ئا: ئاوێنە
دوای چەندین دانیشن رۆژی سێشەممە ١٠ی ئەیلول، دادگای تاوانەکانی 2ی هەولێر سزای زیندانی "هەتا هەتایی" بۆ دو لە تاوانبارانی کوشتنی ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە دەركرد، پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت،"بکوژ و هەشت ئەفسەر و پلە باڵای میتی تورکیا کە لە ڕۆژی کوشتنی ئەندامەکەی کەنەکە لە هەولێر بون تا ئێستا دەستگیرنەکراون و فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە."
هەژار کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی کوشتنی دەنیز جەودەت ناسراو بە دەنیز هیڤی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، رۆژی سێشەممە ١٠ی ئەیلول، "کۆتا دانیشتن بو لەسەر دۆسیەی کوشتنی دەنیز، دادگا بە مادەی 2 لە یاسای بە رەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بۆ هەردو تاوانباری دەستگیرکراو کە دەستیان لە تاوانی کوشتنەکەدا هەبوە و دانیان بە تاوانەکانیاندا نابو دەرچو، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری کوژراو، بەڵام ئێمە لە بڕیارەکەی دادگا ناڕازین و تانەی لێدەدەین و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەکەین."
وتیشی،" لەسەر هەمان کەیس دادوەر سزای 7 ساڵ زیندانی دیکەی بەسەر هەردو تۆمەتباردا سەپاند و دۆسیەکانیش بریتیبون لە دۆسیەی سیخوڕیکردن، هەروەها ئەم دو کەسە بکوژ نەبون و هاوکاربون و بکوژی سەرەکی هەڵاتوە. لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان ناوە بەوەی کاریان بۆ میتی تورکیا کردوە و چەندین باندی سیخوڕی تریان دروستکردوە، جگە لەم دو تاوانبارە فەرمانی گرتن بۆ نۆ کەسی دیکە دەرچوە کە ئەفسەر و پلە باڵای میتی تورکیان و لە ڕۆژی کوشتنی دەنیز جەودەت لە هەولێر بون و سەرپەرشتیاری دۆسیەکەیان کردوە."
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 18ی 9ی 2023، ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بە ناوی (دەنیز جەودەت) ناسراو بە (دەنیز هێڤی) بەرپرسی ئیداریی کەنەکە کاتێک خۆی بە تەنیا دەبێت لە نێو بارەگاکەیان کە دەکەوێتە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر، لەلایەن کەسێکەوە لە دەرگا دەدرێت و بە کردنەوەی دەرگاکە بەدەمانچە دەکوژرێت.
دوابەدوای روداوەكە بەماوەیەكی كەم دو کەس لەسەر ئەو ڕوداوە دەستگیرکران و ڕاگەیەندرا کە دەستیان لە کوشتنی ئەو ئەندامەی کەنەکەدا هەبوە.
دەنیز هێڤی کوردو خەڵکی باکوری کوردستان بو و بە هەڵبژاردنی وەکو ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لە هەولێر نیشتەجێببو.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، تاوانبارانی سزادراو ناویان (ع. س.ع) و (ج. ئ)و بە ڕەچەڵەک کوردن و ناسنامەی توركیاو عێراقیان هەیە و لەپێش لێکۆڵەر دانیان بە تاوانەکەیان ناوە کە هاوکاری بکوژبون و کاری سیخوڕیانکردوە بۆ تورکیا، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە لە پێش دادوەر وتەکانی پێشویان ڕەتکردەوە.
هیوا سەید سەلیم، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دادگا لە کەیسی شەهید دەنیز لەسەر سکاڵای کەسوکارەکەی بڕیاریدا، ئێمە چاوەڕوانی زیاتر بوین کە سزاکەی لە سێدارەدان بێت، چونکە ئەو کەسانە کاریان بۆ وڵاتێکی ئیقلیمی وەکو تورکیا کردوەو دەستیان لە تاوانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی تیرۆرکردنی کەسیکی سڤیلدا هەبوە."
وتیشی،"لە ڕێگای تیمی پارێزەرانمانەوە بڕیارەکە تانەی لێدەدەین، هەروەها داوامان وایە بکوژی سەرەکی و ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبوە دەستیگربکرێن و سزا بدرێن."
تاوەكو ئێستا توركیا لەبارەی تێوەگلانی لە تیرۆركردنی "دەنیز هێڤی" هیچی ڕانەگەیاندوە وەک پارێزەرەکەی وتویەتی"سزادراوان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە سیخوڕییانکردوە بۆ تورکیا."