"هیچ ئاماژەیەک نییە ئه‌و شوێنه‌ی‌ له‌هه‌ولێر بۆردومانكرا بنکەی سیخوڕی بوبێت"
  2024-01-21     

ئا: ئاوێنە

 

سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق کە سەردانی ماڵی پێشڕەو دزەیی کردبو، دەڵێت، "هیچ ئاماژەیەک نییە ئه‌و شوێنه‌ی‌ له‌هه‌ولێر بۆردومانكرا بنکەی سیخوڕی بوبێت". 

 

رۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢١ / ١، یەکشەممە، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لەژمارەیەک ئەندامی هەردو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بەیاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بەچەند موشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە موشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بەشوێنەکە گەیاندووە". وتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی‌ بووەو هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بوبێت".

عەباس زاملی ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبوبێت؛ ئێران دەیتوانی لەرێگەی هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەگفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی موشکەی بکاتە سەر ماڵی هاوڵاتیەکی مه‌ده‌نی‌".

هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، تەواوی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی و هێرشە موشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، "پێویست بون" خستویانەتە بەردەستی لیژنەکە.

رێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج "شوێنێکی مه‌ده‌نییه‌و خانوی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بەپرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان".

شەوی 15ی ئەم مانگە بە 11 موشەک ھێرشکرایە سەر شاری ھەولێرو دەوروبەری، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشەکانی لەئەستۆ گرت‌و پاساوی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ بۆ بونی‌ بنكه‌ی‌ هه‌واڵگریی ئیسرائیل گه‌ڕانده‌وه‌.

پێنج لەو موشەکانە بەر ماڵی سەرمایەدارێکی ھەولێر کەوت بەناوی پێشڕەو دزەیی کە لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی تەمەن 11 مانگی‌‌و میوانێک و کارگوزارێکی گیانییانلەدەستداو چەندین کەسی دیکەشی برینداربون. 

ھاوکات کارگوزارێکی بەڕەگەز فلیپینی تا ئێستاش بێ سەروشوێنەو تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنی تەندروستی سەرقاڵی پشکنین و گەڕانن بەدوای تەرمی کارگوزارەکە فلیپیینیەکەدا.

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×