ئایا بۆرییە نۆژەنکراوەکەى عێراق، پشتى نەوتى هەرێم دەشکێنێت؟
  2024-04-23       948       

ئا: وریا حسێن

 

"لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا هەلى دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوت زیاد بکات، بەڵام ئاماژەکان لەحکومەتى عێراقەوە بەپێچەوانەوە دێن، عێراق نیازى نیە هەلى دووەم بەهەرێمى کوردستان بدات بۆ دووبارە هەنارەدەکردنەوەی نەوت بەشێوەى سەربەخۆ".

 

بەگوێرەى کۆتا ڕاپۆرتى کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) کە پێکهاتوون لە ٥ کۆمپانیاى نەوتى کۆنترۆڵى بەرهەمى نەوتى کوردستانیان بەدەستەوەیەوە، وەستانى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان ١٥ ملیار دۆلار زیانى لەبودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٢٣ داوە.

 

کۆمەڵەى ئەپیکۆر لەنێوترین هەڵوێستدا کە کۆپیەکى لەبەردەستى پەیامنێرى ئاوێنەیە، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، مایڵز کاگینز وتەبێژى کۆمەڵەکە پێشوازى لەقسەکانى سەرۆک کۆمارى ئەمریکا لەکۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە دەربارەى پێویستى هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان‌و دەڵێت "ئەپیکور بەچڕی سەرنجیان لەسەر هاوکاری کردنە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوت لەڕێگەی بۆری عێراق - تورکییەوە بەزووترین کات".

کوردستان لەناو هاوکێشەى هەناردەکردنەوەى نەوت خاوەنى هەڵوێستى کاریگەرو یەکلایکەرەوە نیە

 

بەڵام پێناچێت ئەم هیوایەى ئەپیکۆر وزە بەدانوستانەکانى تایبەت بەنەوت بدات، چونکە ئەوەى لەپلانی بەغدایە پێچەوانەى خواستى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانەو ئەندامەکانى "ئەپیکۆرە".

 

ئاوێنە لەبەغداد، لەوەزارەتى نەوتى عێراق‌و کۆمپانیاى نەوتى باکور بەدوداچوونى بۆ ئەو پرسە کرد، هەموان ئەو دۆخەیان بەهەستیار ناوبرد، بڕوایان وابوو سەردانەکەى "محەمەد شیاع سودانى" بۆ ئەمریکا هێشتا ئەوانى نەخستووەتە سەر سکەى هەناردە کردنەوە، بۆیە ئەوەى لەسەرى وەزارەتى نەوت دەگوزرێت، دوو شتە ئەویش (جارێکى دیکە پشت بەبۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان نەبەستنەوە بۆ هەناردەى نەوت، بەستانداردى عێراق دووبارە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لەکوردستان بکەنەوە).

 

سەرچاوە تایبەتەکەى ئاوێنە ئەوەى بەڕوونى وت "بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان کۆتایى هاتووەو هەندێک وردەکارى ماوە بەئەگەرى بەهێز لەماوەى یەک مانگى داهاتوودا، دەتوانن نەوتى کەرکوک‌و هەرێمى کوردستانیش لەوێوە هەناردە بکەن".

 

بۆرى نەوتى (کەرکوک – جەیهان) ساڵى ١٩٧٣ دروستکراوە، ئەم بۆریە بەسنورى (کەرکوک – موسڵ – فیشخابور) تێپەڕ دەکات لەناو خاکى عێراق ٣٢٠ کیلۆمەتر درێژى هەیەو ٦٢٠ کیلۆمەتریشى دەکەوێتە سنورى تورکیاوە، بۆریەکە پێکهاتووە لەدوو هێڵ کە هەر هێڵکیان قەبارەکەى ٤٦ ئینج دەبێت، ڕۆژانە تواناى هەیە یەک ملیۆن‌و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە تورکیا، ئەم بۆریە ساڵى ٢٠١٤ لەگەڵ هاتنى گروپى چەکدارى داعش تەقێنرایەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مانگى ٦ى ئەمساڵ بۆ هەناردە ئامادە بێت.

 

سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاى نەوتى باکور کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت بەئاوێنەى وت "بۆریەکە هەندێک چێک ئەپى تەکنیکى ماوەو ئەگەرنا تەواوبووە، بۆیە چاوەڕوانى وەزارەتى نەوت دەکەین تاوەکو فەرمانمان پێبکات، ماتۆڕەکانى بۆرى نێوان هەرێم‌و کەرکوک عەکس بکەینەوە بەبۆریە تازەکە  نەوت هەناردەى تورکیاى بکەین، ئەوەش کەمتر لەیەک هەفتەى دەوێت".

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن ئەردۆغان لەمیانەی گفتوگۆکانیدا لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، جگە لەدۆسیەکانی ئاسایش‌و ئابوری‌و بازرگانی، دۆسیەی وزەشی لەگەڵ بارزانییەکان تاوتوێ کردوەو لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژە بەخستنەوەکاری بۆری کەرکوک - یومورتالیک کراوە کە لەئازاری 2023ەوە داخراوە.

 

دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەئازاری 2023دا بڕیاریدا کە هەناردە کردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە  نایاساییەو دوابەدوای ئەوە هەناردەکردنی ڕۆژانەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ تورکیا ڕاگیرا.

 

ئەردۆغان بەلایەنی عێراقی راگەیاندوە کە ئامادەیە بۆ کارپێکردنی ئەو بۆرییە، بەڵام بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی نێوان بەغداو هەولێر، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە نەنراوە.

 

د.نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لەگفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، هەرسێ گرفتەکە (جیاوازى کرێی دەرهێنان، هەموارکردنەوەى گرێبەستە نەوتیەکانى هەرێم، شایستە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتیەکان) تا ئەم ساتە چارەسەر نەکراوە، بۆیە ئومێدى خواست لەدوای هاتنەوەى سەرۆک وەزیران سودانى ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، ئەو وتی "هەرچەندە عێراق بەهۆى بەرزى نرخى نەوتەوە، توانیویەتى ڕێگر بێت لەکورتهێنانى ئەو پارەیەی بۆ هەرێمى کوردستان دەینێرێت لەناو بودجەدا، بەڵام بەدڵنیایەوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان گرنگە، هیوادارین چارەسەر بکرێت".

 

دواى بڕیارى گرتنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەچارەکى یەکەمى ساڵى ڕابردوو، هەرێمى کوردستان لەناو هاوکێشەى هەناردەکردنەوەى نەوت خاوەنى هەڵوێستى کاریگەرو یەکلایکەرەوە نیە، چونکە ئەوەى ئێستا نەوتى ڕاگرتووە کۆمپانیاکانن، بڕوایان وایە کرێى دەرهێنان بۆ هەر بەرمیلێک کەمتر لە(٢٤) دۆلار کەمە، ئەوەشى ئامادە نیە بچێتە ژێر بارى گرێبەستى ئەو کۆمپانیانەوە عێراقەو دەڵێت "٦ دۆلار زیاتر نادەم".

 

ئەندازیار محەمەد ئەمین هەورامى، ماوەى ٤٠ ساڵە وەکو شارەزای بوارى وزە کارى لەگەڵ بەشێکى زۆر لەڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کردوە، بڕواى وایە دەنگێک لەعێراق‌و وڵاتانى دەوربەرى هەرێمى کوردستان هەیە هاوئاواز نیە لەگەڵ ئەوەى هەرێمى کوردستان خاوەنى کاڵایەکى ستراتیژى وەکو نەوت بێت، نمونەش بۆ ئەوە دەهێنیتەوە کەوا ١٠٠ ساڵە نەوت لەکەرکوک دەردەهێنرێت هێشتا عێراق نەیتوانیوە باڵاوگەیەکى باشى تێدا دابنێت، کێڵگەى غازى کۆرمۆڕ کە کارەباى هەرێمى کوردستان‌و چەند ناوچەیەکى عێراق دابین دەکات، بەڵام ئەوان بۆردومانى دەکەن، ئەو بە"ئاوێنە"ى وت "سیاسەتێک هەیە نایەوێت هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى وزەو سەرچاوەى ئابورى خۆى".

 

ئەو ئەندازیارە کە هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی وزەو گەشەپێدانی بەردەوامە، لەبارەى دواهەمین سەردانى سەرۆکوەزیران سودانى بۆ ئەمریکا گەشبینەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەمریکا پشتگیرى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات‌و پڕۆسەى هەناردە کردنەوەش هەنگاوى باشى بڕیووە.

 

هەورامی وتى "لەم دۆخەدا کە نرخى نەوت بەرز بووەتەوە لەگەری هەناردەکردنى نەوت هەیە، ئومێدى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم دروستبووە".

کۆبوونەوەی سودانی‌و بایدن

 

پێچەوانەى ڕاى ئەندازیارە شارەزاکەى بوارى وزە، ڕایەکى دیکەش هەیە بڕواى وایە "عێراق ئامادە نیە جارێکیتر نەوتى هەرێمى کوردستان بەو شێوەیەى ئێستا هەناردە بکاتەوە، بۆیە پێشبینى دەکات ئەمساڵ نەوت هەناردە ناکرێتەوە".

 

بەهجەت ئەحمەد، شارەزاى بوارى گرێبەستە نەوتیەکانى عێراق، کەسێکى ئاگادارە لەدۆسیەی نەوتى کوردستان، پێىوایە بڕیارى دادگاى فیدراڵى لەسەر گرێبەستە نەوتیەکان‌و جیاوازى بۆچوونى عێراق‌و هەرێمى کوردستان بۆ گرێبەستەکان، قورسى هەموارى پڕۆسە یاساى بوودجە کە مافى کۆمپانیاکان دەپارێزێت، وا دەکات هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان پڕۆسەیەکى قورس بێت، ئەو وتى "بەدوورى دەزانم ئەمساڵ نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە بکرێت، بەڵام زانیارى ئەوەم هەیە مانگى شەشى ئەمساڵ لەڕێگەى بۆرى نۆژەنکراوەى عێراق کەرکوک – جەیهان ئەگەرى هەیە ڕۆژانە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت".

 

ئەو شارەزایەى بوارى وزە باسى ئەو هیوایە دەکات کە بەهۆى ڕاگەیەنراوەکەى کۆشکى سپى دورست بووە وا بۆی دەچێت: خوێندنەوەى هەڵەى بۆ دەکرێت ئەو ڕاگەیەنراوە پیشانى دەدات ئەمریکاو کۆشکى سپى پشتیان کردووەتە نەوتى کوردستان، چونکە ١٨ کۆمپانیاى نەوتى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى کێڵگەکانى عیراق گرێبەستیان لەگەڵ سودانى کردووە، لەگەڵ راکێشانى ٤٠٠ کیلۆمەتر بۆرى غازى سروشتى، بەهجەت بە"ئاوێنە"ى وت "زانیاریم هەیە لەکۆبونەوەى نێوان بایدن‌و سودانى باسى کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان نەکراوە، بۆیە چارەنووسى نەوتى هەرێم نادیارە".

 

ئەوەى لەسەرى عێراقدایە، جارێکى دیکە کورد نابێت هاوشێوەى ٢٠١٤ نەوت لەدەرەوەى سیادەى عێراق بفرۆشێت، بۆیە خەونى هەناردەکردنەوەى نەوت قورسەو هەناردە کردنەوەش بەخەیاڵە کوردییەکەى بووەتە مەحاڵ.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×