پۆستى پارێزگارى کەرکوک کەوتوەتە قوڕگى شێرەوە
  2024-06-22       1197       
ماوەى شەش مانگە لایەنە براوەکانى پارێزگاى کەرکوک نەیانتوانیووە پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێن

ئا: وریا حسێن

 

ئەم هەفتەیە کۆتا دەرفەت لەبەردەم لایەنەکانى پارێزگاى کەرکوک دەکرێتەوە بۆ ئەوەى بتوانن پارێزگارێکى نوێ بۆ شارەکە دابنێن، بەڵام پێناچێت ئەو دەرفتە بقۆزنەوە، بۆیە چارەنووسى دانانى پارێزگار دەکەوێتە ناو دەستى سودانى‌و دادگاى فیدراڵى.

 

ماوەى شەش مانگە لایەنە براوەکانى پارێزگاى کەرکوک نەیانتوانیووە پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێن‌و ئیدارەى پارێزگاکە بەگوێرەى دواهەمین ئەنجامەکانى هەڵبژاردن دیزاین بکەن، ئەوە لەکاتێکدایە عێراق لەئاستى سەرۆکوەزیران محمەد شیاع سودانى سێ کۆبونەوەى بەپێکهاتە براوەکان کردووە، بەڵام هێشتاش دانوستەکان نەگەشتوون بەئەنجام، ئەمەش یەکێکە لەخاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێم‌و دوو حزبە سەرەکییەکە لەگەڵ حکومەتی فیدرالی عێراق‌و بەیەکێک لەگرێ کوێرەکان دادەنرێت.

 

حەسەن مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک گفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە ئەنجامدا، بڕواى وابوو ئەم هەفتەیە یەکەم کار دێتە پێشەوە کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە ئەویش بۆ ئەوەیە ئەنجومەنى خۆى ڕزگاربکات لەپرسە یاساییەکان‌و شەرعیەت بدات بەخۆى، ئەو وتى "پاش کۆبونەوەى یەکەمى ئەنجومەن، دانانى سەرۆکى ئەنجومەن‌و جێگیرەکانى پاشان پارێزگارو جێگرەکانى لەدەرەوە ئەنجومەن بەتەوافوقى سیاسى دەکرێت".

 

دوو بۆچۆن هەبووە سەبارەت بەشەرعیەتى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بۆچوونى یەکەم، بڕواى بوو لەگەڵ یەکەم کۆبونەوەى ئەنجومەن شەرعیەت وەردەگرێت‌و دەتوانێت دەستبەکاربێت، بۆچوونى دووەمیش ئەوە بوو ئەنجومەن کاتێک شەرعیەت وەردەگرێت یەکەم دانیشتن بکات‌و ئەندامان سوێند بخۆن.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کوتلە براوەکانى کەرکوک دواى سێ کۆبونەوە لەژێر چاودێرى سەرۆکوەزیران سودانى دانیشتنى ئەنجومەن‌و کۆبونەوەکانى ئەم هەفتەیەو رۆژانی داهاتوو درێژەپێدەرى ئەوە دەبن، ئەو وتى "کوتلە براوەکانى کەرکوک دەتوانن دانانى پارێزگارو سەرۆکى ئەنجومەن یەکلایى بکەنەوە".

 

یەکێتى خاوەنى ٥ کورسى‌و کورسیەکى هاوپەیمانى کۆتای ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە، کە گەورەترین کوتلەى ناو ئەنجومەنى پارێزگایە، بەزمانى حاڵ بڕوایان وایە: "هێشتا رێکەوتنەکان بۆ دانانى پارێزگارو پۆستەکانى دیکە نەخەمڵیوون‌و پارتیش تۆمەتبارە".

 

پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى یەکێتى‌و سەرۆکى یەکەمین دانیشتنى ئەنجومەن هیچ بەرچاوڕوونیەکى نیە لەوەى کەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەکرێت لەم هەفتەیەدا، لەوەڵامى پرسیارى پەیامنێرى ئاوێنەدا ئایا ئەم هەفتەیە پارێزگار هەڵدەبژێرێت، بەڕوونى بەپەیامنێرى ئاوێنەى وت"نەخێر".

 

وتیشی "ئێمە کێشەمان نیە، بەڵام کێشەکە لەوەدا ماوەتەوە پارێزگار کورد بێت‌و لەکوردا بۆ کێ دەبێت؟".

 

ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەفراکسیۆنى یەکێتى پارتى تۆمەتبار دەکات بەوەى دەستى لەپرسى دواخستنى دانانى پارێزگارى کەرکوک هەیە ئاماژە بۆ ئەو ڕێکەوتنانەى پارتى لەگەڵ لایەنە عەرەب‌و تورکمانەکان دەکات کە بەنهێنى‌و ئاشکرا هەیبووە، ئەو وتی "لەبرى ئەوەى پارتى لەگەڵ عەرەب‌و تورکمان ڕێکبکەوێت، با لەگەڵ کورد بیکات بەیەکدەنگ‌و سەنگ لەسەر کاندیدێک ڕێکەوتن بکرێت".

 

پەروێن فاتیح، لەبارەى ئەوەى بۆچى پارتى وا دەکات، واى بۆچوو، پارتى‌و تورکیا دەیانەوێت باڵادەستى خۆیان لەزۆنى سەوز پیشان بدەن‌و نایانەوێت لەکەرکوک یەکێتى باڵادەست بێت، ئەو وتى "هەر بژاردەیەک لەبەغداوە چ دادگاى فیدراڵى چ سودانى بڕیار لەچارەنووسى پارێزگارى کەرکوک بدات، ئەگەر لەسودى کوردو یەکێتى بێت، ئێمە پێى قایل دەبین، بەپێچەوانەوە قبوڵى ناکەین".

 

ناوى تورکیا ئێستا بەڕوونى لەپاڵ ناوى پارتى‌و بەرەى تورکمانى دێت لەپارێزگاى کەرکوک، بۆیە ئێستا پارتەکان بەڕوونى پەنجە بۆ ئەو دوو لایەنە ڕادەکێشن لەوە ڕێگرن لەدانانى پارێزگارێکى کورد بۆ شارەکە.

 

کاروخ سەید ڕزگار، سەرۆکى حیزبى کڵپەى نیشتمان، حیزبەکەى لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هاوپەیمانى یەکێتى بوو، زانیارى ئەوەى ئاشکراکرد، تورکیاو پارتى نایانەوێت کوردێک ببێتە پارێزگارى کەرکوک‌و کار بۆ ئەوە دەکەن تورکمان ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەو بەئاوێنەى وت "دانەنانى پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەناوچەیەکى پڕ لەکێشە کە کێشەى زەوى‌و زارو داگیرکارى زەوى هاوڵاتیانى کوردى تێدایە، زیانى زۆرە، بۆیە ئەگەر ئەو پۆستە بۆ کورد یەکلایى ببێتەوە بەدڵنیایەوە ئەو کێشانە چارەسە دەبن".

 

بەڵام زانیارییەکى پشتڕاستنەکراوەش هەیە کە دەست ئاوێنە کەوتووەو دەوترێت پارتى کێشەى لەگەڵ کاندیدى کوردو یەکێتى نیە، تەنها ئەوە نەبێت کاندیدەکە یان دەبێت بەدڵى پارتى بێت یان بێلایەن بێت، یەکێتى تا ئێستا کاندیدى پێشکەش بەپارتى نەکردووە، کە بژاردەکەى نافەرمى یەکێتى "ڕێبوار تەهایە" ئەندامى ئەنجومەنە.

 

چیا نورى، ڕۆژنامەنووس لەکەرکوک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ناکۆکى لایەنەکان هۆکارى دانەنانى پارێزگارى کەرکوک بەتایبەتى ناکۆکى یەکێتى‌و پارتىیە، بۆیە سێ کۆبونەوەکەى سودانیش نەیتوانى ئەو پرسە یەکلایى بکاتەوە، ئەو وتى "من قسەم لەگەڵ بەرپرسانى پارتى کردووە ئەوان دەڵێن، یەکێتى خۆشى یەکلایى نەبووەتەوە لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە".

 

ئەو ڕۆژنامەنووسەى شارى کەرکوک، بڕواى وایە پارتى ئێستا یەکێکە لەڕێگرەکانى بەردەم پێکهێنانى ئیدارەى کەرکوک‌و دەیەوێت پارێزگار بەدڵى ئەو بێت، بەڵام ناکۆکیەکان قوڵن‌و پێناچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا پارێزگارى کەرکوک دابنرێت ئەوەش دەرگاى کەرکوک بەڕووى مەترسى زۆردا واڵا دەکات، لەوانەش (سکاڵا لەدادگاى فیدراڵى تۆمار بکرێت، سودانى خۆى ڕاستەوخۆ پارێزگارێک دابنێت)و چەندین ئەگەرى دیکە، زیاتر وتى "بەبێ یەکێتى پۆستى پارێزگارى کەرکوک دانانرێت، ئەگەر داشبنرێت ئیدارەکە لاسەنگ دەبێت، بۆیە نیسابى ئێستاى ئەنجومەن بەجۆرێکە هەموو هێزەکان بایەخیان لەناو هاوپەیمانیەتیەکان هەیە".

 

یەکلایى نەبوونەوەى پۆستى پارێزگار لەنێوان لایەنەکان، لەکاتێکدایە، قەتماغەى برینى ٢٠ ساڵى ڕابردووى جوتیارانى کورد لەکەرکوک بەردەوام دەکولێتەوە کەس نیە چارەسەرى بکات.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×