ئا: ئاوێنە
لەماوەی کەمتر لەدوو مانگدا رۆژائاوای کوردستان زیاتر لە 6000 جار لەلایەن حکومەتی تورکیاوە کراوەتە ئامانجی درۆنو فڕۆکە سەربازیەکانی، لەم هێرشانەدا دەیان نەخۆشخانەو قوتابخانە وێران کراونو گیان لەدەستدانی سەدان منداڵو هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتەوەتەوە، بێ ئەوەی کەس لەسەری بێتە دەنگ.
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەئاگری پێشێلکردنی مافی مرۆڤو نادادپەروەریدا دەسووتێت، ناوچەیەکی تاڕادەیەک ئارام لەڕۆژئاوای کوردستان، لەدوای بەهاری عەرەبیو راپەڕینی گەلی سوریا دژی بەشار ئەسەد، لەلایەن کوردەوە دامەزراوەو بەڕێوەدەبرێت، کە جێی سەرنجی زۆربەی جیهانەو لەم رۆژانەدا دەستوری بەناوی "پەیمانی كۆمەڵایەتی" پەسەندكرد.
لەم ناوچەیەدا کوردو عەرەبو ئەرمەنی، موسڵمانو ئاشوریو کلدانو ئێزیدیو دروزو عەلەوی شان بەشانی یەکترو لەگەڕەکی یەکتردا بەبێ جیاوازی دەژین، خەڵک بەشێوەی هەرەوەزی دەچێننو دروێنە دەکەن، فرەژنی قەدەغەیەو ژن بەڕێژەیەکی بەرچاو لەهەموو پۆستە ئیداریو سەربازیەکانی بونێکی کاراو کاریگەری هەیە.
کێشەی ئەم ناوچەیە ئەوەیە بەردەوام لەلایەن دوژمنە سەرسەختەکەی کوردەوە دژایەتیو هەڕەشەی لێدەکرێت، دەوڵەتی تورکیا لەماوەی کەمتر لەدوو مانگدا زیاتر لە ٦ هەزار جار کەوتۆتە بەر هێرشی ئاسمانیو ژێرخانی ئابوریو قوتابخانەو نەخۆشخانەکانی کراونەتە ئامانجو لەو هێرشانەدا زۆرترین قوربانیەکان منداڵانو بەساڵاچوانو خەڵکی سڤیل بوە.
دەوڵەتی تورکیا، سەرقاڵبونی ناوچەکەو جیهانی لەماوەی ئەم دو مانگەدا بەجەنگی غەزەو شەڕی ئیسرائیلو حەماسەوە، قۆستوەتەوەو بەبێدەنگی پەیتا پەیتا مۆدێرنترین درۆنو موشەکو تۆپخانەو فڕۆکە جەنگییەکانی ئاڕاستەی رۆژئاوای کوردستان دەکاتو کوشتارو کاولکاری دەکات.
ئەردۆغانو سوپای تورکیا هەر بەبۆردومانی ژێرخانەوە نەوەستاون، بەڵکو شێلگیرانە کاریان لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستانیش کردوە، لەو شارە کوردیانەدا کە لەماوەی ساڵانی رابردودا بەهێزی سەربازی تورکیا داگیری کردون، یەکەی نیشتەجێ بون بۆ خەلكێک دروستدەکەن کە خەڵکی رەسەنی عەفرینو ناوچەکە نین، ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە تورکیا لەباکوری قوبرسو سەدام حسێنو بەعس لەکەرکوک پەیڕەویان کردو لەداهاتودا دەبێتە یەکێک لەکێشە گەورەکانی ئەم ناوچەیە.
سوپای تورکیا نەک هەر کوردەکانی خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانەی دەرکردوەو خەڵکی دیکە دەهێنێتو لەشوێنیان نیشتەجێیان دەکات، بەڵکو تەنانەت باخی زەیتونو دارو دارستانەکانی ئەوانیش دەبڕێتەوەو زەوییە بەپیتەکانیان وێران دەکات.
دەوڵەتی تورکیا هەمو رێگایەک بەکاردەهێنێت بەلاوازکردنو لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا، هەر لەهێرشی ڕاستەوخۆوە بگرە تا دەگات بەگوشار بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەکارهێنانی کارتی پەنابەران، بەبارمتەگرتنی ئەندامێتی سوید لەناتۆ، دروستکردنی ناکۆکیو دوبەرەکی لەنێوان کوردو هۆزە عەرەبەکان لەڕۆژهەڵاتی دێرزور، هەوڵدان بۆ ئازادکردن دیلەکانی داعش کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدان، پێدانی ئیمتیاز بەڕوسیاو تەنانەت کۆبونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەدو دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا بەمەرجی کۆتایهێنان بەدەسەلاتی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تورکیا یەکێکە لەوڵاتانی ئەندامی ناتۆو سەڕەرای هاوکاری هێزەکانی ئەمەریکا لەڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بۆ بەرەنگاربونەوەی "تیرۆر"، بەڵام تا ئێستا لەبەرامبەر ئەم هەموو هێرشە بەردەوامانەی تورکیادا ئەمەریکیو ئەوروپییەکان چاویان داخستوەو بێدەنگن. لاوازی هەڵوێستو بێدەنگی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژئاواش سەبارەت بەکردەوەکانی ئێستای تورکیا، زیاتر ئەو وڵاتە هاندەدات بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.