"ئایندە" لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا

فازیل شەوڕۆ
  2022-12-20     411

هەرچەندە ئەستێرە خوێندنەوە و ڕمڵلێدان و هانابردن بۆ کاهین و پیاوانی ئایینی و غەیب خوێندنەوە، لە دێڕینەوە، ئامرازی بەردەستی مرۆڤ بوون بۆ خوێندنەوەی ئایندە و مێژووی پاشا و میر و قەیسەر و ئیمپراتۆرەکان پڕن لە حیکاتی سەرسوورهێنەری ئەم تەرزە بابەتە. لێ لەڕاستیدا، کانگاو و چاوگەی کۆنترین خوێندنەوەی ئایندوە، لە "مەتنی ئەفسانەکان" دایە ـ ئەفسانەی هەموو نەتەوەکان. جا چونکێ یەکێک لە خەسڵەتە دیارییەکانی مرۆڤ "پرسنیی و ترس"ە، هەمیشە، ئەو بوونەوەرە خوولیای ئەوەبووە بزانێ سبەینێ چ ڕوودەدات تا نەختێ ترسی خۆی لە ڕۆژگاری داهاتوودا بڕەوێنێتەوە. هەرچەندە فرە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت، لە فڕە ڕشتە و زانست و بابەتە جیاوازەکانی پەیوەست بە "خودی مرۆڤ"، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو خاڵەی کە دەڵێ:"لە بەراییەوە، کە مرۆڤ خەلق بووە، تا ئەو چرکەساتە، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر جەوهەری ئەودا دانەهاتوو، لە ڕوانگەی خێر و شەڕ و، چاکە و خراپە و، فریشتەیی و شەیتانییەتی دا."

دەکرێ، لە سادەترین پێناسەدا، بڵێین:"ئایندە، ئەو کاتەیە کە دوای ڕابردوو و ئێستایە. هاتنی بە گوێرەی یاساکانی فیزیک شتێکی حەتمییە. هەمیشە بەش و تەڵەسێمکی ئایندە، بریتییە لە شتەگەڵێک کە لە ئێستا و ڕابردوودا، چ بۆ هەمیشەیی، چ بۆ ماوەی کاتی، بوونیان هەیە و هەبووە. لێ هەرگیز ئایندە بۆ دواوە ناگەڕیتەوە. بەڵام لە ڕوانگەی فەلسەفەی "زەمەن: دا، ئێستاگەرایی بریتییە لەو باوەڕە، کە تەنیا "ئێستا" بوونی هەیە، داهاتوو و ڕابردووش ناڕاستەقینەنە. "یەکەکان"ی ڕابردوو و داهاتوو وەک بنیاتنانی "لۆژیکی یان خەیاڵی" لێکدەدرێنەوە. هەرچی کۆمەڵناسییە ـ زانستی کۆمەڵ، دەڵێ:" ئایندە، چۆنیەتیی ژیان و کارکردنی مرۆڤەکان لە داهاتوودا." بەڵام دەرووناسی، لە گۆشەنیگای "هیوا و مەرام و مرازەوە" ئایندە دەخوێنێتەوە و دەڵێ:" خودی مرۆڤ باشە، ئەوە ڕووداو و ژینگەیە کە مڕۆڤەکان دەگۆڕن، جا خوێندنەوەی ئایندە پەیوەستە بە تێگەیشتن و تێڕاونینی مرۆڤ بۆ ئایندە، بە کام چاوی تەماشای دەکا، چاوی گەشبینی و هیوا، یان چاوی ڕەشبینی و نائومێدی؟ واتا ئایندە هیواخوازییە."

ئیمڕۆ، ڕێک نیو سەدە دەبێ"ئایندەناسی" وەک زانستێکی سەربەخۆ، لە چەندان زانکۆی ناوداردا. ئەکادیمیانە لێکۆلێنەوەی لەسەر دەکرێت و دەخوێندرێت. لە سەرەتادا، لە زاراوەی "دووربینیی Foresight" قەتیس کرا، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی دا،١٩٣٢ ئێج. جی. وێڵز ئاماژەی پێدا. دواتریش پڕۆفیسۆری ئەڵمانی ئۆسیپ ک. وەک "ئایندەناسی" زاراوەکەی خستە نێو ئینسایکلۆپیدیاکاندایی زانستەکان. کە هێندێجار بە زاراوەی"ئایندەگەرایی'یش ناودەبرێت و بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیکی لە نێوان زانستیی و گشتگیریی، لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیا و ڕەوتە ژینگەییەکاندا. ئامرازە سەرکییەکەشی " تەکنیککارییەکانی پێشبینیکردنە". ئیمڕۆ ئەو زاراوانە هەموویان ئاماژەن بۆ "ئایندەناسی":

(Futurology, Futures studies, Futures Research, Futurism)

ئەگەر دوێنێ، ئەستێرەناسی بە مەرامی دوورکەوتنەوە لە بارودۆخە مەترسیدارەکان و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت هانای بۆ برابێ، ئەوا ئیمڕۆ. ئایندەناسی لە توێژینەوە مۆدێرینەکانیدا پشت دەبەستێتیت بە(پرسیاکردن و کێبڕکێ لە نێوان پێشبینییەکاندا). کە لە ساڵی (١٩٦٠) مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتوومی لە نێوان ئەمریکا و کوبا هاتە ئاراوە و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٩، بۆ یەکەمیجار مرۆڤ لەسەر مانگ دابەزی، پرسیارێکی بێ وەڵام کەوتە سەر زاران:"ئێمە بەرو کوێ دەچێن؟"، ئەو بوو گۆڤاری(فیوچەریبڵ ئینتەرناشناڵ) لەسەر بنەما زانستییەکان و دیسپلینی ئەکادیمی کەوتەخۆ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە قورسە. تاکو ئێستا، بیرمەند و زانایان، درێژە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەدەن و نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.

لەم کورتە باسەدا، خۆم لەم دوو ڕەهەندەی پەیوەست، بە دوور دەگرم.(بۆ قەڵەمبەدەستانی دیکەیان بەجێدێڵم):

یەک: ڕەهەندی ئایینی: کە لە ڕووانگەی ئایینی ئیسلامدا، بە پووختەیی قسەی خۆی تێدا کردوە و لە چەندان ئایەتیدا لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێدراوە، وەک": قُلْ لَا يَعْلَمُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الْغَيْبَ إِلَّا اللَّهُ." (النمل:٦٥) غەیب لە باوەڕی ئیسلامیدا ئەو زانستەیە کە تایبەتە بە خودا، شکۆمەندی هەر بۆ ئەوە. زانینیی لە توانای ئێمەدا بەدەرە.

دوو: قسە لەسەر پێشبینییەکانی گۆڕانکاریی لە تەکنەلۆژیی ئایندە و زانستەکەنیدا ناکەین. (ئەمە بابەتێکی سەربەخۆیە).

مەودای خوێندنەوە و پێشبینییەکان بۆ ئایندە فرە زەمەنە، هەیانە خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دە ساڵی دیکە، هەیانە بۆ ٥٠ ساڵ و ١٠٠ ساڵ و ٥٠٠ ساڵ... تاد.

پرسیارە بایەخدارەکە ئەوەیە: "دەبێ خێزان و کۆمەڵگا، لە ئایندەی نزیک و دووردا چیان بەسەر بێ؟"

ئێستا، هەقمانە بپرسین:

"چۆن زانایانی ئەم زانستە، پێشبینیی ئایندە دەکەن و بنەماکانی ئیشەکەیان چنە؟"

"ئەو زانایانە، لە پێشبینییەکانیاندا، چەندە نیشانەکان دەپێکن، یان سەرچیغ دەکەن؟"

"ئایا، ئایندەی ئێمە، چەندە بە ئەنقست، بە مەرامی تایبەتدا، بەدەر لە خواستی ئێمە، بەلاڕێدا دەبرێت؟"

هەر تاکێک لە ئێمە، لە نێو دوو چوارچێوەدا لە قالب دراوە: چوارچیوەی ناوەکی، واتا جیهانی ناخ و ناوەوەی مرۆڤەکان و چوارچێوەی دەرەکی، واتا جیهانی خێزان و کۆمەڵ. جا زانایانی ئایندەگەریی ئیش لەسەر چوارچیوەیەکی تیۆریی گەنجاو و شیاو دەکەن بۆ خوێندەوەی ئایندەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان، ئەمەش بە ئیشکردن لەسەر چوار ڕێباز:

یەك: پێشبینییە کۆمەڵایەتییە ئەزموونییەکان: واتا دەرس و عیبرەت هەڵهێنجان لە ڕابردووی هەر کۆمەڵگایەک و خوێندەوەی ئایندەی ئەوان.

دوو: شیتەڵکاریی بنەما کۆمەڵایەتییەکان: ئەمەش لەسەر وێناکردنی ئایندە بە پشتبەستن بەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ئەستوونگ و کۆڵەکە و بنەمای ئەو کۆمەڵگایەداهاتووە.

سێ: ڕەخنە و پرسیار لە بیرکردنە وە ئاراستەی ڕێڕەوی ئەو کۆمەڵگایە، کە دەیەوێ بەرەو کوێ بڕوات. واتە دانانی نیشانەی پرسیار لەسەر هەر ڕوودا و گۆڕانکارییەکی دیار و بەرچاوی ئەوان. پرسیاریش، وەڵام دادەهێنێ.

چوار: فێربوون لە کۆمەڵگاکانی هاوشێوە: واتا بۆ خوێندەوی پێشبینییەکانی ئایندە نەتەوەی کورد، بۆ نموونە، ئەزموونی ئەوانە دەخوێێنەوە کە لە ڕۆژایەکدا وەک ئێمە بوون.

هەرچەندە، هەر چوار ڕێبازەکە، لەسەر بنەمای ئەگەر و گریمانەن، بەڵام هێندێجاریش دەچێنە خانەی پلانی ئیستراتیژیی ئایندەی نەتەوەیەک یان کۆمەڵێک یان تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

بمانەوێ یان نەمانەوێ، ئێمرۆ کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەسەر دوو جیهاندا دابەش بوون: جیهانێکی بەکار و کارامەی ئەقڵمەند لە داهێندندا، کە تا ڕادەیەک کلیلی ئایندەیان لە دەست دایە، وە جیهانێکی بەکاربەری سست و لاواز و ڕابردووپەرستی خاو و خلیچ، کە کلیلی ئایندیەیان نییە یان هەیانە و لەدەست ئەواندا نییە.

جیهان یەکەم، هەمیشە لە ئامادەباشی دایە و کاردەکا بۆ زامنکردنی ئایندەی خۆی، وەک نەخشە و پلانی بۆ کێشاوە. جیهانی دووەم، بێئاگا و خەواڵۆ و ناهۆشیارە و دەستی دەرەکی دەیجولێنێ و دەیبزوێنێ ـ بەگوێرەی بەرژەوندیی دەستە دەرەکییەکان.

گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکانی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی "ئایندەناسی" سنووردارن و چاوەوڕوانکراون. بۆ نموونە، لە ساڵی (٢٠٥٠) دا بە زەحمەت فەڕەنسییەک، لە فەڕەنسا دەدۆزیتەوە، خوێنەکەی پاک فەڕەنسی بێ. ژن و ژنخوازیی لەگەڵ غەیرە فەرەنسییەکان، (خوێنی پاکی فەڕەنسایی) دەتوێنێتەوە. ژمارەی منداڵ، لە نزمی دەدات و ژنان حەزدەکەن دوای تەمەنی سی ساڵی ببن بە دایک. ژنهێنان و شووکردن، نزمترین ئاست بەخۆیەوە دەبینی و خێزان زۆر پەرتەوازە دەبێ و تاکەکان پتر بەدوای پەیداکردنی نان و دابینی کردنی ژیانی خۆیان سەرقاڵ دەبن. دەزگا حکومومییەکانی وەکو پەروەردە و تەندرووستی، بەهێزتر و کاریگەرتر دەبن لە پێکهاتەی خێزان و خانەوادە و هەژموونی ئەوان زاڵتر دەبێ بەسەر ویستی کەسەکاندا. لایەنییە ڕۆحییەکان پتر پەرش و بڵاودەبن و پەیوەستبوون بە فەلسەفەکانی بیروڕا و ئایدیا زۆر درزییان تێدەکەوێ.

ئەگەر، بە پشتبەستن بە ڕێبازەکانی "ئایندەناسی" دوو قسە لەسەر گۆمەلگای کوردانی باشووری کوردستان بکەین و چوار ڕێبازەکەیان هەڵسەنگێنێن، دەکرێ بڵێین:

چاوخشانێکی خێرا، بە زمانی سریانی و ئەمازیغی، ئایندەیەکی ڕەچاونەمکراومان بۆ وێنا دەکا. زمانی سریانی، تاوەکو سەرهەڵدانی دەوڵەتی عەباسی، لە تورکیا و ئەرمینا زمانی فەرمی وڵات بووە و لە زۆر ناوچەی ڕۆژەڵاتی ناوەند بەکاردەهات. لە سەردەمی ئەمەوییەکانیشدا، لە پاڵ زمانی عەرەبی، زمانی دیوانی وەزاڕەتەکان بووە. تاوەکو ساڵی(١٩٥٢) نیوەی دانیشتوانی لیبیا بە زمانی (تیفتیتاغ) ــ زمانی ئەمازیغی، قسەیان دەکرد. پلان و ڕاوودونان و قەتل و عامکردنی سریانییەکان و ئەمازیغییەکان و بەربەرەکانی کردنیان و وەدەرەوەنانیان لە زێدی خۆیان و شاڵاوهێنان بۆ سەر خاک و ئاو و زەوی و زاری وان، ئەوانیان گەیاندە ئەم ڕۆژەی ئیمڕۆ.

لەو ٣٠ ساڵەی دواییدا، پێکهاتەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی باشووری کوردستان گۆڕانکاریی زۆری بەسەرداهاتووە. بە ئەنقەست و بێئەنقەست، بە نەخشە و پیلان و بێ مەبەست و مرازی دەستی ناوەخۆ و دەرەکی، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی گەورە بووە بە واقیێحاڵێکی حاشاهەڵنەگر. ئەو هەزاران هەزار، غەیرە کوردە، وردە وردە گۆرانکارییەکان لەسەر زمان و فەرهەنگ و کەلتوور و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ـ تەنانەت سیاسی و سەربازیشدا، دەهێنە ئاراوە. باشووری ساڵی (٢٠٥٠)، باشووری ئیمڕۆ نابێ، زمان و زارەکان، شێوە و شێواز و دەستووری نوێ دادەهێنن. ژن و ژنخوازی، کەلتوور و داب و نەریتەکان ئاوێتەی یەکتری دەکەن، شتگەلێکی نوێ دێتە ئاراوە. پارسەنگی نەتەوایەتی و نیشتمانیی لاسەنگ دەبێ ــ نابێ ئەوەش فەرامۆشبکەین کە نەوی ئیمڕۆی کورد، کەمتر حەز لە فرەمنداڵی دەکات، لە کاتێکدا، غەیرە کوردکان، لەبەر زۆر هۆ، حەزدەکەن وەچە زۆر بنێنەوە. باری ئابووری و پیشە و پیشەسازی وەکو ئیـمڕۆ نامینێ. ئاساییە، کە غەیرە کوردێک ببێتە ئەندام پەرلەمان یان پارێزگار یان وەزیر یان سەرۆکوەزیرانی کابینەی حکوومەتی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری.

ژینگە و شێواز و ژیان کوردەواری، نەک هەر لە شارەکان، بەڵکوو لە گوند و دیهاتە دوورە دەستەکانیش، ئەوا لە پاڵ ئەو شاڵاوە بەهێزەی عەولەمەی سەردەمیش، هێندە دەگۆڕێن، بە ئاستەم بۆن و بەرامەی کوردروارییان پێوەدەمینێ ــ گەر هەموو شتەکان بە ئاست و ئارستەی ئیمرۆ بەردەوام بن. خۆشمان نازانین و بێئاگاین کە ناحەزانمان چ نەخشە و پیلان و دەسیسەکیان بۆ ئایندەمان داڕشتوە.

وڵلە اعلم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×