گەنجان‌و مێردمندڵان سەریان کردوەتە "ڤایپ"
  2024-04-24       577       
لەبازاردا زیاتر لەھەشتا جۆری جیاوازی ڤایپ دەستدەکەوێت

ئا: ئاریان کەریم

 

بەکارهێنانی ڤایپ - جگەرەی ئەلکترۆنی – بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو گەنجان‌و مێردمنداڵاندا لەتەشەنەسەندندایە، توێژەرێک هۆشداری دەدات کە ئێستا ڤایپ کێشان نەک هەر گەنجان، بەڵکو هەرزەکارو منداڵانی قوتابخانەکانیشی گرتوەتەوە، ئەو دەڵێت "بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی بنەڕەتی کچان لەڕۆژی پشکنینی قوتابیاندا، چل‌و حەوت جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکچانی قوتابی ناوەندی گرتووە".

 

بەلێشاو ڤایب هاوردەی بازاڕەکانی کوردستان‌و عێراق دەکرێت، ئەم جگەرە ئەلکترۆنییە کە لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوودا داهێنرا وەک جێگرەوەی سوتانی توتن، لەم ساڵانەی دواییدا خەریکە جێگە بەجگەرەی ئاسایی‌و توتن لێژ دەکات‌و زۆربەی بەکارهێنەرانیشی  کچان‌و کوڕانی هەرزەکارو گەنجن.

 

سەریاس سالار، لەناو بازاڕی سلێمانی ڤایپ دەفرۆشێت، ئاماژە بەوە دەکات کە لەبازاردا زیاتر لەھەشتا جۆری جیاوازی ڤایپ دەستدەکەوێت کە بەپێی کوالێتی‌و بێکەوالێتییان جیادەکرێنەوە، بەڵام سەرەکیترینیان سێ جۆرە: یەکەمیان، ئەو ڤایپەیە تامی تێدەکرێتەوەو ھەشت ھەزار نەفەسی ھەیە، جۆرێکی دیکەشیان ئەوەیە کەلەکەی بۆ دەگۆڕێدرێت‌و سی جۆر تامی ھەیە، جۆری سێیەمیشیان سەفەرییە تەنیا بۆیەکجار بەکاردێت، ئەو وتی "ڤایپی سەفەری ئێستا لەھەموویان بازاڕی گەرمترەو پڕ فرۆشترینیانە، لەشەش ھەزار نەفەس بۆ بیست ھەزار نەفەسی ھەیە".

 

وتیشی "ئەو کەسانەی ڤایپ دەکڕن زۆربەی هەرە زۆریان تەمەنیان لەنێوان ١٨ ساڵ بۆ ٢٥ ساڵدایە، گەربێتوو بەخوار تەمەن ١٨ ساڵی بفرۆشین کە قەدەغەیە، ئەوا کڕیارەکانمان لە ١٠٠% دەبنە مێردمنداڵ، لەبەرئەوەی ئێستا لەناو ئەو تەمەنەدا زۆر بڵاوە".

 

سەریاس ئەوە روون دەکاتەوە کە ئەوان بەکارتۆنی گەورە لەچەند بازرگانێکی گەورەتری دەکڕنەوە کە بازرگانی ڤایپیان پێدەڵێن، پاشان ئەمان بەپارچە دەیفرۆشنەوە بەشێوەی جوملە کە بۆ ھەر پارچەیەک ١٢ تا ٢٤ ڤایپی تێدایە، ئەو وتی "ئەو ڤیپانەی تامیان تێدەکرێتەوە چوار کۆمپانیای ناودارن کە بریتین لە( ڤیی برۆسۆ، کالیبێرن، لۆسڤەیپ، ڤۆزۆڵ)، ھەر چواریان چینین، نرخیان لەبازاڕدا لەنێوان ١٠ هەزار بۆ ١٥ ھەزار دیناردایە".

 

سەبارەت بەکڕیاڕەکانیشی، وتی "ڕۆژانە کوڕو کچانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ ڤایپمان لێدەکڕن، بەمەزەندەی ئێمەومانان کە ئەم بازرگانییە دەکەین، مانگانە زیاتر لەپەنجا ھەزار ڤایب دەفرۆشرێت".

 

لەبارەی نرخەکانیشەوە. سەریاس وتی "جۆری ڤایپی سەفەری کە بۆ یەکجارە نرخەکەی لەیەک دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ ٢٠ دۆلار، ئەو جۆرەی تامەکەی تێدەکرێتەوە نرخەکەی لەنێوان ٣٠ دۆلار بۆ ١٥٠ دۆلاردایە، بەپێی کوالیتی‌و باشیەکەی‌و شێوەو جۆری دروستکردنەکەی نرخەکەی دەگۆڕێت، ئەوانەشی کەلەیان بۆ دەگۆڕدرێت ١٥ جۆریان ھەیە، نرخیان لە ٢٠ دۆلارەوە هەیە بۆ ٣٠٠ دۆلار".

لەڕووی تەندروستییەوە جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانەکانی لەجگەرەی ئاسایی‌و نێرگەلە زیاترە

 

ئێستا یەکێک لەو شوێنە هەستیارانەی کە بووە بەشوێنی بڵاوبوونەوەو بەکارهێنانی ڤایپ، قوتابخانەو خوێندنگاکانە بەکوڕو کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، وەک بەشێک لەبەڕێوەبەرو مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان بۆ پەیامنێری "ئاوێنە"یان پشتڕاست کردەوە رۆژانە ڤایپ بەقوتابیان دەگیرێ، تەنانەت هەندێکجار لەقوتابخانەکاندا کڕین‌و فرۆشی پێوە دەکرێت.

 

سیدرا کەریم، توێژەری کۆمەڵایەتی یەکێک لەقوتابخانە بنەڕەتییەکانی شاری سلێمانییە، لەنزیکەوە ئاگاداری بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنییە لەنێو قوتابی‌و خوێندکارەکاندا، ئەو زۆر نیگەرانە سەبارەت بەتەشەنەسەندنی ڤایپ نەک هەر لەنێو گەنجانی تەمەن ١٨ ساڵ‌و بەرەو سەر، بەڵکو پێیوایە خەریکە بەشێک لەمنداڵانی قۆناغی بنەڕەتیش لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز ئەم دیاردەیە لەناویاندا پەرە دەسێنێت، ئەو وتی "تۆڕەکانی شۆسیال میدیاو چاودێری نەکردنی مێرد منداڵان لەلایەن خێزانەکانیان‌و کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارو چاولێکەریی‌، ھۆکاری سەرەکی بەکارھێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنیە لەلایەن مێرد منداڵانەوە، چەندین منداڵ‌و مێردمنداڵ کە تەمەنیان لەنێوان سیانزە ساڵ‌ بۆ ١٥ ساڵدایە، لەلایەن مامۆستاکانیانەوە ڕۆژانە ئاگادار دەکرێم جگەرەی ئەلیکترۆنیان پێگیراوە‌و دایک‌و باوکیان بانگ دەکەین‌و قسەیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک ھەمان حاڵەت دووبارە دەبێتەوە".

 

وتیشی "لەئێستادا کچان، ھێندەی کوڕانی مێردمنداڵ جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشن، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی کچان لەڕۆژی پشکنینی قوتابیاندا، ٤٧ جگەرەی ئەلیکترۆنی بەکچانی قوتابی ناوەندی گرتووە، کە ھەندێکیان لەشێوەی شوشەی بۆن‌و کەمالیاتی جوانکاری ئافرەتاندایەو بەشێوەیەکە بەئاسانی ھەستی پێناکرێت جگەرەی ئەلیکترۆنیە".

 

هەرچەندە رۆژ نییە جگەرەی ئەلکترۆنی بەقوتابی‌و خوێندکاران نەگیرێت‌و کەسوکاریانی لێئاگادار نەکرێتەوە، بەڵام هێشتا گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە نەیتوانیوە سنورێک بۆ تەشەنەنسەندنی ڤایپ‌ لەنێو قوتابیاندا دابنێت.

 

مەستی ڕەفیق، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەو قوتابی هەشتی بنەڕەتیە، باس لەوە دەکات کە لەهاوڕێیەکیەوە فێری ڤایپ کێشان بووە، کاتێک رۆژێکیان کچێکی ھاوڕێی ڤایپی بەدزییەوە هێناوە بۆ قوتابخانەو لەکاتی پشوودا کێشاویەتی، ئەمیش پرسیاری لێکردووە ئەمە چییە بەدەستەوە، ئەویش وتویەتی: ھی براکەمە ھێناومە تۆش تامی بکە، مەستی وتی "ئیتر منیش وردە وردە فێر بووم‌".

 

وتیشی "ھەر من نیم چەندین قوتابی بەنھێنی پێییانەو بەکاریدەھێنن، زیاتر تامی لیمۆو نەعنا بەکاردەهێنین چونکە دەم بەم دوو تامە بۆن ناگرێت، زۆرکات گۆڕینەوەشی پێدەکەین لەنێوان خۆمانداو دەیبەینەوە بۆ ماڵەوە، نایەڵم باوکم‌و براکەم بزانن، دایکم‌و خوشکەکانم زۆر گوێنادەنێ‌و قسە ناکەن، چەندین قوتابیش ڤایپیان پێگیراوە، بەڵام هێشتا هەر بەردەوامن لەسەر بەکارهێنانی".

 

 مەستی، نمونەیەکە لەهەزاران مێردمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی هەرێمی کوردستان کە جگەرەی ئەلکترۆنی بەکاردەهێنن‌و لەزیانە تەندروستییەکانی بێئاگان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەتەمەنێکی کەمدا بەکاریدەھێنن‌و دەیکێشن، هەرچەندە پسپۆڕانی تەندروستی جەغت لەوە دەکەن کە لەڕووی تەندروستییەوە جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانەکانی لەجگەرەی ئاسایی‌و نێرگەلە زیاترە.

پسپۆڕی نەخۆشی هەناوی‌و سیەکان، د.ھەرێم کەریم ئەوە رووندەکاتەوە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی زیانەکانی زۆرە، ئەو وتی "ھەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنی ھۆکاری یەکەمی شێرپەنجەی قوڕگە، ھەروەھا شێرپەنجەی سیەکان‌و پاشان شێرپەنجەی گەدەو شێرپەنجەی میزەڵدان، کە پاشماوەی ئەو ماددەیە لەرێگەی میزەوە دادەنرێت‌و ھۆکارێکشە بۆ زیادبونی جەڵتەی مێشک‌و خەستبوونەوەی خوێن بەھۆکاری ئەوەی دەمارەکانی خوێن لەو تەمەنەدا ھێشتا وەک پێویست نەکشاون".

 

وتیشی "جگەرەی ئەلیکترۆنی مەترسیدارترە لەجگەرەی ئاسایی، چونکە پێکھاتەکەی سروشتی نیە، ئەمە جگە لەوەی جۆرێک لەماددەی ھۆشبەر لە پێکھاتەکەیدا بەکاردەھێنرێت‌و وادەکات گەنج‌و پیرو مێرمنداڵ بەھەردوو ڕەگەز ناتوانن دەستبەرداری بن‌و ئالودە دەبن لەسەر بەکارهێنانی".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×