هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سەربازی تورکیاو ئێراندایە
ئا: دیدار نێروەیی
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر دەڤەری بەرواری باڵا لەپارێزگای دھۆک بەردەوامە، رۆژانە گوندەکانی ئەو دەڤەرە بۆردومان دەکرێنو دەسوتێنرێن، دانیشتوانەکەی لەتاو پاراستنی گیانی خۆیان کۆچ دەکەنو ئاوارەی دهۆکو زاخۆ دەبن، تا ئێستاش حکومەتەکانی عێراقو هەرێمی کوردستان بێدەنگو بێ هەڵوێستن بەرامبەر بەم لەشکرکێشییەی تورکیا، موختاری گوندی گۆھەرز دەڵێت "شەوو رۆژ دەوروبەری گوندەکەمان بۆردومان دەکرێ، دەیان باخو دارستان سوتاون، ژیانی ئێمە لەم گوندەدا تەواو ناخۆشو مەترسیدار بووە، پێش ئەم هێرشە نزیکەی ١٥٠ ماڵ لەم گوندە ھەبون، بەڵام ئێستا کەمتر لە ٥٠ ماڵی تیا ماوە".
لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوەوە، سوپای تورکیا دەستیکردوە بەئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەدەڤەری بەرواری باڵاو زیاتر لە١٥ کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بەپیی ئەو زانیاریانەی دەست ئاوێنە کەوتون لەئێستادا لەسنوری بادینان نزیکەی ٨٥ بنکەو خاڵی سەربازی سوپای تورکیا لەچیاکانی کورەژارو مەتینا دامەزراون، زیاتر لە ٩٠ گوندی ناوچەکانی بەرواری باڵاش مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرەو دەیان خێزانیش ئاوارەی دھۆکو زاخۆ بوون.
تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر بەرواری باڵا بەپاساوی شەڕکردن لەدژی پەکەکە فراوانو توندتر کردۆتەوە
نەجمەدین، یەکێکە لەو گوندنشینانەی بەرواری باڵا کە باسی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی دەڤەرەکەیان بۆ پەیامنێری ئاوێنە دەگێڕتەوە، ئەو وتی "پێش چەند روژێک لەرێگەی دەرگای سەرزێری زیاتر لە ٣٠٠ سەربازی تورک ھاتونەتە ناوچەکانی بەرواری باڵاو لەچەند گوندێکیش بازگەی سەربازییان داناوە، وەکو گوندەکانی کانی بەلاڤەو بازێو بێلیزانی، هاوکات رۆژانە روبەروبوونەوەو پێکدادانی چەکداری توند لەو ناوچانە لەنێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانو سەربازانی تورک روودەدات، بەتایبەتی لەگوندی میسکا، کە بووەتە ھۆی ئەوەی ھەموو بێستانو باخو دارستانی گوندەکە بسوتێتو ماڵی خەڵکیو بینای قوتابخانە داڕوخێنو خەڵکی ئاوارەی زاخۆو دھۆک بن".
وتیشی "گوندەکانی میسکاو بێلیزانو بازێو کانی بەلاڤەو تیشەمبیکێ ژیانی تیا نەماوە، خەڵکی ئەم گوندانە ھەموویان ئاوارە بوون، چونکە رۆژانە بۆردومانێکی چڕو سەختی ئەو گوندانە دەکرێت".
ئەم هاوڵاتییە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دەزگا ئەمنیەکانی سەر بەپارێزگای دهۆک قسەیان لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندانە کردوە کە نابێت بەھیچ شێوەیەک قسە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکەنو دیمەنی بۆردومانو سوتانی رەزو باخەکانیان بڵاوبکەنەوە.
هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سەربازی تورکیاو ئێراندا بووەو بەبیانووی جیاواز دەستوەردانیان لەم هەرێمەدا کردووە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەئێستادا تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر بەرواری باڵا بەپاساوی شەڕکردن لەدژی پەکەکە فراوانو توندتر کردۆتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمو حکومەتی عێراقیش پەکەکە تۆمەتبار دەکەنو ئامادەن هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بکەن.
خێرھات، گەنجێکی ئەو دەڤەرەیەو ترسی خۆی بەرامبەر بەوە دەربڕی ھاتنی سوپای تورکیا بۆ بەرواری باڵاو ناحیەی بامەرنێ ببێتە هۆی مانەوەو جێگیربوونی ئەو سوپایە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئەو وتی "هەر کاتێک سوپای تورکیا ھاتبێتە شوێنێک لەوێ ماوەتەوە، وەک ئەوەی لەسنوری قەزای ئامێدی بینیومانە، کە دەیان بنکەی سەربازی لەو قەزایە دانراونو ناکشێنەوە".
وتیشی "تا ئێستا لەشکری تورکیا لەچەند ناوچەیەکی بەرواری باڵا بەدرۆنو فڕۆکە چاودێری ھاولاتیانی ئەو گوندانە دەکەنو لەسەر رێگەو بانەکان بازگەو خاڵی پشکنینیان داناوەو کاتێک هاوڵاتییەک بچێت بۆ ئەو شوێنانە بڵاوکراوەیەکی بەسێ زمانی کوردیو عەرەبیو تورکی دەدەنێو داوایان لێدەکەن ھاوکارییان بکەن، ئەمە یەکەمجارە سوپای تورکیا بەو قوڵاییە هاتبێتە ناو خاکمانو داوای ناسنامەمان لێبکەن، پێویستە جیتر حکومەتی ھەرێم بێ دەنگ نەمێنێتو ھەڵوێستێک وەربگرێت تا ئەم بازگەو مەترسیانە لەسەر گوندەکان نەمێنێت، دەنا ئەم ئوپراسیونە دەبێتە مایەی چۆڵکردنی ئەو گوندانەو ماڵوێرانییەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان".
لەئێستادا لەزنجیرە چیای مەتینادا چەندین بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا دامەزراون، هەموو شەوو رۆژێکیش بەتۆپو فڕۆکەی جەنگی گوندەکانی سەرگەلێو بەلاڤەو گوھەرز بۆردومان دەکەن، بەهۆی ئەم لەشکرکێشیو بۆردومانەوە ئەمساڵ زیانێکی گەورە بەر ھاوڵاتیانی ئەو گوندانە کەوتووە.
موختاری گوندی گۆھەرز، ئەحمەد سەعدوڵا لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کار گەیشتووە بەوەی ئەگەر رۆژێک تەقو تۆقی تۆپو فڕۆکەو بوردومان نەگاتە گونددەکەیان وەک ئەوە وایە شتێکی نامۆو سەیر روویدابێت، چونکە روژانەو شەوانە گوندەکەیانو دەوروبەری بۆردومان دەکرێت لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەمەش بووەتە ھۆکاری ئەوەی دەیان باخو دارستانی گوندەکە بسوتێتو لەناوبچێت بەتایبەتی دارە بەرھەمدارەکان کە ھەندێکیان تەمەنیان زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە ھەموویان سوتاندووە، ئەو وتی "ژیانی ئێمە لەم گوندەدا تەواو ناخۆشو مەترسیدار بووە، پێش ئەم هێرشە نزیکەی ١٥٠ ماڵ لەم گوندە ھەبوون، بەڵام ئێستا کەمتر لە ٥٠ ماڵی تیا ماوە، زۆربەی خەڵکی ئاوارە بوون، ناتوانین بەئازادی هاتوچۆ بکەین بۆ داینکردنی پێداویستییەکانی ژیانمان، ناتوانین بچین بۆ باخو رەزەکانمان، ناتوانین بەسەلامەتی کاری کشتوکاڵی بکەین، ئەم دەڤەرە ژیانی تیا نەماوە، جاری وایە لەکاتژمێرێکدا ١٠ جار بۆردومانی ئێمەو دەوروبەرمان دەکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.