هاوڵاتییانى پێنجوێن بۆ حکومەت: هەرگیز زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەین
  2024-02-04       835       

ئا: ئاوێنە

 

دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن ڕایدەگەیەنن، کە کەمکردنەوەى کارەباى پێنجوێن هێڵى سورە و لەڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەیان دەبێت و هەرگیز زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەن و داوا لە هاوڵاتیانی پێنجوێن دەکەن، خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆتایهێنان بەو "بێڕێزیانەی" بەرانبەریان دەکرێت.

 

لە بەیاننامەیەکدا، دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن بڵاویانکردەوە، بەهۆی بێ باکی کاربەدەستانی حکومەت بەگشتی و خەمساردی و کەمتەرخەمی  دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، شارۆچکەی پێنجوێن ڕۆژ بەڕۆژ لەوێرانەیەکی پشتگوێخراو نزیک دەبێتەوەو بە تەواوی پەراوێز خراوە و وەک ناوچەیەکی سزادراو لەلایەن حوکمەتی هەرێم و حوکمەتی خۆجێیشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بەڵێنانەی لەخۆپیشاندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتەکانی حکومەت درا بە پێنجوێنیەکان، تەنها کردنەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە .

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕێکاری چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی قەزاکەیان خستوەتە بەردەم لێپرسراوان و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن، بەڵام = بەهۆی کەمتەرخەمی یەوە گرفتەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاددەکات و کەڵەکە دەبێت.

دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن دەڵێن: بەهەموو شێوەیەک بێ ئومێد بووین لەچارەسەرکرنی گرفتەکان، بەکورتی ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە گەیاندنی  کێشەو گرفتەکانی ئەم شارە بووە بەلایەنی پەیوەندیدار بە شێوازێکی شارستانی و بێ کەموکوڕی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە، کارەبای پێنجوێن هێڵی سورە لەڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەیان دەبێت و هەرگیز زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەن و داوا لە هاوڵاتییانى پێنجوێن دەکەن، خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆتایهێنان بەو "بێڕێزیانەی" بەرانبەرمان دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×