هێرشی نەژادپەرستو توندڕەوەكان تەشەنەی سەندوە بۆسەر مزگەوت و شوێنە ئاینییەكانی بێگانەكان
ئا: كاوە ڕەش
تادێت هێرش و ئاژاوەی گروپە ڕاستڕەوو توندڕەوەكانی بەریتانیا، تەشەنە دەستێنێتو لەم هەفتەیدا دەیان کرداری توندوتیژیان بەرامبەر خەڵكانی بێگانەو پەناخوازان، ئەنجام داوە، ژمارەیەك سەرتاشخانەی كوردەكان شكێندراونو ئاگریان تێبەردراوە.
شڵەژانی شەقامەکانی بەریتانیا، لەدوای هێرشی هەرزەكارێكی بەڕەگەز بێگانە هات، كە ژمارەیەك منداڵی لەسەنتەرێكی سەماكردن، برینداركردو كوشت.
هاوكاتیشە لەگەڵ دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیاو دەسەڵاتداریەتی پارتی كار. ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی قورسە بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، كە ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاژاوەگێڕەكان هەڕەشەی دەرچوون لەکۆنتڕۆڵ دەكەن، دەسەڵاتداران خۆپێشاندەران، بە"ئاژاوەگێڕو، جەردەو چەقكێش" ناو دەبەن.
سەرۆك وەزیران، پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕان كردو ڕایگەیاند كە "دەسەڵاتی تەواو دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی كاری شەڕەنگێزی و پەلاماردەری ئەنجام دەدەن، تا ببرێنە بەردەم دادگا".
هاوكات سەرۆك وەزیران گوتی" ئەركی ئێمەیە كە سەلامەتی گیانی هەموو خەڵكی بەریتانیا بپارێزین، بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی وئتنی و نەتەوەیی. بەتایبەتیش ڕەوەندی موسڵمانەكان، كەئێستا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەكرێتەسەر".
هێرشی نەژاد پەرست و توندڕەوەكان، تەشەنەی سەندوە بۆسەر مزگەوت و شوێنە ئاینییەكانی بێگانەكان، لەنێویاندا هۆستێل و هۆتێل و شوێنی داڵدەدانی پەناخوازان.
ڕۆژی یەك شەممەی رابردوو ٤/٨، هێرشەكان توندتربوونەوەو سەدان ئاژاوەچی ویستویان هێرش بكەنە سەر چەندین مزگەوت لەبەریتانیا.
هەمان ڕۆژ هێرش كراوەتە سەر هۆتێلێكی مانەوەی پەناخوازان لەشارۆچكەی ڕۆزەراهام و زیانی زۆر بەر هۆتێلەكە كەوتوە، بەڵام پۆلیس دەڵێ" جگە لەبریندار بوونی چەند كاڕمەندێكیان هیچ كۆچبەرێك و ستافی هۆتێلەكە زامدار نەبوون بەهۆی هێرشەكەوە".
لەلایەكی دیكەوە، گروپی بچوك بچوكیش، هێرش دەكەنە سەر دوكانی بێگانەكان و وەك لەچەند گرتە ڤیدۆی نێو سۆشیال مێدیادا بڵاوبونەتەوە دەركەوێ، ژمارەیەك سەرتاشخانەی كوردەكان دەشكێندرێنو ئاگر لەدوکانەکانیان بەردەدرێت.
لەچەند ناوچەیەكیش بەشێك لەبێگانەكان گردبوونەوە بەمەبەستی پاراستنی مزگەوتو دوكانەكانیان، تا هێرشی نەكرێتەسەر، بەڵام پۆلیس داوا دەكات "هەموولایەك خۆیان بەدوور بگرن لەڕووبەڕووبونەوەو پێك هەڵپژان، لێگەڕێن پۆلیس ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت".
كابینەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، كۆبونەوەی فریاگوزاریی لەناكاو دەبەستێت، كەناسراوەبە"كۆبرا" بۆ خۆئامادەكردنو ڕووبەڕووبونەوەی ئەو شەڕو ئاڵۆزی و پشێیویەی بەشێكی بەریتانیای گرتوەتەوە.