محەمەدی حاجی مەحمود: رەنگە دو ئیدارەیی لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێم بێت
  2024-01-26       2439       

ئا: ئاوێنە

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بێزاری خۆی بەرامبەر بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوخۆی هەرێم دەربڕی و ڕایگەیاند، ڕەنگە دو ئیدارەیی زیاتر لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە "حزبە سیاسیەکان لە دژی یەکتر زیاتر خزمەتی خەڵکیان دەکرد."

 

محەمەدی حاجی مەحمود بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند "هیوادارم هەرێم نەبێتە دو ئیدارەیی، هەرچەندە لە ڕاستیدا دو ئیدارەیییە. من پێم وایە ئەگەر دو ئیدارەیی بوایە هەندێک لە کێشەکانی خەڵک کە دروستەبێت ڕەنگە لە دژی یەکتری چارەسەریان بکردایە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جێگەی داخە."

محەمەدی حاجی مەحمود نیگەرانە لە هەڵوێستی ئەمەریکا لەمەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و وتی، "ئەمەریکا لە دۆخی موچەخۆران بەرپرسە، چونکە دەستورێک کە ئەو خۆی دایناوە ئێستا جێبەجێ ناکرێت."

وتیشی،" ئەمەریکا هەوڵی دا دەستورێک بۆ عێراق بنوسرێت، ئەمەریکا هەوڵی دا لە هەرێم و عێراق حکومەتێک دابمەزرێ، بۆیە پێم وایە ئەمەریکا بەرپرسە لەوەی موچە نادرێت، چونکە ئەو دەستورەی کە خۆیان و بریمەر دایاننا ...کورد دەبێت گلەییەکانی لە ئەمەریکا بێت، کە ئەم دۆخەی بەجێهێشتوە، لە دەستوردا جیاوازی نێوان پارێزگاکانی عێراق و کوردستان نابێت هەبێت. یوئێنی ئیشی چییە؟ ئەوانیش بەرپرسیارن."

محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند، "هاوپەیمانان تا ئێستاش مانگانە ... مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە ئەکەن، پێم وانییە پەیوەندیەکان لەگڵ هەرێم خراپ بێت، بەڵام ڕوداوە گەورەکان وایکردوە کورد پەراوێز بخرێت، هەرچەندە کورد قەزیەکەی گەورەیەو ناگەڕێتەوە دۆخی دواتر."

وتیشی، "کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و هەواڵی هەڵە وایکرد هەرێم بۆردومان بکرێت لەلایەن ئێرانەوە و عێراقیش کاریگەری هەیە. بە دڵنیاییەوە ئێرانیەکان بەهەڵەی نازانن کە هێرشیان کردوە."

سەرەرای کێشەکان لە هەرێم و خراپی دۆخەکە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی کێشەی کورد لە پرسی دارایی گەورەترە و وتی، " کورد قەزیەیەکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بودجە و موچە گەورەترە."

وتیشی، "کونسوڵی ئەمەریکام بینی، پێم وت بۆ توانیتان بۆ تەیموری بچوک لە ئەندەنوسیا دەوڵەت دروست بکەن، بۆ توانیتان بۆ باشوری سودان و مۆنتنێگرۆ دەوڵەت دروست بکەن و بۆ نەتان توانی بۆ کورد و فەلەستین دەوڵەتێک دروست بکەن؟"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×