شەش خاڵ دەربارەی یەحیا سەنوار
  2024-08-06       4071       

ئا: ئاوێنە

 

بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایگەیاند، یەحیا سەنوار، سەركردەی بزوتنەوەكەیان لەغەزە، وەك سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس دیاریكرا، ئەوەش لەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیە لەهەفتەی رابردو لەتاران.

 

شەش خاڵ گرنگە دەربارەی یەحیا سەنوار بزانرێت:

 

١/ یەحیا سەنوار ساڵی ١٩٦٢ لەکەمپی پەنابەرانی خان یونس لەکەرتی غەزە لەدایکبووە. زێدی باب‌و باپیران‌و بنەماڵەکەی "مەجدەل عەسقەلان" بوو، کە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨دا ئاوارە بوون‌و بەجێیانهێشت‌و پەنایان بۆ خان یونس برد، بەڵام لەساڵی ١٩٦٧دا خان یونس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیر کرا. یەحیا خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەکانی سەر بەدەزگای پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA)  تەواو کردو پاشان لەزانکۆی ئیسلامی لەغەزە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەزمانی عەرەبیدا بەدەستهێنا.

 

٢/ یەحیا سەنوار تەمەنی ٦٢ ساڵەو ٢٤ ساڵی تەمەنی لەزیندانەکانی ئیسرائیلدا بەسەربردووە، کە زۆربەی تەمەنی گەنجیەتی. سەنوار سێ جار دەستگیرکراوە، یەکەمجاریان لەساڵی ١٩٨٢ بوو، کە هێزەکانی ئیسرائیل بەتۆمەتی بەشداریکردن لە"چالاکی تێکدەرانە" بۆ ماوەی چوار مانگ لەدەستبەسەری ئیداریدا هێشتیانەوە. ساڵی ١٩٨٨ سەنوار بەهۆی بەشداربوونی کارایەوە لەڕێکخستنی "ئینتیفازەی فەلەستین"دا بۆ جاری سێیەم دەستگیر کراو سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. کاتێک سەنوار ماوەی زیندانییەکەی بەسەردەبرد، سەربازێکی ئیسرائیل بەناوی "جلعاد شالیت" لەلایەن حەماسەوە بەبارمتە گیرا. ئیسرائیل ناچار بوو هەموو شتێکی پێویست بکات بۆ ئازادکردنی. سەرەنجام لەبەرامبەر ئازادکردنیدا، ئیسرائیل ١٠٠٠ زیندانیکراوی بزوتنەوەی فەتح‌و حەماس، لەنێویاندا یەحیا سنواریشی لەساڵی ٢٠١١ ئازادکرد. سەنوار دوای ئازادبوونی وەک سەرکردەیەکی دیاری بزوتنەوەی حەماس‌و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە گەڕایەوە بۆ غەزە.

 

٣/ یەحیا سەنوار سەرکردەیەکی مەیدانی رادیکالە، دامەزرێنەری دەزگای ئەمنیی حەماسە کە بە"مەجد" ناسراوەو تایبەتە بەدۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ، وەک ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەکرێگیراوانی ئیسرائیل، شوێن پێهەڵگرتنی ئەفسەرانی موساد‌و دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل. هەروەها سەنوار لەگەڵ "محەمەد زەیف"و "مەروان عیسا" سێ فەرماندەی هەرە کاراو کاریگەری باڵی سەربازی حەماس‌و کەتائیبی عێزەدین قەسام بوون. هەروەها سەنوار نوسەرو وەرگێڕی چەند کتێبێکە لەزمانی عبرییەوە بۆ عەرەبی.

 

٤/ سەنوار یەکێکە لەداواکراوە سەرەکیەکانی ئیسرائیل‌و لە"لیستی تیرۆر"ی ئەو وڵاتەدایەو موساد بە"دوژمنێکی مەترسیدارو سەرکردەی هەڵۆکانی حەماس" ناویدەبات. ئیسرائیل بەئەندازیارو پلانداڕێژی زۆرێک لەچالاکیی سەربازییەکانی حەماسی دادەنێت، بەتایبەتی هێرشی ٧ی ئەکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر باشوری ئیسرائیل، کە کوژرانی ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی‌و بەبارمتەگرتنی ٢٠٠ کەسی لێکەوتەوەو بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئێستای غەزە. تا ئێستاش موسادو هەزاران سەربازی ئیسرائیل لەهەوڵی دۆزینەوەی یەحیا سەنواردان، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت "ئێمە کۆڵنادەین بەدوایدا دەگەڕێین تا ئەو کاتەی دەیدۆزینەوە". هاوکات لەئەیلوولی ٢٠١٥ەوە، ئەمریکا ناوی سەنواری خستوەتە لیستی ڕەشی "تیرۆریستانی نێودەوڵەتی"یەوە.

 

٥/ بەپێی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی، سەنوار کاریگەرترین سەرکردەی فەلەستینییە. ئەو ژیانێکی نائاسایی‌و نهێنی بەسەردەبات، ئەم پیاوە قژ سپی‌و برۆ رەشە بۆ خۆبەدوورگرتن لەهەوڵی تیرۆرکردن بەنهێنی دەژی‌و لەدوو دەیەی ڕابردوودا لە ٦ هەوڵی تیرۆری شکستخواردوو ڕزگاری بووە.

 

٦/ دیاریکردنی سەرکردەیەکی مەیدانی‌و توندڕەوی وەک یەحیا سەنوار بەسەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، بەتەحەداکردنێکی گەورەی ئیسرائیل‌و دژایەتیکردنی نەتەنیاهۆ دادەنرێت‌ لەم ساتەوەختەداو کارکردنە بەهەمان لۆژیکی ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە پڕ لەزۆرانبازییە پێویستی بەسەرکردەیەکی رادیکال‌و شێلگیرو مەیدانییەو سەنواریش لەدیدی حەماسەوە پیاوی ئەم قۆناغە سەختەیە کە باوەڕی بەتوندوتیژییە. هەروەها هەڵبژاردنی سەنوار پەیامێکە بۆ ئیسرائیل‌و نەتەنیاهۆ کە کوشتنی ئیسماعیل هەنیەو وێرانکردنی غەزە، نەک بەرەو میانڕەوییان نابات، بەڵکو زیاتر گیانی دوژمنایەتییان بەرامبەر بەئیسرائیل بەهێز دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×