لەگەڵ نزیکبونەوەى بانگەشە، باسى زەوى‌و مووچە گەرم دەبێت
  2024-07-22       742       
شارەوانى سلێمانى لەسێ شوێن زەوى بۆ فەرمانبەران ئامادەکردووە

ئا: وریا حسێن

 

لەگەڵ نزیکبونەوەى وادەى هەڵمەتى هەڵبژاردن دوو پرس لەناو فەرمانگەکان گەرمبوون ئەویش (دابەشکردنى زەوى‌و ڕێککردنەوەى وادەى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانە)، کە پێکهێنەرەکانى حکومەت وەکو دەستکەوت دەیبینن‌و ئۆپۆزیۆنیش وەکو مافێکى دواکەوتوو.

 

بەروارى ٢٧ى ئازارى ٢٠٢٤، لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران کە پێکهێنەرە سەرەکیەکەى (یەکێتى‌و پارتی‌و گۆڕان)ن، بڕیاراندا زەوى بەسەر فەرمانبەران دابەش بکەن، هەر دواى دەرچوونى بڕیارەکە وەزارەتى شارەوانى دواى چەند کۆبونەوەیەک فەرمانیکرد بەدابینکردنى زەوى پێویست بۆ ئەو مەبەستە، ئێستا لەناو فەرمانگەکان فۆڕم پڕ دەکرێتەوە.

 

پەیامنێرى ئاوێنە سەردانى یەکێک لەفەرمانگەکانى سلێمانى کرد، تاوەکو لەنزیکەوە ئاگادارى پڕۆسەکە بێت، بەشى یاسایى فەرمانگەکە جمەى دەهات لەو فەرمانبەرانەى کەوا فۆڕم بۆ زەوى پڕدەکەنەوە.

 

ئەو فۆڕمەى لەبەشى یاسایى بۆ فەرمانگەکە پڕ دەکرێتەوە جگە لەزانیارى تەواوى فەرمانبەرەکەو بارى خێزانى، هاوکات بەڵێنامەیەکیشى پێ پڕدەکرێتەوە کە سودمەند نەبووە، عەلى  یەکێک بوو لەو فەرمانبەرانبەرانى بە بەرچاووى پەیامنێرى ئاوێنەوە فۆڕمەکەى پڕ کردەوە، دەیگوت "ئەمە سێهەم جارمە فۆڕمى زەوى پڕدەکەمەوە، بەڵام وەرمنەگرتووە، هیوادارم ئەمجارە ڕاست بێت".

 

پەیامنێرى ئاوێنە لەهەولێرو سلێمانى بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسەکرد، بۆى دەرکەوت ئەو پرۆسەیە ئەگەرچى فەرمانبەران بەخەیاڵى دەیبینن، بەڵام ئامادەکارى بۆ کراوە.

 

شارەوانى سلێمانى لەسێ شوێن زەوى بۆ فەرمانبەران ئامادەکردووە تاوەکو دابەشى بکات، کە ڕووبەرەکەى پێکهاتووە لە ١٥ هەزار دۆنم زەوى دەکەونە سێ ناوچەوە ئەویش ناوچەکانى (تانجەرۆو تاسڵوجەو سۆتکە)ن.

 

وتەبێژى شارەوانى سلێمانى، زەردەشت رەفیق لەوبارەیەوە بەئاوێنەى ڕاگەیاند "شارەوانى سلێمانى ئامادەیە بۆ دابەشکردنى زەوى‌و لەئێستادا چاوەڕوانى بوودجەو کارمەندین بۆ دەستپێکردنى پڕۆسەکە".

سەبارەت بەکاتى دابەشکردنى وتەبێژى شارەوانى سلێمانى هیچ پێشبینیەکى نەکرد، ئەو وتى "ئێستا لەقۆناغى پڕکردنەوەى فۆڕمداین، شارەوانى فۆڕمى فەرمانبەرەکانى ئامادە کردووەو بەرێوەبەرایەتیەکانى دیکەش دەکەوێتەوە سەرخۆیان".

لەهەولێریش بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە لەئامادەکاریدان بۆ دابین کردنی زەوی بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران.

 

کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر لەگفتوگۆى لەگەڵ پەیامنیرى ئاوێنە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە ئەوانیش لەپرۆسەى پڕکردنەوەى فۆڕمدان، لەوەڵامى ئەو پرسیارەى پەیامنێرى ئاوێنە ئایا لەهەولێر کێشەى زەویان نابێت، ئەو وتى "زەوى پێویست بۆ دابەشکردن هەیە".

سەرۆکى شارەوانى هەولێر ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەوان لەقۆناغى ئامادەکاریدان تاوەکو بتوانن زەوى بەسەر فەرمانبەران دابەش بکەن، بەڵام هیچ شتێکى لەبارەى ڕووبەرى ئەو زەوییە بۆ پەیامنیرى ئاوێنە نەدرکاند کە ئامادەیان کردووە.

 

هاوکات ئەوەى ئێستا پرسى گەرمە ئەوەیە مووچەى فەرمانبەران لەگەڵ عیراق ڕێکبکرێتەوە، کێشەى دواکەوتنى مووچە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەم پرسەش وەکو دابەشکردنى زەوى بەلێڵى ماوەتەوە.

 

ئاوێنە لەبەغداد بەداوداچوونى بۆ ئەم پرسە کرد، لەوبارەیەوە چەندین سیگناڵى ئەرێنى وەرگرت سەبارەت بەپرسى مووچە، گفتگۆى لەگەڵ د.نەرمین مەعروف پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى‌و ئەندامى لیژنەى دارایی کرد، ئەو پەرلەمانتارە کە شارەزایەکى باشى لەم پرسەدا هەیە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە وەرچەرخانێکى گرنگ لەپرسى مووچە دواى بڕیارى دادگاى فیدراڵى هاتووەتە ئاراوە کە "مافێکى پاپەندکەرە لەسەر حکومەتى فیدراڵى"، گرنگە هەرێمى کوردستانیش لەپرسى جێبەجێکردنى  یاساى بوودجە هاوکار بێت بەتایبەت لە(پرسى بەنیشتمانى کردنى مووچەو پوختەکردنى لیستى مووچەخۆرانى مەدەنى‌و سەربازى هەرێمى کوردستان‌و هاوتاکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لەگەڵ عێراق لەکاتى وەرگرتن‌و لەبڕى مووچە)،

د.نەرمین وتى "ئەرکى وەزارەتى داراییە پەلە بکات لەم پرسەدا تاوەکو لەچەند مانگى داهاتوودا ئەم پرسە کۆتایى پێبێت".

ئەندامەکەى لیژنەى دارایى زۆر بەڕوونى دانى بەوەدانا ئەو گەشبینە سەبارەت بەپرسى مووچەو وتى "گەشبینم بەئایندەى مووچە، بەڵام پێویستە دامەزراوەکانى هەرێمیش پابەندو هاوکار بن".

 

هاوکات مامۆستایانى ناڕازیش کە بەردەوام لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان گفتگۆ دەکەن، گەیشتوون بەو بڕوایەى عێراق کار لەسەر باشکردنى مووچە دەکات.

 

دڵشاد میرانى یەکێک لەو مامۆستایانەى دەستەى مامۆستایان‌و فەرمانبەرانى ناڕازى بەهەمان شێوەى پەرلەمانتارەکە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنى پێداون کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم چارەسەر بکات، ئەو وتى "عێراق دەربارەى پێدانى مووچە لەکاتى خۆیداو هاوتاکردنى مووچە لەگەڵ عێراق، بەجدى هاتووتە سەر هێڵ بۆ چارەسەکردنى، بڕوایەکەمان بۆ دروستبووە بەتەنگ چارەسەرى کێشەکەوەیە".

 

پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن بڕوایەکى پێچەوانەیان هەیە دەربارەى دابەشکردنى زەوى‌و باشکردنى دۆخى مووچە، بڕوایان وایە "ئەمە مافە"، بەڵام بۆ بانگەشەى پێشوەختە بەکاردێت.

 

عومەر عەبدوڵا گوڵپى، پەرلەمانتارى پێشوى کۆمەڵى دادگەرى‌و سەرۆکى ئێستاى لیستى ئەو حیزبەیە لەسلێمانى، بڕواى وابوو ئەرکى حکومەتە پێش هەڵبژاردن‌و دواى هەڵبژاردن خزمەتى هاوڵاتیانى بکات، دوو پارتەکەى دەسەڵات بە بەکارهێنانى پێگەى خۆیان باشترین زەوییەکانى هەولێرو سلێمانى دەدەنە بازرگانەکانى نزیک خۆیان، بەڵام ئەو زەویانەیانەى کە باش نین دەیدەنە فەرمانبەران، ئەو وتى "زەوى دراوە بەفەرمانبەر یان کەسوکارى شەهید یان ڕۆژنامەنووس، ١٠ ساڵە نەکراوە بەخانوو بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزاریى، ئایا ئەو زەویانە ئەدەن بەفەرمانبەر؟ بێگومان ئەمە شتکى خراپە".

سەرۆک لیستەکەى کۆمەڵى ئیسلامى کە ئۆپۆزسیۆنى کابینەى نۆهەمى مەسرور بارزانى بوو، بڕواى وایە بریارى دابەشکردنى زەوى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنە، ئەو بەئاوێنەى وت "هەردوو پارتى دەسەڵاتدار ماوەى چوار ساڵ هەموو شتێکیان دابەشکردووە، بەڵام چەند مانگێک پێش هەڵبژاردن بۆ چاوبەستى خەڵکى هەندێک کار دەکەن".

 

ئاوێنە ویستى کاردانەوەى کاندیدێکى پارتى لەوبارەیەوە وەربگرێت کە لایەنى یەکەمى حکومەتە، پەیوەندى بە د.باخان ئازاد کاندیدى پارتى لەبازنەى هەڵەبجەوە کرد، ئەو بەئاوێنەى وت :"لەڕووى حیزبیەوە دەستیشان کراون، بەڵام هێشتا فەرمانى قسەکردنیان دەربارەى ئەو کەیسانە پێنیە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×