"کاربەدەستانی ئێران‌و بەرەی مقاوەمە دەبێ لەخەمی گیانی خۆیاندا بن"
  2024-08-02       1218       
فوئاد شوکر - ئیسماعیل هەنیە

ئا: ئاوێنە

 

ئێران‌و بەرەی مقاوەمە رۆژانێکی سەخت‌و رەش تێکەوتوون، لەماوەی کەمتر لەحەوت کاتژمێردا، ئیسرائیل فەرماندەی سەربازیی پلە یەکی حزبوڵڵای لوبنان "فوئاد شوکر"ی لەبەیروت‌و سەرکردەی سیاسی پلە یەکی بزوتنەوەی حەماس "ئیسماعیل هەنیە"ی لەتاران کوشت، پەیامی ئیسرائیل لەم تیرۆرکردنانەدا روونە: "دەستمان بەهەموو شوێنێک دەگات‌و گیانی هیچ کام لەدوژمنەکانمان پارێزراو نییە".

 

هەموو شرۆڤەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە کوشتنی "ئیسماعیل هەنیە"، پاش چەند کاتژمێرێک لەگەیشتنی بەتاران‌و دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران‌و لەمیوانخانەی تایبەتی سوپای پاسداران‌ کە بەبازنەیەکی ئەمنی توند دەورە دراوەو دەپارێزرێت، نیشانەی دزەکردنی موسادی ئیسرائیلە بۆ نێو قوڵایی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران.

شارەزایانی بواری هەواڵگری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە چالاکییە پێویستی بە"سیخوڕو زانیاریی وردە لەخودی ئەو شوێنەی چالاکییەکی تیا ئەنجام دەدرێت تا بتوانێت وەک سێبەر بەدوای ئیسماعیل هەنیەوە بێت‌‌و لەماوەی چەند کاتژمێری گەشت کردنیدا بۆ تاران بەوردی شوێن پێی هەڵگرێت، دەنا تیرۆرکردنی هەنیە لەمیوانخانەیەکی تایبەت‌و دڵنیابەخشدا کە لەڕێوشوێنێکی ئەمنی توندا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەپارێزرێت کارێکی ئاسان نییە، ئەمەش مایەی نیگەرانی زیاتری کاربەدەستانی ئێرانە. چونکە ئەم تیرۆر کردنە لەنیوەشەوداو لەتاران کە بەپایتەخت‌و "ئوم قورا"ی بەرەی مقاوەمە دادەنرێت، بەمانای ئەوە دێت لەمەودوا هیچ سەرکردەیەکی ئێران لەئەمن‌و ئاسایشدا نییەو ئەو وڵاتە توانای رێگریی لەدزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە بۆ نێو دەزگا ئەمنییەکان خۆی نییە".

بەراگەیاندنی کوشتنی هەنیە لەتاران، حەسەن یونسی، کوڕی وەزیری پێشووی ئیتیلاعاتی ئێران، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس قسەکانی چەند ساڵ لەمەوبەری عەلی یونسی باوکی بەبیرهێنایەوەو نووسی "بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی جارێکیان وتی ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی بەرپرسانی سیاسی کۆماری ئیسلامی ناکوژێت تەنها لەبەرئەوەیە بڕیارێکی لەوجۆرەی نەداوە...".

ئێستا ئەو پرسیارە دەوژرێنرێت "ئایا تەنانەت گیانی خودی خامنەیی لەتاران پارێزراوو سەلامەتە؟".

عەلی یونسی، وەزیری پێشووی ئیتیلاعاتی ئێران، شەش مانگ پاش تیرۆر کردنی زانای ئەتۆمی "موحسینی فەخری زادە" لەنزیکی تاران، لەچاوپێکەوتنێکدا وتبووی "لە ١٠ ساڵی رابردوودا موساد بەئەندازەیەک رۆچووەتە دامودەزگاو بەشە جیاوازەکانی ئێرانەوە کە لەجێی خۆیایەتی هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی گیانی خۆیان بن".  

تیرۆرکردنی ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنیە، لەتارانی پایتەختی ئێران‌و تیرۆرکردنی فوئاد شکور لەبەیروتی پایتەختی لوبنان، جارێکی دیکە لاوازیی سیستەمی ئەمنی‌و هەواڵگریی ئێران‌و حزبوڵای گەورە هاوپەیمانی ئاشکرا کرد. بەتایبەتی تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی سیاسی لەم ئاستە باڵایەدا کە چەند کاتژمێرێک بەر لەکوشتنی، رابەری کۆماری ئیسلامی لەباوەشی دەگرێ‌و لەڕۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراندا روودەدات کە بەو بۆنەیەوە ڕێوشوێنێکی ئەمنی توند گیرابوەبەر. ئەمەش ئەوە دەردەخات تاران نەیتوانیوە سەرکردەیەکی هاوپەیمانی لەپایتەختەکەیدا بپارێزێت‌و پێشێلکارییەکی ئەمنی گەورەیەو پرسیار لەبارەی ئاسایش‌و سەلامەتی سەرکردە باڵاکانی ئێران‌و توانای ئیسرائیل کردنە ئامانجی ئەوان دەوروژێنێت.

ڕافایل کۆهین، شرۆڤەکاری هەواڵگری‌و شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند "لەڕووی تەکنیکییەوە، تیرۆرکردنی هەنیە بەمانای توانای هەواڵگری‌و هێرشبەریی سەرسوڕهێنەری ئیسرائیل‌و لاوازیی‌و بێ توانایی‌و شەرمەزاریی دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییەکانی ئێران دێت".

راشیگەیاند "ئەوەی روویداوە لەهاک کردنی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران دەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی هەنیە لەسەردانێکی کورتدا بووەو بەوردی شوێن پێی هەڵگیراوەو کوژراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×