆر وڵاتان قاچاغچییەتی پێدەکرێ و ڕەواجی زۆری هەیە، تەنانەت لە باشووری عێراق لە نێوان ئێران و عێراق، بەڵگە هەیە، کە بە درۆن قاچاغچییەتی دەکرێ!

لە نێو شارەکان، تەنانەت لە نێو بەندیخانەکانیش، دڕۆن بۆ دزەپێکردنی ماددەی هۆشبەر و داودەرمان و  شتی دیکە بەکار دێ. دەکرێ هێرشی بە ئەنقەست یان لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی فڕۆکەوانان یان کۆنترۆڵکەرانی فڕین دڕۆن بەکار بێت، وەک  یەکەم ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە شاری کیوبیک لە کەنەدا ڕوویدا. لە ١٠ی ئابی ٢٠١٨ لە شاری دریگز لە ویلایەتی ئایداهۆ لە ئەمریکا، دڕۆنێک خۆی کێشا بە بالوونێکی گەرم.

مەترسییەکی دیکەی دڕۆن ئەوەیە، کە لە شارەکان هەمیشە هێندێ شوێن هەیە کە بایەخی ئیستراتیژی و سەربازیی و ئاسایشییان هەیە، نابێ بەهیچ جۆرێک فڕۆکە و دڕۆن لێیان نزیک ببنەوە، ئەو جۆرە شوێنانە پێویستیان بە دژە دڕۆنی پێشکەوتوو هەیە بۆ بەرگریکردن و پاسەوانی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێویستی بە چارەسەری دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی شوێنە هەستیارەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زیادبووندایە.

ئێستا لە ئەوروپا و ئەمریکا دا،  مشتوموڕی گەرم لە میدیاکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا لە ئارادایە، ژینگەپارێزان و کۆمەڵەی سەوزی هەسارە و  زۆر لە ئەدیب و فەیلەسوف و ڕۆشنبیران، دژی ئەوەن کە ژینگەی ئاست نزمی ئاسمان (بەرگەی هەوا) بەکاربێت بۆ هاتووچۆی دڕۆنەتاکسێ، بە توندی دژی ئەوەن کە ئاسمانیش وەک سەر زەوی بە تاکسی و ئۆتۆمبیلی ئاسمانی تێکبدرێت و ببێتە مایەی مەرگ و زامدار بوون خەڵک و پیسکردنی ژینگە. 

شەڕی ئۆکڕاین و ڕوسیا، یەکەمین شەڕە کە زۆرترین دڕۆنی تێدا بەکارهاتبێ، ئەگەرچی ژمارەی تۆپارانکردن بە مووشەک و تۆپ و تەیارە چەندا بار پترە لە هێڕشی دڕۆنەکان، بەڵام کاریگەریی دڕۆنەکان زۆرتر و کووشندەتر و بە زەبرترن.

 

سنعەتی دڕۆن و بەکارهێنانی لە کوردستاندا:

بەڕاستی، بەبێ دەمارگیریی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی، ئەگەر داهێنان و باری ئابووری بەم ئاست و ئارستەیەی ئیمڕۆ بەردەوام بێ، ئەوا بەو نزیکانە، جیهان دەبێتە دوو جیهان: جیهانی پێشکەوتوو و جیهانی دواکەوتوو. جیهانی سەرمایەداریی و جیهانی چەوساوەکان. بەداخەوە، ئەگەرچی ئێمرۆ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٤ زانکۆ هەیە، سنعەتی درۆن و بوارەکانی، هیچ حزوور و پێگەیەکیان نییە. بۆچی؟ بەرنامەی وەزاڕەتی خوێندنی باڵا و وەزاڕەتی پەروەردە لەو بارەیەوە چییە؟ نازانرێت. ئاخۆ پلانی داهاتووی نزیکمان چییە؟ نازانرێت.

کاتی ئەوە هاتووە، کە ئەم  بابەتە بە جددی وەرگیرێت و  لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و کاریشی بۆ بکرێ و ئێمەش بتوانین هەنگاوێک بنێن لەم بوارەدا، گەر وەک سەرەەتاش بێ!

وانەکەین، شەرمەزاری نەوەی ئیمڕۆ و ئایندە دەبین و هیچ پاساوێکێشمان نییە!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×