"لەساڵی 2023دا تورکیا 1548 جارو ئێران 101 جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان كردووه‌"
  2024-01-29       1799       


به‌گوێره‌ی‌ ئامارێكی‌ ڕێکخراوی (CPT) ئەمەریكیی، لەساڵی 2023دا تورکیا 1548 جارو ئێران 101 جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان كردووه‌. ئه‌ندامێكی‌ ڕێكخراوه‌كه‌ش ده‌ڵێت، "تێبینیمان کردووە ئەو دو وڵاتە بەپلان دەیانەوێت ئەو شوێنانە بەئامانج بگرن کە کۆڵەکەی ئابورین‌و تەنانەت کەسانی بازرگان‌و سەرمایەدارانیش بەئامانج دەگرن".

ئاوێنه‌: ئێوارەی ڕۆژی 25ی 1ی 2024، به‌موشه‌ك هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەسنوری قه‌زای‌ چەمچەماڵ لەهەرێمی کوردستان. بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کورت کارکردن لەکێڵگەکە ڕاگیراو بووە مایەی بڕانی وزەی کارەبا لەناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان.

پێشترو بەپاساوی بونی بنکەی ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی‌ ئیسرائیل -موساد- لەهەولێر، رۆژی‌ 15ی‌ 1ی‌ 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بەچەند موشەکێکی بالیستی ماڵی‌ سه‌رمایه‌دارێكی‌ هه‌ولێری‌ كرده‌ ئامانج به‌ناوی‌ پێشڕەو دزەیی، به‌هۆی‌ هێرشكه‌وه‌ پێنج هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداو شەش هاوڵاتی دیکەش برینداربون.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئەمەریكیی دەڵێت، "ئێمە لەساڵی 2006وە چاودێری بۆردومان و هێرشەکانی تورکیاو ئێران دەکەین لەهەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێمە تێبینیمانکردووە ئەو دو وڵاتە بەپلان دەیانەوێت ئەو شوێنانە بەئامانج بگرن کە کۆڵەکەی ئابورین و تەنانەت کەسانی بازرگان و سەرمایەدارانیش بە ئامانج دەگرن".

ده‌شڵێت، "هێرشەکردنە سەر کۆرمۆر شتێکی نوێ نەبو، لەماوەی دو ساڵی ڕابردودا 11 جار هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر، تەنانەت ئەو دو وڵاتە بزنسی بچوکی هاوڵاتیانیشیان بەئامانج گرتووە، بۆ نمونە لەئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی تورکیا لەساڵی 2021 پڕۆژەی ئاوی (بازف) کە ئاوی بۆ 10 گوندی بەرواری باڵا دابین دەکرد ئەو پڕۆژەیە بەئامانج گیرا، هەر لەهەمان ساڵدا پڕۆژە گەشتیارییەکان بەئامانج گیرا".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "هەر بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە 22 هەزار زەوی کشتوکاڵی لەو ناوچانەدا سوتان، لەساڵی 2007وە تا ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاو ئێرانەوە سوتاون،180 گوند بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە چۆڵکراون، لەئێستاشدا 600 گوند لەژێر مەترسی چۆڵکردندان، بۆیە تورکیاو ئێران بەئەنقەست ئەو شوێنانە بۆردومان دەکەن کە بڕبڕەی پشتی ئابورین و دەبێتە هۆی ئیستقرارییەتی سیاسی."

له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مه‌ریكا، ئەندامه‌كه‌ی تیمی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) وتویه‌تی‌، "ئێمە هیچ زانیاریمان نیە کە ئەو هێرشەی کۆرمۆر کێ ئەنجامیداوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەگەر گروپەکانی سەر بەئێران یان سەر بەتورکیاش ئەنجامیان دابێت دەستێکی هەرێمی تێدایە بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا، لەساڵی 2022شدا 700 کورەی هەنگەوانی بەخێوکردنی هەنگ کە بزنسی بچوکی هاوڵاتیانە لەقەزای ئامێدی لەلایەن تورکیاوە بەئامانج گیراون."

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، "ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت دەکرێت لەداهاتودا پڕۆژەی گەورەی ئابوری و وێستگەی گەورەی بەکارهێنانی کارەباش بەئامانج بگیرێت هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناغە."

کامەران عوسمان ئاماری‌ هێرش‌و بۆردومانه‌كانی‌ توركیاو ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌خاته‌ڕو، "لەساڵی 2023دا، ئێران 101 جار بۆردومانی کردووە، تورکیا 1548 جار بۆردومانی کردووە".

ناوبراو به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌، "چۆن شکایەت لەئێران دەکرێت لەسەر هێرشەکەی هەولێر ئاواش پێویستە شکایەت لەتورکیا بکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغداد لەڕێگای دیپلۆماسیەوە ئەم سکاڵایانە تۆمار بکات کە لەو بۆردومانانەدا تاوانی جەنگیش ئەنجامدراوە، بۆ نمونە له‌ساڵی 2021 لەدەڤەری بەرواری باڵا ئێمە خۆمان چوینە نەخۆشخانەو شاهێد حاڵبوین کە بریندارەکانی بۆردومانەکەی تورکیا لەو ناوچەیە بەغازی قەدەغەکراو بریندار ببون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×