حامیدی حاجی غالی زانیاری لەبارەی "کۆنترۆڵکردنی" سەنتەرەکەیان لەلایەن کۆماندۆی یەکێتییەوە ئاشکرا دەکات
  2024-01-22       1745       

حامیدی حاجی غالی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف ڕایدەگەیەنێت، خۆی و بەشێک لە ستافی سەنتەرەکەی لەگەڵ ئەوەدان لەژێر چەتری یەکێتیدا ئیش و کارەکانیان ڕاپەڕێنن، بەڵام هەریەک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی میناو چەند کەسێکی تر ڕای جیاوازیان هەیە.

ئاوێنە: حامیدی حاجی غالی، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەم سنورەداین و لە ژێر چەتری یەکێتیداین، من بە بێ یەکێتی ئیش لەو سەنتەرەدا ناکەم. گەر یەکێتی هاوکاری کردین، ئیش دەکەم، هاوکاری نەکردین، لێی دەردەچم و ڕادەستی ئەوانی تری دەکەم."

مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بون، بەڵام بەشداری کۆنگرەی پێنجی یەکێتییان نەکرد و لە ئێستادا هیچ پۆستێکی حزبی فەرمییان لەنێو ئەو حزبەدا نەماوە.

حامیدی حاجی غالی وتیشی، "لەبارەی بونی سەنتەرەکە لە ژێر چەتری یەکێتی دا، ئەوان ڕایەکی تریان هەیە و ڕاکەیان جیاوازە لە من."

سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف لە ساڵانی 2000 بۆ 2001 لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی نێو یەکێتی و کۆمەڵێک کەسایەتییەوە دامەزرێنراوە. ساڵانە لەناوچەی قەرەداغ ڤیستیڤاڵی کلتوری ئەنجام دەدەن.

دوێنێ یەکشەممە، هەواڵی کۆنترۆڵکردنی سەنتەرەکە لەلایەن هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی لەشاری سلێمانی بڵاو کردەوە، گوایە هێزەکە لەسەر داوای حامیدی حاجی غالی و بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەنتەرەکەیان کۆنترۆڵکردوە.

حامیدی حاجی غالی وتی"سەنتەری ئێل بەگی جاف لە بینایەکی کۆندا بو، من بینایەکی تازەم بۆ سەنتەرەکە گرتوە کە هەرگیز سەنتەرەکە بینای وای نەبوە. بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتی کردین و هەمو کەرەستەی تازەی بۆ بینا تازەکە دابینکرد."

هەروەها وتیشی، "بینا کۆنەکە پێشتر نەخۆشخانەی چەمی ڕێزانی تێدابو، وتم کاک بافڵ ماڵتان ئاوا بێت و بینا کۆنەکە جێدەهێڵین و دەچینە بینا تازەکە، ئەوانیش ڕۆیشتونەتە بینا کۆنەکەو 5 خولەکیان پێچوە بۆ ئەوەی سەیری بکەن و دواتر ڕۆیشتون، وەڵاهی ئەو هاتوهاوارەی بڵاو بوەتەوە ڕاست نەبو."

جەختیشیکردەوە، "بافڵ پێیوتم، 'ئەو سەنتەرە کاتی خۆی باوکم دروستیکردوە، هەمو پاڵپشتییەکتان دەکەم.'"

چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا بڵاویانکردوەتەوە، ئەو دو سەرکردەیەی پێشتری یەکێتی پەیوەندییان بە سەنتەرەکەوە نەماوە و چەند ساڵێکیش نەڕۆیشتونەتە سەنتەرەکە.

سەبارەت بە هەبونی کێشەی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا لەسەر بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە، حامیدی حاجی غالی وتی، "کێشەشمان هەبێت باسی ناکەم، بەڵام ڕای جیاوازمان هەبوە."

هۆزی جاف بە یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران دادەنرێت و دەیان تیرەی جیاواز لە خۆ دەگرێت، پێکهاتەی ئەو هۆزەش بەسەر حزب و لایەنە سیاسییەکاندا دابەشبوە.

سەبارەت بەوەی تا چەند تیرەکانی جاف ڕازین بەوەی ئەوان نوێنەرایەتییان بکەن و سەنتەریان بەناوەوە دابمەزرێنن، حامیدی حاجی غالی سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف وتی، "خەڵک لەناو خێزانەکەی خۆشی هەموی لێی ڕازی نییە، بەڵام تا ئێستا ناڕەزایەتیم نەبیستوە. بەهەمو ستافی سەنتەرەوە چیمان پێکرا بێت کردومانەو کەموکوڕیشمان هەبوە، هەرکەس ئیش بکات باشە و کەموکوڕیشی هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×