دیسـان بایکۆتی مامۆستایان

فازیل شەوڕۆ
  2023-12-14     131

سێیەمین و دوایین نامەم

بەڕێزانم،
وەک لە هەردوو نامەی پێشترمدا – لە 10ی ئۆکتۆبەر و 9ی نۆڤەمبەر، سەبارەت بە پرس و چارەسەری کێشەی بایکۆتی خوێندن لە هەرێمدا، گوتم، هەرچەندە دەزانم کەس نامەکەم ناخوێنێتەوە بەڵام هەر دەینووسم، هیوادارم ئەمجارە وانەکەن، چونکە گەر 34 ڕۆژ پێش ئێستا کێشەکە چارەسەر بکرابووایە و خوێندن دەستی پێکردبایەوە، ڕەوش و دۆخەکە خۆشتر و ئارامتر و ئومێدبەخشتر دەبوو.

وا خوێندنی وەرزی یەکەم. لە هەرێم کۆتای هات و پشووە، یان ڕاستییە تاڵەکە بڵێین، وا خوێندی وەرزی یەکەمی ئەمساڵی خوێندنی پتر لە 700 هەزار قوتابی و خوێندکاری کوڕ و کچی کورد فەوتا. ئێستا ئێمە لە سەرەتایی قۆناغە ترسناکەکە داین، گەر زوو بە خۆنەکەوین، هەمووان زەرەرمەندی گەورە دەبین. چونکە کات کاڵایەک نییە لە بازاڕ بکڕدێت و زەویش بۆ خاتری کەس لە خوولانەوەی خۆی ناوەستی و زەمن بەردەوامە لە سەفەری خۆی.
جا تا پتر کێشەی بایکۆت لە نێوان بەرەی وەزاڕەتی پەروەردە و بەرەی مامۆستانی گروپی بایکۆت و مامۆستایانی ناڕازی درێژە بکێشیت ئاڵۆزتر دەبێ. گوتم "کێشە"، کەواتە دەبێ ئەو کێشە چارەسەر بکرێ و هیچ کێشەیەکیش نییە چارەسەری نەبی گەر نییەت و ئیرادەی جددی هەبێ. وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموونێکی دوورودرێژ لە بواری پەروەردەدا، وایدەبینم، کە ئەم کێشەیە نە بە "دەبێ"ی وەزاڕەتی پەروەردە و نە بە "ئەو نابێ"ی گرووپی مامۆستانانی بایکۆت و لایەنگیرەکانیان چارەسەر ناکرێ. دانیشتنی دڵسۆزانە و گفتوگۆی جددی بەبەرهەمی نێوان هەردوو لا، یەکێکە لە بژاردە سەرکەوتووەکان. بۆیە وایدەبینم کە بەرژەوەندیی پتر لە 700 هەزار فێرخوا ئەو دەخوازێ کە خودی وەزێری پەروەردە سەردانی چەند شار و شارۆچکەیەکی " زوونی بایکۆت" بکات و ڕاستەوەخۆ پێکەوە کێشەکان چارە بکەن. دەبێ هەر دوولا شلی و پەیتییەک بۆ خاتری چاوی منداڵەکانیان بنوێنن، ناشکرێ مامۆستا بە دڵشکاوی بنێردێتەوەوە پۆل، بەبێ ئەوە هیچ خۆمخۆریی خۆتی بۆ نیشان نەدەیت و دەستی نەکریت.

ئەم خشتەیەی خوارەوەی من، بژاردەیەکی خراپ نییە، گەر بە کردار و دڵسۆزانە بەرجەستە بکرێ دوای دەستکوشین هەموولایەنەکان لەگەڵ یەکدێ:

یەک: ئەگەر خوێندن لە "زوونی بایکۆت" لە ڕۆژی شەممە 23 -12 – 2023 دەستپێبکاتەوە و لە 14 – 6- 2024 کۆتایی پێ بێ، ئەوا 146 ڕۆژی فیعلی خوێندنمان لەبەر دەست دەبێ دوای ئەوەی کە 28 ڕۆژمان وەک پشووی هەینییەکان پێشووی بۆنە نیشتیمانییەکان لێدەرهێنا. دەکرێ 7 تا 10 ڕۆژیش بخەیەنە سەر بۆ ئەزموونەکانی کۆتای. لە دوای ئەو تاریخە کەش و هەوای کوردستان بۆ خوێندن زۆر پڕ زەحمەتە دەبێ، نە ئامرازی فێنککەرەوەی باش و نە بەناشکوری نەبێ، کارەبایەکی وامان هەیە، ئەو جگە لە گرفتی هاتووچۆ... .

دوو: ئەگەر حەفتانە 6 رۆژ و ڕۆژانە 5 وانە بخوێندرێت، ئەوا 730 وانەمان پێ دەگوترێتەوە، ئەمەش بای ئەوە دەکات کە خوێندی ئەمساڵ لە مەرگ ڕزگار بکەین. من بۆ خۆم وەک مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی، لەو ماوەیەدا دەتوانم پڕۆگرامی خوێندنی قۆناغی 12 بەو پەڕی سەرکەوتووی کۆتای پێبێنینم بەو مەرجەی خوێندکاران هاوکارم بن.

سێ: باشتر، وەزارەتی پەروەردە خشەی تایبەتی بەشەوانەکانی هەبێ بۆ ئەو "زوونە' وانە لاوەکییەکان وەلاوەنرێن و بابەتە کەم بەسوودەکان لە پڕۆگرمەکاندا کورت کرێنەوە.

چوار: ئەگەر کەمی مامۆستای پسپۆڕ لە هێندی قوتابخانە و خوێندنگەدا هەبوو، خۆشە مامۆستایانی خانەنشین بە برست و توانا، بچن ئەو وانانە پڕ بکەنەوە وەک سۆزێک بۆ نیشتیمان و نەتەوە.

بەرێزانم،
مەردارێکی نەخوێندەواری بێسەودا، لەو کەژ و شاخ و کوێستانە سەخت و ساردەدا، شەو و ڕۆژ بە دیاری 70 سەر مەڕ ئازار و مەشەقەت دەکێشێ، ماقوول نییە ئێمە پتر لە 700 هەزار منداڵی خۆمان بێ خاوەن بەرەلای سەر شەقام و ناو کۆڵانەکان بکەین. من پێشم ئەسەفە، کە حکومەتی هەرێم، بە جددی هاوکاریی وەزاڕەتی پەروەردە نەبوو. بەتەنیا لەو گۆڕەپانە بەجێیان هێشت، دەکرا دەستی یارمەییان بۆ درێژ بکردبایەوە هێندی لە داودکارییەکانی مامۆستایانیان جێبەجێ بکردبایە. سەریشم سووڕماوە، بۆ سەردەمانێک، هەرێم لافی ئەوەی لێدەدا کە پتر لە ئەوەندە هەزار ملیاردێردەی لە کوردستان هەنە، ئەدی بۆ دوو سێ ملێاردێردی کوردمان نەبینی، هەر بە قەرز کۆمەکێکی ئەو مامۆستایانە بکەن و ویژدانیان ڕێ نەدا کار بگاتە ئیمڕۆ. ڕۆژانەش دەبیستین کە دەڵێن "بایکۆتی مامۆستایان بە سیاسی کراوە." بەڕاستی سیاسەت و سیاسەتبازی ژوور و هۆڵ و گۆڕەپانی تایبەت بە خۆیی هەیە بۆ نواندنی چالاکییەکانی، نەک بە برامتەگرتنی منداڵی شەش حەوت ساڵان لە پێناوی بەرژەوندیی تەسکی زاتییدا. کە دڵنیانم، هیچ دەستکەتێک لەو فەوتاندنی خوێندنی ساڵێکی ئەو منداڵانە وەدەست ناهێنن.

دوا وتەم، خوانەخواستە، بایکۆت بەردەوام بێ و کێشەکە چارە نەکرێ، ئەو ڕۆژەی وەزاڕەتی پەروەردە " فەوتانی خوێندنی ئەمساڵی زوونی بایکۆت" رادەگەێنێ. دڵنیا بن، ئەو خوێندکارە کوڕ و کچە هەرزەکارانە، لێتان ڕادەپەڕن و بەوە ڕازی نابن. ئێستا ئەوان کڕ و کپن، چونکە باش هەست بە ئازاری برینەکە ناکەم. بەڵام کۆتا ڕۆژ خوێندنی سووتاو، وەک یەکەم ڕۆژی بایکۆت نابێ.

هیوادارم ئەو ڕۆژە تاڵە نەبینین.

وە ئەلسەلام


 

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×