توركیا كوژرانی بەرپرسێکی پەكەكەی لەسلێمانی راگەیاندو ئێرانیش ستایشی گواستنەوەی کۆمەڵەکان بۆ کەمپی سورداش دەکات
  2024-09-08       1209       
ساڵحە ئاكبێك، بەرپرسی پژاک کە تورکیا دەڵێت لەلایەن میتەوە لەپێنجوێن کوژراوە

میدیای رەسمی توركیا دەڵێت، ساڵحە ئاكبێك، بەرپرسی بەشی ئێرانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەی پێنجوێنی هەرێمی كوردستان لەلایەن میتەوە كوژراوە. باڵیۆزی ئێرانیش لە بەغدا دەڵێت: دەست بە گواستنەوەی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم بۆ كەمپەكان كراوە. دەشڵێت، لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەكەكە، پێشنیاریی هاوكارییمان بۆ عێراق كردوە.

ئاوێنە: كاتی كوژرانی ساڵحە ئاكبێك رانەگەیەندراوە، بەڵام ئاژانسی رەسمی ئەنادۆڵی توركی دەڵێت، ئەو لە ناوچەی پێنجوێن لەنزیك سنوری ئێران لەلایەن میتەوە لە ئۆپەراسیۆنێكدا كوژراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ساڵحە هەفتەی رابردو لە هێرشێكی درۆنی توركیادا كە ئۆتۆمبێلەكەی كرابوە ئامانج كوژراوە.

لەلای خۆیشییەوە فەرماندەیی هێزەكانی یەژاستار كە باڵی سەربازیی ژنانی پەكەكەیە، لە راگەیەندراوێكدا ساڵحە ئاكبێكی وەك یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان(پژاك) ناوبردوە.

توركیاو ئێران پەكەكە و پژاك-یان لە لیستی "رێكخراوە تیرۆریستییەكان"ی وڵاتەكانیاندا پۆلێن كردون.

ئێران، پژاك و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی تۆمەتباركردون بەوەی كە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی ئێراندا لەدوای كوژرانی "ژینا ئەمینی"، رۆڵیان هەبوە.

محەمەد ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشچونی رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان وڵاتەكەی و عێراق كە دو ساڵ لەمەوبەر ئیمزاكرا، رایگەیاند، گواستنەوەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم، لە بارەگاكانیانەوە بۆ كەمپەكانی پەنابەری، دەستی پێكردوە.

باڵیۆزی ئێران، حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بە "جوداخواز" ناوبردن و وتی"لە هەولێر و سلێمانی كەمپی پەنابەری هەن و ئەوان بەبێ ئەوەی هیچ هێرشێكی تیرۆریستی بكەنە سەر ئێران دەتوانن لەو كەمپانە بژین."

باڵیۆزی ئێران وتیشی"ئێمە ئەو كوردە جوداخوازانەمان سەرپشك كرد كە بگوازنەوە بۆ كەمپەكانی پەنابەریی و هێرشی تیرۆریستی دژی ئێران ئەنجام نەدەن. ئەو كەسانەی كە دەستیان بە خوێن سور نییە، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئێران و بەشێكی دیكەیان ئەگەر بیانەوێت بچنە وڵاتانی دیكە، ئێمە پشتیوانی كونسوڵییان پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی لە عێراق بچنە دەرەوە."

باڵیۆزی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا وتی"لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەكەكەش ئێمە پێشنیاری هاوكاریمان بۆ عێراق كردوە."

رۆژی هەینی، كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، لە راگەیەندراوێكدا وتی، گواستنەوەیان بۆ كەمپەكان دەستیپێكردوەولەم قۆناغەدا ژمارەیەک لە کەس و بنەماڵەکانی کۆمەڵە نیشتەجێی زڕگوێزی گەورە، وەک دەستپێکی پرۆسەکە، گواسترانەوە بۆ سورداش.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، بڕیارە لە یەكەم سەردانیدا بۆ وڵاتانی دەرەوە، رۆژی چوارشەممەی داهاتو بگاتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×