ئا: ئاوێنە
ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانجو لەتارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
ئیسماعیل عەبدولسەلام هەنیە کە نازناوی "ئەبو عەبدە"، ساڵی ١٩٦٣ لەیەکێک لەکەمپەکانی پەنابەرانی فەلەستین لەغەزە لەدایکبووە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسو سەرۆکوەزیرانی دەیەمین حکومەتی فەلەستین بوو، کە وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فەلەستین لەساڵی ٢٠٠٦ەوە دەستبەکاربوو.
هەنیە لەساڵی 1987 لەزانکۆی ئیسلامی غەزە ئەدەبی عەرەبی خوێندو پاشان لەساڵی 2009 بڕوانامەی دکتۆرای لەهەمان زانکۆ بەدەستهێنا.
هەنیە چالاکی سیاسی خۆی لەنێو ریزەکانی "حیزبی ئیسلامی" لەکەرتی غەزە دەستپێکرد کە نوێنەرایەتی لقی خوێندکاریی ئیخوان موسلیمینی دەکردو دواتر بووە سەرقافڵەی دامەزراندنی "مقاوەمەی ئیسلامی". لەساڵی ١٩٨٥دا بووە سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئیسلامی لەغەزە.
ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرد، دوای ئەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس دوورخرایەوە بۆ مەرج ئەلزهور لەسەر سنوری لوبنان، ساڵێکی تەواوی لە١٩٩٢ لەدوورخراوەییدا بەسەربرد.
دوای ساڵێک گەڕایەوە بۆ غەزەو کرا بەسەرۆکی زانکۆی ئیسلامی. ساڵی ١٩٩٧ دوای ئازادکردنی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی بزووتنەوەی حەماس، وەک بەرپرسی نوسینگەکەی دەستنیشان کرا. ئەمەش پێگەی هەنیەی لەبزوتنەوەی حەماسدا بەهێزتر کرد.
لە ١٦ی شوباتی ٢٠٠٦ حەماس کاندیدی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەلەستینو زۆربەی دەنگەکانی بەدەستهێناو لەبیستی ئەو مانگەدا دەستبەکاربوو.
دوای ساڵێک، بەفەرمانی سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، مەحمود عەباس، هەنیە لەپۆستی سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دوورخرایەوە، کاتێک کە کەتائیبی عێزەدین قەسام دەستیان بەسەر بنکەکانی دەزگای ئەمنی لەکەرتی غەزەدا گرت. هەنیە بڕیارەکەی ڕەتکردەوە، چونکە بە"نادەستووری"ی ناویبرد، جەختی لەوەش کردەوە کە "حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لەئەرکەکانیو دەستبەرداری بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی بەرامبەر گەلی فەلەستین نابێت".
هەنیە داوای ئاشتەوایی فەلەستین لەگەڵ بزوتنەوەی فەتح کردو چەند جارێکیش قبوڵکردنی خۆی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لەچوارچێوەی ئاشتەوایی هەمەلایەنەدا ڕاگەیاندو لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.
ڕۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٧ لە لایەن ئەنجومەنی شورای سەر بەبزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی، لە دوای خالد مەشعەل بەسەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی گەردەلولی ئەقسا، لەبۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلدا لەغەزە، سێ كوڕو سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە، كوژران.
ئیسماعیل هەنیە لەدوای كوژرانی كوڕو نەوەكانی لە پەیامێكدا وتی، "دوژمن دەیەوێت لەڕێگەی كردنە ئامانجی منداڵی سەركردەكان و شكاندنی شكۆی گەلەكەمانەوە، سازش بەدەستبهێنێت، بەڵام دەدۆڕێت."
وتیشی "خوێنی منداڵو نەوە شەهیدەکانم لەخوێنی منداڵانی گەلی فەلەستین بەنرختر نییە، سوپاسی خودا دەکەم کە شەرەفی شەهید بوونی بەسێ کوڕەکەمو بەشێک لەنەوەکانی من بەخشی".
جگە لەوەش ٦٠ کەسی نزیکی بنەماڵەی هەنیە لەنێویاندا خوشکەکەی بە هۆی بۆردومانی ماڵەکەیان لەئۆردوگای ئەلشاتی لەڕۆژئاوای کەرتی غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.
دوایین دەرکەوتنی هانیە لە تاران بوو لەکاتی رێورەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەناو پەرلەمانی ئێران بوو.
ئیسماعیل هەنیە هاوڕێی نزیکی قاسم سولەیمانی بوو، دوای کوژرانی حاجی قاسم، بەشداری لەڕێوڕەسمی پرسەکەیدا کرد لەتارانو فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی بە"شەهیدی قودس" ناوبردو وتی "ئەم تیرۆرو شەهیدکردنانە ئیرادەو خۆڕاگریو پێداگریمان زیاتر دەکات".
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، ئیسماعیل هانیە لەداڕشتنی پلانی ئۆپراسیۆنی گەردەلولی ئەقسادا کە کوژرانی زیاتر لەهەزار هاوڵاتی ئیسرائیلیو بەبارمتە گرتنی زیاتر لە ١٠٠ کەسی لێکەوتەوە، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە.
ئیسماعیل هەنیە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەمال هەنیەی ئامۆزایدا کردووەو ١٣ منداڵی هەبووە، هەشت کورو پێنج کچ.