مەسعود پزیشکیان، سه‌رۆك كۆماری‌ نوێی‌ ئێران کێیە؟
  2024-07-06       2116       
مەسعود پزیشکیان، سه‌رۆك كۆماری‌ نوێی‌ ئێران

ئا: ئاوێنه‌


مەسعود پزیشکیان پزیشکی نەشتەرگەری دڵ‌و سیاسەتمەداری ڕیفۆڕمخوازی ئێران، لەخولی‌ دووه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یدا زیاتر له‌ 16 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناو بەنۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردرا.

 

مەسعود پزیشکیان کێیە؟

لە 29ی 9ی 1954 لەشاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوە. بەهۆی ئەوەی لەمهاباد لەدایکبووەو کوردییەکی باش قسە دەکات، دایک و باوكی‌ ئازه‌رییه‌و خۆی دەڵێت "شانازی بەتورک بوونی خۆمەوە دەکەم"، مەهابادیش بە"ئازەربایجان" ناودەبات!

خوێندنی سەرەتایی لەمەهاباد تەواو کردوە دواتر لەئورمیە درێژەی بەخوێندن داوەو دیبلۆمی لەپیشەسازی خۆراک لەکۆلێژی کشتوکاڵی ئورمییە بەدەستهێناوە.

لەساڵی 1973 ڕویکردۆتە ناوچەی زاپۆڵ لەپارێزگای سیستان‌و بلوچستان بۆ جێبەجێکردنی خزمەتی سەربازی زۆرەمڵی. دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی گەڕاوەتەوە شارەکەی‌و چۆتە کۆلیژی پزیشکی‌و بەشی پزیشکی گشتی تەواو کردوە.

ساڵی 1985 خوێندنی تەواو کردووەو دواتر وەک راهێنەری فیزیۆلۆژی لەکۆلێژی پزیشکی بۆته‌ وانه‌بێژ.

ساڵی 1990 پسپۆڕی لەنەشتەرگەریی گشتی لەزانکۆی تەورێز وەرگرتووە.
 
ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی لەزانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووەو لەنەخۆشخانەی ''شەهید مەدەنی''ی شاری تەورێز دەستی بەکارکردن کردووە. ساڵی 1994 پۆستی سەرۆکایەتیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێزی پێدراو تا ساڵی 2000 لەو پۆستە مایەوە.
 
ژیانی سیاسی پزشکیان کاتێک دەستیپێکرد کە بوە جێگری وەزیری تەندروستی لەکابینەکەی محەمەد خاتەمی لەساڵی 1997، دواتر بۆ ماوەی چوار ساڵ لەنێوان ساڵانی 2001- 2005 کراوەتە وەزیری تەندروستی. پێنج جار لەسەر یەک بەئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە وەک نوێنەری شاری تەبرێز. پاشان بۆتە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020.

پزشکیان مامۆستای قورئان بووە، هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی هاوڕێیەتی ئێران – تورکیا بووە.
 
پزیشکیان هەرچەندە خۆی دەڵێت، سەر بەهیچ حیزب‌و بەرەیەک نییە، بەڵام بەکەسێکی نزیک لەریفۆرمخوازان‌و میانڕه‌وه‌کانی وەک محەممەد خاتەمی‌و حەسەن روحانی دادەنرێت.

لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 1988، پزشکیان چەندینجار سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕی کردوە، وەک شەڕکەرو پزیشک کاریکردوە، بەرپرس بووە لەناردنی تیمی پزیشکی بۆ بەرەکانی پێشەوە.

پزیشکیان لەبەرنامەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە لایەنگری خوێندن بەزمانی دایکییە لەپاڵ زمانی فەرمیی وڵاتەکە، هاوکات دژی بەشێک لەپڕۆژەکانی دەسەڵاتە بۆ پاڵاپۆشیی زۆرەملێ‌و سنوردارکردنی ئینتەرنێت.
 
مەسعود پزیشکیان یەکێک لەو پەرلەمانتارانە بو کە دژی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران‌و رۆژهەڵاتی کوردستان (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی) هەڵوێستی وه‌رگرت‌و بە ''ئاژاوە'' ناوی هێنا.

لەدوای کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە 19ی 5ی 2024 و گیانلەدەستدانی خۆی‌و تەواوی یاوەرەکانی، دەسەڵاتدارانی ئێران 28ی حوزەیرانیان بۆ هەڵبژاردنی 14مین سەرۆک کۆماری ئێران دیاریکرد.

لەگەڕی یەکەمدا مەسعود پزشکیان توانی بەپلەی یەکەم سەربکەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کام لەکاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەکان (50+1) بەدەستبهێنن بۆیە هەڵبژاردنەکە کەوتە گەڕی دووەم.

لە 5ـی تەمموز گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچو تیایدا نزیکەی لەسەدا 50 دەنگدەران بەشداریان کردو مەسعود پزشکیان توانی 53.6٪ دەنگەکان بەدەستبهێنێت‌و پۆستی سەرۆک کۆماری لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.

پزشکیان دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بە 9یەمین سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردراو لەیەکەم پەیامیدا دوای هەڵبژاردنی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، “مەسعود پزشکیان بۆ هاوڵاتییان: بەتەنیا جێتان ناهێڵم، تەنیا جێمان مەهێڵن”.

ئێستا دوای پەسندکردنی ئەنجامی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەفەرمی وەک نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران رادەگەیێنرێت‌و دەستبەکار دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×