زیرەکیی دەستکرد چییە و بەرەو کوێمان دەبات؟

فازیل شەوڕۆ
  2024-05-11     348

ساڵانە چەند دەزگایەکی میدیاکاری لە جیهاندا ڕاپرسییەکیان ئەنجام دەدا، دەربارەی ئەوەی، بایەخدارترین داهێنانی مرۆڤ لە مێژوودا چی بووە. ساڵ هەبوو داهێنانی "نووسین" نمرە یەکی وەردەگرت، ساڵ هەبوو داهێنانی "چەرخ"، ساڵیش هەبوو داهێنانی "وزەی ئیلیکتریک". بەڵام لەوەتەی "زیرەکیی دەستکرد" هاتووەتە پێش، سەرلەبەری هاوکێشەکانی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕیوە و داهێنانەکان ئەوەندەی دەچنە بۆتەی خەیاڵ و ئەفسانە و سیحر، ئەوەندە لە زانست و مەعریفە ناچن.

ماوەیەک پێش ئێستا، ڕێکخراوی یۆنیسکۆ گوتی"لەمەوە دوا، نەخوێندەوار و بێسەودا، ئەو کەسەیە کە بە تەکنەلۆژیای سەردەم ئاشنا نییە، نەک ئەوەی لە نووسین و خوێندنەوە نابەلەدە." وا ئەو پێناسەیە ئیمڕۆ، زیرەکیی دەستکردیشی کردە سەربار.

بۆیە فەرز و سونتە، کوردیش بەو داهێنانە ئاشنابێ و لە مەڵبەندەکانی فێرکردن و پەروەردەدا بخوێندرێت و ئێمەش، سوودی لێ وەرگرین و لە مەترسییەکانی بەئاگا بین.

مرۆڤ، زیرەکترین و ئاقڵترین بوونەوەرە، بە درێژایی میژوو، توانیویەتی بێشومار ئامێر و ئامراز و کەرەستە درووست بکات و زانست و هونەر و مەعریفەی نوێ دابهێنیت. جا زیرەکیی دەستکرد، ئەو تەکنەلۆژیا و زانستەیە، کە ئەقڵ وەبەر هێندێ ئامێر و ئامراز دەکا، تا خۆیان، بەبێ دەست و ئەقڵی مرۆڤ، بە سووود وەگرتن لە هێندێ ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا، ئیش و کاری خۆیان بە جوانی جێبەجێ بکەن. واتا زیرەکی دەستکرد بریتییە لە پڕۆسەی سیستەمەکانی کۆمپیوتەر کە لاسایی پڕۆسەکانی زیرەکیی مرۆڤ دەکەنەوە بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنن.  ئەم داهێنانە نوێیەی زیرەکیی دەستکرد، تا ئێستا هیچ زمانێکی بەرنامەسازیی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام کۆمەڵێک زمان، ئامرازی بە سوود بۆ ئەم مەبەستە دابین دەکەن، وەک: پایتۆن و جاڤا و R و C++.

ئەم سیستمە، سیستمی پێشبینی کردنی پێشوەختەیە، بۆ ئەمەش پشت بە دوو بنەما دەبەستێت:

یەک: ئامارکردنی زۆرترین داتا بۆ ڕاهێنان و شیتەڵکردنیان؛

دوو: دۆزینەوەی خاڵە پەیوەندارەکانی نێوان ئەو شتە ئامارکراوانە لەگەڵ یەکدی.

بۆ نموونە چەندان ملیۆن وێنەی مرۆڤ شیتەڵ دەکات تا تێبگەن مرۆڤ چییە. ئەمە بۆ درەخت و گیاندار و دیاردە سرووشتیەکانیش... هەر وایە. جیاوازیی نێوان شەو و ڕۆژ؛ خەیاڵ و واقیع چییە؟ چۆن جیا بکرینەوە؟ تێگەیشتن لە شێوازی وێنەکێشانی هونەرمەندێک بە بەراورد بە هونەرمەندێکی دیکە، مۆسیقا ژەنێک، نمایشێکی ڤیدیۆیی، دەقێکی ئەدەبی... جیاکردنەوەیان بەپێی ئەو داتایانەی کە پێشتر شیکارییان بۆ کراوە.

بەرنامەسازیی زیرەکیی دەستکرد، لەسەر چوار گۆڵەگەی تۆکمەدار ڕاوەستاوە:

فێربوون، تێگەیشتن، خۆڕاستکردنەوە، داهێنان.

فێربوون سەرنج دەخاتە سەر بەدەستهێنانی داتا و دۆزینەوەی یاسا و پەیوەندییەکانی نێوانیان و گۆڕینی بۆ داتای بە سوود. یاسای جیاواز لە شێوەی چەندین ئەلگۆریتم (خوارزیم) لەسەر چۆنیەتیی تەواوکردنی ئەرکێکی دیاریکراو، بۆ نموونە ناسینەوەی شێوە و ڕوخساری کەسێک.

سەبارەت بە لێهاتوویی تێگەیشتن، گرنگی بە هەڵبژاردنی ئەلگۆریتمێکی دروست دەدات لەگەڵ یاسا پەیوەندیدارەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجی خوازراو.

لە خۆڕاستکردنەوە، ئەم کارامەییە گرنگی بە دەستکاریکردنی ئەلگۆریتمەکان و یاساکانیان دەدات، بە پشتبەستن بە درووستیی ئاکامەکان، بۆ دۆزینەوەی یاساکان، کە وردترن لە پێشوو، وەک ئەوە وایە بە سەت مامۆستا پێداچوونەوە بە پەڕە کاغەزێک بکەنەوە و هیچ هیچ هەڵەیەکی تێدا نەدۆزرێتەوە.

کارامەیی چوارەم کە داهێنانە، کە لە تۆڕ و سیستەمی دەماری دیجیتاڵی کەڵک وەردەگرێت، لەسەر بنەمای یاسا و داتای ئاماری و تەکنیکییەکانی تر بە ئامانجی دروستکردنی وێنە و دەق و مۆسیقا و بیرۆکەی نوێ.

بە واتایەکی دیکە، سێ بەشەکەی یەکەم نەخشەی کارن، بەڵام چوارەمیان ئەو وەستایەیە کە نەخشەکەی سەر کاغەز لەسەر ئەرز، بە کردار،  درووست دەکات.

جا لەم سیستەمەدا یەک فەرهەنگ زاراوە و هێما و کۆدی تایبەت هەیە، کە پێویست ناکات لێرە سەری خوێنەری پێ بهێشێنین.

زیرەکیی دەستکرد ، دوو جۆرە: لاواز و بەهێز.

زیرەکیی لاواز یان خاو و خلیچ، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی هاسان و ئاسایی داهێنراوە، وەک: بەکارهێنانی ڕۆبۆت، ئۆتۆمبیل یان شەمەندووفەڕی  خۆ ڕۆ.

هەرچی زیرەکیی دەستکردی بەهێز یان توانادارە،  دەتوانێت داتاکانی بەردەمی خۆی لە ئەرکێکی تەواو نوێدا شێ بکاتەوە کە هەرگیز بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە بۆ تەواوکردنی، و زانیارییەکانی پێشووی لە بوارێکدا بۆ بوارێکی تر بەکاربهێنێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دروست بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی. وەک ئەوەی کەشتی ئاسمانی لەسەر هەسارەی مەریخدا، خۆی خۆی چاک بکاتەوە، کە ئامێرێکی یان شتێکی لەکار دەکەوێ.

زیرەکیی دەستکردمان بۆچییە؟

سەلێمنراوە، کە ئەوەی بە ئەقڵی ئامارکراوی زیرەکیی دەستکرد دەکرێ، مرۆڤ بەو زیرەکییەی خۆیەوە بۆی ئەنجام نادرێ.  زۆر بەخێرایی و لە خوولی یەکەمیدا،  لە یاری شەترنجدا، ئەو، لە باشترین شەترجنزانی جیهانی بردەوە.

دەکرێ ئەو سیستەمە سوودی لێ وەگیرێ لە:

دیاریکردنی ساختەکاریی دراو و  دارایی و باج.

 ئۆتۆماتیکیکردنی کارە سادەکانی ڕۆژانە و لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی کڕیاراندا.

 زیادکردنی فرۆشتن و کۆنترۆڵکردنی کواڵیتی بەرهەم.

شیکردنەوەی بڕێکی زۆر لە لاپەڕەکانی فۆڕم و دڵنیابوون لەوەی کە داتای دروست لە بوارە تایبەتەکاندا هەیە.

بەڕێوەبردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان.

 دەتوانێت  پەیوەندی لە نێوان ملیۆنان داتادا بدۆزێتەوە.

بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی پەروەردە و بازاڕکردن و دیزاینی بەرهەم.

 لە کەرتی بانکیدا بەکاربهێنرێت بۆ شیکردنەوەی ملیونەها داتا و ئەکاونت و پەیوەندییەکاندا.

شیکردنەوەی وێنەی پزیشکیی بۆ یارمەتیدانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەپێی مێژووی نەخۆشەکانی پێشوو و گەشەکردنی قۆناغەکانیان.

  لە بواری  سەربازی  و  شەڕە مەیدانییەکاندا، لە سەر زەوی و لە ناو دەریا و لە  ئاسماندا.

 پێشبینییەکانی کەش وهەوا و ڕووداوە سرووشتیەکانی وەک بومەلەرزە و تسۆنامی و لافا و زریان و گەرداودا.

لە بوارەکانی گواستنەوە لەسەر زەوێ و سەر دەریا و لە ئاسمان و نێو گەردووندا.

لە بواری زمان و گفتوگۆ و فەرهەنگ و وەرگێڕان و چاپ و میدیا و داهێنانی هونەری.

 یارمەتیدان و ئاسانکاری بۆ کەسانی پێداویستییە تایبەتەکان. و زۆر شتی دیکەدا... .

پێشهات و ئاسۆی ئومێدبەخش:

ئیمڕۆ  کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرنامەسازی، وەک مایکرۆسۆفت و گووگڵ و ئۆپن ئەی، هەموو ئەوانی دیکە، بە تەواوەتی پشتیان بە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بەستووە، کە نوێترینیان “ChatGPT” ە. – کە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی بەکاربەرانی، تخوبی دوو ملیار کەسیان تێپەڕاند. یەکێک لە نوێترین داهێنانەکانی ئامراز و خزمەتگوزارییەکانی زیرەکیی دەستکرد، بریتییە لە پەرەپێدانی ئەو شتەی کە بە “Transformers” ناسراوە، لە لایەن گووگڵەوە، کە میکانیزمێکی کارایی بەرزە و خێرایی شیکردنەوەی داتا زەبەلاحەکان زیاد دەکات، بە بەکارهێنانی گروپی گەورەی کۆمپیوتەری ئاسایی کە یەکەکانی پڕۆسێسی گرافیکیان تێدایە، کە تێچووی دامەزراندنی تەکنەلۆژیاکانی کەمکردەوە.

ئۆپن ئەی، سیستەمی ChatGPT بۆ چاتکردن پێشکەش دەکات، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆر بەناوبانگ بووە لای بەکارهێنەران، هەمان ئەو کۆمپانیایەیە کە مایکرۆسۆفت 10 ملیار دۆلاری تێدا وەبەرهێنا، کە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بۆ وێبگەڕی Edge و سویتی ئۆفیس لە بەرنامەکانی ئۆفیس زیاد دەکات. تەنانەت سیستەمی کارپێکردنی ویندۆز ئەزموونی بەکارهێنەری بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش باشتر کردووە.

زیرەکیی دەستکرد چارەنووسی مرۆڤ بەروە کوێ دەبا؟

لەوەتەی ئەم سیستەمە زیرەکە هاتووەتە کایەوە، زانایانی ئەم بوارە نیگەرانی و مەترسییەکانی خۆیان نەشاردووەتەوە، کە دوور نییە، ڕۆژێ لە ڕۆژان، زیرەکیی دەستکرد، گەورەترین بەڵا بەسەر مرۆڤ دابێنێ و تەنانەی لەسەر ئەم هەسارە مەحفیشی بکاتەوە، خراپتر لە پەتای کووشندە و چەکی ئەتۆم و کیمیاوی... تاد.

ترسەکانیش لەم خاڵانەوە سەرچاوەیان گرتووە:

یەک: چەک و تیفاق: ئەم سیستەمی توانای هەیە بە وردترین و کووشندترین وەسیلە و ڕێگا جەنگی ئاسمانی و سەر زەمینی و دەریایی بەڕێوە ببات. لەوش مەترسیتر، توانای دۆزینەوە و داهێنانی چەکی کیمیاوی ئەوتۆی هەیە کە مرۆڤ ئەقڵی پێ ناشکێ.

دوو: بەرهەمهێنانی زانیاریی ساختە: هەرچی بوار هەیە لەم جیهانەدا، دەکرێ ساختەکاری تێدا بکرێ، بە سوود وەرگرتن لەم سیستەمە. جاران خەڵک هەر ترسی لە دراوی ساختە هەبوو، ئێستا دەکرێ هەموو شتێک ساختەی تێدا بکرێ.

سێ: بۆ هاککردن و شەڕی سیبریانی: دەکرێ لە چاو تروکانێکدا، هەرچی سیستەمی تەل و بیتەل و وزەی ئەلکتریک و ئینتەرنێت و.... تاد هەیە،  لە پەل و پوی بخات و لە کاری بخات.

چوار: گۆڕانکاریی ڕەفتار و ڕەوشتی مرۆڤەکان: دوور نییە ئەو سیستەمە شتی نەبووی ئەوتۆ بێنێتە ئاراوە، کە بنەما سەرەکییەکانی خێزان و کۆمەڵگا شەت و پەتپ بکات و سەرلەبەری بشێوینێ، چونکە دەتوانێ کار بکایە سەر ئەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان.

پێنج: ببێتە داردەستی ستەمکار و دەسەڵاتداران: هێندێ زانیاریی وردە هەیە دەسەڵاتداران دەتوانن لەم سیستەمەدا، بە دەستی بهێنن و بۆ بەرژەوندیی خۆیان بەکاری بهێنن بۆ بەردەوام بوونیان لە حکومڕانی و زوڵم و ستەمدا.

شەش: گەرمکردنی بازاڕی فرتو فێل: لە یاری و گەمە و قومار و ئیش و کاری ڕۆژانەدا، دەکرێ بۆ فرتوفێل کردن، سوود لەو سیستەمە نەفرەتییە وەرگیرێت.

پێگەی ڕەوشت لە کۆمەڵگای خاوەن سیستمی زیرەکیی دەستکرد چی بەسەر دێ؟

وەک هەر ئامرازێک لە ژیانماندا، دەتوانرێت تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد بۆ قازانجکردن یان زیان بەخشین بەکاربهێنرێت.  بۆیە  پێویستە مرۆڤ کۆنتڕۆڵ لە دەست نەدا لە بەکارهێنانیدا، پێویستە هەمیشە بیر لەو لایانە بکرێتەوە کە سوودبەخشن.

چونکە سیستەمی  زیرەکیی دەستکرد   توانای ساختەکاری و فرتوفێڵی هەیە، دەبێ بەرهەمەکانی بە وردی و بە جددی پشکنینیان بۆ بکرێت، پێش ئەوەی بگەێندرێنە بەر دەست بەکاربەران.

لە ئێستا ئەو ترسە هەیە قاچاغچی و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و مرۆڤفرۆشەکان و تیرۆرستەکان گەر دەستیان گەیشتە ئەو شتە ترسناکە، دەبێ چ ڕووبدات. زۆر ئاساییە، لە سەر سکرینی تیڤیدا، بۆ نموونە سەددام بە زیندوو ببینینەوە و کەسیش هەستی پێنەکات کە ئەو فلیمێکی ساخەتەیە و هەڵبەستراوە.

بۆیە دەوڵەتە پەیوەندارەکان لە ئێستاوە خەرێکی  ئامادەکردنی یاسا و دەستووری نێودەوڵەتین، بۆ هەر پێشهاتێک کە لە داهاتووی نزیک یان دوور، ڕەنگبێ ڕووبەڕوومان بێتەوە.

ئەوەی کە زۆریش جێگەی مەترسییە کۆڵەگەکانی ڕەوشت و بەها مرۆڤیەکانن، لە ماف و یەکسانی و خاونداریتەتیی هزری و داهێنان و بیرباوەر و ئایین ... تاد.

دوور نییە بەو زووانە پۆلیسی تایبەتی بە زیرەکیی دەستکردیش پەیدا بێ و دادگای تایبەت بەو سیستمەش  کە پسپۆڕ بن لەم سیستەمی ساختەکارەکانی. چونکە  دوور نییە، کۆمەڵێک هاکەر بتوانن  ئەو سیستمە بەکاری بهێنن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە لاوازەکانی ماڵپەڕێکی حکومەت یان کۆمپانیایەک، چوونە ناو ئەو ماڵپەڕە، چوونە ناو سێرڤەرەکان، داتاکان بدزن، یان بە بارمتە ڕاگرتنی بۆ فیدیەیەکی دارایی. هەرچی ڕەمز و کۆد و پاسوێرد و نهێنی هەیە، لە حەوت تەبەقەی ژێر زەوی بێ، پارێزراو نییە لە چاوی زیرەکیی دەستکرد.  شتی ئەوتۆ بەو زیرەکییە دەکرێ کە لە ئەقڵی مرۆڤ دانییە... باسیان بکەین موچڕک بە لەشمان دادێ.

کێ دەبێتە خاوەنی گەورەترین ‌هێز لە جیهاندا؟

جاران دەگوترا، کێ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژهەڵاتیدا ناوەندا هەبێ، دەسەڵاتی بەسەر هەموو جیهاندا دەبێ، ئیمڕۆ دێ، ئەو تیۆرییە بگۆڕدرێت بۆ ئەمەیان:"کێ  ببێتە خاوەنی بەهێزترین سیستەمی زیرەکیی دەستکردی، دەبێتە بەهیزترین دەسەڵات لە جیهاندا."

بەڕاستی. سیستمی زیرەکیی دەستکرد زۆر مەترسی درووست دەکات بۆ ئەو کۆمەڵگا و دەوڵەتانەی هەژار و پاشکەوتەن، لە هەموو بوارەکاندا، ئابووری، سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە و تەندرووستی...تاد. یەکێک لە زاناکانی زیرەکیی دەستکرد، پێشبینی ئەوە دەکات، وەکو سەدەی نوزدە، جارێکی دێ دەوڵەتی ئیستعماریی پەیدا ببنەوە، ئیستعماری زیرەکیی دەستکرد، کە دەتوانن بە هاسانی دەوڵەت و کۆمەڵگە هەژار و دواکەتووەکان بخەنە ژێر ڕکێفی دەسەلاتی خۆیانەوە.

بۆ ئێمەی کوردیش، هەر نەبێ لەم هەرێمەدا، کاتی ئەوە هاتووە، کە سەر لەبەری پڕۆگرامەکانی خوێندن گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، هاوشان و هاوسەنگ، لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بگونجێن و بڕۆن، لێرەدا، پێویستە، هەموو مامۆستا و پەروەردەکاران، سەر لە نوێ، خوول  و دەرس و دەوری نوێیان فێر بکرێن تا بەم زانست و سیستمە ئاشنا بن و برون و سوودی لێ وەرگرن.  پڕۆگرامەکانی خوێندنی دەبێ بگۆڕدرێن لەگەڵ ڕۆحی سەردەم بکونجێن. ئێ، خۆ ناکرێ تا ڕۆژی پەسڵان، کورد هەر بڵێین:

"دارا دوو داری دی... ."

جیهان وا دێ بکەوێتە دەست عفریتێک، لە مێژوودا وێنەی نەبووە، کە هۆشیار و بە ئاگا نەبین.

خودا ڕەحم بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×