رێكخراوێكی ژینگەپارێز: گوفتاری بەرپرسانی هەرێم هیچ لە گرفتە ژینگەییەكان كەم ناكاتەوە
  2024-06-05       240       

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە پەیامێكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەوە رایگەیاند، سەرەڕای مەترسییە ژینگەییەكان لە هەرێمی كوردستان، كەچی ئەم بۆنەیە، بەبێ چالاكی و داڕشتنی بەرنامەی دورمەودا تێپەڕی. دەشڵێت، لەم بۆنانەدا گوفتاری بەرپرسان هیچ لە مەینەتی و گرفتە ژینگەییەکان کەم ناکاتەوە.

ئاوێنە: رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی حوزەیران لە پەیامێكدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەوە رایگەیاند"ژینگە کرداری دەوێ نەک گوفتار."

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی بیابانبون، تێکڕای ماوەی وشکەساڵی لە ساڵی 2000ەوە بە ڕێژەی 29% زیادیکردوەو ڕەنگە تا ساڵی 2050 وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان هەبێت.

عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێکهاتەکانی عێراق و توانای گونجانیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە.

رێكخراوی ئایندە وتویەتی"عێراق هەمیشە پێویستی بە هەوڵی ناوخۆیی و جیهانی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەداخەوە، سەرەڕای مەترسییە ژینگەییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەم بۆنەیە وەکو سەرجەم بۆنە ژینگەییەکانیتر بەبێ چالاکی و داڕشتنی بەرنامەی دور مەودا تێپەڕی، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستەیەکە بەناوی ژینگە و چەندین سێکتەری تری تایبەت بە ژینگە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لەم بۆنانەدا گوفتاری بەرپرسان هیچ لە مەینەتی و گرفتە ژینگەییەکان کەم ناکاتەوە، بۆیە لە هەر بۆنەیەکی تردا ئەگەر گوفتار سەنگی مەحەک بێت، ئەوا لە بابەتی ژینگەدا کردار سەنگی مەحەکە، لەبەرئەوەی ژینگە کرداری دەوێ نەک گوفتار."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ژینگە کرداری دەوێ نەک گوفتار

ئەمڕۆ 5ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی ژینگەیە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی بیابانبون، تێکڕای ماوەی وشکەساڵی لە ساڵی 2000ەوە بە ڕێژەی 29% زیادیکردوەو ڕەنگە تا ساڵی 2050 وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان هەبێت.

عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێکهاتەکانی عێراق و توانای گونجانیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە.

عێراق هەمیشە پێویستی بە هەوڵی ناوخۆیی و جیهانی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە.

پێکەوە دەتوانین هەسارەکەمان بپارێزین و سامانە سروشتییەکان زیندو بکەینەوە.

"ئێمە ئەو نەوەیەین کە دەتوانین بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ زەویدا پێکەوە بژین."

بەداخەوە، سەرەڕای مەترسییە ژینگەییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەم بۆنەیە وەکو سەرجەم بۆنە ژینگەییەکانیتر بەبێ چالاکی و داڕشتنی بەرنامەی دور مەودا تێپەڕی، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستەیەکە بەناوی ژینگە و چەندین سێکتەری تری تایبەت بە ژینگە.

لەم بۆنانەدا گوفتاری بەرپرسان هیچ لە مەینەتی و گرفتە ژینگەییەکان کەم ناکاتەوە، بۆیە لە هەر بۆنەیەکی تردا ئەگەر گوفتار سەنگی مەحەک بێت، ئەوا لە بابەتی ژینگەدا کردار سەنگی مەحەکە، لەبەرئەوەی ژینگە کرداری دەوێ نەک گوفتار.

رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

5ی حوزەیرانی 2024

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×