یاداشت لەسەر کوردستانی ناوەڕاست
  2024-07-30       1067       
مێجەر کێنێس ماسۆن - نەخشەی ئەو شوێنانەی بەکوردی دەدوێن

مێجەر کێنێس ماسۆن

ئەفسەری سیاسیی بەریتانی لە کوردستان

لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەدا خوێندراوەتەوە، ٣ی نۆڤەمبەری ١٩١٩

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

کوردستان وڵاتێکی زۆر کۆنە و پێدەچێت بەشێک لە دانیشتووانەکەی لە جوولەکەکانی یەکەم بەدیلگرتنەوە هاتبن و بەم شێوەیەش دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە بەشێکن لە دە هۆزە ونبووەکە (چیرۆکێکی تەوراتییە - وەرگێڕ) بە ڕاستییەکی زیاتر لە ئەمریکییەکان. بۆ هەموو ئەوانە، تا ئەم دواییانە داوای گرنگیدانێکی زۆری بە خەڵکی ئینگلاند نەکردووە. ڕەنگە زۆربەمان ئایدیایەکی ناڕوونمان هەبێت کەوا کورد لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەندا بەشدار بوون، بەڵام ئێمە کەمتر ئەوە دەزانین کە بەشێکی زۆر گەورەی کریستیانەکان لە ڕۆژانی پێش جەنگدا (مەبەست جەنگی جیهانیی یەکەمە ١٩١٤ تا ١٩١٨ - و) تا ڕادەیەک بە خۆشی لە کوردستاندا ژیاون. پێش ساڵی ١٩١٤ ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئینگلیزەکان گەشتیان بۆ ئەوێ کردبوو، لەنێویاندا کۆڵۆنێڵ ماونسێل، سێر مارک سایکس و کاپتن لۆریمەر. باسوخواسێکی کەم لەبارەی ئەم وڵاتەوە ئاشکرا کراون. یەکەمیان لەلایەن زینۆفۆنەوە بوو نزیکەی ساڵی ٤٠٠ پێش زایین، و نوێترینیان لەلایەن قەشە دبلیو. ئەی. ویگرامەوە بوو، کە بە ماوەیەکی کەم لە پێش جەنگدا کتێبی "لانکەی مرۆڤایەتی"ی نووسیوە. کورد لەم نێوەندەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، هەرچەندە لەم دواییانەدا هەندێ لە داهێنانەکانی سەدەی بیستەمی بیستووە وەک بڕیاردان لە چارەی خۆنووسین و کۆمەڵەی گەلان. مستەر ویگرام سەر بە میسیۆنێریی کەنیسەی سەرەکیی کانتەربێری بوو لە نێو کوردە کریستیانەکانی وڵاتی نێوان دەریاچەی ورمێ و واندا. ڕەنگە ئەم نەستۆریانە سەرەتاییترین مەزهەبی کریستیانەکان بن لە جیهاندا و بەدڵنیاییەوە لەپێش پەیدابوونی موحەممەدەوە ئەوان لەوێ بوون. برسێتی و جەنگ و تورکەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوانیان دەربەدەر کردووە بۆ ئەوەی داڵدە و پەنایەک بدۆزنەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا لە میزۆپۆتامیا و نیشتەجێکردنیان یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی ئێمە. من گەشتی ناوچەی کریستیانەکانم نەکردووە، بەڵام بیستوومە کەوا کاتێ نەستۆرییەکان ڕۆیشتن، کوردە موسڵمانەکان تاڵانیان کردوون و زۆربەی گوندەکانیان وێران کردووە. ئەم نەستۆرییانە نابێت لەگەڵ ئەرمەنییەکان تێکەڵ بکرێن و بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن کوردە موسڵمانەکانەوە زۆر زیاتر لە دووەمیان ڕێزیان لێدەگیرێت.

ئەو ناوچە و وڵاتەی کە باسی دەکەم، بە شێوەیەکی سەرەکی لە باشووری ئەم پشتێنە بێ دانیشتووانەی نەستۆری و جیلو و ڕۆژئاوای سنووری تورکیا- وڵاتی فارس و باکووری ڕۆژئاوای دەڤەری سلێمانییە. ئەم ناوچەیە کە لە کاتی جەنگدا مەینەتی و ئازاری زۆری چەشتووە، توانای ئازاردانی کەسی نییە. کاتێ باس لەوە دەکەم کە تیرەیەک لە هۆزێک بە ناوی خواکورکەوە کە لە ساڵی ١٩١٤دا ژمارەیان زیاتر لە ١٥٠ خێزان بووە، ئێستا تەنها حەوت خێزانیان ماوەتەوە، دەبینیت جەنگ و تاعوون و برسێتی چ کاریگەرییەکی سەختی هەبووە لە سەریان. لەسەدا نەوەدی وێرانکاری و لەناوچوون باجێکی قورسە کە لە شەڕی کەسانی تردا بیدەیت. خاڵێکی دیکەی ئەم بەفیڕۆدانە گەورەیە ئەوەیە کە چینی هەرە هەژار و کرێکار لە هەموویان خراپتر زیانیان بەرکەوتووە. ڕزگاربووان بە شێوەیەکی سەرەکی کوردانی چینی گوزەران باشترن، کە بریتین لە سەرۆک عەشیرەتەکان و کوێخای گوندەکان و دەستوپێوەندەکانیان و.. تاد.  زۆربەی کوردەکان کەم تا زۆر شەڕەنگێزن، واتە هەموویان چەکدارن و پێش جەنگیش بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر تاڵانوبڕۆ و  هەڵکوتانە سەر یەکتری دەژیان. ئێستا زۆر کەم خێڵەکان هێزی ئەوەیان ماوە کە بتوانن بوار بە نەریت و خووە تاڵانکارییە کۆنەکانیان بدەن و ئەگەر بیانەوێت بژین، دەبێت بە جیددی نیشتەجێ و جێگیر ببن. هەموو خێڵەکان سەردەمانێک کەم تا زۆر کۆچەری بوون، بەڵام ئاڕاستەی ئێستا زیاتر ئەوەیە کە نیشتەجێ ببن و ئامانجی سیاسەتی تورکیا (دەوڵەتی عوسمانی - و) ئەوەیە کە سیستەمی ڕێکخستنی خێڵەکیی کوردەکان تێکبشکێنێت و بەرەو نیشتەجێبوون پاڵیان بنێت بۆ کاری کشتوکاڵی. بەڵام ئەمە زۆر لە بەرژەوەندیی کوردەکان نەبوو چونکە ڕێگر بوو لە ئەگەری پێکهێنانی ڕێکخراوی گەورەی کوردەکان و دروستکردنی کێشە و گرفت. سیاسەتی تورکیا مەیلی دابەشکردنی یەکەی خێڵەکیی هەبوو بۆ ژمارەیەک یەکەی گوند و تورکەکان پێیان وابوو کە لەبەر ئەوەی دوو هۆز یان خێڵی کورد بەدەگمەن یەکدەگرن، دوو گوندیش یەکناگرن و بەو پێیە ئەگەر یەکەکان چەندە بچووکتربن هەڕەشەکە کەمتر دەبێتەوە. بەڵام بەگشتی ئەم مەبەستە نەهاتەدی و پەرەسەندنی ڕێکخستنی خێڵەکی لە پیشەی کۆچەرییەوە بۆ نیشتەجێبوون و پیشەی کشتوکاڵی بەو   نیاز و ئامانجەی دەوڵەت سەری نەگرت و ئێستا سەرۆک خێڵێک حوکمڕانی و خاوەندارێتیی ئەو ناوچەیە دەکات کە خێڵەکەی تێیدا نیشتەجێیە و خۆی سەرەوکاریی وەرگرتنی باجە کشتوکاڵییەکان دەکات و هەر خۆیشی بەرپرسە لە بانگکردن و ناردنی پیاوەکانی بۆ جەنگ.

بێجگە لەوەش هەندێک لە خێڵەکان تا ڕادەیەک هەر بە کۆچەری مانەوە و بەپێی وەرز لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوێزنەوە، بە پێی پێویستیی لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان. لە هاویناندا بۆ لەوەڕاندنی مێگەلی ئاژەڵ و ماڵاتیان بەرەو بەرزاییەکانی (یایلاکەکانی) سنووری وڵاتی فارس دەڕۆن و لە زستانانیشدا بەرەو دامێنی چیاکان و دۆڵ و شیوەکان دادەکشێن بۆ لەوڕاندن و تاقەتکردنی ئاژەڵەکانیان. بۆ نموونە هەرکییەکان لە سەرەتای زستاندا لە سنووری وڵاتی فارسەوە (ئێران - و) دەچنە ناوچە نزمەکانی خوارووی ئاکرێ و لە پێش جەنگدا، لە ڕێڕەوی هاتوچۆی خۆیاندا خێڵە  لاوازەکانیان تاڵان    دەکرد و لە هەمان کاتیشدا لەلایەن ئەو خێڵ و هۆزە بەهێزانەوە تاڵان دەکران کە پێیاندا تێدەپەڕین. بەڵام زستانی ڕابردوو هەندێکیانمان بینی کە بێ دەستدرێژیی کردنە سەر کەس لە دۆڵی ناوچەکانی برادۆستدا هەواریان خستبوو، چونکە زۆر لەوە لاوازتر بوون کە بەرهەڵستییان بکەن و ڕێگەیان لێبگرن. هەندێ جار خێڵێک، بەشێکیان کۆچەری و بەشێکی تریان نیشتەجێ یان دانیشتوون، بۆ نموونە مەنگوڕ کە لە دەشتی پشدەردا دەیانبینین، بەشە دانیشتووەکەیان بەدرێژایی ساڵ لە گوندەکانی دەشتەکەدا دەژین، لە کاتێکدا کۆچەرییەکان تەنها بۆ زستان لە لەوەڕگە و پاوانەکانی سەر شاخە بەرزەکان دێنە خوارەوە.

لەم ناوچەیەی کوردستاندا کوردەکان تەنها دوو شارۆچکەیان هەیە، ڕەواندز و نەهری. پێش جەنگ یەکەمیان نزیکەی دوو هەزار ماڵی تێدابوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی پانزە هەزار کەس زیاتر دەبوو، بەڵام نەهری بچووکتر بوو و لە ٢٥٠ ماڵ پێکهاتبوو. لە دوای ئاگربەست، ڕەواندز و شارەدێی قەڵا تێلوک تەنها شەست ماڵ و نەهری شتێک لە خوار دە ماڵی تێدا مابووەوە. ڕەواندز بە دیواری ماڵە ڕووخاوە بێ بنمیچەکانیەوە پتر لە هەندێ شارۆچکەی فڵاندەرزی لای ئێمە دەچێت. لە ڕاستیدا سەرلەبەری وڵاتەکە بە ئاگر و شمشێر و نەخۆشی و  تاعوون و برسێتی وێران بووە. بۆ تەواوکردنی قۆرتی دەرد و نەهامەتییەکانیان، زستانی ڕابوردوو کاتێ سەردانی کوردەکانمان کرد، تازە خەریک بوو لە پەتای جیهانیی ئەنفلۆنزای ئیسپانی دەرباز دەبوون.

پێش ئەوەی باسی وڵاتە بکەم، بەکورتی باسێکی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەم کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە لە کاتی جەنگدا. کاتێ شەڕ لە نێوان ڕووس و تورکەکاندا هەڵگیرسا، دیاریکردنی سنووری تورکیا و ئیران تازە تەواو بووبوو. ڕووسەکان ماوەیەک خەریکی ڕۆیشتن بوون و یەکەمجار بوو لە میزۆپۆتامیا بیستمان کەوا لە  ١٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٦دا لە قەوقازەوە دەستیان بە پێشڕەوی کردووە. لە ١٦ی شوباتدا ئەرزڕوومیان گرت و لە ١٩ی نیسانیشدا ترابزۆنیان گرت. هاوکاتیش هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچە کوردنشینەکان بەرەو باشوور پێشڕەوییان کرد. هێزێک کە بنکەکەی لە هەمەدان بوو لە ڕێگەی کرماشانەوە بەرەو خانەقین ئۆپەراسیۆنی خۆی دەستپێکرد، هێزێکی دیکەش کە لەسەر گۆلی ورمێ مۆڵیدابوو بوو بەرەو ڕەواندز جووڵەی کرد. لە ٢٣ی ئابی ١٩١٦ چێرنۆزوبۆڤی جەنەراڵی ڕووسی، لە لاجان لە دیوی سنووری ئێرانەوە، تیپی چوارەمی تورکی شکست پێهێنا، و تورکەکانی بۆ  ڕەواندز گێڕایەوە و دوو فەوجی تورک گیران و نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی شارۆچکەکە هەڵهاتن. سەربازە ئەرمەنییەکان لەگەڵ ڕووسەکان نزیکەی پێنج هەزار ژن و پیاو و منداڵی کوردیان کۆمەڵکوژ کرد، بە بەر نێزەدانیان و خستنە خوارەوە و هەڵدانیان بەسەر بەردەکانی خەرەندی ڕەواندزدا. لێرە تەنانەت ئەرمەنیش دەتوانێت کەمێک خووی پڵنگ وەربگرێت کاتێ کە نێچیرێکی لاواز و بێ بەرگریی دەکەوێتە بەردەست.

وا ئێستا ڕووسیا دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە. هەندێک لە هۆزەکان خۆشحاڵ بوون کە لە ژێر دەسەڵاتی خراپی تورکەکان ڕزگاریان بوو، هەندێکی تریش بەپێجەوانەوە. بۆ بەدبەختییش ڕووسیا لە وڵاتانی لەم جۆرەدا هیچ کارگێڕێک و هیچ ئەفسەرێکی سیاسیی بە هێزەکانیەوە نەبوو و هیچ شێوازێکی پەیوەندییشی لەگەڵ دانیشتوواندا نەبوو. لە پاش بەریەککەوتن کوردەکان ڕوویان لە ڕووسەکان وەرگێڕا. خێلەکان تاکە تاکە بێزار بوون لە پەیوەندییەکانی ڕووس و لێیان دابڕان و نەیاندەتوانی پێکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن و لە ئەنجامدا بە پلەی جیاواز ئازار و مەینەتییان چەشت. کاتێ کە دواتر ڕووسەکان ناوچەکەیان چۆڵکرد، بۆ سەلامەتی خۆیان ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتەبەر و نزیکەی تەواوی گوندەکانی سەر هێڵی پاشەکشەیان ڕاماڵی و هیچ گوندێک لە نێوان ڕەواندز و ڕاڕەوی گەرەوشینکێدا بەپێوە نەما و وێرانکران بە جۆرێک کەوا هێرش و پەلامارەکانی هۆلاکۆ خانیان بیربکەوێتەوە، کاتێ کە دەیدا بەسەر گوند و شارەکاندا و لە وێرانە بەولاوە هیچیتری بەجێنەدەهێشت.

کوردەکان جارێکی تر گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی تورک و بۆ ماوەیەکی کورت دڵخۆش بوون بەم گۆڕانکارییە، بەڵام لەم دەمەدا کۆمیسارێتیی تورک ئەوەندە بار بوو بەسەر وڵاتەکەوە کە وای لە دانیشتووانەکەی کردبوو بە سەدانیان لەبرسا بمرن و هەروەها درم و پەتاکانی تیفۆس و ئەنفلۆنزاش بوون بە هۆی گیان لەدەستدانی بەشێکی زۆری خەڵکەکە و پارساڵ لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا ئاگربەست لە نێوان ئێمە و تورکەکاندا واژۆ کرا. یەک لەو مەرجانەی بەسەر فەرماندەکەی تورکیادا سەپێنرا ئەوەیە کە دەبوو هێزەکانی ناوچەکە چۆڵ بکەن و تەنها ڕێگەی پێدرا کارگێڕە مەدەنییەکانی لەوێ بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی ئێمە دەستمان بەسەرداگرت.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا من لەلایەن سەرۆکەکەمەوە، جەنەراڵ سێر ئەلێکساندەر کۆب، فەرمانم پێکرا بۆ سەردانیکردن و ڕاپۆرت نووسین لەسەر ناوچەکە و منیش لە ٢٨ی دیسەمبەردا گەیشتمە مووسڵ و مێجەر نۆئێڵ لە بەشی سیاسی پێشتر چووبوو بۆ سلێمانی و لەوێ لەلایەن کوردەکانەوە پێشوازییەکی پڕ لە جۆش و خورۆشی لێکرابوو، وا ئێستا ئەویش لەوێوە بەرەو ڕەواندز دەچێت. مێجەر س. موڕای، کە ئەفسەرێکی سیاسیی دیکەمانە، چووەتە هەولێر و ئێستا لەوێ جێگیر بووە. بڕیار درا کەوا لە ڕەواندز چاوم بە نۆئێڵ بکەوێت لەگەڵ دابینکردنی هەندێ پێداویستیی تایبەت و هیوادارم کە دوای ئەوە بتوانین پێکەوە گەشت و کار بکەین. لەگەڵ خۆمدا کاپتن ستیوارت موڕای، R.A.M.C. و دوو پیاوم بردبوو، کە سێرجنت بێرگێس و کۆرپۆراڵ (عەریف - و) سمیس و دوو سەربازی فەوجی سیانزە بوون و هەردوکیان خۆبەخشانە بەشدارییان لە گەشتەکەدا کردبوو. من نەمدەتوانی ئاواتی باشتر بخوازم بۆ هاوڕێکانی سەفەرم. کۆڵۆنێڵ لیچمەن، کە بە هۆی گەشتەکانیەوە لە عەرەبستان لەلایەن کۆمەڵەکەتانەوە باش ناسراوە، نوێنەری مەدەنیی بەریتانیایە لە مووسڵ و هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە دەمانویست بۆی ڕەخساندین. ئەوجا چوار ئەسپی شاخاویی بەهێزمان کڕی و بە کاروانێکی نزیکەی باری سی وڵاخەوە لە ٢ی کانوونی دووەم  شاری مووسڵمان بەجێهێشت و بە ناو شوورە و دیوارەکانی نەینەوای کۆندا تێپەڕین و دەشتە بەپیتەکەمان بڕی. لە سێگۆشەی ئاشووریی کۆن و بۆ بۆشایی گردەکانی نێوان جەبەل  مەقلوب و گردەکانی عەین ئەلسەفرە گوندی بەعشیقەی یەزیدی و دەیری کریستیانی مار مەتەی لە باکووری ڕۆژئاوامان بەجێهێشت. نەخشەکە هێڵێکی دووانەی جوانی پیشانداین، کە ئاماژەیە بۆ ڕێگایەکی گالیسکە لە بەردە ڕەشەوە بەسەر سێردریا تەپەدا بۆ زێی گەورە. لە ڕاستیدا، ئەمە بوونی نییە لە شوێنەکاندا و ڕێڕەوەکە بەزەحمەت دەتوانرێت تێپەڕێنرێت بۆ گواستنەوەی بارەکان. لە ئەستیریا گەیشتینە زێی گەورە، کە لە ڕێڕەوی ئاوەکەداچەندین بوار هەیە بۆ پەڕینەوە لە ڕووبارەکە، بەڵام لە مانگی یەکدا گەشتیار بەختی هەیە ئەگەر بوارێکیان بدەدۆزێتەوە. ئێمە دەمانتوانی تەنها بە سواری ئەسپەکانمان لە ئاوەکە بدەین و بارەکانیش لە ئاژەڵەکان دابگرین و بە کەڵەک بیانپەڕێنینەوە. ئەم کەڵەکە لە چواردە پێستی فووتێکراو پێکهاتبوو و بە داری چنارەوە شەتەک درابوو و تاکە ڕێگەی پەڕینەوە بوو کاتێ کە ئاوی ڕووبارەکە زیاد دەکات. هەر گەشتێکی تەواو، کەڵەک بیست و پێنج خولەکی دەویست و ئێمە هەشت گەشتمان پێویست بوو. ئەم کەڵەکە بەلەم ئاسایە (واتە قەیاخ - و) ئەڵتەرناتیڤێکی ئەوەیە کە لە نەخشەکاندا لە نێوان قەندیل و قەسرۆکدا پیشان دەدرێت، بەڵام هەردوکیان بە بەردەوامی کار ناکەن و گەشتیار هەمیشە پێویستە پێشتر پرسیار بکات کە کامیان بەردەستە. هەردوو گوندی قەندیل و قەسرۆک لەسەر هەموو نەخشەکان لە دیوی هەڵەی ڕووبارەکەدا نیشاندەدرێن، چونکە قەندیل دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی زێ بێت و قەسرۆک لە ڕۆژئاوا. وەک وێناکردنێک بۆ ئەو وریاییەی کە پێویستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بوارەکانی پەڕینەوەدا، ڕەنگە ئەوەش زیاد بکەم کە هێسترە بارەبەرەکانمان لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە ڕەواندزەوە دوای چوار ڕۆژ هەوڵیان دا هەمان بوار بەکاربهێنن دوای ئەوەی بارانێکی زۆر لە چیاکاندا باریبوو. دەرئەنجامەکەی ڕووداوێک بوو کە دوو هێستر و هێسترەوانێکی کورد نوقمی ئاوەکە بووبوون و خنکابوون.

تورکەکان ئەم ڕێگەیەی نێوان مووسڵ و ڕەواندزیان بەکارنەهێنا، بەڵکوو وایان پێباش بووە ئەو ڕێگەیە بگرنەبەر کە لە مووسڵەوە دەچوو بۆ گوێر و لەوێ بە پردێکی بەلەم (قەیاغ - و) زێیان بڕی و دواتر ڕێگایەکی باشیان گرتەبەر، چونکە ڕێگاوبانەکان کە بەم وڵاتەدا دەڕۆن بۆ هەولێر بەردڕێژ نەکراون. هەولێر لەسەر گردێکی وێرانەشاری ئاشووریی کۆنی ئاربا- ئیلۆ دروستکراوە، کە ناوەکەی بە سەرکەوتنە تێکشکێنەکەی ئەسکەندەر بەخشی بەسەر داریوشدا لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا. تا ئەم شوێنە تورکەکان گواستنەوەی بارهەڵگری سووکیان بەکاردەهێنا و لێرە بەدواوە ڕێگایەکیان بۆ ڕەواندز دروست کرد کە پێی دەگوترێت ڕێگای عەرەبانەی بابەچیچەک.

لەم گەشتەماندا بۆ ڕەواندز ڕێگەیەکی چوار میل و نیومان لێدا لە ڕۆژهەڵاتی زێوە، وەک هێڵی پەیوەندیی سوپایەک لە مەیداندا زۆر شت بەجێبێڵێت، چونکە لە کەشوهەوای باراناوی و تەڕوتووشدا نزیکەی بەتەواوی ناتوانیت پێیدا تێپەڕبیت و ئێمە لە شوێنە خراپەکاندا پاکمان کردووەتەوە و چەوڕێژمان کردووە. ئەم ڕێگەیەش وەک زۆربەی شتەکانی تورک دەستی پێکردووە و هەرگیز تەواو نەکراوە و پارەکەی چووبووە گیرفانی بەرپرس و کاربەدەستە گەندەڵەکانەوە.

ملەیەکی پێچاوپێچ هەیە کە بە ڕاڕەوی سپیلک ناسراوە بۆ چیا بەردینە گەچۆڕەکانی limestone کوردستانی ناوەڕاست و زیاتر لە پەیژەیەکی سروشتیی گەورە دەچێت بۆ هەردە و تەپە و تەلانێکی شەپۆلاویی پڕ لە دۆڵ و دەربەند. لێرەوە گالیسکەڕێ تورکییەکە بە دۆڵێکی لاتەنیشتدا شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمی خەلیفان و دەچێتە ناو گەرووی گەلیی عەلی بەگەوە. ئێمە شەوێکمان لە گوندی کەرەخین بەسەربرد (پێموایە کەلەکین بێت - و) و کاتێ گەیشتین تاریک داهاتبوو. وەک زۆر جار لە کوردستاندا ڕوودەدات، یەکێک لە هاوەڵە کوردەکانمان بە تەقەکردنێک لە تفەنگەکەیەوە گەیشتنی ئێمەی ڕاگەیاند و بە تەقەیەکیش وەڵام درایەوە و دەسبەجێیش خەڵکێکی زۆر تەقەی تفەنگیان بە ئاسماندا کرد.

لە کوردستان هەموو کەسێک لە تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵی بەرەو سەرەوە تفەنگی هەڵگرتووە و هەر یەکەیان دوو سێ پشتێنی زل و قەبە یان ڕەزنە فیشەکی لە خۆی بەستووە. ئەوان لە ڕێگر و جەردەی سەر شانۆ دەچن و پێموایە ئەوە نەریتێکی ئاساییە، بەو پێیەی جەردەیی خووی سروشتی و ئاسایی ئەوانە. من وای نابینم کە چۆن ڕێگری بکەین لە هەڵگرتنی چەک، چونکە "هیچ کەسێک لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا ڕێگەی پێنادرێت لە میزۆپۆتامیادا ئەو کارە بکات، بەڵام لە کوردستان ئەگەر هەوڵی سەپاندنی چەکداماڵینمان دابێت کورد لە دیوی ئێرانی سنوورەوە بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەرمان".

مایەی سەرسوڕمانە کەوا ئەم هەموو تفەنگ و فیشەکەیان لە کوێوە هێناوە و گەلێکیان زۆر مۆدێرن و هەندێکیان کۆن بوون. ڕەنگە کۆکراوەیەک لە یەکێک لە خێڵە گەورەکان نیو دەرزەن جۆری جیاواز پیشان بدات. جۆرەکانی تفەنگی تورکی و ئەڵمانی و ڕووسی زیاتر باوە، بەڵام ژمارەیەکی باش چەکی لێبڵی فەرەنسیش هەیە. بێگومان هەندێکیان لە قاچاخچییانی چەکی کەنداوی فارس کڕدراون یان بە قاچاخ هێنراون و هەندێکی تریان لە تورکیاوە هاتووە. پێموایە زیاتریش پێدەچێت لە بەرەکانی شەڕەوە هاتبێت و لە ئۆردووگاکانی میزۆپۆتامیا و قەوقازەوە، کە لە سەربازە کوژراوەکان یان سەربازە هەڵاتووەکانی تورک و ڕووسەوە دەستیان کەوتبێت. زەخیرە و فیشەک هێجگار زۆرە بەڵام ئەستەمە بڵێی کەوا لەکوێوە هاتووە. من ئاگام لێیە کەوا دوای شۆڕش (دیارە مەبەستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ و گۆڕانکاریی شوباتی ئەو ساڵەیە - و) سەربازانی ڕووسیا چەک و فیشەکیان زۆر ئازادانە لە ئێراندا فرۆشتووە و کوردێک پێیگوتم کەوا چەک و فیشەکی خۆی لە بازاڕەکانی   تەبرێز و تاراندا کڕیوە و یەکێکی تریان دەیگوت کەوا چەکەکەی خۆی لە بەغدا کڕیوە، بەڵام بە زۆری کوردەکان و عەرەبەکان دزی پسپۆڕ و شارەزای تفەنگن. من بیر و خەیاڵم بۆ ئەوە دەچێت کە ئەفسەرانی تەقەمەنی تورک و ڕووسی کۆگا و عەمبارەکانی زەخیرە و تەقەمەنی نهێنیی گەورەترین ئەو بابەتانە دەزانن.  لەبیرمە کە دزییەک لەلایەن عەرەبەکانەوە لە یەکێک لە کەمپەکانمان لە میزۆپۆتامیا لە یەک شەودا زیاتر لە حەفتا سندووقی هەزار فیشەکی بووە، هەرچەندە من باوەڕم وایە کە شاردراوەتەوە و سەرباری ئەوەش هەموو ڕێوشوێنە ئاساییەکانی خۆپارێزی گیراوەتەبەر.

پێموایە دوا ڕێپێوان بۆ ناو ڕەواندز بە درێژایی ڕێگای عەرەبانە تورکییەکان یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دیمەنەکانی ئەو ڕۆژگارە بوو کە تا ئێستا   بینیومە و هێندەی تر بە زۆر خەیاڵی ئەو گەشتیارەی کە تازە لە بیابانە بێ تایبەتمەندییەکانی میزۆپۆتامیاوە هاتبوو، ڕاکێشا. لە کاتی دەرچوون لە سەربازگە یان کەمپی خەلیفان ڕێگاکە دەچێتە ناو گەرووی گەلیی عەلی بەگەوە کە پانییەکەی تەنها ٣٠ یاردە لە دەروازەی چوونە ژوورەوەوەدا. ڕێگاکە لە ئاستی ڕووبارەکەدایە و بە پردێکی دار لەسەر دەرچەی زبر و زەق و نیو میل لەودیوەوە دەپەڕێتەوە بۆ کەناری ئەوبەر. نزیکەی دوو میل زیاتر لەسەر ڕووبارەکە، کە ئێستا نزیکەی ٤٠ پێ لە خوار ڕێگاکەوەیە، بە چەمێکدا و بەسەر تاڤگەکانی سۆڕیادا تێدەپەڕێت، کە نزیکەی ٧٠ یان ٨٠ پێ قووڵە. مخابن نزیکە لە مەحاڵەوە بتوانیت وێنەی فۆتۆگرافی تاڤگە سەرەکییەکان بەدەست بهێنیت و من تەنها توانیم وێنەی ئاوە خوڕەکەی سەرەوەی تاڤگەکە بە شێوەیەکی دروست بگرم.

بەرزیی ڕێگاکە لە سەد پێ زیاترە لە بنی دۆڵەکەوە و لەکاتێکدا وردە وردە بە قەدپاڵی چیاکەدا بەرزتر دەبێتەوە و پاشان تادێت بەرەو خەلیفان قووڵتر شۆڕدەبێتەوە تا دەگاتەوە بنی چیاکە. لە نزیک تێکەڵبوونی هەردوو ڕووباری خەلیفان و ڕەواندز ڕێگەکە سەختتر دەبێت، هەروەها بەردە زلە هەڵتۆقیوەکان وای لێدەکات کە سەلامەت نەبێت تەنانەت بۆ گالیسکە سووکەکانیش. لاپاڵی چیاکە زۆر کووڕە و دار و دەوەنی بەڕووی کورتەباڵا و جۆری تری دار دایپۆشیوە.

دەربەندی ڕەواندز، کە ئێستا دەچینە ناویەوە، دەکەوێتە شوێنگەلێکەوە کە پانییەکەی لە خوارەوە بە حاڵ دەگاتە ١٠ یاردە. پێدەچێت ڕێگەکە تەنها بە دەمە چەقۆ ڕووشابێت و پانییەکەی بە درێژایی لێژاییەکانی خوارەوەی دەربەندەکەدا شەش پێ بێت و لە گەلێ شوێنیشدا لە بەرزیی پێیەکەوەیە لە ئاوی چەمەکە. لە دەربەندەکەدا بە ناو بەردی گەچۆڕدا تێپەڕ دەبیت کە بە شێوەیەکی ئاسۆیی چین چین نیشتووەتە سەر یەکتر. لێرە پەیکەرە ئێسکی ئاژەڵ و گالیسکە کۆنی بە دارەوە هەڵواسراو دەبینیت کە بەڵگەیە بۆ ڕووداوی دڵتەزێنی پێشتر. ڕاستییەکەی ئەمە ڕێگەیەکی ناچارییە کە وەک هێڵی پەیوەندیی سەرەکیی بەکاردێت، بەڵام تورکەکان تەنها وەک کاروانەڕێی وڵاخ بەکاریان نەهێناوە بەڵکوو دەگوترێ کەوا ئۆتۆمبیلیشیان پێدا بردووە. خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش هەیە کە پێش ئەوەی بگەیتە ڕەواندز ڕێگەکە بە لاپاڵی دۆڵێکی لاتەنیشتدا پێچدەکاتەوە و ئەویش ڕاڕەوی بەخارییە و سێ جار بە سەر کۆپریی نەریتیی کوردیدا دەپەڕێتەوە لە مەودای دووسەد یاردەدا. ڕاستەوخۆ لە ڕاسەری دوایین پرد یان کۆپریدا ئاوی چەمەکە لە چەند کانیاوێکەوە هەڵدەقوڵێت و لە بەرزایی حەفتا پێوە قەبارەیەکی زۆری ئاویان لێدێتە دەرەوە بۆ ناو چەم و شیوەکە و ناتوانی لەو قەدپاڵەوە بپەڕیتەوە کە ئاوەکەی پێدا دێتە خوارەوە.

لە ٧ی کانوونی دووەمدا گەیشتینە ڕەواندز کە لە دۆخێکی زۆر خراپ و وێرانەدا بوو، وەک پێشتر باسم کردووە. شارۆچکەکە خۆی تا ڕادەیەک چۆڵکرابوو و لە کۆی شەست ماڵ لە تەختاییە نزمەکەی شارۆچکەکەدا تەنها بیست ماڵی تێدا مابوو - کە لەبنەڕەتدا دوو هەزار ماڵ بووە لە پێش جەنگدا. ئەودوای ماڵەکان دەکەوتنە گەڕەکی قەڵا تیلۆکەوە لە شوێنێکی بەرزاییدا و ئێمە لە خانوویەکی قەراخ شاردا نیشتەجێ بووین. نۆئێڵی ئەفسەری سیاسییش تازە گەیشت و هەر ئەو ڕۆژەش قایمقامە تورکەکە ملی ڕێی گرت و ڕەواندزی بەجێهێشت و ئێمەش خانووەکەیمان داگیرکرد. ڕەواندز نەیتوانی هێستر و بەرزەوڵاخی گواستنەوەی کەلوپەل و بارەکانمان بۆ دابین بکات و بە هەمان شێوە کوردەکانی ئەوێش. کەواتە بۆ هەر گەشتێکی داهاتوومان دەبوو تەنها پشت بە وڵاخ و هێسترەکانی سواریی خۆمان ببەستین. لەبەر ئەوە دەسبەجێ وڵاخە بارییەکانی لای خۆمان گێڕایەوە و ڕێوشوێنی دابینکردنی بڕێک جۆ لە هەولێر گیرایەبەر، کە مەودای چوار فرسەخێک لێمانەوە دووربوو. پاشان فرەی نەبرد کەشوهەواکەی بە خراپی گۆڕا و لەبەر ئەم هۆیە و هۆکاری تری جیاواز بۆ چەند ڕۆژێک پەیوەندیمان بچڕا و بەهەمان شێوە ئالیکی ئاژەڵەکانیش نەگەیشت چونکە ڕێگە سەربازییە تورکییەکە گیرابوو.

لێرە پزیشکەکەمان، موڕای، کەوتە ئەنجامدانی هەندێ کاری سوودبەخش بۆ دانیششتووان و دەبوو خواردن دابین بکرێت بۆ نزیکەی سێسەد کەس لە کۆی شەشسەد کەس و خێرا ڕێوشوێنی فریاکەوتن و چارەسەری نەخۆشی گیرایەبەر. دکتۆر موڕای نەخۆشخانەیەکی کردەوە و نێردرا بۆ بەغدا بە مەبەستی هێنانی دەرمانی زیاتر و پێداویستیی نەخۆشخانەکە، چونکە ئێمە تەنها سندووقێکی نەخۆشخانەمان شکدەبرد بۆ حاڵەتی لەناکاو. هەروەها نۆئێڵ داوای لە بەغدا کرد کە پزیشکێکی هەمیشەیی دابمەزرێنێت بۆ چاودێری و ڕاییکردنی کاروباری نەخۆشخانەکە.

ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە کە بە سواری وڵاخ بە ناوچەکەدا بگەڕێین و تا پێمان بکرێت لەگەڵ سەرۆک خێڵە جۆراوجۆرەکاندا بمێنینەوە. مەسەلەکە پێویستی بە هەندێ ڕێکخستنی پێشوەخت دەکرد بە هۆی کەمیی زەخیرە و پێداویستییەوە و بڕیارمان دا یەکەمجار سەردانی ناوچەکانی خوارەوە بکەین کەوا کەمتر زیانیان پێگەیشتبوو. من باسی یەک بە یەکی گەشتەکان ناکەم بە دوورودرێژی، چونکە ڕۆتینی ڕێکردنی ڕۆژانە بەزۆری لێکتر دەچن. کورد بەیانیان زوو لە خەو هەڵناسێت و کارێکی ئاسان نییە بەیانیی زوو لە ماڵ دەریبکەیت (وا دیارە هەڵەیەک لەم بۆچوونەدا هەیە - و). خانەخوێکانمان هەمیشە حەزیان لەوە بوو ڕۆژەکەیان بە قسە و دەمەتەقێ بەسەربەرن پێش ئەوەی ئێمە دەستبەکاربین و گوندنشینان لە قەراخی ڕێگەکەمان هەوڵیان دەدا بانگهێشتمان بکەن بۆ چای یان قاوە خواردنەوە، خۆ ئەگەر هیچ کامێکیان نەبوایە ئەوە هەر بۆ دەمەتەقێ بانگیان دەکردین. ئەنجامیش ئەوە بوو کە ڕێکردنی ڕۆژانەمان بەزۆری تا تاریک داهاتنی ئێوارەی دەخایاند و ئەمەش بەتەواوی مایەی ڕەزامەندیم نەبوو بۆ نەخشەکەم لەبارەی ئەو وڵاتەوە. لە کاتی گەیشتنماندا بۆ شوێنی مەبەست بەگشتی دەبراین بۆ دیوەخانی سەرۆک عەشیرەت و خێرا ئاگریان دەکردەوە و چای دەمدەدرا. سەرۆکەکانی زۆربەی ئەم عەشیرەتانە لە قەڵای سەرەکیی گونددا دەژین، کە شوورەیەکی بەرزی بە دەوردایە و ئەستوورییەکەی دوو یان سێ پێیە و لە بەردی زل دروستکراوە و تاقە یەک دەروازەی هەیە کە بەشەودا بە دەرگایەکی قورس و توندوتۆڵ دادەخرێت. تۆ لە زەوییەوە دەستت ڕاناگات بە   پەنجەرەکان و بەعادەت ئەو پەنجەرانەی لە نهۆمەکانی سەرەوەدان بە پلەی یەکەم وەک کون دروستکراون. هەروەها بەعادەت لە هەر سووچێکی قەڵاکەدا قوللەیەکی خڕی کوندار دروستکراوە و حەوشەیەک لە ناو شوورەکاندا هەیە  و بەگشتی خانووەەکان لە دوو نهۆم پێکدێن و هەندێ جاریش سێ نهۆم و لە ناوەوە ڕوویان کردووەتە حەوشە. بە گشتی، هیچ دەرچەیەکی دووکەڵ نییە لە خانووی کورددا و بە ئاگرکردنەوە لە سەر زەویی ناوەڕاستی ژوورەکەدا دووکەڵێکی خەست لە ناو هۆدەکەدا پەنگدەخواتەوە و چاو دەتوونێتەوە و ئاو دەکات بە هۆی دووکەڵەکەوە. دانیشتن لەسەر زەوی زۆر خۆش نییە، بەتایبەتی  درەنگانی شەو کاتێ کە پێویستە ڕاپۆرتەکان بنووسرێن و سەرلەنوێ نەخشەکان بکێشرێنەوە لەبەر ڕووناکیی کزی مۆمێک. لەبارەی شەوەوە من شتێکی ئەوتۆ ناڵێم و ئەوی ئەم وڵاتە دەناسێت دەزانێت سەردانیکەرانی شەویش چین و چۆنن.

هەڵبەت ئێمە لەم گەشتەماندا کەرەستەی چێشتلێنانمان لەگەڵ خۆمان نەبردبوو و ژەمە خواردنەکانمان لەسەر شێوازی کوردانە دەخوارد لەسەر   زەوی و بە دەوری ئاگردا و لەسەر هەمان دەوری. من بەتایبەتی ئەو ئێوارەیەم بیرناچێت کە لە کۆڵیتی سەرەکیی گوندێکی بچووکدا بەسەرمانبرد. لەم حاڵەتەدا مانەوە نەبوو لەگەڵ سەرۆک خێڵێکدا لە ماڵێکدا و لە ژێر یەک ساپیتەدا و ئێمە هەر پێنجمان، خاوەن ماڵ و خێزانەکەی و بڕکە بزنێک و  ئەسپ و وڵاخەکانی ئێمە و گوێدرێژێک و بێجگە لە هەموو جۆرە خشۆکێک.

لە جیاتیی باسکردنی هەر گەشتێک، مەسەلەکە ڕوونتر دەبێتەوە ئەگەر نەخشەی وڵاتەکە بەگشتی بکێشم لەگەڵ خاسییەتە سەرەکییەکانی و باسکردنی هەر شتێک کە سەرنجی ئێمەی ڕاکێشابیت. من نەخشەیەکم بۆ ناوچەکە کێشا بە پێوەری هەر ئینجێک بۆ چوار میل کە چیاکان بە هێڵی کۆنتۆریی هاکەزایی پیشان بدات. ئەو مێتۆدەی کە بەکارمهێنا بریتی بوو لە وەرگرتنی شوێنی دیاریکراوی وەک ڕەواندز لە سەرەتاوە و کاتێ کە لە سنووری ئێران نزیکبوومەوە بە ئاڕاستەنوماکەم (کۆمپاسەکەم) چاودێریی خاڵەکانی کۆمیسیۆنی سنوورم دەکرد. من زۆرترین ژمارەی خاڵەکانم پشکنی و زنجیرەیەک خاڵم داخست لە سەر زنجیرە چیاکانی باشووری ناوچەکەمەوە کە بە هۆی سێگۆشەی دەستەی ڕووپێویی هندییەوە دەسنیشان کرابوو بە سەرکردایەتیی دی گراف هەنتەر، کە لە هەمان کاتدا لە لاپاڵی چیاکاندا کاریان دەکرد. من نزیکەی ٢٤٠٠ میلی چوارگۆشەم تەواوکرد، هەرچەندە ئیددیعای هیچ وردییەکی تەواو ناکەم لەوەدا. ڕەنگە هەندێ لە دۆڵەکان درێژ بووبێتنەوە یان چووبێتنەوە یەک، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کەوا هەڵەی ترسناکیان تێدا بدۆزرێتەوە. من ڕووپێویم نەکردبوو و بێگومان بە تێپەڕینی کات نەخشەکە جێی دەگرێتەوە.

سەبارەت بە پێکهاتەی ناوچەکە، یەکەم شت کە سەرنجی گەشتیار ڕادەکێشێت ئەوەیە کەوا ناوچەکە لە دۆڵ و شیوی هاوتەریب پێکدێت و زنجیرە چیاکان لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات کشاون. ئەمە چیاکانی هیمالایای ڕووتەنمان بیردێنێتەوە، بەڵام لێرە چیاکان ڕووتەن نین بەڵکوو داربەڕووی کورتەباڵا و دەوەن دایپۆشیون. بەگشتی زنجیرە شاخەکانی باشوور لە بەردی لمینی نەرم پێکدێن، لەکاتێکدا لە باکووری دەشتی هەریرەوە بۆ دەشتی ڕانیە زنجیرە چیا گەچۆڕ و هاوتەریبەکانی ناوەندی کوردستان دەبنە ئاوڕێژی هەردوو زێی گەورە و بچووک. ڕوودباری ڕەواندز و ڕوودباری ڕووکوچک (مەبەست هەردوو ئاوی ڕەواندز و ڕووکوچکە - و) دوو لقی سەرەکیی زێی گەورەن لە ناوچەکەدا و هەردوکیان لە سنووری ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن، کەوا خاڵی کۆکەرەوەی ئاوی حەوزەکانی نێوان زێ و شنۆ - ورمێن لەم ناوچەیەدا.  هەرچەندە ئەم دوو لقە دەکەونە بەری ئاوڕێژەوە بەڵام چەمە ئاودارەکانی کە دەڕژێنە ناویانەوە ئاڕاستەیان لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتە و پێدەچێت هەردوو ئاوی ڕەواندز و ڕوکوچک بە نێو دۆڵ و شیوی شاخە گەچۆڕەکاندا تێپەڕن بەرەو زێ. ئێمە بەزۆری ئەو چینی گاشەبەردانە دەبینین کە بە شێوەیەکی کووڕ و ڕێکوپێک لاربوونەتەوە بەسەر تەواوی دۆڵەکەدا.  وەک ئەنجامێکی سرووشتی ئاسانترین ڕێی گەشتکردن تا ڕادەیەک هەمیشە بە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتە، بەدەر لەو شوێنانەی کە لە زێ نزیکدەبیتەوە کاتێ کە تەنها دۆڵ و دەربەندە قووڵەکان لە بەردەستدان و پێویست بە گەڕان دەکات بە دوای خۆلاداندا لێیان. لەم وڵاتەدا نە گالیسکە هەیە و نە ڕێگەوبانیش بە شێوە ئەوروپییەکەی، بەڵام ڕێگەی گالیسکەی سەربازی کە پێشتر باسی لێوەکراوە لە ڕەواندزەوە بەردەوامە بە ڕاڕەو یان دەربەندی گەراوشینکێدا لەسەر سنوور بەرەو شنۆ و لەوێشەوە بۆ ورمێ.

وڵاتەکە هێجگار شاخاوییە و بۆ هێڵی ئاسن دەست نادات و بۆ گەشەپێدانیش هەر دەبێت پشت بە ڕێگەوبان ببەسترێت. تەنانەت پاراستن و بەردەوامی پێدانی ئەمانەش باجێ زۆر دەخاتە سەر وڵات و سەرەتا لە شتە بنەڕتییەکان تێپەڕ نەکات. تا ئێستاش کورد بە ڕاڕەوەکانی پیادەڕێ ڕازین یان لە باشترین حاڵەتدا بە ڕێڕەوی کەر و وڵاخ ڕازین لە گوندێکەوە بۆ ئەویتر. لێرە یەکەم پێویستی ڕێگەیەکی باشی ڕاستەوخۆیە بۆ ڕەواندزی سەنتەری ناوچەکە. ڕێگە سەربازییەکەی ئێستا کە لە هەولێرەوە بۆی دەچێت ئەگەر چاک بکرێت و بەردڕێژ بکرێت دەکرێ بە درێژایی ساڵ کراوە بێت، چونکە بە ڕێرەوی بەرزدا ناڕوات بەفر بیگرێت، بەڵکوو بە گۆشەیەکی وەستاو بە هەموو لایەکدا بە سەر هەموو زنجیرە چیاکاندا دەڕوات. من پێموایە کە ئەو ڕێگە هاوینەییەی نێوان ڕانیە و ڕەواندز بە درێژایی دۆڵ و شیوە سروشتییەکان و بە دەربەندی گورمانجاندا کەڵکێکی باشی دەبێت وەک ڕێگەیەکی هاوینەی نزیک.

لە ڕەواندزەوە هێڵێکی باشی ڕاست هەیە بەرەو باکوور بۆ نەهری و بەرەو ڕۆژهەڵات بەرەو ئێران. لە ئێستادا لانی کەم چوار ڕێگە هەن بەرەو نەهری و بە هەر شێوەیەک بووە گەشتیار بە خوایشتی خۆی بە کاریان دێنێت. هەر هەموو ئەم ڕێگانە بە پردی شەق و شلۆقی باکووردا دەپەڕێتەوە کە درێژییەکەی ٣٠ پێیە و ٨٠ پێ لە دەربەندی ڕەواندزەوە بەرزە. یەکەمیان بە شەیتانە و دەربەندی خەجیجە و کانی ڕەش و چوماردا تێدەپەڕێت (٦٣ میل)، یەکێکی تر بە شەیتانە و دەربەندی گەرەوچاریا و کێکڵە و بێگژنیدا تێدەپەڕێت (٧٠ میل)، سێهەم بە شەیتانە  و دەربەندی مێرگەسووردا دەڕوات و دواجار لە کێکڵە لەگەڵ ئەوی پێشوودا یەکدەگرێتەوە. چوارەمیش بە هێڵی تەلەگرافی سەربازیی کۆنی تورکیدا دەڕوات و بە ڕووباری دیبور و چوماردا تێدەپەڕێت. من هەرسێ ڕێگەی یەکەمیان شارەزام. بە دڵنیاییەوە دەربەندی خەجیجە باشترین ڕێگەیە بۆ گەشتی هاوینە، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمدا کاتێ کە بەفری زۆر دەبارێت ڕێگەکە دەگیرێت. لەبەر ئەوە کوردەکان بەگشتی ڕێگەی گەرەوچاریا یان مێرگەسوور بەکاردێنن. بۆیە ئەگەر هات و تەنها ڕێگەیەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی بە درێژایی ساڵ کراوە بێت، ئەوە من ڕێگەی شەیتانە - مێرگەسوور - کێکڵە - کانی ڕەش - چومار بە گونجاو دەزانم. گەشتکردن بەم ڕێگەیەدا تا ڕادەیەک دوورودرێژە، بەڵام پێدەچێت گڵەکەی باشتر بێت بۆ ڕێگەیەکی هەمیشەیی و ڕووسەکانیش بە کردەوە لە کانی ڕەشەوە بۆ سەرەوە بەشێکیان دەستپێکردبوو.

لە زستاندا هەر ڕێگایەک هەڵبژێردرێت هەندێک بەربەستی گەورە هەن بۆ پەڕینەوە. بێجگە لە ڕاڕەوی تایبەتی بۆ هەریەکەیان، هەموو ڕێگاکان دەبێت ڕووبارەکانی بەرلەکیان یان دیبور و ڕوودباری بەرازگرد و حاجی بەگ ببڕن. هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەو شوێنانەدا دەڕۆن کە ڕێگاکان دەستکاری دەکرێن و ئێمە لە زستانی ڕابردوودا هەموویانمان تێپەڕاند. بەڵام بارانبارینی چەند ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک لەڕادەبەدەر ئاستەنگ دروست دەکات و زۆرجار بە هۆی لافاوەوە بۆ چەند ڕۆژێک پێدا تێپەڕبوونیان مەحاڵ دەبێت. لافاوی ڕووبارەکان چەند جارێک ئێمەیان پەکخستووە لەم ڕێگەوبانانەدا کاتی کە ئاوی ڕووبارەکان ڕێگەی پەڕینەوەیان لێگرتبووین. لێرە شوێنی باش و گونجاو هەن بۆ پرد و هەندێ لەو پردانەی کە هەن و شۆستە و دیواری بەردینیان هەیە و تێکچوون دەکرێ سەرلەنوێ چاک بکرێنەوە. هەر هەموو ئەمانە یەک جۆرن و شۆستە و ڕاگرەکانیان لە بەردی خاو (نەتاشراو یان ڕێکنەخراو - و) دروستکراون و ئەمبەر و ئەوبەر کاریتە و دەستەکی داریان خراوەتە سەر و بە لقەدار و ژاژ و قامیش داپۆشراون و ڕێگەکە لە بەرد و قوڕ دروستکراوە. هەڵبەت ئەم جۆرە گونجاو نییە بۆ ڕێگەی هەمیشەیی و پێویستی بە کەرەستەی باشتر و بەرگەگرترە.

بەهەرحاڵ، گەورەترین کۆسپی سەر ئەم ڕێگایە لە زستاندا دەربەند یان ڕاڕەوی زینیا بارییە. لە ساڵی ئاساییدا بەلای کەمەوە لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئازار بەفر ڕێگە لە لە وڵاخی باربەر دەگرێت و بە زۆرییش زریانی زستانەی بەفر هەموو جارێک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕێگەی پیادەش دەگرێت. ئێمە خۆمان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا نەمانتوانی پێیدا تێپەڕ ببین و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە گوندی چنارە گیرمانخوارد. چنارە بنکەی سەرەکیی ئەحمەد ئاغای سەرۆکی دەسەڵاتداری کوردەکانی برادۆستە و لەو ماوەی مانەوەماندا لەوێ میوانی بووین. عەشیرەتەکەی ئەم پیاوە ئێستا لە زیاد لە هەزار خێزان و بنەماڵەوە کەمبووەتەوە بۆ ١٥٧ خێزان و ٥٢ گوندی لە کۆی ٨١ گوند کە لەلایەن ڕووس و تورکەکانەوە وێرانکراون یان بە هۆی نەخۆشی و برسێتییەوە چۆڵکراون. سەرۆکی بەساڵداچووی عەشیرەتە خۆیشی یەکێک بووە لە دیلەکانی ڕووس.

هەموو ئەو ڕێگایانەی کە دەچن بۆ نەهری دەبێ لە ناوچەکەی ئەم پیاوەوە تێپەڕ ببن و خانەخوێیەکی زۆر بە وێڵ و ماریفەت بوو لەگەڵمان. بەڵام پیاوانی خێڵەکەی بە هۆی جەنگەوە گرفتاری هەژارییەکی قورس و بێئامان بووبوون و ئێمەش تووشی کەمییەکی زۆر توندی خۆراک بووبووین لە ناوچەکەی ئەو و ناوچەکانی دراوسێیدا. ڕۆژانی گۆشت نەخواردنمان بووبوو بە شتێکی ئاسایی و بەزۆری ژەمە خواردنەکانمان لە چوپاتی پێکدەهات کە بریتی بوو لە بەڕووی هاڕاوەی کێوی و هەندێ جاریش خەستەی ماست و هەنگوینی کێوی. ئەم گەشتە هێند لەڕ و لاوازی کردم و باجەکەی چوار کون بوو کە کردمە پشتێنە قایشە سام براونە تایبەتەکەی پشتم.

لەودیوی سنوورەوە هەندێ ڕێگەی لاوەکی لە خەتی ڕەواندز - نەهری جیادەبنەوە. لێرە هەر دۆڵێک، حاجی بەگ، کاراوا، بەرازگرد و دیبور ڕێگەی خۆی هەیە بۆ "یایلاکان" (واتە کوێستان یان زۆزانەکان - و) یان پاکژ و پاوانەکانی سەر سنووری ئێران. هەر یەکە لەم ڕێگایانەش ڕاڕەوی خۆیان هەیە بۆ پەڕینەوە و تا ڕادەیەک زۆر گونجاوە بۆ ئاژەڵەکان لە هاویندا و دوا مەنزڵیان دەگاتە شنۆ یان قەڵا زێوە و لەوێشەوە بۆ ورمێ. ئەوپەڕی باکووری هەمووشیان، لە نەهری خۆیەوە دەچێت بۆ نووشەهر و گیورک بە ڕاڕەوی دۆڵەخانی زینیدا بۆ قەڵا زێوە، کە لە لایەن ڕووسەوە چاککراوە و لەوانەیە بە کارکردنێکی کەم بەکاربێت بۆ ڕۆیشتنی گالیسکە بەپێی قسەی کوردەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، گومانی تێدا نییە کەوا گەراوشینکێ ئاسانترین ڕێگەیە بۆ وڵاتی فارس (ئێران - و) لەم ناوەدا. لێرەوە ئەوخوارتر ناڕۆیت تا دەگەیتە ڤاسنێ. لێرە شاخێکی بەرز هەیە کەوا کوردی خێڵە کۆچەرە جۆراوجۆرەکان لە هاویندا لەوەڕخۆریی تێدا دەکەن و زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە شوێنێکی گونجاوە بۆ ڕێگە لێدان و تەنانەت بۆ ڕێگای ئاسنیش. بەهەرحاڵ، زەوییەکەی لای ڕۆژاوای ئەم ڕاڕەوە هەرگیز ئاسان نییە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئەم ڕێگەیە داخرا کاتێ کە گەرەوشینکێ کرایەوە.

گەشتێکمان لە وەڵاشەوە سازدا، کە بنکەی محەمەد ئەمین بەگی سەرۆکی کوردەکانی باڵەک بوو، لە نزیک دەربەندی گەرەوشینکێ بە ناو دۆڵی  چۆرماکین و دەربەندی ئیشکارۆدا و لەوێوە بەرەو خوار بۆ دەشتی پشدەر لە سەر زێی بچووک. بە دڵنیاییەوە لە زستاندا هیچ ڕێگایەک نییە بۆ پەڕینەوە بەرەو سنووری وڵاتی فارس (ئێران) بە درێژایی ئەم ناوچەیە. تەنانەت لە هاوینیشدا، چیای قەندیل داغ بڕێک بە شاخدا هەڵزنانی پێویستە و لێرەوە شوێنی ڕێگایەکی هەمیشەیی نییە بۆ ئێران. هەر لە باسی قەندیل داغدا، ئێرە تاقە شوێنە لە کوردستاندا کە بە وشەی "داغ"ی تورکی ناونرابێت. کوردەکان خۆیان ئەم وشەیەیان لابردووە کە بە واتای "شاخ" دێت و وشە تایبەتەکەی خۆیان بەکاردێنن وەک نموونە دەڵێن شاخی قەندیل. بە هەمان شێوە ئەو ڕووبارەی کە لەسەر نەخشە ناوی "ڕەواندز سوو"ە پێویستە بکرێتە ڕوودباری ڕەواندز (واتە ئاوی یان چەمی ڕەواندز کە ئەمیشیان فارسییە - و). لێرە تا زوو تورک لەبیر بچێتەوە ئەوەندە باشترە بۆ پیاوانی خێڵەکان و ناوچەکە.

کاتێ کە لە دەربەندی ئیشکارۆ بووین یەکێک لە وڵاخەکانمان لەدەستدا، چونکە قاچی خزا و لە شاخ هەڵدێرا. ئەو کوردەی کە جڵەوەکەی گرتبوو هەوڵیدا ڕزگاری بکات و ئەسپەکە لەگەڵ خۆی ڕایکێشا بەڵام خۆشبەختانە لە قووڵیی نزیکەی پانزە پێ خۆی بە دارێکەوە گرتەوە و تەنها لەشی هەندێک ڕووشابوو. ئەسپەکەش تلبووە خوارەوە بۆ ڕووبارەکە و ملی و هەردوو قاچی دواوەی شکا و کاتێ پێیگەیشتین بەتەواوی مردار بووبووەوە.

لە دەشتی پشدەر جۆرە کوردێکمان بینی جیاواز لەوانەی کە پێیان    ڕاهاتبووین و ئەمانیش خێڵی مەنگوڕی کۆچەر بوون، کە بۆ بەسەربردنی زستان لە یایلاخەکانی بەرزاییەکانی چیای ڤاسنێ دابەزیبوونە ئێرە. ئێمە لە پاش تاریک داهاتن گەیشتینە دۆڵەبەفرەی گوندە کاتییەکەیان و لێمان کۆبوونەوە و پێیان داگرت کە ئەو شەوە لای ئەوان لابدەین. هەرچەندە ئێمە بە نیازی ڕۆیشتن بووین بۆ قەڵادزێ کە نزیکەی حەوت میل لەوێوە دوور بووین، بەڵام من ئەو لادانەم لەوێ پێخۆشبوو. بۆ ڕۆژی دواتر تەواوی گوند لەگەڵمان دەرچوون و تا قەڵادزێ یاوەرییان کردین، بەدەم یاریی ڕمبازی و تەقوتۆقەوە.

کورتەیەک لەبارەی ڕێگەوبانەوە: پێموایە باشترین هۆکاری هاتوچۆ و پەیوەندی کردن بۆ گەشەکردن هەولێرە بەسەر بابەچیچیکدا بۆ ڕەواندز بە ڕێگەی ئێستای سەربازیدا، کە چاککراوە و بە هاوینیش گەڕانەوە بە دەربەندی گورمەنجاندا بۆ ڕانیە. ئەم ڕێگەی دواییەیان بە هۆی بەفرەوە لە زستاندا بە لای کەمەوە بۆ ماوەی شەش هەفتە یان دوو مانگ دادەخرێت. لە ڕەواندزەوە باشترین هێڵەکانی گەشەکردن بەرەو ڕۆژهەڵاتە بە ڕاڕەوی گەرەوشینکێدا بۆ شنۆ و لەوێوە بەرەو باکوور بۆ نەهری و قەڵا زێوە و ورمێ.

ئێستا ڕەواندز لە ڕێگەی تەلەگرافەوە بەستراوە بە هەولێرەوە. ئەم خەتە لە ڕێگە سەربازییەکەوە ناڕوات بە ناو دەربەندەکەدا، بەڵکوو لە دەربەندی بێجانەوە بەرەوخوار دەبێتەوە بۆ ڕەواندز و لە کانی باتمان دەچێتەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکە، کە یەکەم وێستگەیە لە پشتی دەربەندەکەوە. بێگومان هەولێر بەستراوە بە مووسڵ و بەغداوە و لە هەولێریشەوە خەتێکی تر دەچێت بۆ   ڕانیە و دواتر بۆ قەڵادزێ و ئیتر لەوێ کۆتایی پێدێت و لە سنوور ناپەڕێتەوە. هەروەها نەهری و ڕەواندز لە ڕێگەی تەلەگرافەوە بەیەکەوە بەستراون، بەڵام زستانی ڕابوردوو خەتەکە لە چەند شوێنێک بچڕا و  پەکیکەوت و چەند بەشێکی لێ لابرا و لە ئێستادا جارێکی تر ئەگەری کارکردنەوەی هەیە. خەتێکی تریش لە زستانی ڕابوردوودا بچڕا و بە دەربەندی گەرەوشینکێدا بۆ شنۆ ڕاکێشراوە. ئەگەری ئەوە هەیە کە جارێکی تر چاک بکرێتەوە و سەلامەتیی بخرێتە ئەستۆی سەرۆکە ناوخۆییەکان.

ڕێگەوبان و تەلەگراف دوو مەسەلەی پێویستن ئەگەر بخوازرێت ئەم وڵاتە گەشە بکات. لێرە تووتن بە شێوەیەکی بەرفراوان چێنرابوو و دارستانیش بۆ بەرهەمهێنانی تەختەدار تا ڕادەیەک لە سەنگی زێڕدایە لە میزۆپۆتامیادا. گوندەکانی شەقڵاوە و هیران و نازەنین لە ئێستادا خاوەنی دار و دەوەنی چڕن. دار و دەوەنی بەڕووی کورتەباڵا زۆر زۆرە لە هەموو لایەکی ئەم وڵاتەدا و داربەڕووی وا هەیە بەرزییەکەی دەگاتە ٣٠ پێ و زیاتر لە هەندێ شوێندا. هەروەها دارچنار یان سوورەچناری ڕۆژهەڵاتی باون لە چەندین دۆڵ و شیودا و داری گوێز و توو لە گوندەکاندا دەچێنرێت. دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ و پاقلەمەنی و لۆکە و کونجی بە فراوانی دەڕوێنرێت و ڕەزە ترێیش لە نزیکی گەلێ گوند هەن. هەموو ئەمانە بەزۆری وێران بوون لە سەردەمی جەنگدا. من پێموایە قیر لە چەند شوێنێک هەیە و ڕەنگە نەوتیش هەبێت.

کەشوهەوا تا ڕادەیەک توند و پەڕگرە بەڵام هەرچۆنێک بێت بەرگەی دەگیرێت. زستانی هەموو ساڵێک بەفر لە شاخی سەفین و ناوچەکانی باکووری دەبارێت. پلەی گەرمیی شەو بە شێوەیەکی ئاسایی هێندە نزم نییە کە بواری مانەوەی بدات لە وەرزی بەهاردا لە بەرزایی کەمتر لە پێنج هەزار پێ تەنانەت لەو هەوراز و لێژاییانەش کە ڕووەو باکوورە بەدەر لە هەندێ دەربەند و ڕاڕەو، کە تێیاندا بەفر کۆدەبێتەوە بە هۆی با و ڕاماڵین و هەرەسی بەفری زستانەوە. پێدەچێت کەشوهەوای زستانە ساڵ بە ساڵ جیاوازیی زۆری تێبکەوێت تا بەرەو باکوور بچیت، بەڵام وا دیارە وەرزە زۆر سەختەکانی زستان هەڵاواردنی دەگمەنی تێدابێت. بە چەشنی هەموو وڵاتانی شاخاوی، کەش بۆی هەیە بشکێتەوە بە هۆی نۆرەی کەشی خراپەوە کە ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر بەردەوام دەبێت. لە میانەی یەکێک لەم ماوانەی زستانی ڕابوردوودا ئێمە ڕاپۆرتێکمان لەبارەی کەشوهەواوە نارد بۆ بەغدا و بوو بە یارمەتیدەریان لە خۆئامادەکردندا بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زۆری ڕووبارەکان کە بەدوایدا هات. وا دیارە هێڵی سروشتیی بەفر لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا لەو قەدپاڵانەی بەرەو ڕووی باکوورن دەگاتە نزیکەی ٣٥٠٠ پێ، لەکاتێکدا کە بەفرەکە تا ڕادەیەک قووڵە لەسەر پێچ و تەڵانی ئەو شاخانەی کە بەرزییان نزیکەی ٥٠٠٠ پێ دەبێت. لاپاڵەکانی باشوور لەم ماوەیەدا پاش چەند ڕۆژێک لە بەرکەوتنی هەتاو لەم بەرزاییەدا بەفرەکەی دەچێتەوە. مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و مارت مانگی بەفر بارینن و بەعادەت وەرزی بەهار فێنکە، بەڵام ڕاڕەوە بە بەفر داپۆشراوەکان و ئەو ڕووبارانەی ئاوی سێڵاویان زیادی کردووە کۆسپی زۆر دەخەنە سەر ڕێی گەشت و سەفەر. کەشوهەوای دۆڵ و دەشتەکان لە هاویندا هێجگار گەرمە، بەڵام لەو هەوراز و لاپاڵانەی ڕوویان لە باکوورە کەش زۆر فێنکە.

بێگومان ئەو کاتە دێتە پێشەوە کە دەبێ لە شوێنێکی ئەم بەرزاییانەدا وێستگەی شاخاویی هاوینەمان ببێت، بۆ ئەوەی خێزانی بەرپرس و کاربەدەستانی میزۆپۆتامیا لە دەست گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوینی دەشتەکان بۆی هەڵبێن. باوەڕ ناکەم شوێنیش هەبێت لە شەقڵاوە و هیران فێنکتر بێت، کە هەردوکیان ڕوویان لە باکوورە و دەکەونە ناوچەی کوردەکانی خۆشناوەوە. هەروەها تا ڕادەیەک ئاسانە لە هەولێرەوە بگەیتە شەقڵاوە، ئەگەرچی کوردەکانی ئێرە کەمتر لە ئاسایی متمانەیان پێدەکرێت.

نازانم ئاخۆ سنووری باشووری ئەرمینیا جێگیر کراوە یان نە، بەڵام پێویستە مەسەلەکە بڕابێتەوە، چونکە دوو ڕێککەوتننامە ڕەزامەند نەبوون لەسەر ئەو بابەتە و ئەڵمانەکان شوێنێکیان بۆ دەستنیشان کردووە و دەسەڵاتی مەدەنیی مووسڵیش شوێنێکی تر (واتە دەسەلاتی بەریتانییەکان لە مووسڵ - و). عەلی ئیحسان پاشای فەرماندەی لەشکری (فەیلەقی - و) شەشی تورک لە مووسڵ لە سێهەمدا خەتێکی سەوزی لەسەر نەخشە کێشاوە. پێدەچێت سروشتیترین سنووری باکوور ناوچەی کۆکەرەوەی ئاو بێت لە نێوان حەوزی وان و لقەکەنی ڕووباری دیجلەدا. بەڵام زنجیرە چیای باشی - ڕوان ئاستەنگێکی جیددییە و ناوچەی نەهری و ئەوانی دیکە لە باکووری ئەم زنجیرە چیایەوە لە زستاندا بەتەواوی دابڕاون.

هەڵبەت بۆ من گونجاو نییە باس لەوە بکەم کە چۆن دەتوانین دەسەڵات لەم خاک و وڵاتە دوورانەدا بپارێزین. ڕەنگە لیچمەن کاتێک دەگەڕێتەوە پێتان بڵێت ئەوە چۆن ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەو نهێنییەکە دەزانێت و هەروەها زۆرێک لە ئەفسەرە سیاسییەکانیش کە لە ژێر دەستیدا کار دەکەن. هیچ بوارێک بۆ هەڵەکردن  نییە و ئەو کەسانەی ڕەخنە دەگرن زۆر جار ئەو ڕاستییە لەبیر دەکەن کە هەندێک جار خلیسکانێک ژیانی ئەفسەری سیاسی بەفیڕۆ دەدات. خودی لیچمەن لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی خۆیدا بۆ قەدەغەکردنی چەک هەڵگرتن، زۆری نەمابوو تیابچێت. پیاوێک سووڕایەوە و تەقەی لێکرد بەڵام ٢٠ یاردە سەریکرد و دەرباز بوو. پشتیوانی سەربازی لە وڵاتێکی وەک ئێرەدا ئەگەری هەیە زۆر درەنگ بگات بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەفسەرێکی سیاسی بدات کە لە گۆشەیەکی تەنگدا گیریخواردبێت. بەڵام فڕۆکەکان دەتوانن هەم پشتگیریی مۆراڵ و هەم پشتگیریی ماددی بکەن ئەگەر پێویست بکات، هەرچەندە کارەکانیان سنووردارە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتنەوەی گونجاو لەم وڵاتە ناڕێکخراوەدا. باشترین شوێن لە نزیک ڕەواندز تیرەکەی ٢٥٠ یارد بوو و بەهۆی نزیکیی شاخەکان و گۆڕانی تەوژمی هەواوە نیشتنەوەیان سەخت بوو.

تەنها خاڵێکی تر هەیە کە باسی بکەم، ئەویش ئەوەیە کاتێ لەم وڵاتە بووین لە کاتێکی سەرەتای ئەمساڵدا، زۆر بە نەرم و نیانی مامەڵەمان لەگەڵ کرا. کوردەکان یارمەتییان دەویست و ئامادە بوون متمانەمان پێبکەن. یەکێک لە سەرۆکەکانیان بە نۆئێڵی گوتبوو کەوا لە بەردەم پێشڕەویکردنی بەریتانییەکاندا هیچ ئاوارەیەک نەبووە، لەکاتێکدا کە بە لێشاو دانیشتووانی برسی لەبەر ڕووس و تورکەکان هەڵدەهاتن. کاتێ کە من گەیشتمەوە بەریتانیا بیستم کەوا کوردەکانی ناوچەی سلێمانی دژ بە داگیرکردنی ئێمە ڕاپەڕیون و دەیان ئەفسەری بەریتانییان لەوێ بە دیل گرتووە. ڕاپەڕینەکە بە سەرکردایەتیی شێخ مەحموود بووە، کە لەسەر داوای خێڵەکانی ناوخۆ، بەریتانییەکان بە سەرۆکی باڵا دایانمەزراندبوو. پاشان لەشکرکێشییەکیان کرایە سەر و دیلەکان ئازاد کران. شێخ مەحموود لە ڕێگەی فڕۆکەوە بەسەختی بریندار بوو. ڕەنگە هیچ گومانی تێدا نەبێت کەوا کێشەکە بە هاندانی بریکار و کرێگرتەی تورکەکانەوە بووبێت و بە ڕادەیەکیش بە هۆی سەرەڕۆیی و ملهوڕییەوە بووبێت لەلایەن شێخ مەحموودەوە. پێدەچێت کێشەکە تەشەنەی نەکردبێت بۆ ناوچەی ڕەواندز و وا دیارە وڵات سەرلەنوێ سەقامگیر بووەتەوە. پرۆسەی ڕاهێنانی دز و جەردە بە مێتۆد و شێوازی کۆمەڵەی گەلان کارێکی ئاسان نییە و ئەرکێکی تا بڵێی گران لە بەردەم ئەفسەرە سیاسییەکانماندایە لە کوردستاندا.

"لە پێش کارنامەکەدا سەرۆک گوتی: لە دوا کۆبوونەوەماندا مایەی داخە بڵێم ئێمە ناچار بووین کەوا شوێنە کۆنەکانمان لە باخچەکانی بیرلینگتۆندا چۆڵکرد، پاش ئەوەی کە بۆ ساڵانێکی زۆر ڕاهاتبووین کۆبوونەوەکانمانی تێدا ببەستین (لێرەدا مەبەست بنکە و بارەگای کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەی بەریتانییە - و). من ئەوە ناڵێم کەوا چەند ساڵ تێپەڕیوە لەو دەمەوە کە بۆ یەکەمجار موحازەرەیەکم لەوێ دا و دەزانم کەوا ژمارەیەکی زۆرتان وەک من یادەوەریی خۆشتان هەیە لەسەر کۆبوونەوەی گەورە لەو شانۆ کۆنەدا.  بۆ بەدبەختی چیتر حکوومەت ناتوانێت بەردەوام بێت لەەی کە خانەخوێمان بێت، چونکە خانووەکە دەگۆڕن و ئێمەش ناتوانین کۆبوونەوەکانمان لەوێ ببەستین. ئێمە هەموو شوێنێکی لەندەن گەڕاین بەدوای شوێنێکی کاتیدا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانمان و جێی داخە بڵێم کە لەندەن ئەو ژمارە هۆڵە گشتییە پێویستەی تێدا نییە، لەگەل ئەوەشدا باوەڕم وایە کە بۆ ئەم دانیشتنە لە هۆڵی ئیلیان ئاسوودە دەبین و لەکۆتاییدا هیوادارم هۆڵێکی تایبەت بە خۆمانمان هەبێت. ئێمە ئۆفەرێکمان هەبووە بۆ بەشی کۆتایی باخچەی خانووی ئێستامان، لۆجی لووسەری کۆن و هەر کە کڕینەکە تەواو بوو و دەتوانرێت دەست بە کارەکانی بیناسازی بکرێت، هیوادارین هۆڵێکی موحازەرەدان دروست بکەین وەک بەردەوامییەک بۆ پلانی بینای تایبەت بە خۆمان. ئەو کاتە چیتر لە ژێر ڕەحمەتی وەزارەتەکانی حکوومەتدا نابین.

ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی مێجەر ماسۆن دەکەین، کە ئەم ئێوارەیە موحازەرەیەکمان دەداتێ لەبارەی کوردستانەوە، کەوا کارێکی نایابی تێدا کردووە لە ماوەی جەنگدا. ئەو لە پێش جەنگدا هەندێ کاری جوگرافیی بەنرخی ئەنجامداوە لە تێکەڵکردنی ڕووپێویی سێگۆشەیی هندستان لەگەڵ ئەو ڕووپێوییەی کە ڕووسەکان لە ناوچەی پامیر ئەنجامیانداوە، کە بەشێکە لەو جیهانەی من پێش چەندین ساڵ زانیاریم لەسەر بەدەستهێناوە. ئەوە ساڵانێکی زۆرە مێجەر ماسۆن دەستبەکار بووە لە میزۆپۆتامیادا. بەهیواین وردە وردە ئاگاداری پەیدا بکەین لەسەر ئەو کارانەی کە ئەفسەرەکانمان ئەنجامی دەدەن لەسەر شانۆکانی دیکەی جەنگ. ئەو پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەم کۆمەڵەیەدا قسەی نەکردووە و من دڵنیام ئێوە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە گوێی لێدەگرن. من ئێستا بەختەوەرم بەوەی کە مێجەر ماسۆنتان پێشکەش بکەم".

 

پاشان مێجەر ماسۆن پەیپەرە چاپکراوەکەی سەرەوەی خوێندەوە و بە دوایدا گفتۆگۆ دەستیپێکرد.

 

سەرۆک: بە خۆشحاڵییەوە ئەم ئێوارەیە بەخێرهاتنی جەنەراڵ سێر ئەلیکسەندەر کۆب دەکەین، کە سەرۆکی مێجەر ماسۆن بووە. چەند ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر دوا دیداری نێوان من و جەنەراڵ کۆبدا، کە لە قەڵای شیتراڵ بوو لە ساڵی ١٨٩٥دا و جەنەراڵ کۆب ڕۆڵێکی تەواو تایبەتمەند و جیاکاری هەبوو لە لەشکرکێشیی فریاکەوتندا و وەک هەمووان دەزانن کەوا ڕۆڵێکی زۆر تایبەتیشی هەبوو لەم جەنگەدا (واتە جەنگی جیهانیی یەکەم - و) و فەرماندەی ئەو فەیلەقی سوپایە بوو کە یەکەمجار بەغدای گرت. ئێستا من داوای لێدەکەم بفەرمێت بۆ قسەکردن.

جەنەراڵ کۆب: موحازیرەکە تەنها ئاماژەی بۆ هەندێ لەو کارانە کرد کە ئێمە داوامان لە ئەفسەرە سیاسییەکانمان دەکرد جێبەجێی بکەن، بەڵام لە میانەی موحازەرەکەیدا بێئاگایانە وێنەیەکی گەورەتری پێداین لەسەر کارەکەیان. کۆمەڵەکەی ئێوە (واتە کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەی بەریتانی - وەرگێڕ) لە هەموو کەس زیاتر دەزانێت کەوا ئەفسەران و سەربازانی گەنجی ڕەگەزی ئێمە چییان کردووە لەو وڵاتانەی کە کەمیان لەبارەوە دەزانرێت لە ناو ئەو هۆز و خێڵانەدا کە هەندێ جار هەڵوێستیان دوژمنکارانە بوو لەگەڵمان و چ زانیارییەکیان هێناوەتەوە بۆمان و چ هەست و متمانەیەکیان بە بەریتانییەکان بەجێهێشتووە لەدوای خۆیان. ئێوەش تەقدیری ئەوە دەکەن کەوا فەرماندەی مەیدانی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو دەم لە پیاوەکانی ڕادەبینێت بۆ هەر کارێک ڕایانبسپێرێت، بەڵام لە پاڵ بوێری و سەرچاوەکانی تردا پێویستە زانیاریت هەبێت لەپێناوی دەستکەوتنی باشترین ئەنجامدا. من بەختەوەرم بەوەی کە موحازیر ماوەی سێ ساڵ ئەفسەرێکی ئەرکانی هەواڵگریی ئێمە بوو لە میزۆپۆتامیا و بە هۆی ڕاهێنان و ئەزموونیەوە لە بواری ڕووپێویدا ئەو ئەنجامە باشانەی ئیستیتڵاعی بەدەستهێناوە کە ئەم ئێوارەیە باسی لێوە کردن. هەروەها پاش ئەوە بە ماوەیەکی کورت توانیم دەرفەتی گەشتێکی تری سەرنجڕاکێشی بدەمێ لە ناوچەی فوراتی ناوەڕاستدا کە بە بیاباندا بچێت بۆ دیمەشق و بە تەدموردا گوزەر بکات. ئەو توانی بە ئۆتۆمبیل ئەم ئەرکە بەجێبێنێت لە کەشوهەوایەکی گەرمدا و هیج گومانم نەبوو کە ڕێز لەو جیاوازییە دەنێت و دەتوانم بڵێم کە دڵنیام مەترسییەکانی لە گەشت و گەڕانی پێشووی کەمتر نەبووە. بەداخەوە ئێمە کاتێ گوێبیستی دەستدرێژکاری دەبووین بۆ سەر ئەفسەرە بەریتانییەکانمان لەم ناوچە دوورەدەستانەی جیهاندا، جێی خۆی بوو بپرسین باشە بۆ لەوێ بوون و چۆن گەیشتوونە ئەوێ و ئەی بۆچی لەوێ شەڕمان دەکرد؟ لە حاڵەتی کوردستاندا، دەتوانم پێتان بڵێم کە چۆن گەیشتینە ئەوێ و بۆچی لەوێ بووین. کاتێ کە ئاگربەست ڕاگەیەنرا و ئێمە ڕۆیشتین بۆ مووسڵ، دەبوو هەلومەرجەکانی ئاگربەستەکە بگەیەنینە عەلی ئیحسان پاشای فەرماندە تورکەکە. بە پێی مەرجە بنەڕەتییەکان، دەبوو ئێمە تەواوی هێزەکانی تورکیا پاک بکەینەوە و دەبوو میزۆپۆتامیا چۆڵ بکەن. لە ڕاستیشدا، باوەڕم وایە قسە و باس ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەوان خۆیان ڕادەست دەکەن. بەهەرحاڵ، ئێمە لە بارودۆخێکدا نەبووین کە ئەوە جێبەجێ بکەین، چونکە ئەو کاتە چەندین هەزار دیلمان گرتبوو و پێمانڕاگەیاندبوون کە لە وڵاتەکە بکشێنەوە و چۆڵی بکەن. سنوورەکانی وڵاتی میزۆپۆتامیا زۆر بە باشی نازانرێت و بە پێی گێڕانەوەیەکی ئەڵمانی کە لای ئێمەیە وای پیشان دەدا کە درێژ دەبیتەوە بۆ ڕووباری فورات لە ڕۆژاوای مووسڵەوە. هێڵی پەیوەندییەکانی ئێمە تا ١٣٠ میل لە مووسڵەوە درێژ دەبووەوە و ڕاستییەکەی سەربازگەی مووسڵ لەسەر کۆگا و عەمبارەکانی تورکەکان دەژیا کە ئێمە دەستمان بەسەردا گرت و بەسەر تورکەکاندا دابەشمانکرد تا ڕزگارمان بوو لێیان. جەنەراڵ مارشاڵ بڕیاریدا کە ئەوپەڕی ئێمە بتوانین بیکەین دەرکردنی تورکەکانە لە ویلایەتی مووسڵ، کە زۆر بە وردی دیاری نەکرابوو. بەڵام ئێمە داوامان لە عەلی ئیحسان کرد کە هێڵەکە لەسەر نەخشە بکێشێت، کەوا تا ڕادەیەک لەگەڵ خەتە خاڵ خاڵەکەدا یەکدەگرێتەوە لەسەر نەخشەیەکی یەک لەسەر ملیۆنێک و ڕەواندز و زاخۆ دگرێتەوە لە باکووری مووسڵەوە. ئێمە وامان ڕێکخستبوو کە ئەو تەواوی هێزەکانی لە هەموو بنکەکانی ئەم ناوچەیە بکێشێتەوە. ئەو بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک فێڵبازانە لێیپرسین ئاخۆ ئێمە بەرپرسیارێتیی چاودێری کردن و ئاسایشی هەموو ئەم بنکانە دەگرینە ئەستۆ و بیرۆکەیەکی زۆر زیرەکی هەبوو کە ئاخۆ ئێمە دەتوانین بە کردەوە هەموو ئەو کارانە بکەین. بێگومان ئەزموونی شەخسیی ئەو لەم وڵاتەدا خۆش نەبوو، چونکە کاتێ پاش ماوەیەکی کورت ئەوێی بەجێهێشت و ڕۆیشت بۆ نسێبین داوای لێکردین دوو ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی بدەینێ بۆ پارێزگاری لێکردنی و لە ئۆتۆمبیلەکەی خۆیشیدا تفەنگێکی ڕیزی (ڕەشاشی) هەڵگرتبوو. جەنەراڵ مارشاڵ پێیگوت "بەڵێ، لیستێکمان بدەرێ بەو بنکانەی لەئەستۆی تۆدا بوون و ئێمەش هێزەکانمانی تێدەبەین". ئێمە مەفرەزەیەکی بچووکمان نارد بۆ ئاڵتوون کۆپری و ئەفسەرێکی سیاسی لەگەڵ هێزێکی سوارە بۆ هەولێر و ئەفسەری سیاسی بۆ هەر یەک لە سلێمانی و ڕەواندز. ئەوان هەر کە گەیشتنە ناوچەکانیان هەندێ لە خەڵکی خۆوڵاتییان وەک پۆلیس چەکدار کرد و کەوتنە ئیدارەدانی وڵاتەکە. ئا بەم شێوەیە بوو کە ئێمە گەیشتینە ئەو بەسانەی کوردستان. کاتێ کە عەلی ئیحسان گەیشتە نسێبین ڕاستەوخۆ کەوتە پیلانگێڕان لەگەڵ کوردە خۆوڵاتییەکاندا و هەوڵی کێشەنانەوەی دەدا. بەهەرحاڵ، ئێمە پاش ماوەیەکی کورت توانیمان لەوێ بیگوێزینەوە، بەڵام ئەم پیلانگێڕییە بەردەوام بوو و هەڵبەت دواخستن و تەگەرە دروستکردن لە بەردەم جێگیر کردنی ئاشتیدا کارەکەی بەرەو خراپتر برد. کوردەکان پێیان وابوو کە ئێمە تۆڵەیان لێدەکەینەوە و دەیاندەینە دادگا بە هۆی بەشدارییانەوە لە کوشتاری ئەرمەندا کاتێ کە لە ژێر حوکمی تورکدا بوون و تورکەکانیش کاریان لەسەر ئەم مەترسییەیان دەکرد، بۆیە مەسەلەیەکی سروشتی بوو کەوا کێشە و گرفتمان بۆ دروست بکەن و بەداخەوە لەم سۆنگەیەوە هەندێ لە ئەفسەرانمان لەدەستدا. من باوەڕم وایە کەوا کوردەکان بە هیچ شێوەیەک سەر بە تورکیا نین و بەتەواوییش بە لای بەریتانیادا دایدەشکێنن، بەڵام دژ بە ئەرمەنن و بەدڵنیاییەوە نایانەوێ بچنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەرمەنییەوە یان لە ژێر حوکمی ئەرمەندا بن. هەر کاتێکیش بزانن کە مەسەلەکە بەو بارەدا ناشکێتەوە ئەوە بە زووترین کات هیچ پەیوەندییەکیان بە تورکەوە نامێنێت. خۆ ئەگەر بگەینە چارەسەرێکی ئاشتییانە لەگەڵ تورکیادا، هیوام وایە ئاشتی و خۆشگوزەرانی باڵ بکێشێت بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەدا کە لە تورکەکان سەندراوە.

 سەرۆک: ئەمشەو بەڕێز دی گراف هەنتەرمان لەگەڵە، کە ڕواێژکاری ماتماتیکی ڕووپێویی هندستانە و بە سێگۆشە سنووری کوردستانی لەگەڵ سنووری تورکی - ئێرانیدا جیاکردووەتەوە و پێمخۆشە بەڕێزیان ئەزموونی خۆیمان بۆ بخاتەڕوو.

کاپتن دی گراف هەنتەر: لە نێوان نۆڤەمبەری ١٩١٨ و تەمووزی ١٩١٩دا من دەستم دایە ڕووپێویی ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری دیجلە و سنووری تورکیا و ئێرانەوە. هەڵبەت خۆشحاڵ بووم بە دیداری مێجەر ماسۆن لە کۆتایی گەشتەکەیدا و ئەوەی کە کردبووی پیشانیدام و سەرسام بووم بەو بڕە زۆرە نەخشەیەی کە ئەنجامیدابوو، پاشان ڕێکخستن و سەروبەرگرتنی تەواوکردنی کارەکەم لەو خاڵەوە و بچمە سەر کارەکەی ئەو بە درێژایی کەناری باشووردا و ئەوەش بە شێوەی پارچە پارچە لە مانگەکانی دواتردا جێبەجێکرا. کاتێ کە مێجەر ماسۆن لە ڕەواندز بوو من لە سلێمانی بووم و برووسکەیەکم پێگەیشت پرسیاری خاڵەکانی یەکتربڕی دەکرد لە ناوچەی ڕەواندزدا. هەشت یان دە خاڵی گونجاو هەبوو کە من لە نێوان کەرکووک و سلێمانیدا یەکتربڕم پێکردبوون و دەکەوتنە دووریی دەوروبەری ٨٠ میلی باشووری ڕەواندزەوە. بە هۆکاری سستیی پەیوەندییەکانەوە ئەو داتا و زانیارییانەی کە ناردبووم تەنها لە پاش گەڕانەوەی گەیشتبووە مێجەر ماسۆن، بەڵام توانی نەخشەکە لەگەڵ ئەواندا ڕێکبخات. کاتێ لە مایسی ١٩١٩دا سەردانی ڕانیەم کرد و لە ڕێگەی بە سێگۆشەکردنەوە نەخشەکەیم جێگیرکرد و نزیکەی دوو میل جیاوازی هەبوو لەنێوان ئەنجامەکەی من و ئەوی مێجەر ماسۆندا لە ڕێگەی ڕووپێویی کۆمپاسەوە (ئاڕاستەنوما) و پێموایە دەبێ ئەمە بە کارێکی ورد بژمێردرێت بۆ ڕووپێویی کۆمپاس. ناوچەکانی نێوان هەولێر و ڕانیە بە شێوەیەکی بەرچاو جێگیر بووبوون و بارودۆخی ئەو هەژارییە سەختەی پێشتر زۆر باش بووبوو.

لەم ماوەیەدا ئەفسەرێکی سیاسی بەناوی کاپتن پارکەر نێردرابوو بۆ ڕانیە. بە گەیشتنم لە کۆیسنجەقەوە حاکمی شار دۆستانە و گەرموگوڕ پێشوازیی لێکردم. وا دیاربوو کوردە ناودارەکانی ئەو ناوچەیە زۆر دۆست بن لەگەڵ بەریتانییەکاندا. لە پاش دوو ڕۆژی بەجێهێشتنی ڕانیە هەواڵی ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحموودم لە کۆیسنجەق بیست، بەڵام پێدەچێت وەرگرتنی ڕێوشوێنی دەسبەجێ ڕێگەی گرت لە هەر ئاژاوە و پشێوییەک لە باکووری ڕووباری زێی بچووکەوە. پاشان موحازیرەکە ئاماژەی کرد بۆ شکستخواردنی سیاسەتی تورکی بە ئاڕاستەی هەڵوەشانی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی گوندەکان. شۆڕشەکەی شێخ مەحموود لە ٢١ی مایسدا بەرپابوو و لە هەمان کاتدا سێ کەس لە تیمەکانی ئەنجامدانی ڕووپێوییەکەم بە دیل گیران کە لە مەودای دووریی ٥٠ میل لە سلێمانییەوە کاریان دەکرد و لە دوای دوو ڕۆژ دوو کەسی تریان خوێنساردانە گیران. هەموو ئەم پیاوانە بۆ ماوەی زیاد لە مانگێک لە ناوچەکانی خۆیان کاریان دەکرد بێ هیچ یاوەری و پاسەوانییەک و بە دۆستایەتییەکی بەرچاو مامەڵە دەکران تا ساتەوەختی پێش دەسگیر کردنیان. بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک سلێمانی لە ژێر دەستی شێخ مەحمووددا مایەوە تا ئەو کاتەی هێزەکانی فریاکەوتن لە ١٨ی حوزەیراندا هاتنەوە ناوشار. لە ١١ی تەمووزدا، کە دوا ڕۆژی من بوو لەوێ، وا دیاربوو هەموو شتێک جارێکی تر سەقامگیر بووبێتەوە لەوی. من لەگەڵ تێبینییەکانی مێجەر ماسۆندا بەتەواوی کۆکم لەبارەی بەکارهێنانی ناوی تورکی بۆ چیا و چەم و ڕووبارەکان .. تاد. پێویستە ناوی سەر نەخشەکان ئەوانەبن کە لە ناوخۆدا بەکاردێن، بێجگە لەوەش، پێویستە بە شێوەیەک گۆبکرێن کەوا کەسی خوێندەوار بتوانێت بە شێوەیەک گۆی بکات وەک هاووڵاتیی ڕەسەنی ناوچەکە. لێرە هیچ کەسێک دەرفەتی نییە ئەوە بکات ئەگەر ناوەکان بەهەڵە نووسرابێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە دەبێ  "سلێمانی" ئاوها گۆ بکەم، نەک بە شێوەی سلێمانییە کەوا گۆکردنێکی هەڵەیە و ئەم جۆرە گۆکردنانە هەر کوردێک گوێی لێبێت لێی تێناگات و لەم بیست ساڵەی دواییدا نزیکەی هەموو نەخشەکان بەم شێوە هەڵەیە بڵاوکراونەتەوە. سەرەنجام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە پەیپەرەکەی مێجەر ماسۆن وێنەیەکی ڕاستەقینەی داوەتە وڵاتەکە وەک ئەوەی کە بە ماوەیەکی کەم لە مۆرکردنی ئاگربەست لەگەڵ تورکیادا پەیڕەوی دەکرا.

سەرۆک: کاپتن بێڵ، یەکێکە لەو ئەفسەرە سیاسییانەی کە لەلایەن موحازیر و جەنەراڵ کۆب ئاماژەی پێدراوە. ڕەنگە ئەو نهێنییەمان بۆ باس بکات کە ئەفسەرە سیاسییەکان پەنایان بۆ بردووە لە کارەکەیاندا.

کاپتن چارڵس تی. بێڵ: جەنەراڵ کۆب زۆر باشی کرد کاتێ گوتی دەتوانێ هەمیشە ئەو ئەفسەرانە بدۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی پێی دەسپێردرێت، بەڵام ئەوەی نەگوت کە ئەوان لە کارەکەیاندا بەرەوپێش دەڕۆن چونکە متمانەیەکی گەورەیان هەیە بە سەرکردەکانیان و ئەوەش بزانرێت کەوا هەموو پاڵپشتییەکیان دەکرێت. ڕەنگە بوارم پێبدرێت بۆ تەواوکردنی باسەکەی مێجەر ماسۆن بە گێڕانەوەیەکی کورتی ژیانی یەکێک لە ئەفسەرە سیاسییەکان لە کوردستان. من لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەوە، وەک دەکرێ وای ناو بهێنم، بە فەرماندەیی مێجەر نۆئێڵ نێردرام بۆ سلێمانی و نێردەکە شەش ئەفسەری سەربازی و سیاسیی لەخۆگرتبوو. ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی لە پێش جەنگدا ٤٠ هەزار کەس بوو، بەڵام لە مانگی دیسەمبەری ڕابوردوودا بە حاڵ و نەحاڵ دەگەیشتە ٩ هەزار کەس و زۆرێک لەوان لەبرسا دەمردن و هەموو بەیانییەک تەرمەکان لە بازاڕدا کۆدەکرانەوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا خەڵکی گۆشتی منداڵە مردووەکانی خۆیان دەخوارد. لە پاش مانەوەیەکی کەم لە سلێمانی، گوێزرامەوە بۆ کۆیسنجەق. یەکەم شەوم لە مزگەوتێکدا بەسەربرد، کە بریتی بوو لە کۆڵیتێکی قوڕ و وەک میوانخانە و تەویلەی وڵاخیش بەکاردەهات. مەلای مزگەوتەکە کاتەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی زۆر جێی گومان بە زمانی فارسی لەگەڵم بەسەربرد و پاشان چووە لای ئاپۆرەی نوێژخوێنان و بە دڵگەرمییەوە کەوتە دۆعاکردن و نوێژخوێندن. لە ڕەواندز هەندێ لە سەرۆک خێڵەکان داوایان کرد ڕۆژێك بیانبینم. ئەوان کۆچەر بوون و بە مەڕوماڵاتەکانیانەوە بە چیاکاندا دەسووڕانەوە. نزیکەی دە کەسیان هاتنە لام و بەوپەڕی تەبایی و گونجاوییەوە کەوتینە قسە و دەمەتەقێ لەگەل یەکتر، کاتێ کەوا کوتوپڕ کوڕی یەکێک لە سەرۆکەکان بە تفەنگەکەیەوە خۆی دا بە زەویدا و کەوتە تەقەکردن لە بەردێک کە نزیکەی ٥٠٠ یارد لە ماڵەکەمەوە دوور بوو. پاشان هەموو سەرۆکەکان بە هەمان شێوە کەوتنە تەقەکردن و نیشان شکاندن و هەستم کرد کە دەبێ منیش هەمان شت بکەم و لە پاش نمایشەکە خەڵاتم پێدان. ئەمە پەسەندترین ڕێگە بوو بۆ دانوستان کردن لەگەڵ سەرۆکە کوردەکاندا. من دوای سێ مانگ ڕەواندزم بەجێهێشت بەرەو باکوور بۆ نەهری بە یاوەریی سەرۆک خێڵێکی خۆوڵاتی بە ناوی سەید تەها، کە لە نەوەی پێغەمبەرە و بەو پێیەش پیرۆزیی بەمیرات بۆ ماوەتەوە. ئەگەرچی ئەم پیاوە خۆی بە کەسێکی هێجگار گرنگ دەزانێت، بەڵام ئەم دوانزە ساڵەی دوایی لە زیندان بەسەربردووە یان هەوڵیداوە لێی هەڵبێت لە ئێران و ڕووسیا و دوو جاریش لە قوستەنتینییە (ئیستانبوڵ - و). ئەو لەوێ شتێک لە شارستانییەت فێربووە، چونکە کاتێ کە من گەیشتمە نەهری، ئاودەست و گەرماوێکی زۆر پوخت و خاولیی بۆ دابینکردم، کە پێشوازییەکی تا ڕادەیەک لەناکاو بوو بۆ سەرۆک خێڵێکی ڕێگر و جەردە لە چیا کێوی و دەست پێڕانەگەیشتووەکانی کوردستانی ناوەنددا. مێجەر ماسۆن باسی لە کریستیانەکانی کوردستان کرد کە لە کوردستانی ناوەڕاستدا گوندێک هەیە لە شەشسەد ماڵ پێکهاتووە و نیوەیان کریستیانن و هەردوو لا بە تەبایی پێکەوە دەژین. لە نزیکی کۆیسنجەق گوندێک هەیە کە دانیشتووانی تەواو کریستیانن. ناوچە دێهاتییەکانی باکووری ڕەواندز تەنانەت زۆر وێرانترە لەوانی کە لە باشووری کوردستاندان و چەندین ڕۆژ ڕێبکەیت گوندێک یان کەسێک نابینیت و لەوە دەچێت وڵاتەکە بەتەواوی نغرۆ بووبێت، یەکەم  لەسەر دەستی هێزەکانی ڕووسدا و دواجاریش لەسەر دەستی تورکەکاندا. لە ڕاستیدا، لە باکووری کوردستاندا  و لە باشووری زیاتر، وا دیارە  بۆنی مەرگ وڵاتی بەتەواوی پڕکردووە. من بۆ ماوەی هەفتەیەک لە نزیکی نەهری هەوارم خست و خێوەتمان هەڵدا. هێزەکانی تورک لەو ناوچەیەدا هەبوون و هێزێکیان ناردە سەر سەربازگەکەی من. لەبەر ئەوە من گواستمەوە بۆ ئێران و لە ورمێ مامەوە. دەشتی ورمێ زۆر بەپیتە و گەلێ جار ڕووس و کورد و تورک و کریستیانەکان لەسەر ئەو دەشتە دەبێت بە شەڕیان و پێش ئەوەی من بگەمە ئەوێ بە دوو هەفتە قەتڵوعامێکی کریستیانەکان  ڕوویدابوو. جێی سەرنجە ئەوە بزانن کەوا شێخ محەمەد ئاغا، کە وێنەکەتان بینیوە بە شەرواڵێکی دەڵب و پانوپۆڕەوە، ئەوەی سەلماندووە کە دۆستێکی دڵسۆزی ئێمە بوو لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا. ئەو ئۆتۆمبیلە تورکییەی کە توانی لە هەولێرەوە بگاتە ڕەواندز کەوتە خەرەندی ڕەواندزەوە. من باوەڕم وایە کە ڕاپەڕینەکەی سلێمانی بەگشتی شکستخواردوو بوو و جەماوەری بوونی زیاتری حوکمی بەریتانیی لێکەوتەوە بەپێچەوانەی حوکمی تورکەوە. مەسەلەکە بۆ کورد چەند مانگێکی خایاند تا ئەوە تێبگات و کاتێ ئەو ڕاستییەی بۆ دەرکەوت چیتر گومانی نەما لە جەماوەری بوونی ئێمە. ئەمەش لەو ڕاستییەوە ڕووندەبێتەوە کەوا شەش ئەفسەری سیاسیی - سەربازیی زیندانی، کە یەکێکیان پێش ماوەیەک بەردرا و گەڕایەوە بۆ وڵات، چۆن تێکڕا مامەڵەیەکی زۆر باش کراون.

سەرۆک: مێجەر ستیوارت موڕای، ئەفسەرێکی سیاسیی ترە و ئێستا لێرەیە و مایەی سوپاسگوزارییەکی زۆرمانە ئەگەر بفەرمێت و وتەیەکمان بۆ بدات.

مێجەر س. موڕای: من لە هەولێر بە یەکەم ئەفسەری سیاسی دامەزرام و بە پێی ئەم سیفەت و پۆستەم مامەڵەم لەگەڵ خەڵکدا دەکرد لە سلێمانی و ڕەواندز و هەموو شوێنەکانی تر. لەبەر ئەوە زۆر بە گرنگییەوە گوێم لە موحازەرەکەی مێجەر ماسۆن گرت و هەروەها بۆ قسەکانی کاپتن هەنتەر و کاپتن بێڵیش. من لە کاتی ڕاپەڕینەکەی سلێمانیدا لەسەر تەلەگراف بووم لە هەولێر و ئاگام لەو ڕۆژە پڕ ناخۆشی و مەترسییانە بوو کە خەڵک تێیدا دەژیان. ئەوان لە ڕاستیدا زۆر دوور نەبوون لەو ڕووداوانەوە، بەڵام ڕەنگە دوورییەکەیان لە مەودای هەزاران میلەوە بووبێت بۆ ئەو هاوکاری و یارمەتییەی کە دەبوو ئێمە پێیان بگەیەنین. بەڵام بە هۆی بوونی پیاوەکانمانەوە لەو شوێنە دوورەدەستانە، ڕاپەڕینەکەی سلێمانی، وەک بەرپاکرا، مەودایەکی گەورەی وەرنەگرت و زۆر تەشەنەی نەکرد. من کاتێ سێ مانگ لەمەوبەر هەولێرم بەجێهێشت وا دیاربوو تەواوی ناوچەکە سەقامگیر بووبێت و پێموایە کوردەکان ئێستا لەوە تێگەیشتوون کە ئێمە نەهاتووین خوێنیان بمژین، وەک دەگوترێ، بەڵکوو هەوڵ دەدەین چیمان لەتوانادا بێت یارمەتییان بدەین. ئێمە خواردن و جلوبەرگ و شتی تری پیویستمان بۆ ناردوون وزۆر شتمان بۆ کردوون. من زۆر دڵنیام کەوا شتەکان  جێگیر دەبن و کاتێ ئەگەر ئاشتی بەرقەرار بوو، هەموو کەس دەزانێت کە شتەکان لە چاو ئەوەی کە ساڵی پار بینیتان بەتەواوی دەگۆڕێن.

سەرۆک: مایەی ئەوپەڕی خۆشحاڵیمانە بۆ ئەوانەمان کە دەبوو لە ماوەی جەنگدا لە لەندەن بمێنینەوە و ئەو پیاوانە ببینین کەوا لە ناوچە دوورەکانی ئەم جیهانە بۆ بەرژەوەندیی ئێمە کاریان دەکرد وا جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. ئەو کەسانەی ئێمە کە بەناچاری مامەڵەیان لەگەڵ گەلە کێوییەکاندا کردووە دەبێ لەو گرفت و ئاستەنگانە تێبگەن کە بەرەوڕووی ئەفسەرەکانمان دەبنەوە و ئێستا زۆر زیادیان کردووە بە هۆی ئەو نادڵنیاییەوە کە لە دەمی مۆرکردنی ئاگربەستەوە باڵی کێشاوە بە سەر دۆخەکەدا سەبارەت بە چارەنووسی داهاتووی ئەو هەرێم و وڵاتانەوە کەوا ئەو ئەفسەرانە کاریان تێدا دەکەن. ئێوە گوێتان لە باسوخواسی ئەو ئەفسەرانە گرت و گەیشتوونە ئەو باوەڕەی کە دۆخێکی ناجێگیر و نادڵنیایی هەیە سەبارەت بەوەی ئاخۆ کوردستان لە داهاتوودا دەکەوێتە ژێر حوکمی بەریتانی یان دەگەڕێتەوە سەر تورکیا و یان دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتی داهاتووی ئەرمینیا. کەواتە تا ئەم مەسەلەیە بەتەواوی یەکلادەبێتەوە، ئەوە کاری ئەفسەرەکانمان لەوێ دەکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسیی هێجگار گەورەوە و ئێمە بە تەواوی لەو مەترسییانە تێدەگەین کە بەرەوڕووی ئەفسەرەکانمان بووەتەوە. پێموایە کاتێ کە ئێمە گوێمان لە موحازەرەکەی مێجەر ماسۆن دەگرت، بیرکردنەوەی سەرەکیمان کە تووشی سەرسوڕمانی کردبووین ئەو ڕاستییە بوو کەوا ئەو وێرانکارییە سامناکەی باسەکەیمان بیست بەبێ هەڵەی ئەو خەڵکە خۆیان ڕوویداوە و ماڵی ئەو خەڵکە چارە ڕەشە بەجارێ کاول و ویران بووە و خەڵکی وڵاتەکە لەناوچوون نەک بە هۆی شەڕێکی تایبەت لەنێوان خۆیاندا، بەڵکوو بە هۆی شەڕی نێوان ئەوروپییە دوورەکانەوە بووە لە ناوەڕاستی ئەوروپادا. لە باسەکەی مێجەر ماسۆن و لەو سلایدە نایابانەوە کە پیشانیداین، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی نائاسایی وشک و چۆڵە و لە ئێستادا پێناچێت ئاستەنگی زۆر هەبێت لە بەردەم پەیوەندیکردندا. لەگەڵ ئەوەشدا، موحازیر وتەکەی بە تێبینییەکی پڕ لە هیواوە کۆتایی پێهێنا و وایبۆچوو کە وێستگەیەکی نایابە بۆ هێزەکانمان ئەگەر پاسگا و سەربازگە لە میزۆپۆتامیادا دابنێین. هەروەها باسی لە ئەگەری چاندنی دار کرد، بەتایبەتی داری میوە و چاندنی ڕەزەترێ و دانەوێڵە و لۆکە و تووتن و پێموایە باسی لە ئەگەری دۆزینەوەی خەڵووزی بەردین و نەوتیش کرد. بەهەرحاڵ، ڕەنگە پاشەڕۆژێک هەبێت بۆ ئەم وڵاتە کڵۆڵ و بەدبەختە و بەهیواین لە کاتێکی نزیکدا سەقامگیر ببێت لەپێناوی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیدا بە شێوەیەکی تۆکمە و چەسپاو. ئەوە ماوەتەوە بڵێم کە داواتان لێدەکەم سوپاسی گەرم بۆ بەڕێز مێجەر ماسۆن دەرببڕن لەپای موحازەرە زۆر سوودبەخش و پڕ لە زانیارییەکەی.

 

سەرچاوە:

گۆڤاری جوگرافی (سەر بە کۆمەڵەی شاهانەی جوگرافیی بەریتانی - وەرگێڕ)

بەرگی ٥٤،  ژمارە ٦، دیسەمبەری ١٩١٩

The Geographical Journal

Vol. LIV No. 6

December 1919

CENTRAL  KURDISTAN

Major Kenneth Mason, M.C., R.E.

Read at the Meeting of the Society, 3 November 1919.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×