"وه‌فده‌كه‌ی‌ عێراق داوای‌ تەواوی‌ داهاتی‌ نانەوتیی‌و ڕاده‌ستكردنی‌ تەواوی‌ بەرهەمی‌ نەوتی‌ له‌هه‌رێم ده‌كات"
  2024-09-07       651       
ساتی‌ گه‌یشتنی‌ وه‌فدی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر


به‌بۆچونی‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، هاتنی‌ تەیف سامی بۆ هەولێر کاریگەریی ئەرێنی لەسه‌ر چارەسەرکردنی کێشەکانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا دەبێت‌و به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ ناڕه‌سمییه‌كان، وه‌فده‌ عێراقییه‌كه‌ به‌ڕه‌سمی‌ داوای‌ تەواوی‌ داهاتی‌ نانەوتیی‌و ڕاده‌ستكردنی‌ تەواوی‌ بەرهەمی‌ نەوتی‌ له‌هه‌رێم ده‌كات.

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، وه‌فدێکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان‌و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا. 

وه‌فده‌كه‌ له‌لایه‌ن فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆکی ئەنجومەنی‌ وەزاریی ئابوریی عێراق سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق-یش ئه‌ندامێكی‌ دیاری‌ وه‌فده‌كه‌یه‌.

بڕیاره‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، کۆبونەوەكانی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق‌و ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان بەئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێبکات.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ ناڕه‌سمییه‌كان كه‌ میدیاكانی‌ یه‌كێتی‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌كۆبونه‌وه‌كانیاندا چه‌ند داواكارییه‌ك له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ دیارترینیان پێكهاتووه‌ له‌:

- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ تەواوی‌ داهاتە نانەوتییەکان هه‌رێمی‌ كوردستان به‌خه‌زێنه‌ی‌ گشتی‌.

- ڕاده‌ستكردنی‌ تەواوی‌ بەرهەمی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان به‌حکومەتی‌ فیدراڵ.

- جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاری‌ ژمارە 13ـی‌ ساڵی‌ 2019ـی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق له‌سه‌رجه‌م دەروازە سنورییەکان بەبێ جیاوازی‌.

- ناساندن‌و یه‌كخستنی‌ باجی‌ گومرگی‌ لەهەموو دەروازەکان بەبێ جیاوازی‌‌و رسوماتی‌ گومرگی‌ لەپڕۆژە پیشەسازییەکان وەربگیرێت.

- پاکتاوکردنی‌ قەرزی‌ نەختینەیی بانکەکان کە لەساڵی‌ 2014 لەلایەن هەرێمی‌ کوردستان بەکارهێندراوە.


- گەڕاندنەوەی‌ بڕی‌ 118.2 ملیار دیناری‌ پارەی‌ فۆرمی‌ خۆراک بۆ ساڵەکانی‌ 2004 تا 2021.

 

لای‌ خۆیه‌وه‌ سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، وەزیری دارایی یەکەمجارە سەردانی هەولێر دەکات، ئەو سەردانە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان، "هەردو حکومەت زۆر بەجددی‌ کاریان بۆ چارەسەریی کێشەکان کردووە."

ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرسی کشتوکاڵ‌و پاراستنی بەرهەم‌و گەنمی جوتیاران‌و كێڵگه‌ پەلەوەرییه‌كان‌و سامانی ئاژەڵ، کێشەی بازرگانی لەتۆماری کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق، هەروەها شایستەی زیندانییە سیاسییەکان‌و کەمئەندامان‌و بیمەی کۆمەڵایەتیی، له‌و پرسانه‌ن كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ هه‌ردو ئه‌نجومه‌ن تاوتوێ ده‌كرێن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراقیش، سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم ئەو دۆسیانە دروستبون کە پەیوەندییان بەبەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتیانی عێراقەوە هەیە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×