"٤ بەندكراوی سیاسی كوردی رۆژهەڵات مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە"
  2024-01-19       510       

ئا: ئاوێنە

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە مەترسی جددی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد، هۆشداری دەدات و داوا لە بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات لەسێدارەدانی ئەو کەسانە ڕابگرێت.

 

 ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، دوێنێ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بەشێوەی دادگاییکردنی نهێنی زۆر نادادپەروەرانە و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پژمان فاتیحی، وەفا ئازەربار، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسن مەزلوم و پشتڕاستکردنەوەی سزاکانیان لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە لە 2ی مانگی یەک، ئاماژە بەوەش دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبونەوەی رێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییەش زۆرە و ژیانیان لەمەترسییەکی گەورەدایە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەكەیدا وتویەتی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنی ئەو زیندانییە سیاسیانەو تۆمەتەکانیانی ڕانەگەیاندوە و هەروەها پارێزەرەکانیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان بێ بەشكراون.

رێكخراوەكە بە ئاماژەدان بە کۆبونەوەی خێزانی ئەو زیندانییە کوردانە لە بەردەم زیندانی ئێڤین لە چەند رۆژی ڕابردودا، وتویەتی، ئەو خێزانانە بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کراون و هەڕەشەی "کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن"یان لێکراوە ئەگەر بێتۆ بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

پێنجشەممەی ڕابردو ئەبرام پیلی، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە کوردەی شەرمەزار کرد.

هەروەها سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، جوانە تەیمەسی، هاوسەری موحسین مەزلوم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە "دەرکردنی ئەو سزا ناڕەوایە بۆ ئەو چوار کەسە لە کاتێکدایە کە ئەوان مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆیان نەبوە و تەنها بیانوی حکومەتی ئێران بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدانیان، دانپێدانانێکی زۆرەملێیە کە هەمومان دەزانین لە چ بارودۆخێکدا لێیان وەرگیراوە و بۆیە نابێت وەک بەڵگە چاوی لێبکرێت."

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستبەسەرکران و نزیکەی دو مانگ لەمەوبەر لە دادگایەکدا بە تۆمەتی "موحارەبە" و "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان و موحسین مەزلوم تەمەن 27 ساڵ خەڵکی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ خەڵکی بوکان و پژمان فاتیحی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی کامیاران لەو کاتەوەی لە ساڵی 2022وە دەستبەسەرکراون، نە مافی بینینی خێزانەکانیان هەبوە و نە مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر هەبوە.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی دەڵێن ژیانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×