"تورکیاو ئێران لەساڵێکدا، 1649 جار خاکی کوردستانیان بۆردومان کردوە"
  2024-02-10       794       

ئا: ئاوێنە

 

ڕێکخراوی 'تیمە ئاشتیخوازەکانی کۆمەڵگە'(CPT) ی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، تەنها لە ساڵی ڕابردودا 1649 جار، تورکیا و ئێران بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆردومانکردوە کە لە ئەنجامدا 11 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 13ی دیکەش برینداربونە و زیاد لە 600 گوندیش مەترسی چۆڵبونیان لە سەرە.

 

کامەران عوسمان، بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بوە کە ژمارەیان 1159 هێرش بوە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بوە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردوە."

بە پێی بە دواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بە شێکی زۆر لە گوندنیشەکانی ناوچە سنورییەکان، لە ترسی سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتان ناتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، بەو پێیە لە ناکاو بۆردومان ڕودەدەن و هاوڵاتی مەدەنی گیان لە دەستدەدان.

قایمقامی قەزای ماوەت، وتویەتی"بۆردومانەکان بە دڵنیایەوە ترس و دڵە ڕاوکێی دروستکردوە، چونکە نازانرێت لە چ کات و ساتێک بۆردومانی فڕۆکەکان هەیە، بۆیە هەندێک گوند دانیشتوانەکەی بەهۆی کۆچەوە بەرە و کەمبون ڕۆشتون."

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"بۆردومانەکانی ئەمداوییە بە فڕۆکەی جەنگی کراوە واتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە، لە سنوری ئێمە گوندەکانی گەڵاڵە و سەفرە و قامیش مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی دانیشتوانەکەیەتی، هەر هەفتەی پێشو ماڵی هاوڵاتیەکی مەدەنی کرایە ئامانج، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە."

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکیۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات، پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتوە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بوە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دوەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گوندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.

ڕۆژی سێشەممە 6ی مانگی دوی 2024، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گواراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەشتنە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی میدییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا و دواتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکەش پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،"لە کۆبونەکەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا و هەماهەنگی هەردولا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ناوچەیەدا دەیەوێت فاکتەرێکی سەقامگیری و ئارامبێت و نایەوێت هۆکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی هیچ ناوچەیەک."

کامەران عوسمان بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وتوە،"لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی 2023، 11 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و 13 دیکەش برینداربونە و 161 گوندی ناوچە

سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بەتەواوی چۆڵکراوە بە هۆی مەترسی بۆردومانەوە و زیاد لە 600 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە، چونکە گیانی گوندنشیان بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نیە."

ڕێکخراوی سی پی تی، لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەیان ئەوەیان خستۆتەڕو لە ساڵی 2015 ەوە تا سەرەتای ساڵی 2024، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی هەرو وڵاتدا 150 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 228 ی دیکەش برینداربونە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبوندایە.

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×