شـارسـتانیەتیی وەهم

فازیل شەوڕۆ
  2024-03-08     400

نەساغێکی سەروڕیش ئەفڵاتوونی، کە لە نۆرینگەیەکدا لە شاری دوبلن، لە هۆدەی چاوەڕوانیدا لە تەنیشتم دانیشتبوو، سەری هێنایە بن گوێم و گوتی:"بەختەروەرم کە 76 ساڵ تەمەنمە و هێندەم نەماوە... ." بە تێڕامانەوە پێگوت:"بۆ وا دەڵێی، ڕۆڵەی ئەم شارستانییەیت و بەختەوەر نیت؟ ئەدی خەڵکی وڵاتی من چ بڵێن؟"
بە هێمنییەوە، وەک ئەوەی خۆی بدوێنێ، گوتی:"لالۆ، شارستانییەتی چێ؟ هەمووی وەهمە."

زاراوەی "شارستانییەت" کە لە زۆربەی زمانەکاندا وشەی – شار- و – هاووڵاتی- لەخۆ دەگرێ، بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر زمانی لاتینی دێرین و لە دوروبەری سەدەی حەڤدەمدا، لەسەر زارێ هێندێ مێژوونووس و کەلتوورناسەوە کەوتە ناو فەرهەنگان.

ئەم زاراوەیە فرە پێناسە و هەمەجەشنە لە ڕووخساردا، بەڵام دەکرێ لە یەکدوو دێڕدا بەوە بیناسێنین کە: ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە شارەکان پێکهاتووە، تێیدا گەشەکردنی دەوڵەت، چینبەندیی کۆمەڵایەتی، شارنشینی و سیستەمی پەیوەندییە هێمادارەکانی پتر لە سیستمی نووسیندا چربۆتەوە لە چاو زمانی قسەکردنی سرووشتی. جا ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پتر بەوە دەناسرێتەوە کە تەلارسازی، ژێرخانی شار، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، دراو، باجدان، یاسا و دەستوور و ڕێکخستن و تایبەتمەندکردنی کاری تایبەت بەخۆی هەیە.

زۆربەی شارستانناسان، هەوڵیدانەوە، زاراوەی کەلتوور و دابونەریتی ترادسیۆنی دێرین، لەم پێناسەیە وەدرەبێنن، وەک بڵێی کەلتوور و کەلەپووری زەمانی زوو دژ بە شارستانیەتن و لەگەڵ کەلتووری "پێشکەوتن و تێگەیشتن"، ناگونجێن. بە واتایەکی دێ، ئەوان لەژێر درووشمی پشکەوتن و بەخشینی مەقامی بەرز و بڵند بە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی، کۆی کۆمەڵگایان بەسەر دوو چیندا دابەشکردوە، سێیەمی بوونی نییە: چینی کەلتوورە پشکەوتووەکان و چینی کەلتوورە دواکەوتووەکان. یەکەمیان چینی پاشا و لۆرد و ئاغا و بەگن؛ چینی دووەمیش، کۆیلە و ڕەش و ڕووت و عەوامی جوتیار و شوانکارە و کۆچەرن.... .

بەڵام لەم دوا دوایەدا، هێندێ، لە شارستانناسان، ددانیان بەو واقیعەدا ناوە کە لە ناو هێندی لە شارستانەکانیشدا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی چڕ وپڕن و ڕێکخراون و دابەشکراون بەسەر چینە کۆمەڵایەتییە پلەبەندییەکاندا، چینی خاوەن کەلتوورەکەی عەوام و ڕەش و ڕووت هەر بوونی هەیە و مەحاڵە شارستانییەتێکی پاک و بێگەردی نموونەیی بدۆزیتەوە، بە کۆمارەکەی ئەفڵاتۆنیشە، خاڵی بێ لە کەلتووری کۆمەڵایەتیی خەلکەکە، جا کەم تا زۆر. شاری لەندەنیش ئەم شایەتحاڵییە دەدا.

لە ڕاستیدا، گەر بە وردیی دیقەت لە مێژووی شارستەنیەتی کۆن و نوێ بدەین، دەگەینە ئەم ئاکامە، کە هەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی شارستانیەتێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، لە خزمەتکردنی کۆی دانیشتوانەکانی دابووبێ، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هەر هەموو شارستانییەتەکان بە شان و بازوو و ئارەقە و خوێنی چینی ڕەش و ڕووت بونیاتنراون، لە پێناو خزمەکردنی کەمینەیەکی کەمی ئەم کۆمەڵگایە. تۆ وەرە ئەقڵمەندانە لە شارستانیەتیی کۆنی فیرعەونەکان بڕوانە، ئەوجا دەزانی کە چۆن خەڵکی دۆڵی نیل کراون بە کۆیلە بۆ خۆشگوزەرانیی شا و شاژنەکانیان و دواتر بە نەمرکردنیان بە هەڵهێنانی ئەهرام و گۆڕی پڕ پێج وپەنا و نهێنی.



ئەوەی بۆ فیرعەنەکان ڕاستین، بۆ خڕ پاشا و مەلیک و ئیمپڕاتۆر و سوڵتان و ئاغاکان، لە هەموو شارستانییەتەکاندا ڕاست بووە، لە سەردەمی سۆمەری و ئاشوورە و بیگرە تا سەردەمی ساسانی و ڕۆمانی و پاشانیش سوڵتانەکانی عوسمانی، تا ئەم ساتەوەختەی پیاوە سەروڕێش ئەفڵاتونییەکەی نورینگەکە، کە تەمەنای مەرگی خۆی دەکرد

.

چاکم وەبیرم دێ، مامۆستای مێژوومان لە پۆلی دووی ناوەندی، بە خەندەیەکی تێزئامێز، لە باسی خەلیفەکانی دەوڵەتی ئەمەوێ و عەباسیدا دەیگوت: فڵان خەلیفە، وەزیرێکی دانابوو، تەنها بۆ ناولێنان و ناونووسکردنی منداڵەکانی کە بە سەدان کوڕ و کچ بوون. لە کتێبەکەماندا نووسرا بوو، فڵان خەلیفە وەزیرێکی دامەزراندبوو هەر بۆ کۆکردنەوەی ئەو دیاری و خەڵات و باج و خەراجەی خەڵک پێشکێش بە خەلیفە و والیان دەکرد، نووسرا بوو لە یەمەنەوە هێشوە ترێیەکیان بۆ خەڵیفە هێنا بوو باری یەک وشتر بوو؛ ناوی ئەو خەلیفەش هاتبوو، کە خواردنی هەر دنووکی قەل بوو.


هەر دوای ئەوەی مرۆڤەکان، ئەشکەوت و دارستان و چۆلەوانیان بەجێهێشت و هاتن لە شار و دیهاتەکان نیشتەجی بوون، پاشا و میر و سوڵتانەکان، هەمیشە بیریان لەوە کردووەتەوە کە چۆن لەسایەی ئەم شارستانییەتەدا، هەرچی هەیە و نییە، بەگەڕی بخەن بۆ خۆشگوزەرانی و ڕابواردنی خۆیان. تا کار گەیشتە ئەوەی کە "خودا" ش بۆ ئەو مەرامە بکەنە ئامراز، وەک پێشتر بووت و صەنەمەکانیان بەکاردەهێنا. "خودا"یەک کە لە هەموو ئایینەکاندا، پەیامی مرۆڤدۆستی و یەکسانی و دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زاڵمان بووە و لە دەقە پیرۆزەکانیدا هاتووە، "ئەوەی مرۆڤێکی بێ گوناح بکوژێ، وەک ئەوە وایە کۆی مرۆڤی دونیای کووشتبێ." کەچی، مێژووی ئەو هەموو کووشتار و شەڕ و شۆڕەی بە ناوی "خودا" و بە "شمشیری خودا" و ئیمڕۆش بە "موشەکی خودا" کراوە و دەکرێ، سەری هەزاران هەزار کەسیان تێدا پەڕاندوە و هەزارن هەزار زامدار و بێسەروشوێن و ئاوەر بوون. تەنانەت لە نێوان شوێنکەوتووانی یەک ئایینشدا، ڕووباری خوێن ڕژاوە، وەک مێژوو باسی تێکهەڵچوونەکانی نێوان کاسۆلیکەکان و پڕۆستانتەکان، یان نێوان ئایینزانەکانی سوونە و شیعیە دەکا. تۆ وەرە مێژووی دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی بخوێنەوە، ئەوجا دەزانی کە بە ناوی "خودا" چەندان زانا و دانا و عالم و زاهید سەریان پەڕێندراوە. لە کاتێکدا هەموو باوەڕدارێکی هۆشمەند و هۆشیار دەزانێ، هەرگیز. "خودا" بۆ بەرزڕاگرتنی مەزنایەتی و عەزەمەتی خۆی، پێویستی بە خوێن نەبووە.



گۆڕانکارییە گەورە و مەترسیدارەکانی شارستانییەت، ئەو ڕۆژە گەشەی ساند، کە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی سەراپای ڕۆژاوای گرتەوە و وردە وردە کەلتووری شارستانیەتی کۆنی، بە کەلتووری شارستانیەتیی مۆدێرینە گۆڕییەوە. چونکە ڕۆژگارەکە گۆڕا، دەسەڵاتدارەکانی خۆیان بە خاوەن و ڕابەر و پێشەنگی شارستانییەت دەزانی، ئامراز و ڕێباز و کەرەستەکانی بە کۆیلەکردنی چینی رەش و ڕووتیان گۆڕێ. ئەلبێرت شوایزەری فەیلەسوف زۆر بە جوانی فەلسەفەی شۆڕشی پێشەسازی لەودا چڕدەکاتەوە کە "شۆڕشێکە لە پێناو ماددە، لە هەمان کاتیشدا ئەخلاق دەکاتە ئامرازی هەڵخەڵەتاندن، بە ناوی پارستن ماف و مرۆڤدۆستی و پێشکەوتن، لێ، ئەمە هەر فێڵێکە بۆ خزمەتکردنی لایەنە مادییەکەی ئەم شۆڕشە."



ئەوەی دەسەڵاتدارەکانی ئەم شۆڕشە کردنیان، شتێکی وا جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەوەی فیرعەونەکان و ئیمپراتۆرەکانی زەمانی زوو دەیان کرد. دوو شتیان کرد: هەوڵیاندا دەسەڵاتی کڵێساکان تا پێیان دەکرێ کەم بکەنەوە و ژن لە ماڵان بهێنە دەرەوە، تا پیاوەکان پتر خەریکی پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بن. بڕوانن، ناپلیۆن چی کرد، بۆ گەیشتن بەو خەونە. جا هێنانە دەرەوەی ژن لە ماڵەکانیان، سەرەتای داڕمانی ئەخلاق بوو، سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی خێزان بوو، تا بەم ڕۆژگارە گەیشتین.



ئەوەی پتر قوڕەکەی خەست کرد، بۆ سەری هاووڵاتیی بێدەسەڵاتی برسی و ماندوو، ئەوبوو، توێژێکی نوێ لە ڕۆشنبیران لە ڕۆژگارەدا گەشەی کرد، کە زۆر لەژێر کاریگەریی فەیلەسوفەکانی ئەو ڕۆژگارە دابوون، لە هەر دەیەیەکدا، فەیلەسوفێک سەری دەردەهێنا و بە فەلسەفەی مۆدرێنە بیر و هزری ئەم خەڵکە دەشووشتەوە، هەرچەند، ئەوەی دەهات، فەلسەفەکانی پێش خۆی دەسڕییەوە. ئەمەیش تەواو سەری لە توێژی ڕۆشنبیران شێواند و لە توولە ڕێیەکانی ژیاندا سەرگەردان بوون.


بەدرێژایی مێژوویی شارستانیەت، کە بە حەوت هەزار ساڵێک مەزەندە دەکرێ، هەرگێز مرۆڤ وەکو مرۆڤی ئەم سەردەمە بەدەست شارستانییەت گیری نەخواردووە، بۆیە کابرای سەروڕیش ئەفڵاتوونی ناحەقی نەبوو کە گووتی:"شارسانیەتیی چی، هەمووی وەهمە."



بێگومان ناکرێ، خزمەتگۆزارییە جوان و مەزن و بەکەلکەکانی ئەم شارستانییە مۆدێرنە نادیدە بگرین:


داهێنانی ئیلیتریک، هۆیەکانی گواستنەوە، دۆزینەوەی داو ودەرمانی باش، هەموو داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی مۆدێرن – گەر درووست بەکار بهێنرێن، ئاوی پاک و زانیاریی زۆر و بەردەست، ئاسانکاریی پەیوەندییەکان، پێشکەوتن لە زانستەکان، ئامرەزاکانی پەروەردە و فێرکردن... تاد.



بەڵام...،
با بەوێژدانەوە، سەرێک بەو ماڵەدا بگرین کە پێی دەڵین''گۆی زەوی" و 8 هەزار ملیۆن کەسێکی تێدا دەژی، بزانین لە سایەیی ئەم شارستانیەتەدا چ ژیانێک بەسەر دەبن- بێگومان ئەمە بابەتێکی ڕەهاییە نەک سنووردار. شارستانییەک کە دەڵێن لووتکەی پێشکەوتن و پۆپەی داهێنانی ئەقڵ مرۆڤ و تۆقەڵەی دەستکەوتە سیحراوییەکانە، کە زۆریان هەر لە خەون و خەیاڵ دەچن.

جارێ لە پێشدا، دەبێ بزانین، ئەم سەردەمە جیاوازی گەورەی نییە لەگەڵ سەردەمی فیرعەونەکان. ئەگەر فیرعەونەکان تەنها دەسەڵاتداری و فرمانەکانیان بەسەر دۆڵی نیلەوە بوو بێ، ئەوا دەسەڵاتدارانی ئیمڕۆ، دەسەڵات و فەرمانیان بەسەر هەموو جیهاندایە.



تۆ دەزانی نیوەی کۆی سەروەت و سامانی هەموو جیهان، تەنها لەبەر دەستی 3 هەزار و 194 دەوڵەمەندە؟ نیوەکەی دیکەشی هی 8 هەزار ملیۆن کەسەکەیە. جا ژیان و چارونووسی کۆی 193 دەوڵەت – کە ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لەبەر ڕەحمەت و شەقی 5 وڵاتی زڵهێزن، لە جەنگ و ئاشتیدا.

ئەم سەرمایەدارە قەبانە و ئەم 5 وڵاتە زلهێزە، بۆ دەستەبەرکردن و ڕاییکردنی ئیش و کار و نەخشە و پلان و پیلانەکانیان بە سەرکەوتووی، دەزگایەکی یەکجار زەبەلاحیان بونیات ناوە بە ناوی "میدیا"، پێشکەوترین، داهێنانی تەکنەلۆژی و زانستیی ئەبوستراک و مرۆیی بەکار دەهێن، بۆ بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، تا هەموو شتێک بە ویستی وان بێ. چونکە ناودارترین زانکۆ و بلیمەتترین زانا و مامۆستا و پسپۆڕ ئەم دەزگایە بەڕێوە دەبن، ئێمەیان کردووە بە ڕۆبۆتێکی کۆیلە چۆنیان بوێ، واهەڵمان دەپەڕینن و بە هاسانی بە درووشم و وتار و ڕیکلامەکانیان هەڵدەخەڵەتێن. هەر بۆ نموونە، لەم چەند ڕۆژەدا، مەکینەی ئەم دەزگا زەبەلاحە، کۆی هەستی 8 ملیار کەسی بۆلای کەسێک ڕاکێشاوە کە ملیاردێردێکی هیندییە و 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاهەنگی زەماوەندی کوڕەکەی خەرج کردوە و ئەوەندە هەزار کەسەی لە چوار ئیقلیمی جیهان داوەت کردوە و ئەوەندە جۆرە خواردن و تەعاماتە ڕۆژانە درووست دەکات. لە کاتێکدا، لەم هیندوستانەدا، هەموو بەیانێک، وەک چۆن لای ئێمە زبڵکێش، زبڵ و خاشاک خڕدەکاتەوە، ئەوا مردووکێش، شەقام بە شەقام دەگەڕی و لاشەی ئەو مردووانە کۆدەکاتەوە، کە شەو لە برسان و لەسەرمان و لەبەر نەساغی گیانیان لەدەست داوە، ئەوان لانەوازی ژن و پیاو و مندالن، بێکەس و بێجێ و ڕێن، لەسەر شۆستە و کەنار ڕێیان کەوتوون.



جا ئەم دەزگا زەبەلاحە، بۆ فریوودان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، دەست بۆ هەموو فەن و فنوونێک دەبا و دەگاتە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم جیهانە. ئاساییە سەر لە ئێوارە، گەنجێکی کورد نمایش بکا، کە بە دیار دوکانە سووتاوەکەی، لەسەری خۆی دەدا و دەڵێ،:"ماییەپووچ بووم، هیچم نەما، ئەو دووەم جارە دوکانەکانمان دەسووتێنرین." بۆ ئێوارەی دواتر، ئەم دەزگایە، گەنجێکی دیکە نمایش دەکا، لە پێشەنگای نیودەوڵەتی لە تەنیشت ئۆتۆمبیلێکی مۆدیل 2024 ڕاوەستاوە و دەپرسێ:"ئەو بای چەندە؟" نووسینگەی فرۆشیاریش بە سەر لووتی دەڵێ:" 107" – واتا 107 هەزار دۆلار. جا گەنجی دوکان سووتاویش، لە تیڤی ماڵەوە ئەوە دەبینێ. هەزاران کوڕ و کچی دەرچووی زانکۆکانیش، کە بێئیشن، لە دڵی خۆیان دەڵێن:"چۆن منیش، وەک ئەو گەنجە، ببمە خاوەن ئەم ئۆتۆمبیلە جوانە."



تۆ سەیری ئەو تەرازووە ، داپەروەرییە بکە، کە سەرانی ئەو دەزگا زەبەلاحە نیشانی خەڵکی عەوام و سادەی دەدەن و نیشانەی خۆیان دەپێکن. پتر لە حەفتا ساڵ بوو، هێندە بە زۆرزانانە ڕێکلامیان بۆ ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ڕۆژاوا دەکرد، کە ئەم وڵاتانە بەهەشتن و هەر ئەوان پارێزەری مرۆڤ و مرۆڤایەتن، بۆیە مامۆستاکانیشمان، لە سەرەتاییەوە هەر ئەوەیان لەبن گوێ دەخوێندین، کە ڕۆژهەڵاتیی بکوژ و شەڕانی و سەربەگێچەڵن، ڕۆژاواش مرۆڤدۆست و ئاقڵ و بیرمەندن؛ بەڵام شەڕێ ڕووس و ئۆکراین، لەم دووساڵەدا، ئەو درۆشاخدارەی سپیکردەوە، ئەوەی ئەم دوو ولاتە ڕۆژاواییە بەناو شارستانییە، بەیکتریان کردووە، با بەدەواری شڕی نەکردووە، نەک هەر بە کاریگەرترین و نوێترین چەک و تیفاق کەوتوونەتە گیانی یەکتری و وەک دەڵێن تەڕ و وشک، بەیەکەوە دەسووتێنن، بەڵکوو چەندان جارە، بە دەستبردن بۆ دووگمەی سووری چەکی ئەتۆمی گەف لەیەکتری دەکەن. سەلماندیان کە شارستانییەتیی مۆدێرنە جگە لە وەهم هیچی دی نییە. ڕووسەکان بەو پەڕی شانازییەوە دەڵێن تا ئێستا 165 جۆر چەکی نوێ و تازەبابەتیان لە سوریا تاقیکردووەتەوە، واتا قوربانییەکان، کە هاوەڵاتی ئەم وڵاتەن، تەنها نیشانەن و ڕۆح و خوێن و جەستەیان نییە.



تۆ سەیرکە، ئەم مەکینە زەبەلاحە، چۆن خەڵک چاوبەست دەکات و هەڵ دەخەڵەتێنێ کە هەواڵەکانی شەڕی غەززە دەگوازێتەوە، هەمیشە هەواڵی کۆژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی، پێش ئەو 120 قوربانییە فەڵەستینیەیە کە لە هەمان کاتدا کوژراون. لەو ساتەی هەرچی دەزگای میدایی جیهانییە، تیشک دەخاتە سەر ئەو شەڕە، بە حەرفێک باسی شەڕە خوێناویی و ئابڕۆبەرەکەی سوودانییەکان ناکەن، کە پتر لە 17 هەزار قوربانی لێ کەوتووەتەوە و بە دەیان هەزار ژن لاقە کراون و کراون بە سەبایە و 3 ملیۆن هاوڵاتی دەربەدەر و ئاوارەن، لە وڵاتێکدا بۆخۆی وا دێ لە برسان بمرێ. خۆ ئەوەی تورکیا بە ڕۆژاوا و سڤیلی ئەو دەڤەرە دەیکا، مەگەر هەر جوو بە فەڵەستینییەکانی کردبێ، ئاوی خواردەنەوەوەی لێ بڕیوون، ئیستگەکانی کارەبای لێ سووتاندوون، سایلۆیەکانی گەنمی خاپوور کردووە و دارزەیتوونەکانی لەڕەگەوە هەڵکێشاوە و بە تاڵانی بردوویەتی بۆ مەزراکانی خۆی لە ناوەوەی تورکیا و ڕۆژانە دەکوژی و دەبڕی و دەسووتینێ و کەس کەسیش ناڵی لەل. خۆ لەو ساتەی ژێرنووسی تیڤیەکان هەواڵی کوژرانی هاووڵاتی کورد لە باشووردا نیشان دەدا، لە هەمان چرکەدا، دیمەنەکانی گشتوگوزارکردن لە تورکیا دەگوێزێتەوە و هانی خەڵک دەدات زوو بگەنە ئەو بەهەشتە و ڕێکڵام بۆ کاڵایەکانیان دەکات، کە بە پارەکەی ئەم هاووڵاتیانە بوونەتە قوربانی.


ڕەنگبێ، هەبێ بڵێ، ئەو ئەرکی شارستانییەت نییە، کۆی دانیشتووانی ئەم جیهانە بەختەوەر بکات، لێ، من بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە دژی ئەوەبم، ئەوان بە دوکەڵی ئەو نەت و گاز و خەڵوز و ماددە تیشکدەرانە، ژینگەمان پیس کەن. خۆ ئێمە جگە لەو ماڵەی زەوی، هیچ شوێنێکی دیکەمان نییە ڕووی تێکەن. ئەوان بە ناوی شارستانییەتەوە، سالانە لووتکەی پاراستنی ئاوو هەوا دەبەستن، بەڵام نویترین چەکی تیشکدەری ئەتوومیش لە ئۆکراین بەکار دەهێنن. جەنگەڵ و دارستانەکان دەبڕنەوە و هەورەکانی ئاسمان دەدزن و چ زبڵ و خاشاکە، لە داو و دەرمان خواردن بۆ وڵاتە هەژارەکانی هەناردە دەکەن.

شارستانییەتی مۆدێرنە، گەر نەشتوانێ ئەم حەشیمەتی جیهان بەختەوەر و ئاسوودە بکات، دەبێ کاربکا نەختێ لە زەرەر و زیانەکانی کەم کاتەوە، لە سایەیی ئەو هەموو فابریقە و کۆمپانیای ئۆتۆمبیلە، لە هەر 23 چرکەیەک، لەم جیهانەدا، کەسێک دەبیتە قوربانی هاتووچۆ، کەچی ئەوان هەر سامان قەڵاچن دەکەن.

شارستانیەتیی وەهم، وای لە خەیاڵدانی گەنجانی وڵاتە هەژار و پاشکەوتووەکان وێنا کردوە، کە وڵاتی وان بەهەشتە و 110 ملیۆن کەس دەربەدەر و ئاوارەی وڵاتان بووین، هەر ئەمساڵ نزیکەی 800 هەزار کەس لە ڕێی کۆچ و خۆ بەدەریادادان گیانیان سپاردووە بەو خەونەی بگەنە کەناری ئەو شارستەنییە وەهمییە.

دەکرێ بە فڕۆکە بەسەر پاریس، مەدرید، ڤێنادا بفڕیت و لە دڵی خۆتدا بڵێی:"وای، کە وڵاتی جوان و دڵگیرن"، بەڵام گەر تێکەڵ بێ لەگەڵ دانیشتوان و ئاشنا بی بە کەلتووریان هەست دەکەیت، کە واقیعی ژیانحاڵ زۆر جیاوازە.

لە دەرگا دەدەن، دوو کیژۆڵەی ناسک و نازداری باج لە سەر سینگ، خۆیان وەک خێرخواز دەناسێنن و دوای دادانی وتارێکی درێژ دەربارەی گیانداران، داوت لێ دەکەن، گەر کۆمەک و ئابوونەیان پێببەخشی بۆ ڕزگارکردنی گوێدرێژەکانی ئەفریقیا، گۆیا زۆر برسی و بێخزمەتن. تۆیش پێیان دەڵێ، کارەکەتان گیانداردۆستانەیە، بەڵام خۆ ئێوە لەسەر ڕێگا، دەیان لانەوازەی بێجێ و بێڕیتان دیت – ئەوان بەو کەسانە دەڵین هۆملێس، خۆ ئەوان هاووڵاتی و هاوشاری خۆتتان، کۆمەک بۆ ئەوان کۆبکەینەوە لە جیاتی گوێدرێژەکانی ئەفریقیا، باشتر نییە؟" کیژەکان لێو لێهەڵدەقرچینن و دەڵێن، ئەوان ڕێکخراوی خۆیان هەیە. چونکە ئەو دەزگا میدیا زەبەلاحە مێشکی ئەم کیژانەشیان شووشتۆتەوە.

لە سایەیی ئەم شارستانییە مۆدێرنەدا، لە ساڵی 1800ەوە تاوەکو ئیمڕۆ، نزیکەی 37 ملیۆن کەس لە جیهاندا لەبرسان مردوون. نزیکەی 700 ملیۆن ئینسان، دەستکەوتی ڕۆژانەیان لە 2 دۆلا کەمتر و ملیارێک و 300 ملیۆن کەس لە سەر هێڵی هەژاری مام ناوەندین. لە سەتا 9 دانیشتوانی جیهانیش لە ژێر هێلی هەژارین، نانی شەوانیان نییە بیخۆن.


ئیمڕۆ، شارستانناسان، ڕاستگۆییانە دەڵێن، ئەوانەی لە شارسانییەتی سەردەمی کشتوکاڵی و ڕاو و شکار ژیاون، گەڵیک بەختەوەرتر بوون، لە ئێمەی شارسانییەتی مۆدێرنە. لە لای ئێمە، تەکنەلۆژیای سەردەم، هەرچی جوانیی سرووشت هەیە کووشتییەتی، کێ مانگ دەبینێ؟ کی بۆ خۆرهەڵاتن دادەنیشێ؟ کۆ ئاشنایەتیمان لەگەل باڵندە و گیاندارە کێوییەکان؟ ئەسەڵەن زۆربەمان لی قڕ کردن و دارستان و بێشە و ماڵ و حاڵمان لی وێران کردن. ساڵانە شفرەی هەزاران فیل، لە پێناو عاجە بەقیمەتەکەی بە مشاری ئەلکتریکی دەبڕینەوە، بەڵام سەگێکی قاچ شکاو لە تیڤیەکاندا نمایش دەکەن، گۆیا دەیانەەوێ تیماری بکەن.

سەردەمی مۆدێرنە، کە هەرچی داب و نەریت و کەلتوورە، بە درووشمی ئازادی و ماف و مرۆڤدۆستی هەیە پێشیل کردووە، هۆی سەرەکی گەورەترین دەردی سەردەمە کە ئەویش" فشار - سترێس" ە. کە ساڵانە هۆکاری خۆکووشتنی پتر لە 700 هەزار قوربانییە. ئیمڕۆ ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ لەسەتا 33 و بە شێرپەنجە لە سەتا 18 و بە نەخۆشییەکانی هەناسە لە سەتا 8 ە و کێرڤەکەش وەک نرخی زێر، هەر لەهەڵکشان دایە.


شارستانیەتیی سەردەم، ئاماری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر بە نزیکەی 14 ملیۆن کەس دەخەمڵێنێ کە چارەسەر وەردەگرن و 296 ملیۆنیش بەکاربەرن، بەڵام بێئاگان لەوەی کە بە گوێرەی داتاکانی فەرمی حکوومەتی عێراقی، لە سەتا 40 گەنجانی ئەم وڵاتە، لە کوڕ و کچ، ئاڵوودە بوون. بە نیوێژی نیوەڕۆیە لە شەقامەکانی تاران و تەبرێز، ژن و پیاوو منداڵ، بانگ دەکەن:" دارۆ ... دارۆ.. دارۆ... ." ئاڵوودەبوون بەم ژەهرە سپییە، لە جیهاندا بە ڕیژەی لەسەتا 40 زیادی کردووە، ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی وادەڵێن.

خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەند بدینەوە، ئەوا دیمەنەکان زۆر تەڵخ و ناشیرین و تۆقێنەرن. ڕێکلامی شارستانیەتیی ڕۆژاوا، خەڵکی ئەم ناوچەیەیان خستووەتە گێژەنێک، مەگەر هەر گێژەنی ئەسکەندەر وابێ. هەژاری و نەخوێندەواری و نەخۆشی، بە شێوەیەک لەگەڵ شارستانییەتیی مۆدێرنە ئاوێتە بووە، سەگ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە. هەرچی دەزگای پەروەردە و تەندرووستی و داد و خزمەتگوزارییە داتەپێنراو و مرۆڤەکان، ئەوانەی هەبووشن، ڕۆژانە تەمەنای مەرگی خۆیان دەکەن، کە لە ماڵ دەرچوویت، دڵنیا نیت، کە جەنازەکەت لە پزیشکی دادوەری نادۆزنەوە و جارێکی دێ ناگەڕیتەوە ماڵەوە.

بۆ ئەمە وایە؟


وابزانم، هێنری کیسنجەر بوو، گوتی:"هەر کەسێ دەست بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەند دابگرێ، دەست بەسەر هەموو جیهاندا دادەگرێ"، بیل کلینتۆنیش بوو گوتی:'دەبێ خۆرهەڵات، ئەم سەدەیە، ئەمەریکی بێ." جا هەرچی شەڕوشۆری ئەم جیهانەیە دەیهێنە سەر خاکی وڵاتانی خۆرهەڵات، لە پێناو بەردوام مانەوەیان لەم ناوچە نەفتاوییەدا. ئاشکرایە، خۆمەینی بە فڕۆکەی فەڕەنسا گەێندرا تاران، قەزافی بە فڕۆکەی ناتۆ کوژرا، بەهاری عەرەبی دەزگای سی ئای ئەی و مۆسادی لە پشت بوو، درووستکەر و پشتیوان و هاوپەیمانی داعش ئەو سی وڵاتە بوون، کە بە نوێژی نیوەڕۆ، بە فڕۆکە لە کەنەدا و ئۆستوڕالیا و جەزائیر چەکدارەکانیان هاوردە دەکرد بۆ تورکیا و دوای مەشق و ڕا‌هێنان دەگوێزرانەوە بۆ نێو خاکی سوریا و عێراق.


بۆیە کەش وهەوییەکیان لەو ناوچانە درووست کرد کە هەم خەڵکەکە هەوڵبدا چۆڵی بکات و هەم گرووپ و تاقمی چەکداری سەر بە خۆیان هەبێ، بۆ ڕۆژی پێویست.

ئێوە سەیری ئەم فلیمە بکەن: ناسای ئەمریکا دەزانێ 175 ڕۆژی دێ گاشە بەردێکی سێ تۆنی لە ئاسمانەوە دەگاتە زەوی و لە فڵان ناوچە بە ئەرزی دەکەوێ، بەڵام نە ئەو و نە دەزگای هەوڵگریی میسر و ئیسرائیلی، نازانن و بێئاگان کە حەماس 500 کیلۆمەتر تونێلی لەژیر غەززە لێداوە – ئەم دوو دەزگا هەواڵگەرییە پڕ زانیارییترین دەزگای هەواڵگرین لە ناوچەکەدا. خۆ ئەگەر مێروولە 100 مەترێک زەوی بکۆڵی بووایە، دەیان کامێرا و زانای لەسەری کۆ دەبوونەوە، بەڵام 500 کم تۆنێلی غەززە، سڕڕ و لوغزە.


دەبێ، ئەو شتانە ڕووبدەن، لە پێناو درێژەدان بەشارستانییەتی وەهم. ئاخر تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو دایکێک، جووتە گوارەی خۆی دەفرۆشت بۆ مامۆستای دەرسی خسووسی تا کوڕەکەی نمرەی باش بێنێ، ئیستا هەمان دایک، دەڵێ، هەرچیم هەیە و نیمە فرۆشتوومە، 3 دەفتەرم هەیە، هەردوو کوڕەکەمی پێ دەنێرمە لەندەن.


چۆل بوونی دەڤەرێکی وەکو پژدەر لە گەنج و مانەوەی هەزاران کچی قەیر لە ماڵەکانیان، بەبێ نەخشە و دەست نییە، کە لە پشت ئەم گۆڕانکاریانەن کە زۆرمان نایانبینین.


تۆ سەیری ئەو شانۆگەرییە بکە، لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا، دادە زارا لەسەر ئەوەی دوو منداڵی فێرە نووسینی کوردی کردووە، دەخرێتە زیندانەوە، لە باشووریش، دوای 65 ساڵ خەبات و هەزارن هەزار قوربانی، ئەو ئەندام پەرلەمانەی بە دەنگێ ڕەش و ڕووتان گەیشتووەتە پۆستەکەی، واژوو کۆدەکاتەوە، تا بە یاسا لە پەرلەمان، زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانی فەرمی پەروەردە و زمانی کوردی نیمچە لەغوو بکرێت. وەزاڕەتی پەروەرديش بابەتی زمانی کوردی لە ئەزموونەکانی قۆناغی 12 دەسڕیتەوە... هیج لەم ڕەفتارانە لە هەواوە و خۆڕسکانە هەڵنەتۆقیوون، بەڵکوو دەستیان لە پشت و بە خرواران دۆلاریان بۆ هەڵڕیژراوە.


لە زۆربەی وڵاتاندا، ئاستیی نەخوێندەواری نزم دەبێتەوە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو عێراق و سوریا ساڵ دوای ساڵ ئاستەکە بەرزدەبێتەوە، وڵاتێکی وەکو عێراق، لە سایەیی ئەم شارسانییەدا، لە ڕیزی یەکەمەکانە لە پیس و پۆخڵی و تاونکارییدا، خاوەن 11 ملیۆن منداڵی سەر شەقام و 6 ملیۆن بێوەژن و 4 ملیۆن تەلاقدراوە و ڕێژەی بێکاری هەر لێگەڕێ، لە دوو ساڵدا، 27 هەزار کەس، بە شاهید و بە ئیسپات، بوون بە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای ساختە. تا ئەم دوایەش لەسەر پردەکانی بەغدا پاسەوان داندرا بوو، بۆ ڕێگریکردن لەو دایکانەی منداڵەکانیان فڕیدەدەنە نیو ڕووباری دجلە. ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن، لە یەک ڕۆژدا فرۆشی نەوتی ئەم وڵاتە، نزیکەی 3 ملیۆن بۆشکەیە، نرخی هەر بۆشەکەیەک نزیکەی 80 دۆلارێکە.


جومگەیەکی بایەخداری کۆمەڵ، کە شارستانییەتی مۆدێرنە، 300 ساڵیک دەبێ کاری لەسەر دەکات، سەندنەوەی ژنایەتییە لە ژن. هەم بۆ ئەوەی بیانکەن بە کۆیلەی کارخانەکانیان و هەم بۆ ئەوەی زۆرترین چیژیی جەستەییان لێ وەرگرن. ئەمە بە درێژایی مێژووی شارسانییەت هەر وا بووە، بەڵام مۆدێرنە گەیاندییە ترۆپکی مەحروم کردنی ئەم مرۆڤە لە هەستکردن بە مرۆڤ بوونی خۆی.

چۆن؟ جوانترین مەخلووق کە خوداوەند لەسەری ئەم ئەرزە درووستی کردووە، ژنە. ژن گەڵی جوانترە لە ڤینۆس و سیوەیل و گەڵێک سۆزبەخشتر و خەمخۆرترە لە هەرچی بوونەوەر هەیە. ژن، وەک دایک و وەک هاوسەر و وەک کچ و وەک خوشک، کۆڵەگەیەکی سەرەکی بونیاتی کۆمەڵە، دەرهێنانی یان شکاندنی ئەم کۆڵەگەیە، داتەپینی کۆمەڵە. جا هەرچی فەن و و فنوون هەیە دەزگا زەبەلاحەکەی میدیای شارستانیەتیی مۆدێرنە، لە پێناو شکاندنی ئەم کۆڵەگەیە بەکاری هێناوە و تا ڕادەیەکی زۆریش، سەرکەوتووە. ئێمڕۆ، لە ڕۆژاوادا، تاق و لۆقە خێزان، وەک خێزان بونیاتی ماوە و لەبەر یەک هەڵنەوەشاوەتەوە. شارسانییەتیی مۆدێرنە، دوو سەرە، لە یەک کاتید کاری کردووە، لە لایەک تا ژن هەست بەبی کەسێتیی خۆی بکات، هەمیشە وابزانێ ئەو بووکەشووشەیە، دووەم، لەبەرچاوی پیاو، ژنی سووک کرد، بەوەی کە ژن جگە لە لە چیژی سێکسی ناتوانی هیچ بە پیاو ببەخشێ. لە کۆڵانەی گەڕەکەمان لە دوبلن، لە 35 خێزان، بە هەموویان 7 منداڵیان هەیە، 12 خێزان یەک کەسییە، یان دوو پێرن سەریان پێکەوە ناوە. ئەوان لە منداڵ تۆراون، ئەوان لە پیاو دوور دەکەنەوە و پیاوەکانیشیان فێرە سەرجێی گۆڕینەوەن. جا لە ڕێی فلیمی ڕووت و هەزاران ماڵپەڕ و کەناڵی سێسکی، هەرچی جوانیی ژن هەیە لیی سەندراوەتەوە. ژن هەرچەند جوان و خوێنشیرین بێ، لە ناو پاس و شەمەندەفەڕ و بازاڕدا، زەڕرەیەک هەستی پیاوەتی نابزوێنن، چونکە ناتوانی جوانییەک لەواندا بدۆزیتەوە و سەرنجت ڕاکێشن، واتە جوانیی ژنیان لەبەر چاوی پیاو کووشتوە.


ئەم پەتایە، زۆر خراپتر، لە نێو کۆمەڵانی ڕۆژهەڵاتدا تەشەنەی کردووە. بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاقدان و لێکترازانی خێزانی، خۆ بەبێ هۆ نییە. ئاکامەکانی ئەم دیاردەیەش گەڵیک زۆرە، لێرە جێیان نابێتەوە باسی بکەین، دڵنیام ئێستا، ئیوە کە ئەمە دەخوێنەوە، چەندان ڕووداو و سەربوردە و بەسەرهاتنان دیتەوە پێش چاو، کە لە ژینگەکەی خۆتان ڕوویداوە، بەڵام ناپرسن، هۆکارەکەی چییە... ئێمرۆ، ژن، وەک کائینێکی شێتی لێهاتووە لە ڕۆژهەڵات، وێلە بەدوای جوانیدا، بێخەبەرە لەوەی کە جوانیی حەقیقی شاراوەیە، لە دڵە، لە مێشکە، لە دەروونە، نەک هەر لە چاو و لووت و کۆڵمە. کارداشیان، درووستکراوێکی ئەم دەزگا زەبەلاحەیە، بۆ فریودانی هاوڕەگەزانی خۆی و بوونەوەرێکی دوورە لە واقیعی کۆمەڵگای رۆژهەلاتی.

جێگەی داخە، کە دوای 7 هەزار ساڵ لە داهێنان و دۆزینە و ئەفراندن، ئەقڵی مرۆڤ، شارستانییەتێک بەرهەم بێنێ، کە مرۆڤکوژ و ژینگە کۆژ و خۆکۆژ بێ.

شارستانییەتیی وەهەم، ئەم ڕۆژە پەرەی سەند و ئێمەی گەیاندە ئەم رۆژگارە کە ماددە بووە گەورەترین دەستکەوتوو و ئەخلاق مەحف بۆووە و نەما و ئایین بوو بە پەیژەی بەرژەوەندیی کەسی.


با بچمەوە لای پیاوە نەساغە سەروڕیش ئەفڵاتوونییەکەی، لە نۆرینگەیەکدا لە شاری دوبلن، لە هۆدەی چاوەڕوانیدا لە تەنیشتم دانیشتبوو، دوای گفتوگۆیەکی خۆش گوتی:


- - من ئێستا هەر ئەوەندە هەست بە خۆشی و ئارامی و هێمنی دەکەم، کە لەگەڵ نەوەکانم دادەنیشم و یاری دەکەم، ئەوان منداڵن، جیهانەکەیان پاک و بێگەر و تایەنە، دەنا هەموو شوێنێک لەم جیهانەدا نائارامە و پیاو هەمیشە لە ڕۆحی خۆی دەترسێ. ئەم شارستانییە تەنها و تەنها وەهمە، نەکەی پێی هەڵخەڵەتێ."

منیش چاوەکانم خستە سەریەک و نەنکم بیرهاتەوە، کە منداڵ بووم، حیکایەتی کوڕە کەچەڵی بۆ دەگێرمەوە....

.... پاشا مرد و خەڵکیان لە مەیدانی ناوەندی شاری خرکردەوە، بازیان هەڵدا، باز لەسەر شانی کوڕە کەچەڵی هەڵنیشت و کرا بە پاشا.

کوڕە کەچەڵ، کوورەچی حەمامێ بوو، هەموو دەست و دەموچاو و جلکوبەرگی خەڵۆزی ڕەش بوو، بردیانە حەمامێ و پاکیان کردەوە و جوان پۆشیان کرد و لە کۆشکی پاشا لەسەر کورسییان دانا....

ئەم سەردەمە، سەردەمی شارستانیەتیی مۆدێرنە، چەند لەم حیکایەتەی نەنکم دەچێ، زۆر ئاساییە، قوتابییەکەی پۆلی سێی بنەڕەتی، لەنکاوڕا ببێتە مێر و پاشا و ئاغای وڵات، خۆشی نەزانی چۆن... ئەمە سەردەمی شارستانییەتیی وەهمە، هەموو شتێ تێیدا ڕوو دەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×