ئەردۆغان بۆ یەکێتی: دەرگاکانی لێبوردەیی دادەخەین‌و چی پێویست بێت دەیکەین
  2024-02-15       1393       

ئا: ئاوێنە

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی توند ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات‌و دەڵێت "دەرگای لێبوردەیی دادەخەین، ئەگەر یەکێتی واز لەپشتیوانیکردنی پەکەکە، یەپەگەو پەیەدە نەهێنێت، گۆشەگیری دەکەین‌و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".

 

ئەردۆغان لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا دۆستی دۆستەکانییەتی؛ سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری‌و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بۆ عێراق، بونە هۆی بەلاوەنانی ئەو کەشە نەرێنییەی کە هەیەو هەندێک پێشهاتی باش لەنێوان حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەرێمی کوردستان هاتۆته‌ ئاراوە، ئەو وتی ""ئامادەین هەموو جۆرە هەنگاوێک پێکەوە لەگەڵ دراوسێیەکانمان بگرینەبەر بەمەرجی ئەوەی مەردایەتی‌و ڕاستگۆیی بەلاوە نەنرێت‌و ڕێگە نەدرێت لەسنورەکانمان تیرۆریستانێک دروستبکرێت، هیچ کەسێک وەک ئێمە ڕێز لەیەکپارچەیی خاکی عێراق‌و سوریا ناگرێت".

ئه‌ردۆغان له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا وتى:"چەندینجار هۆشداریمانداوه‌ لەبارەی بۆچونە نەرێنییەکانی سلێمانی، پێیانمانڕاگەیاند لەو ناوچەیە هەندێک پێکهاتەی نوێ دەبینین، پێیانمان وت کە ڕێگە بەمە نەدەن، بەپێچەوانەوە بەتەنها دەمێننەوە؛ چونکە هەموو کاتێک سلێمانی لەسەر دەستماندایەو هاونەتەوەکانمانی لێیە" دیاره‌ ئه‌ردۆغان لێره‌دا مەبەستی تورکمانەکانی کفرییە.

سه‌رۆك كۆمارى توركیا باسی لەپەیوەندییەکانی تورکیاو هەرێمی کوردستان کردو ئاشكرایكرد، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر ئەو تاودانەی بەدەستمان هێناوە بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی هەنگاو دەنێت، بەڵام سلێمانی، واتە سەرکردایەتی یەکێتی سەرەڕای ئەوەی چەندینجار هۆشداریمانداوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوامە لەپاڵپشتیکردنی پەکەکەو یەپەگەو پەیەدە، لەدیدارەکانمان ئەم پرسانەشمان تاووتوێکردو جارێکی دیکە هۆشداریمان پێدان".

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، "هیج کەسێک چاوەڕێی ئەوە لە ئێمە نەکات هەڵوێستیکی جیاوازترمان هەبێت، چی پێویست بێت دەیکەین، ناتوانین ئەم بابەتە پشتگوێبخەین، ئەو هەنگاوانەی پێویستە دەگرینەبەرو بەردەوامیش دەبین، لەوانەیە بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک پرسەکە دەگاتە مانەوەو ئاسایشی وڵاتەکەمان، دەرگاکان دادەخەین‌و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین، ئەگەر ئامانجەکە دژایەتیکردمانە بێگومان بۆ ئەویش کاردانەوەو ڕێکاری پێویستمان دەبێت، لەگرتنەبەری ڕێکاری توند سڵناکەین".

په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى توركیاو هه‌ڕه‌شه‌كانى له‌یه‌كێتى‌و سلێمانى له‌كاتێكدایه‌، تورکیا به‌رده‌وام بەرپرسانی یەکێتی بەپاڵپشتی لەپەکەکە تۆمەتبار دەکات‌و ماوەی زیاتر لەساڵێکیشە تورکیا ئاسمانەکەی بەڕوى فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخستوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×