مەزڵوم عەبدی: ئەمریكییەكان فشار ناكەن بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیا
  2023-12-29     

ئا: ئاوێنە

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ماوەى چەند ڕۆژێكە توركیا هێرشی بەردەوام و چڕی بۆ سەر ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردوەتەوە، ئەمریكییەكانیش فشاری پێویست ناکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە ڕۆژی شەمەی ڕابردوەوە توركیا دەیان هێرشی بۆ سەر شارو ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردوە، لە ئەنجامدا زیانی ماددی و مرۆیی گەیاندوە بە ژمارەیەك دامەزراوەی خزمەتگوزاریی، كە خزمەت بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، هیچ ئەندامێكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سوریا بونی نییە، ئێمەش هیچ پەیوەندییەكمان بەو شتانەوە نییە، كە لە شەڕەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە هەرێمی كوردستان ڕودەدەن، ئەمریكییەكانیش فشاری پێویست ناكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.

مەزڵوم عەبدی وتوشیەتى، لەلایەن میلیشیاكانەوەو لە خاكی عێراقەوە چەندین جار هێرش كراوەتە سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنكەكانی ئەمریكا لە سوریا، بەڵام هیچ جوڵەیەكی سەربازیی نەبوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

سەبارەت بەو دەستورەی كە لە ئەم دواییانە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەری كرد، مەزڵوم عەبدی وتی، ئەو دەستورە و یاساكان ئامانجی جیابونەوە نییە، بەڵكو خۆبەڕێوەبردنی ناوچەكانمانە، ئامانجی جیابونەوەمان لە سوریا نییە.

ئەوەشی خستەڕو، تا ئەم ساتە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى هیچ وەڵامێكی ئیدارەی ئەمریكای نەبیستوە سەبارەت بە دەستورە نوێیەكەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هاوکات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) داوا لەئەمەریکا ده‌كات کە ڕێگریی لەهەر فرۆشتنێکی نوێی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا بکات.

عەبدی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پێگه‌ی‌ ئەلمۆنیتۆر، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ده‌ڵێت، داوایان لەئەمەریکا كردووه‌ کە ڕێگریی لەهەر فرۆشتنێکی نوێی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا بکات.

توركیا پاساوی‌ هێرشه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هێزەكانی سوریای دیموکرات‌و گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -په‌كه‌كه‌- و كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر توركیا.

به‌ڵام مەزڵوم کۆبانێ ڕەتیدەكاته‌وە کە هێزەکانیان بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەهێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر تورکیاوە هەبێت و ڕایگەیاندووه‌، پەکەکە ئامادەیی سەربازیی لەو ناوچانەدا نییە كە لەژێر دەسەڵاتی ئەودان.

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر هیچ هێرشێکی پەکەکە لەخاکی سوریاوە لەساڵانی ڕابردودا دژی تورکیا ئەنجامدرابێت.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×