بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ كۆتایی به‌چیرۆكی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ هێنا
  2024-04-07       948       

ئا: ئاوێنه‌

 

چیرۆكی‌ هه‌مواری‌ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023 - 2024 - 2025) كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یان وه‌فدی‌ دانوستانی‌ بۆ پێكهێناو په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق سه‌دان لێدوان‌و كۆبونه‌وه‌یان له‌سه‌ر كردو نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ی‌ 21ی شوباتی‌ ئه‌مساڵی‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كۆتایی به‌و بێنه‌و به‌رده‌یه‌ش هێنا.

 

رۆژی‌ 26ی 6ی 2023 یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2024-2025 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەرەتاوە په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غدا به‌گشتی‌‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق گەشبینبون بەیاساكەو وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و موچه‌خۆران وه‌سفیان ده‌كرد، وایان خەمڵاند بەپێی ئەم یاسایە مانگانە حكومەتی عێراق تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و پێشمەرگە بڕی 906 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت‌، به‌ڵام بێئاگابون له‌تێپه‌ڕاندنی‌ هه‌ندێك مادده‌و بڕگه‌ به‌سه‌ریاندا كه‌ به‌ زیان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان شكایه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌مادده‌ی‌ 11ی‌ یاساكه‌دا كه‌ خەرجی هەرێمی كوردستان لەتێكڕای خەرجی راستەقینە دیاریكرابو.

بەگوێرەی‌ بڕگەی‌ 2ی‌ ماددەی‌ 11ی یاسای‌ بودجەی‌ گشتی‌، پشکی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە 12.67%ی‌ خەرجی‌ "راستەقینە" دیاریدەکرێت لەهەردو خەرجیی بەردەوام‌و پڕۆژەکانی‌ وەبەرهێنان، لەدوای‌ دەرکردنی‌ خەرجیی‌ سیادیی‌.

به‌پێی‌ مادده‌كه‌، پشكی هەرێمی كوردستان لەتێكڕای خەرجی ڕاستەقینە دوای لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی بەرگریی عێراق) دیاریده‌كرێت.

لێره‌وه‌ "خەرجیی ڕاستەقینە" ئه‌و به‌ڵایه‌ بو كه‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و لیژنه‌ی‌ دارایی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕی‌‌و بووه‌ مۆته‌كه‌ بۆ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

دوای‌ چه‌ند مانگێك له‌په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق كاتێك په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ به‌غداو به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌كه‌موكوڕییه‌كانی‌ یاساكه‌یان زانیی، حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان وه‌فدی‌ بۆ بەغدا ناردو پێشنیازی‌ خۆیان بۆ هەمواری‌ یاسای بودجەی‌ گشتیی‌ عێراق ڕادەستی‌ لایەنی‌ عێراقی‌ کرد.
 
پێشنیازەکە بەو شێوەیە بو کە هەموارکردنەوەی‌ یاساکە لەپەرلەمان وابکات موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەخەرجی‌ راستەقینە جیا بکرێتەوەو بخرێتە سەر خەرجیی موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ عێراق، کە مانگانە جێگیرەو ناگۆڕێت.

چیرۆكی‌ دانوستانه‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌، زیاتر له‌نۆ مانگ به‌رده‌وام بو، به‌ڵام ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت پرۆژه‌ی‌ هه‌مواری‌ یاساكه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نه‌كرا.

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌رچونی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌، به‌رپرسانی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دژایه‌تی‌ زۆری‌ بڕیاره‌كه‌یان كردو به‌ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری‌ دارایی هه‌رێم‌و سنورداركردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم-یان وه‌سفده‌كرد، به‌ڵام له‌ئێستادا ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك هه‌ر مل بۆ بڕیاره‌كانی‌ دادگا ده‌ده‌ن، به‌ڵكو به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان پشتیوانیشی‌ لێده‌كه‌ن.

له‌نوێترین لێدوانیدا ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "لەئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەخەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە". 

هه‌روه‌ها نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق ده‌ڵێت، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، بەکردار سێ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەخەرجی راستەقینە جیاکراوەتەوەو ئەوەش گرفتی دواکەوتنی موچە چارەسەر دەکات.

بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە
پاش چەندان مانگ دادبینی‌، دادگای فیدراڵی لە 21ی شوباتی 2024 بڕیاری كۆتایی خۆی لەدۆسیەی موچەو بودجەی هەرێم راگەیاند، سكاڵاكان لەلایەن دو گروپ له‌موچەخۆری هەرێمەوە بەرزكرابوەوە.

دیارترین تەوەرەكانی بڕیارەكەی‌ دادگا بریتییە له‌ده‌رهێنانی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم له‌كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداو پابه‌ندكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی فیدراڵ به‌زامنكردن‌و ڕه‌وانه‌كردنی‌ سه‌رجه‌م موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمه‌ به‌شێوه‌ی‌ مانگانه‌و به‌بێ دواكه‌وتن هاوشێوه‌ی‌ سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی‌ شارو ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق.

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا بریتییه‌ له‌پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆک وەزیرانی هەرێم "بەبانکیکردن"ی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەرێم لەگەڵ گواستنەوەی بۆسەر بەغداد لەڕێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×