لاهور شێخ جەنگی: ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتدان نانی باوكیان دەخۆن
  2024-09-04       552       

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، دۆخێكی دروستكراوەو چارەسەریشی ئاسانە. دەشڵێت، ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان نانی باوكیان دەخۆن و ئامانجی من ئەوەیە دەسەڵات بگرمە دەست.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی رایگەیاند، وانەی باشم لە روداوەکانی 8ـی تەمموز وەرگرتوەو لە دوای 8ـی تەمموزەوە کەموکورتییەکان باشتر دەبینم.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو دۆخەی هەرێمی تێکەوتووە دروستکراوە و چارەسەری ئاسانە.

لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، کاتێک بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەكێتی بووم رێگریم لە ئەجێندانی وڵاتانی هەرێمی دەکرد، نەیاری سەرسەختی سیاسەتی پارتی بووم،  هەموو کێشەکانی نێوان پارتی و یەكێتی دەخرانە ئەستۆی من.

بەبڕوای سەرۆكی بەرەی گەل پارتی و یەکێتی هێزی ئەمنییان لەگەڵ نەماوە ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان نانی باوكیان دەخۆن.

جەختیشی كردەوە كە "قبوڵی ناکەم پەراوێز بخرێم" و "رێگە بۆ هیچ کەسێک چۆڵ ناکەم."

لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا لاهور شێخ جەنگی وتی، "ئەوانەی تاوانبارن بە شەهیدکردنی هاوڕێکانم ملکەچی دادگا دەکرێن."

بەبڕوای لاهور شێخ جەنگی شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆرباشەو دەنگی ساختە و زیادە لە تۆماری دەنگدەراندا لابراون.

وتیشی، شکستی پارتی و یەكێتی بۆ خەڵک دەرکەوتوە، لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات پێکەوە دەتوانن گۆڕانکاری بکەن.

وتیشی"ئامانجم ئەوەیە دەسەڵات بگرمە دەست."

ئەوەشی خستۆتەڕو، "پارتی و یەكێتی هێز و پارەیان نەماوە" و "دەبێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕین...خەونی ئێمە گرتنەدەستی دەسەڵاتە."

هەروەها وتیشی، "تورکیا و ئێران دەزانن پارتی و یەكێتی خەڵکیان لەگەڵ نەماوە" و "بە هێزی خەڵک دەچمەوە دەسەڵات... دەنگێکی زۆر لەنێو لایەنەکانی دیکە دەهێنم."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×