(پێشەنگە، قوتابخانەی پەروەردە و فێرکردنی چێژە بێ بەرانبەر بۆ هەمووان، لە قیسخۆتی مەدە.) (ف. ش.)
تا تەمەنی بووە نەوەت ساڵیش، یەک ڕۆژ ئەو باوکەی خۆم نەدی لە ماڵەوە چەکوش یان پلایس یان ماڵنچ یان مشار یان تەشوویەکی لە مستدا نەبێ و لە گۆشەیەکی خانووە سەربە گومبەزەکەماندا، خەریکی چاککردنەوە یان دروستکردنی شتێک نەبێ، ئەگەر هیچ هیچ ئیشی بۆ پەیدانەبووبایە ئەوا خۆی بە دارمێوەکە، یان هێلانەی کۆترە قەڵاشەکانەوە دەخافڵاند. دوای نیوەڕۆیەک، هێشتا پیاڵە چایەکەی بەردەمی تەواو نەکردبوو، (٢٥) فلسی بۆ هەڵدام و گوتی بڕۆ لە لای (فەقێ عەزیز)ی بزماری دەرزیم بۆ بێنە. جگەرەکێشێکی پێنەچوو، هاتمەوەو گوتم، (فەقێ عەزیز) دوکانی نەبوو. یەکسەر تێیخوڕیم و گوتی: جا خۆ بەغدا نەبوو، چووبایتە لای (جەلال جۆبار)، وەک ئاسک بەرەو دوکانی (جەلال جۆبار) تێمتەقاند، ئەویش هەر داخرا بوو. ئەوجارەی گوتی: دەبڕۆ کن (وەستا عومەری نەجار)و بڵێ باوکم گوتی هێندێک بزماری دەرزیم بداتێ. کە چووم ئەویش هەر دوکانی قوفڵ بوو. بە توڕەییەوە لەدەمی دامەوەو گوتی: پەکوو، بەقوڕێت گرت! شار مەنعی تەجەولە!
یەکسەر خوشکێکم بەهانامەوە هات و گوتی: بابە، ئیمڕۆ پێشەنگەی ساڵانەی قوتابخانەکانە، هەموو عالەم چووەتە قوتابخانەی دواناوەندی کچانی کۆیە، خۆ کەس لە بازاڕ و لە ماڵ نەماوە!
ئەو دواناوەندیە هێندە لە ماڵمان نزیک بوو، ڕۆژانە گوێمان لە زرینگەی دەنگی ئەو پارچە شێلمانە دەبوو کە لە جیاتی جەرەس هەڵێانواسیبوو. منیش لە گەڵ خوشکە گەورەکەم، خۆم لە باوکم دزییەوە چووینە تەماشای ئەو پێشەنگەیە. شان شانی دەسمی، ئەوەی لێت بزربوو بوو لەوێت دەتدیتەوە، هەر کە چووینە ژووری یەکەم، لەسەر دەستەباشیەکی جوان کێکێکیان دانابوو، بە چەقۆ دابەشیان دەکرد، پارچەیەکم بەرکەوت، بە حەیاتی خۆم کێکی وا خۆش و بەتامم نەخوارد بوو. ئەسەڵەن قەت نەشمدیتبوو، گوتیان ئەو کێکی ئیسفنجە. لە ژوورێکی دەیکە، شتێکیان پێدام، زۆر خۆش بوو ناتوانم وەسفی بکەم وەک حەلوای کوردی بوو، گوتیان ئەو (سەمەنییە). دارودیواری ژوورەکان بە جلک وبەرگی نەخشێنراو چینیەوە و دەرزی ودورمان ڕازابوونەوەو هەر پارچەیەکیش نرخی خۆی لەسەر داندرابوو. هیچ پۆلێک نەبوو بە شتی دەستکرد لە کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ و قوماش و تەختەو ئیسفنج و قوڕ و گەچ و رەسم و تابلۆ ئارایشت نەکرابێ، دەستە دەستەش قوتابی و مامۆستاکان پێشوازیان لە میوانەکان دەکردو قسەیان بۆ دەکردن. ئەوەی کە من (٦١) ساڵ پێش ئیمڕۆ لەو پێشەنگەیەدا بینیم جارێکی دی نەمدیتەوە...!
ئەوەندە من لەمنداڵیەوە سەوداسەرو خولییای هونەر بووم، سیپارەی ڕۆژانەم هەر بۆ دەفتەری ڕەسم و قەڵەم ڕەنگ و باستیل وماجێک بووە و لەهەر شوێنێک پێشەنگەیەکم پێ شک هاتبێ سەردانم کردووە و کە گەورەش بووم ئەم خولیایە لەگەڵم گەورەتر و خۆشەویستتر بوو و خوێندنەوەش باشتر بە جیهانی هونەری ئاشناکردم بۆیە شتیک لە مەعریفەی ڕەخنەی هونەریم لەلا گەڵاڵە بووە.
مێژووی پێشەنگەی کاری هونەری منداڵان دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەم کاتێک لە ساڵی (١٧٦٩) یەکەم پێشەنگەی لەو جۆرە لە لەندەن کرایەوەو دواتر پەرەی پێدراو گەیشتە ئاستی کێبڕکێی لە نیوان قوتابخانەکاندا، من لەو باوڕەدام هەر ئینگلیزەکانیش لەگەڵ هاتنیان و کردنەوەی قوتانخانەکان لە عیراقدا ئەم چالاکییەیان بۆ هێناوین. جا لەو ڕۆژگارەوە کردنەوەی پێشەنگەی ساڵانەی قوتابخانەکان بۆتە نەریت و بەردەوامە و بە چەند قۆناغیک تێپەڕیوە. ئەوەی کە جێگەی داخە، ئەم چالاکییە بایەخدارە بە قیمەتە لای ئیمە ساڵەهای ساڵە لە جێگەی خۆی تەراتێن دەکات و زۆر بە سستی بەرو پێش دەچی گەر نەڵیم لە جێی خۆی چەقیووە.
لێرەدا لە چەند پەنجەرەیەکەوە سەر بە هۆبەو هەوارەکانی ئەم چالاکییە پڕ هونەرە جوان و پیرۆزە دادەگرین:
ئەندامانی کارای چالاکی هونەریی پێشەنگەی قوتابخانەکان بریتن لە:
مامۆستای هونەرو ستافی قوتابخانە.
قوتابییەکان لە قوناغی باغچەی ساوایانەوە تا پەیمانگەو کولێژەکان.
تەماشاچییەکان ومیوانانی پێشەنگەکان.
هۆڵ و هۆبەی هونەرو مۆزەخانە و (دەرەوەی قوتابخانە).
پێش ئەوەی ڕۆڵ و بایەخی هەر یەکێک لەم (٤) کارەکتەرە شیبکەینەوە، بەباشی دەزانین پرسیارێک بکەین: ئەرێ، ئەم پێشەنگەیانە چ سوود و مەنفەعەتێکیان هەیە؟
لە دیباجەی ڕیکخراوی جیهانی( یۆنیسکۆ) دا هاتووە:"بایەخدان و گوشکردنی داهێنان لە لای منداڵ هەر لە سەرتای تەمەنییەو زامنی گەشەکردنی ژینگەیەکی تەندروست و وخۆناس و قەدرزانییەکی بەهاداری خود و ژیانە، ئەمانەش بەردی بناغەی کولتووری ئاشتی وئاسایش و هێمنین بۆ هەمووان.' لە سۆنگەی ئەم چەمکە زانستییەی (یۆنیسکۆ)وە، بایەخ و سەنگی پێشەنگەی قوتابخانەکان لەم خاڵانەدا چڕ دەکەینەوە:
١) داهێنان:
سادەترین پێناسەی داهێنان ئەوەیە:' بارو دۆخێکی هز و مێشکە کە تێیدا هەر هەموو توخمەکانی ژیریی و هۆشمەندی بەیەکەوە کاردەکەن. یان توانستێکی باڵایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو پرسەکان و زەقکردنەوەی پرسیاری ڕەواو لۆژیکی. کەسی داهێنەر هەمیشە هەست بە نەشئەی خۆشێیەکی بێنەزیر دەکات. جا بۆ هێنانە ئارای ئەو بارودۆخە یان بابڵێین بۆ هەڵکردنی چرای ئەو داهێنانە هەمیشە پیویستیمان بە دەنکە شقارتەیەک هەیە، باشترین جۆری ئەم دەنکەشقارتەش(هونەرە). هونەر، لە بیرکاری و زانیستەکان لەم بوارەدا گاریگەرترە چونکە ئاوێتەی جیهانی خەون و خەیاڵە، کە دەتوانن هەموو دەرگاکان واڵا بخەنە سەرپشت. منداڵ بەهرەیەکی خوداکردەی هەیە بۆ داهێنان جا چ لە بواری هونەر بێ یان مۆزیک یان بیرکردنەوە. لێرەدا بایەخی( پەروەردەی داهێنەرانە) بەدیاردەکەوی، کە سەد حەیف و مەخابن، سیستمی پەروەردەی ئێمە زۆر هەژار و کڵۆڵە لەم تەرزە فێرکردنە، ڕەنگ بێ دوو کتێبمان لەسەر ئەو ناونیشانە بە زمانی کوردی چەنگ نەکەێ، تا خوێندن و پەیرەویکردن و گرنگی پێدانی بکەین بە ڕیباز وپرۆگرامان! خۆشتان دەزانن کە ڕەگەزی سەرکیی پێشەنگە، هونەرە، لێرەدا بەدیار دەکەوێ کە پێشەنگەی قوتابخانە چەندە بایەخدارە.
٢) کاراماکردنی بوارە ئەکادیمییەکان:
هیچ زانستێک نییە خاڵی بی لە هونەر، تەنانەت لە ژمارەکانی بیرکاریشدا زۆر تابلۆی سەرنجڕاکێشەر دەدۆزرێنەوە. پەیوەندی نیوان زانست وهونەریش دووسەرەیە، لە لایەک هونەر ئاسانکاری دەکات بۆ ڕاڤەکردنی زانستەکان، وەک داڕشتنەوەی هاوکێشەیەکی کیمیاوی لە تابلۆیەکی هونەریدا، وە زانست بە داهێنانی، کەرەستەو تەکنەلۆژیای پێویست، بۆ هونەر دەستەبەردەکات، وەک جۆری ڕەنگ و کەرەستەو ئامێری تایبەت بە وێنەکێشان و هەڵکۆڵین و نەقش و جوانکاری هەمە ڕەنگ... تاد. زانستییانە سالمیندراوە کە ئەو قوتابییەی بە درێژایی ساڵ لە هەفتەیەکدا (٣) سەعات خەریکی کاری هونەری دەبێت، لە ڕشتە زانیستییەکاندا نمرەکانی و توانستی (٤) بەرابەی ئەو قوتابییانەیە کە نائاشنان و غەوارەن بە هونەر. ئەمەش لە بیرکاری و فیزیک و ئەندازەو ڕشتەکانی ئەدەبیشدا لە شیعرو پەخشان دەردەکەوێ. کەواتە پێشەنگەی قوتانخانە تاقیگەی زانیستیشیە بۆ خوێندکاران و فێرخوازان و نابێ هەرلە دیدی هونەری و مرۆییدا سەیربکرێت.*
٣) جۆشدانی کارامەیی:
هەموو قوتابییەک خاوەن کارام و بەهرەیەکی تایبەت بە خۆیەتی و زۆرجارانیش ئەو بەهرەو کارامەییە شاراوەن. بە بەشداری کردنی ئەوان لە کارو چاڵاکی هونەری لە پێشەنگە، هەم بەهرەکان دەدۆزرێنەوەرو هەم مامۆستاکان دەتوانن بە شێوازی زانستی و ئەکادیمیانە و هونەری ئەو بەهرانە بخەمڵێنن و ئارایشاتیان بکەن و پەرەیان پێبدەین. بڕوانن زۆربەی گورانیبێژی کورد، لە گوتنەوەی سروود و شیعرخوێندنەوەی گورەپانەکانی قوتابخانە چەکەرەیان کردووە. ئەمە بۆ هونەریش دروستە گەر خەمخۆری هەبێ. فێرکردنی منداڵی (٣) ساڵی بە کێشانی بازنەو خەتخەتۆکە، سەرەتایەکی باشە بۆ پەرەپێدانی ئەم تەرزە بەهرەیە، تا بتوانێ لە (٤) ساڵیدا بە مەقەستی (تایبەت بە منداڵان) بە ڕێکی و بە جوانی کاغەز ببڕێ. پەنگخواردنەوەی بەهرەی منداڵ و پشتگوێخستنی، کوشتنی حەز و خولییایەکی ئەوە بە هێمنی.
٤) باوەڕبەخۆبوون:
سروشتی منداڵ وایە، کە هەستی کرد خاوەن شتێکی تایبەت بەخۆیەتی، زۆر شانازی پێدەکاو چێژی لێوەردەگرێ، جا ئەم شانازی و جێژە جۆرە باوەڕبەخۆبوونێک لە دڵ و دەروونی ئەو دا فەراهەم دەکا. هونەر دەرگایەکان بۆ وەدی هێنانی ئەو باوەڕبەخۆبوونە واڵادەکاتەوە و هەلی خۆبەدیارخستن و داهێنان بۆ ئەو دەڕەخسێنێ، جا جار لەداوی جار، وەک نەمانێک، ئەو باوەڕبەخۆبوونە گەشەدەکات و گەورەتر و بەهێزتردەبێ و دەتوانی خۆی لەبەر ڕەشەباکاندا ڕاگرێ. باوەربەخۆبوون کلیلی سەرکەوتنە بەتایبەتی بۆ قوتابی.
٥) فێربوون بە چاو:
پرۆفیسۆر( کێری فریدمان) ڕاگری بەشی پەروەردەی دیزاین و هونەر لە زانکۆی (Northern Illinois) دەڵێ: "ئەوندەی منداڵ بە چاو فێردەبێ ئەوەندە بە خوێندنەوە و تێکست و نووسین فێرنابێ. ڕەنگ و وێنە و دیمەنەکانی دەووروبەر، وەک تاقیگەیەک وان بۆ ئەوان، زانیارییەکانی بە چاو دەڕژێنە ناخ و مێشک، درەنگتر لە بیردەچنەوە." لە پێشەنگەی قوتابخانەکاندا زۆر لەو ڕەنگ و تابلۆ و دیمەنانە وجودیان هەیە.
٦) بریاردان:
هەر کارێکی هونەری پرسیارو وەڵامێکە، جا خولقێنەری هەموو هونەرێک. بەم پرسیارە دەست پێدەکا: (چۆن ئەم پڕۆژەی لە مێشکم دایە، ئەنجامی بدەم و بەرجەستەی بکەم؟)، لێرەوە منداڵ فێرە بریاردان دەبێ ئەمەش پەرەدەسێنێ بۆ بوارەکانی دیکەی زانست. ئەو لە نیگارکێشانێکەوە فێر دەبێ چۆن وەلامی پرسیارێکی بیرکاری یان فیزیک بداتەوە. ئەو منداڵانەی مەحرمکراون لە هونەر توانای بریاردانیان لاوازە یان وەک هەرمێیەکی پێنەگەیشتووە. بەشداری کردنی قوتابی لە چالاکییەکانی پێشەنگەدا، ناڕاستەوخۆیانە تیژکردنەوەی تیغی بریاردانە و لەوێوە فێردەبێ چۆن؟ کەی؟ بۆ؟ دەبێ ئەو بریارە بدا.
٧) دانەبڕان و هەناسە درێژی:
وەک مۆزیک و وەرزش، چالاکییە هونەریەکانیش پێویستان بە کاری بەردەوام و درێژخایەن هەیە، ئەمەش بەگوێرەی سروشتی کارەکان، ئەنجامدانیان بە سەعات و ڕۆژ و هەفتە و مانگ کۆشش و ماندووبوونیان دەوێ. ئەم بەردەوام بوونە، قوتابی فێردەکات لە کارەکانیدا لە ژیان دەبێ پشووی درێژ بێ ئارام و سەبری هەبێ. جا لە مێانەی ئەم بەردەوامبوونەیان فێرە کارامەیی و ئەزموونی تازەتر دەبن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر بۆ پێشەوە هەنگاو دەنێنن. لێڕادێن کاری قورس وگرانیش ئەنجام بدەن و تەگەرەکانی سەر ڕێیان تەخت بکەن.
٨) دیقەتلێگرتن:
بینین کاری چاوە، لێ لەزانستی بینایی چاودا (Science of Vision)، ڕیزبەندێک لە جۆرەکانی بینین و تەماشاکردن هەیە. دیقەتدانی ورد بایەخی زۆری هەیە، هەم بۆ دۆزینەوەی شتە شاراوەکان و هەم لە مانەوەی وێنەکانی لە خانەکانی مێشکدا بۆ ماوەیەکی زۆرتر. جیاوازی هەیە لە نێوان تەماشاکردنی دەستێک و دیقەتگرتن لەودەستە بۆ دۆزینەوەی سەرە دڕکێک! فێرکردنی قوتابی بە سەرنجدانی وردە دەکرێ لە هونەرەو دەست پێبکرێت. تابلۆیەک چەندا خوێندنەوە لەخۆ دەگرێ کاتێک بە چاوی دیقەتەوە سەرنجی لێدەگری. سەرنجدانی ورد لە پەروەردە فێرکردن دەبێ بە هەندوەرگیرێ.
٩) هاریکاریکردن:
پێشەنگەی قوتابخانە بەرهەومی کاری دەستەجەمعییە و لە نێوان مامۆستاو زۆربەی قوتابییەکاندا. جارهەیە، بەرهەمەکان هاوبەشن لە نێوان گروپێک یان چەند قوتابییەک، یان لە نێوان مامۆستاو قوتابی، ڕاگوێزانەوەی خوێندکار لە سەر ڕەحلەی خۆی بۆ باوەشی کاری هاوبەش و زۆرینە، خۆی لەخۆیدا کارێکی مەزن و پڕبایەخە. گۆشەگیری و تەنیای و نامۆیی وخەمۆکی هەموو دەرهاویشتەی دوورکەتنەوەیە لە کۆمەڵگا. تێکەڵی و هاوڕێیەتی وکاری هەرەوەرزی ڕۆحی خۆشەیستی تێکەڵ بووم و ئاشنایەتی و برادەرایەتی دەخولقێنێ و بەهێزتری دەکا. کەواتە دەکرێ پێشەنگە وەک یانەیەکی هەروەزی سەیربکرێت، کە هەمووان تێیدا بەشدارن.
١٠) بەرپرسیارەتی:
لە نمایشی پێشەنگەدا، خوێندکار حەزدەکات باشترین و جوانترین بەرهەمی بخاتە ڕوو. لێرەدا هەستی بەرپرسیارەتی لە ناخی ئەودا چەکەرەدەکا، دەیەوێ خۆی و مامۆستا و هاوپۆل و میوانەکان ڕازی بکات، کەواتە هونەر ئەرکێکی خستەسەر شانی ئەو کەدەبێ لێی بەرپرس بێ. بێگومان ئەو لە کارەکەیدا هەڵەدەکات و هەر جارەی بەسەر هەڵەکەیدا سەردەکەوێ، پتر هەست دەکات بەرپرسیارەتییەکەی سەر شانی سوکتر دەبێ و باشتر لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە. باوەڕ بفەرموو بەرپرسیاریەتییەکی بچووکی هۆڵی پشەنگە، ڕەنگ بێ، دەستگری بێ بۆ سەرکەوتنی گەورە لە ئایندە دا ـ زوو یان درەنگ.
١١) ئاکام ودەسکەتی ڕۆژی کردنەوەی پێشەنگە:
(لەبەر گرنگی ئەم بڕگەیە، دواتر دەگەڕێنەوە سەری و قسەی لەسەر دەکەین.)
مەرجەکانی پێشەنگەی پەروەردەیی هاوبەش:
لەبەر بایەخ و بەهای پێشەنگەی قوتابخانەکان، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، دەیان کتێب و پرۆگرام و بەرنامە و بڕوانامەی باڵا بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندن و بەرەپێشبردنی، دەستەبەرکراون. تەنانەت هۆبە و بەشی تایبەتییان بۆ کراوەتەوە. بۆ نموونە لە سیستمی پەورەردەی وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا رێکخراوێکیان دامەزراندوە بە ناوی (هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ مەرجە بنەڕەتییەکانی هونەر) کە پەیوەستە بە ئاست و ئاراستەی پەروەردەی هونەری و ڕیکخستنی. ئەوان پێیان وایە کە پێشەنگە دەبێ چوار ڕایەڵەی سەرەکی هەبێ:
یەک: ئەو بەرهەمانەی کە نمایش دەکرێن: ئەوانیش برتین لە :
بەرهەمەکانی شێوەکاری هونەری ئاسایی، وەک نیگارکێشان و ڕەنگکردن و فۆتۆگراف وتایپسازی و نەقشکاری و پەیکەرسازی.
هونەری میدیا، وەک فلیمسازی و گرتەی ڤیدیۆیی وفلیم کارتۆن و بەرنامەی تەکنۆلۆژی.
هونەری پیشەسازی، ئاوێتەکردنی هونەرو سنعەت لە بەرهەمێکدا.
هونەری شوێنەواری، بۆ پاراستین و وەگەرخستنی گەشت وگوزاری.
هونەری ژینگەیی ، هەرشتێ پیوەستە بە ژنیگەی مرۆڤ و گیاندار و دارودرەخت بێ.
هونەری کولتووری ئەمەش بەرهەمە دەستکردەکانی قەدیمی و فۆلکلۆر دەگرێتەوە.
دەکرێ هەرچی کەرەستە هەیە لە کاغەز وهەویر و کانزا و دارو تەختەو شووشە وپلاستیک و قوماش ...تاد، لەبەرهەمەکاندا بەکار بێ.
دوو: بەشداربووان: ڕێژە و ئاستی خوێندن و ڕەگەزی خوێندکارانی بەشداربوو نمرەی خۆیان هەیە. باشترین پێشەنگە ئەوەیانە کە زۆرترین خوێندکار لە هەموو ئاست و ڕەگەزەکان تێیدا بە بەرهەمەکانیان بەشدارن.
سێ: نمایشکردن: ئیمڕۆ دیزاینسازی و دیکۆڕسازی دوو هونەری بەنرخن، پەل و پۆلیان گەیشتۆتە زانستگەو و بازاڕەکان. دەبێ قوتابخانەکان ئاگاداری جیهانی ئەو دوو هونەرە بن و داهێنان لە شێوازی نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بکەن و گوڕانکاری تیدا بکەن. هەر ساڵەی داهێنانێکی نوێتر بخەنە بەرچاوی تەماشاچی. ئەمەش هوڵ و گەلەری و ڕەنگ و ڕۆناکی و دەنگ و دیکۆری دارودیوارو سەرزەوی و بنمیج و شێوازی نمایشکردەنان دەگرێتەوە.
چوار: هەڵسەنگاندنی تەماشاچییان: دەبێ دەفتەری هەڵسەنگاندن و ڕاو سەرنجی میوانان و هاموشۆکەرانی پێشەنگە زۆر بەهەند وەرگیرێن و کەم وکوڕی و عەیب وعارەکان لە پێشەنگەی ئایندەدا چارەسەر بکرێن و بەرهەمە دەستخوشی لێکراوەکان جوانتر و دڵگیرتر وەبەرهەم بهێنرێنەوە بە شیوازی پێشکەتووتر و شیاوتر.
پێشەنگەی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستاندا:
قسە لە ساڵەکانی پێش ڕاپەرینی (١٩٩١) ناکەین، چونکە لە ساڵی (١٩٦٣) و تا ئەو کات، کوردستان لەژێر باری نائاسایی سەربازی و گەمارۆی ئابووری سەپێندراوی ڕژێمەکانی بەغدا دابو،، ئازادی بیروڕاو دەبرین تەواو خنکێندرابوو و بەتایبەتی لەسەردەمی حوکمی (صدام حوسێن) کە دروشمی بەزۆرەملێی (هەموو شتێک لە پێناو حزب و لە پێناو جەنگ)دا کردە دەستووری بەڕیوەبردنی عیراق. جا بە زۆری زۆرداری دەبوایە هەموو بەرهەمەکانی پێشەنگەکان گوزارشت لە (بەناو)دەسکەوتەکانی حزب و سەرکردە و شۆڕشی بەعس بکەن. ئەو بەرهەمانەش چونکە زادەی رۆح بەرز و ومرازی پاک وجوان نەبوون، هەر لە دەڵاڵخانەکانی بازاڕی سەردەمەکانی عوسمانی دەچوون، ئەوەی هونەرو داهێنان بوو، لە سیماکانی ئەو بەرهەمانەدا وجودیان نەبوو.
دوای ڕاپەڕین، گوڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردندا کرا، هەرچەندە سست و سنووردار بوو و داخوازی و خەونی سەرەکی مامۆستا و ڕۆشنبیرانی زامن نەدەکرد، لێ پرۆگرامەکان گوڕان و خوول و (ویرکشۆپ)ی زۆر بۆ مامۆستایان کرایەوە و نەخشەی بیناسازی قوتابخانەکان سەردەمییانەتر بوون و چەندان پەیمانگەو کولێژی هونەرو هونەرەجوانەکان کرانەوە. بەجۆرێک لە جۆرەکان باوەش وپێشوازی گەرمتر لە پێشەنگەی قوتابخانەکان کرایەوە، بەڵام!
بەڵام، بەداخەوە قوتابخانەکان ـ بەگشتی ـ نەیانتوانی ئاستی پێشەنگەکانیان بگەێنە پلەو پایەو مەقامێک، بتوانن نەختێک لە ئاستی پێشەنگەی قوتابخانە وڵاتە پێشکەتووەکان نزیک بێنەوە. بۆچی؟ وە چۆن؟
خوێنەری بەڕێز:
پەیامی ئێمە لەم نووسینەدا، بەرزکردنەوەی ئاستی پێشەنگەکانی قوتابخانەکانمانە بە هیوای گەیشتنیان بە کاروانی هونەری هاوچەرخ. ئەمەش بە چەپڵەلێدان و مەدح وستایشی ڕیاکەرانە نایەتە دێ، ئەوەی دەخوێنیتەوە واقیعحاڵی بێ ڕتووشی پێشەنگەی قوتابخانەکانمانە لەم ساڵانەی دواییدا ، دەبێ دەست لەسەر برینەکان دا بنێن تا بتوانین تیماریانکەین... .
لەساڵی (٢٠١٠) لە شارچکەی دوکان تووشی گەریدەیەکی ئیتالی بووم و لێم پرسی:" وڵاتەکەمان چۆن دەبینی؟" لە وەڵامدا گوتی:" دیمەن و سروشتێکی یەکجار جوان و دڵگیرتان هەیە، لێ داخەکەم هیچ شارێکتان نییە بە شاران بچێ!"
وەڵامەکەی یەکسەر، وەک تیر مێشکی سمیم وئاخێکم هەڵكێشا کە ئێمە چەندە لە هونەردا کڵۆل و بەستەزمانین. چونکە شار بەرهەمی دیدو تێڕاونینی دانیشتووەکانیەتی بۆ هونەرو هونەرکاری. ئالێرەدا دەکرێ دەردە کوشندەکەی پێشەنگەی قوتابخانەکان دەستنیشان بکەین. کاتێک قوتابی لە هونەر مەحرۆم دەکرێ، کۆمەڵکایەکی هونەرسزز نشونما دەکات و جەڵەو دەگرێتە ئەستۆ. چونکە ڕۆحی هونەر لە ناخی ئەواند مرداکراوەتەوە، خانووبەرەکانیان قەپۆز خوارو ناشیرینن، دوکان و کۆگاو شەقامەکانیان نافرەجا و بێخلق و خامۆش و پەست و خەمبار دیارن. کوا پەیکری جوان لە پاڕک و باغی ڕازوەی پڕ گوڵ چیمەن و فەوارەی گۆڕەپان و مەیدانەکانی شار؟ کوا نەخشەی ئەندازیاری سەرنجڕاکێشەری باڵەخانەکان؟ کوا ڕەنگە ڕۆح گەشکەرەروەکانی جادەو کلۆپ وسیما هێمنەکانی دیمەنەکانی شار؟ ... تاد.
بە کوردوکرمانجی هونەر لە ژینگەیەکدا گەشەدەکاو پەردەسێنێ و جوان دەبێ، کە خەڵکەکەی هونەردۆست و هونەرپەروەر و هونەرپەرست بن. چێژی هونەر وەک ئەلف و بێ فێرە منداڵ دەکرێ، ئێ کە ئێمە مامۆستاکانمان لەو جێژە مەحرومکرابن، چۆن دەتوانن فێرخوازو شاگرداکانیان فێری چێژی هونەر بکەن!؟
بۆ دڵنەوایتان و باشتر سوود وەرگرتن لەم بابەتە، با بگەڕینەوە بۆ سەرتای ئەم بابەتە کە نووسیمان:
ئەندامانی کارای چالاکی هونەری پێشەنگەی قوتابخانەکان بریتن لە:
مامۆستای هونەرو ستافی قوتابخانە.
قوتابییەکان لە قوناغی باغچەی ساوایانەوە تا پەیمانگاو کولێژەکان.
تەماشاچییەکان ومیوانانی پێشەنگەکان.
هۆڵ و هۆبەی هونەرو مۆزەخانە و (دەرەوەی قوتابخانە).
جا ئێستا پێگەو مەقام و ڕۆڵی هەر یەک لەم (٤) پێکهاتەتان بۆ شیدەکەمەوە.
یەک: مامۆستای هونەرو ستافی قوتابخانە:
مامۆستای ڕشتەی هونەر و نیگار داینەمۆی ئامادەکردن و نمایشکردنی پێشەنگەی قوتابخانەیە، بە تایبەتی ئەگەر پێشەنگەکە هونەری بێ، لە پێشەنگەی ساڵانەشدا مامۆستاکانی هاوپێشەی وەک مامۆستایانی فیزیک و بایەلۆژی و کیمیاو کۆمپیوتەر وجوگرافیا و کۆمەڵایەتی... تاد پشکیان لە نمایشەکاندا دەبێ. لە پشت پەردەوش جێپەنجەی بەڕێوەبەرو ستافی قوتابخانە بە شێوەی جیاواز دیارە.
تا ئەو ساڵانەی دوایش مامۆستای پسپۆڕی هونەر تەنیا لە قوتابخانە ناودارەکاندا هەبوون، دەنا بابەتی هونەریان بە مامۆستایەک دەسپارد کە حەز و بەهرەیەکی هونەری هەبووبێ. ئێمڕۆ ڕێژەی مامۆستای پسپۆڕی هونەرو شێوەکاری باشە و ساڵانە پەیمانگەو کولێژەکان ژمارەیەکی بەرچاویان پێدەگەێنن. بەڵام بەگشتی چەند گیروگرفتێکی موزمین دەستی مامۆستای هونەر دەگرێ و ڕێگرە لە هێنانەدی خەونە هونەرییەکانی:
وەک خوێندکار بە گشتی پەیمانگاو کولێژەکانیان ناتوانن ئەکادیمییانە ئەوان پەروەردە بکەن، چونکە کەم وکوڕی لە تاقیگەو ئامێرو کەرەستەو داپێویستییەکانیان و هوڵ وفەزای کارکردنیان زۆرە. ـ تەنانەت نەخشەی ئەو بینایانەی بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکان کێشراون، کەموکوڕییان زۆر تێدایەو ڕەچاوی تاقیگەو ژوورو هۆڵی چالاکییەکانی مامۆستاو فێرخوازەکانی تیدا نەکراو، ئەوا سەڕەڕای کەم کتێب و سەرچاوی ئەکادیمی هاوچەرخ بە زمانی کوردی، لە کاتێکدا فێرخوازەکان لە زمانی دیکەدا ـ بە گشتی کڵۆڵن.
مامۆستای هونەر لە قوتابخانەکەی خۆیدا باوەشی گەرمی هاندان و دەستگرتن وهاریکاری بۆ ناکرێتەوە تائێستاش وانەی هونەر بە دەرسێکی لاوەکی سەیردەکرێ و مامۆستاکانی ڕشتە زانست و زمانەکان هەمیشە ڕاوچی وانەکەی ئەون بەتایبەتی لەگەڵ نزیک بوونەوەی کۆتایی ساڵ. (**)
ئامادەکردنی پێشەنگەی ساڵ، بووجەیەکی باش و باخەڵێکی گەرمی دەوێ، نە مامۆستاو نە بەڕێوەبەر، ئەو ئیمکانیەتە داراییە باشەیان نییە، بۆ کڕێن و دەستەبەرکردنی کەرەستە و شتومەکی تایبەت بە پێشەنگەی سەرکەوتوو و نەوازە.
کەواتە هەرچەند مامۆستای هونەرو شێوەکار بەهرەداو ڕژد وئاشقی کارەکەی بێ، ناتوانی ئەو خەون و پلانەی بۆخۆی کێشاویەتی پڕاکیزەی بکات و پێشەنگەیەک بکاتەوە کە نوێ و سەردەمییانەوە نەوازە بێ لە بەرهەم و نمایشکردندا. ئەمە بۆ باقی مامۆستایەکانی دیکەش وایە، مامۆستای فیزیک ناتوانی داهێنانێکی خۆی نمایش بکات بەبێ دەستگرتنی ماددی ومەعنەوی لەلایەن قوتابخانەکەیەوە.
کەواتە هاریکاری وهاوکاری کردنی مامۆستاکان بە پوول و خەرجی و کەرەستەی پێویست زامنی پێشەنگەی سەرکەوتووە و تا بووجەی ساڵانەی قوتابخانەکان هەروا دڵؤپەبێ، پێشەنگە سەردەمییانە نابینین!
دوو: قوتابییەکان لە قوناغی باغچەی ساوایانەوە تا پەیمانگە و کولێژەکان:
لە پێوەر ستانداری جیهانی بۆ نرخاندنی پێشەنگە، قوتابی بەشدار بوو بە پلەی یەکەم دێ. ئەسڵەن دەبێ هەموو بەرهەم و هونەرو نمایشکردنەکانی پێشەنگە بە دەستوپەنجەی ڕەنگینی ئەوان دروستکرابن. جا بەشداربوونی قوتابییەکان پێوەستە بە قوناغ و ئاست و بەهرە و حەز و مەیلی وان. منداڵانی باغچەی ساوایان تا خوێندکارانی دواین قۆناغی زانکۆ دەتوانن بەشداری پێشەنگە بن. مەڕ بەپێێ خۆی و بزن بە پێی خۆی. کۆسپی بەردەم قوتابییەکان لەم بوارەدا زۆرن:
زۆربەی باوان و مامۆستاکان هاندەری ئەوان نیین، ئەگەر نەڵێێن ڕێگرن. تا ئێستا لە کولتووری ئێمەدا، تەنها ڕشتە زانیستییەکان بە دەرس دادەنڕێن و بایەخیان پێدەدڕی، وانەی هونەرو وەرزش و مۆسیقا هەر لە خشتەی وانەکاندا بوونیان هەیە. ئێستا قوتابخانە هەیە بێ مامۆستای پسپۆڕی هونەرو شێوەکاریە. ئەمانە لە ناخی خوێندکاردا ڕەنگدانەوەی نەرێنییان هەیە بەرانبەر وانەی هونەر.
ئەو خوێندکارانەی بەهرەو حەز و خولییای هونەرییان هەیە، فەزای نشونماکردن و پەرەپێدانی ئەو هونەرو حەزەیان نییە. نە لە قوتابخانەکاندا هۆڵ و تاقیگەی هونەری پڕ کەرەستەو ئامیرو شتومەکی پێویست هەیە، نە نەخشەو پلانی کاتی بۆ دیاریکراوە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پاشنیوەوڕۆیان دەهاتنەوە قوتابخانە کارو پرۆڤەو مەشقیان دەکرد، ئێستا ئەو دەرفەتە نەماوەو قوتابخانەکان دوو دەوام و سێ دەوامیان تێدا دەکرێ.
لەڕووی ماددیەوە، بەگشتی قوتابی ئەو پارەوپوولەی نییە کەرەستە و پێویستییەکانی خۆی پێبکرێ و پرۆژە هونەرییەکانی پێ جێبەجێ بکات.
سێ: تەماشاچییەکان ومیوانانی پێشەنگەکان:
بووک بۆ دڵی زاوایە، کورد گوتەنی. پێشەنگەش بۆ تەماشاچی و میوانەکانە، دەنا خوێندکارو مامۆستاکان پێشوەخت بە بەرهەمەکانیان ئاشنان. ڕؤڵی سەردانکەری پێشەنگە لە چوار خاڵدا چردەکەینەوە:
چێژوەرگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە گەڕانیدا بە ناو هۆڵ و هۆبەو داڵانەکانی پێشەنگەکەدا.
هاندان و دەستخۆشی لێکردنی خوێندکارە بەشداربووەکان و بەرزنرخاندنی کارەکانیان و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوەزاکانیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیانە، دوور لە دڵشکاند و تەریقکردنەوەیان.
کڕینی چەند پارچە یان دانە بەرهەمێکی پێشەنگەکە هەم بۆهاندان و دەستگرتنی قوتابخانەکەو هەم بۆپاراستنی بەرهەمە جوان و ناوازەکانیان بە نمایشکردنەوەیان لە ماڵ و نووسینگەو دائیرە و دامودەزگاکاندا.
تۆمارکردنی سەرنج و هەڵسەنگاندن و ڕاوبووچوونەکانیان لە تۆمارگەیەکی تایبەتدا ، بە زمانی گوڵ دوور لە بریندارکردن و شکاندنەوەی ئامادەکارانی پێشەنگەکە. لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا ساڵانە ناوئاخنی ئەم تۆمارگەیە تاوتوێ دەکەن و هەموو ڕەخنەو هەڵسەنگاندنەکان بە هەند وەردەگرن بۆ سازکردنی پێشەنگەی جوانتر و سەرکەوتووتر لە ساڵێ نوێدا
چوار: هۆڵ و هۆبەی هونەرو مۆزەخانە و (دەرەوەی قوتابخانە):
با کۆی بەرهەمە هونەریەکانت پڕ داهێنان و نوێکاری بن، ئەگەر شوێنێکی گونجا و شیاوت نەبێ بۆ نمایشکردنیان، وەک هیچت نەکردبێ وایە. بۆیە ئێمڕۆ یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پێشەنگە، کە بە ستاندەرکروە، هۆڵە بە دیکۆر و دیزاین و ئەو شتە سەردەمییانەی وەک ڕەنگ ودەنگ و هێمنی ودڵگری شوێنەکە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیای ڕەنگ و دەنگ و ڕۆناکی و جوولە شۆڕشێکی بەرپاکردووە. ئەمانە هەموو قیمەت و سەنگی بەرهەمەکان و پێشەنگەکان دیاریدەکەن.
ڕۆژی پێشەنگە:
ئیمڕۆ لە زۆر لە قوتابخانەکانی کوردستانی باشووردا، دوو جۆرە پێشەنگەی ساڵانە بەڕێوە دەچێ: پێشەنگەی هونەری شێوەکاری و بابەتەکانی دیکە، وە پێشەنگەی کولتووری. جا هەیە، هەر یەک جۆریان نمایش دەکات، هەشە لە یەک پێشەنگەدا هەم بەرهەمە هونەرییەکان و هەم کەلوپەلە کولتووریەکان نمایش دەکات.
داخی گرانم. زۆربەی ئەم پێشەنگەیانە، سیمای سەردەمییانەو پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیایی هاوچەرخیان پێوەدیار نییە، تاڕادەیەکی زۆر خاڵێنە لە نوێگەرایی و تازەگەرایی. بەدەگمەن داهێنانی سەرنجڕاکێشەری بەهرەوەرانەیان تێدا بەدی دەکرێ. کۆسپ و هۆکارەکانمان پێشتر خستەڕوو. نەشیاو نییە ئەگەر بڵێێن، پێشەنگەکان دووبارە نمایشکردنەوەی بەرهەمەکانی ساڵانی ڕابردووە بە میکیاژ و ئارایشتکردنێکی نەختێ جیاوازتر. پێشەنگەی زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکان لە یەک دەچن. واتا ئەگەر جارێک سەردانی پێسەنگایەکت کرد، ئەوە وەک ئەوە وایە سەردانی هەموو پێشەنگەی ساڵانەی قوتابخانەکانی ئەو شارەت کردووە لە ماوەی دەساڵێکدا.
واباوە، بەر لە چەند رۆژێک خوێندکارەکان ئاگادار دەکرێنەوە لە کات و شوێنی سازدانی پێشەنگەکە، زۆربەی جارانیش داوایان لێدەکرێ، بە تایبەتی لە پێشەنگەی کولتووریدا، لە ماڵەوە کەرەستەو کەلوپەل، تەنانەت نیگارو کاری هونەریش ـ گەر هەبوو ـ بێنن. ئەوجا یەک دوو ڕۆژ مامۆستاو خوێندکارەکان خەریکی ئامادەکردن و نمایشکردنی بەرهەمەکان دەبن و لە ڕۆژی کردنەوەی پێشەنگەکە ـ کە زۆربەی جاران هەر یەک کاتی دەوامە ـ ، عادەتەن چەند بەرپرسێک و مێوانێک و مامۆستای قوتابخانەی دی، بانگێشت دەکرێن و باوان و هاوڕیی و برادەرانی خوێندکارانیش دێنە سەردانی پێشەنگەکە، دوای گەڕان و سوڕان و وێنەگرتن سەردانەکەیان کۆتایی پێدێ. لە هێندێ پێشەنگەدا دەنگی مۆزیک و گۆرانیش دێتە بەرگوێ. لە کۆتاییدا بەرهەم و کەلوپەلەکان هەڵدەگیرێنەوە. جار هەیە هۆڵ و هۆبەکان بە خاشاک و پاشماوە بە پیس وپۆخوڵی بەجێدەهێڵن و سیمای دارودیوارەکانیش داروشان و پاشماوەیان پێوە دیار دەمینێ.
لە هێندێ پێشەنگەی ساڵانەدا کە ژمارەیەک قوتابخانە تێدا هاوبەشن، خەڵات دابەشدەکرێ بە سەر هەرە باشەکانیان، ئەمەیش لەڕیی لێژنەیەکی پسپۆرەو ئەنجام دەدرێ کە پێشتر بەبێ نمایشکردنی ناوی قوتابخانەکان لەسەر بەرهەمەکاندا، سەردان کراون و کارەکانیان هەڵسەنگاندووە.
چۆن ئاستی پێشەنگەکانمان بەرزکەینەوە؟
دەتوانین گۆڕانکاری بەرچاو لە پێشەنگەکانمدا بکەین و چەند هەنگاوێ لە پێشەنگەی پشکەتووی سەردەمییانە نزیک ببینەوە، ئەم سەرەقەڵەمانە چەند پێشنارو هەنگاوێکن، پسپۆڕان دەتوانن دەوڵەمەندتریان بکەن:
لە یەکەم کۆبوونەوەی مامۆستایان دا، لەسەری ساڵ، بڕگەیەک بۆ پێشەنگەی ساڵانە دەرخان دەکرێ، تێیدا بەرواری پێشەنگەو سەرپەرشتیاروئامادەکارەکانی دەستنیشان دەکرێن و ئەرک و کارەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێ و بووجەی مەسرەف و خەرجییان بۆ دیاری دەکرێ. لە هەموو کۆبوونەوەکانی دواتردا، پرسینەوە لەو لێژنەیە دەکرێت و تاوتوێی کارەکانیان دەکرێت و کۆسپ و گرفتەکانیان باسدەکرێ.
شان بەشان لەگەڵ خوێندن و وانەی ڕۆژانە، قوتابی و مامۆستا بە هێمنی کاری خۆیان بۆ ئامادەکردنی پێویستییەکانی پێشەنگەکە ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە دەکرێ تاقیکردنەوەیەکی فیزیکی یان تەکنەلۆژیایی دوای خوێندنی هەڵگیرێت بۆ رۆژی پێشەنگە. ئەمە ڕشتەکانی دیکەش دەگرێتەوە. کەواتە لەو(٩) مانگەی خوێندن ئامادەکارییەکان ئەنجامدەدرێن، نەک حەفتەیەک پێش کردنەوە پێشەنگە.
پێش سازدانی پێشەنگە بە چەند حەفتەیەک، کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ لێژنەی سەرپەرشتیاری پێشەنگە دەکرێت و هەموو بابەتەکانی پەیوەست قسە و باسیان لەسەر دەکرێ.
کەتەلۆک و (لفلیت) و کارتی دەعوەتنامە، بە دیزاینی ڕەنگاوڕەنگی جوان چاپدەکرێن و پۆستەر لە شوێنە بەرچاوەکان هەڵدەواسرێن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رێکلامی بۆ دەکرێت.
دوای تەواو بوونی ئامادەکاری و نمایشکردنی بەرهەمەکان، بە وردی سەرنج لە هوڵ و هۆبەکان دەدرێت و هەرچی کەم کورێ هەیە تەخت دەکرێ وڕۆناکی و دەنگ و ئامێرەکانی فێنککەر بەسەردەکرێنەوە.
رۆژی پێشەنگە کردنەوە، دەستەی پێشوازی بەخێرهاتنی میوانەکان دەکات و لە هۆلێ چاوەڕوانی دایاندەنیشێنن، لە کاتی شرتبڕینی کردنەوەی پێشەنگەکە دەکرێ سروودی نیشتمانی بەهاوکاری تیپی مۆزیکی قوتابخانە پێشکێش بکرێت ـ گەر نەبوو دەکرێ تیپی مۆزیکی قوتابخانە دیکە بێن و هاریکارییان بکەن.
لە کاتی سەردانی هۆبەکان و بەشەکان، مەشق ڕاهێنان بە خوێندکارەکان بکرێت کە نمایشکراوەکانیان بۆ میوانان ڕاڤەبکەن و بۆ هەموو جۆرە پرسیارێک ئامادەکرابن و زانیارییان پێدرابێ.
جوانترە قوتابییەکان لە تەک کارەکانی خۆیان ڕاوەستن، ئەگەر لە باغجەی ساوایانیش بێ، با هەر منداڵەکە قسە لەسەر بەرهەمەکەی خۆی بۆ میوانان بکات.
نرخی گونجاوی لەسەر بەرهەمەدەستکردەکان دابنرێن بە شێوەیەک ڕاکێشەری کڕیار بن.
لە پێشەنگەی کولتووریدا، نابێ بە مرداری ئەو کەلوپەلانە نمایش بکرێن ، بەڵکو دەبێ بۆ هەر کەرەستەیەک ژینگە دروستەکەی خۆی بۆ سازبکرێتەوە و فولکلۆری کوردی لەویدا بەزیندووی نمایش بکرێت. بۆ نموونە دەبێ بێشکە، منداڵی ساوای تیدا بێ و کچە خوێندکارێک (یان چەند کچێک) وەک دایک لەبەر ئەو بێشکە دانیشن و ڕاژن و لایلایەی خۆشی بە ئاوازی بەسۆز بۆ بکات. لێرەدا مامۆستای زمانی کوردی دەبێ ڕۆڵی هەبێ لە یارمەتیدانی ئەو کچۆڵانە. بە هەمان شیوە بەندو بالورەو گوتنی کوردواری و گۆرانی تایبەت بە دەستاڕلێکردن و ساوارکوتانەو مەشکەژنین ومەڕدۆشین و خەنەبەندان ...تاد. یان لە ژێر ڕەشماڵدا دەبێ چاو قاوەخانە بگێڕدرێت و دانیشتنەکان بە باس و خواس و حیکایەتی و رووداوی خۆش خۆش گەرم بکرێت. لە دەرەوی ڕەشماڵ شەڕەکەو کەڵەشێر بازنەی بۆ بگیرێت.... دەبێ ئەو پێشەنگایە وەک پانۆراما بێت و میوان هەر حەز بکات لە هۆبەیەکدا بچی بۆ هۆبەیەکی دیکە. لە پێشەنگەی کولتووری دا دەبێ پۆشاک و جلکو بەرگی کوردەواری بە دەستوورو شیوازی ناوچە جیاوازەکان نمایش بکرێن و کەرەستەی دەستکردی وەەک لیفکەو دەەستگرو سەرپۆش و بەرگەبالیف و دەستکێش و گۆرەوی و بنێشتی کوردی ....تاد بۆ فرۆشتین بە نرخی گونجاو نمایش بکرێن. ئەوە جگە لە دیوەخانی گێڕانەوی حیکایەتی کۆن و گۆرانی مەقام چڕین. لە گۆڕەپانەکانیش شایی و دەهۆڵ و زورناو دووزەڵەو شمشال ژەنین. بۆ نمایشکردنی خواردن و چێشتی کوردرەواریش دەبێ ژینگە ڕەسەنەکەی بۆ ئامادەبکرێتەوە، باپیرەو داپیرەمان کەشک و ساوارەشلەیان لەسەر مێز بە چەتاڵ نەخواردووە، بۆیە دەبێ لەسەر زەوی حەسیر و بەڕە و لاکێشە ڕاخرێت و خواردنەکان کوردانەو بە کەلوپەلی کوردی پێشکێش بکرێن.
دەکرێ لە لایەکی دیکەدا، چاڵاکی ساڵانەی قوتابخانەکە لەسەر سکرین بە ڤیدیۆ بۆ میوانەکان نمایش بکرێت.
دەبێ تۆمارگەی پێشەنگە لە شوێنێکی بەرچاو، مێز و کوردسی بۆ ئامادەبکرێ و میوانان هانبدەن تێڕاونین و سەرنجەکانیان تۆمارکەن، تا داتر سوودیان لێوەرگیرێت.
دەکرێ بۆ پێشەنگەی هاوبەش، هەر لەگەڵ ڕێوڕەسمی پێشەنگەیەکەدا خەڵات و دیاری، بە ئامادەبووانی میوانەکان ببەخشڕێنە براوەکان.
دەبێ بۆ هەڵگرتنەوەی کەرستەکان و خاینکردنەوەی شوێنەکان، لێژنەی تایبەت دانداربێت، تا لە کۆتاییدا بەجوانی کارو ئەرکەکانی خۆیان جێبەچی بکەن.
دوای پێشەنگە:
بێگومان هەموو بەرهەمەکانی پێشەنگە نافرۆشێن و زۆرشت دەمینێتەوە. بۆهاندان و بەرزڕاگرتنی هەوڵ و کۆششی ئەو قوتابییانەی کە بەرهەمیان ئامادەکردبوو دەکرێ بەم هەنگاوانە هەڵگرین:
هەڵواسینی و نمایشکردنی چەند بەرهەمێک ئەوان لە قوتابخانەکەدا، نووسینگەی بەڕێوەبەر، ژووری یاریدەدەرو مامۆستایان و داڵان و هۆبەو پۆلەکان. دەکرێ لە ساڵێکدا بە دوو وەجبە نمایش بکرێن و وەجبەی یەکەم هەڵگرنەوە. بەرهەمی منداڵەکان زەرورییە لە ژووری بەڕێوەبەرو مامۆستاکان هەڵواسڕیت.
وەک دیاری هێندیک لەو بەرهەمانە پێشکێش بە ئۆفیس و دائیرەو دامودەزگاکانی شار بکرێن و لە شووینی بەرچاو نمایش بکرێن، بێگومان ناوی داهێنەر و قوتابخانەکەی لەسەر تۆمار دەکرێ.
دەبێ ئەوە بکەینە کولتوور، لە چێشتخانەو گازینۆ و کافتریا و هوتێل و شوێنە گشتییەکان، دەستکردی قووتابییەکان هەڵواسرێن، بەتایبەتی کاری دەستی منداڵانی تەمەن (٣ ـ ٧) ساڵی. ئەمە زۆر باوە لە وڵاتە پێشکەتووەکان، کاتێک ئەو منداڵە نیگاری دەستکردی خۆی بەدیواری چێشتخایەیەکەوە دەبینێ دڵخۆش دەبێ هاندەدریت بۆ کاری باشترو جوانتر. دەکرێ بیکەین بە نەریت لادیوارێکی چێشتخانەکان بۆنیگاری دەستکردی منداڵان تەرخان بکرێت.
دوا وتە:
ئێستا بە جددی کاتی ئەو هاتووە کە پێشەنگەکانی قوتابخانەکان بە تەکنەلۆژیایی سەردەم بکرین. هەم کارە هونەرییەکان ڕەنگدانەوە ئەم پێشکەوتنە مەزنانەی ئێمڕۆیان تێدا ببینرێت و هەم داهێنانی زانستییانەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و بوارە تەکنەلۆژییەکانی دیکە بکرێنە بابەتی پێشەنگاکان. قوتابی کەسێکی بەهرەوەرە گەر هانبدرێت و ژینگەی دروستی بۆ بخولقێندرێ، بەرهەمی ناوازە دادەهێنێ. دەبێ ئەمە ببێتە خەمی ئامادەکارانی پێشەنگەکانمان. دەنا بە هەڵواسینەوەی بەرهەمی کۆنی ساڵانی ڕابردوو بە خواستنەوەوی کەلوپەلی ماڵان ناتوانین گۆڕانکاری بکەین و ئافەریمان لە میوانان گوێ لێنابێ.
-----------
*) باوکێک دەمانچەی لەسەر کوڕە هەرزەکارەکەی ڕادەگرت تا واز لە هونەرو وێنەکێشان بێ و دەیەویست بە زۆر بەبێ مەیل و حەزی ئەو بیکاتە دکتۆر، لە ئاکامدا کوڕەکەی لە هەدوو چەژنەکە بوو! نەبوو بە هونەرمەند و نەبوو بە دکتۆر.
(**) لە قوتابخانەیەکدا، مامۆستایەکی بەهرەدار، پسپۆر لە هونەرو شێوەکاری زۆر دەروێشانە لەگەڵ دەستبەکاربوونی، کەوتە کۆشش و هەوڵ و کارکردن و زۆر خەونی جوان جوانی هەبوو کە قوتابخانەکەی بکاتە مۆزەخانەیەکی هونەری، ئەو چاوی لەوە بوو ڕاوی دەرسی مامۆستایانی دیکە بکات... باش سێ چوارمانگ بینیمەوە، بێمەیل و دڵشکاو و پەرۆش، سکاڵاو گلەیی لە هەمووان هەبوو، تەنانەت بەڕێوەبەرەکەشی، کە نەک دەستی ناگرن بەڵکو ڕێگریشن لە جێبەجیکردنی خەونە جوانەکانی، تا وایلێهات لە وەرزی دووەمدا خۆی دەیگوت:" بەڕیوەبەڕەکەم بۆخۆی نمرەی سەر کارتەکان دادەنێ و ڕۆژانە وانەکانم لێدەسێنن...!"