"تەوتین" یان "هەژمارى من"، کامیان دەیبەنەوە؟
  2024-09-15       634       
هێشتا یاریکە لەنێوان "تەوتین و هەژمارى من" کۆتایى نەهاتووە

ئا: وریا حسێن

 

دوا نوسراوى تەیف سامى وەزیرى دارایى عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یارى دەستشکانەوەى پرسى بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى عێراقى کۆتایی پێهێناوە، ئێستا عێراق لەسەر ڕێگاى گرێبەستە بۆ ئەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بکاتە "کارتى بانکى".

 

سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابورى عێراق کە کارى لەسەر ئەو کەیسە کردووە، تەیف سامى لەوەڵامى ئەودا کۆمەڵێک بەڵگەى پێشکەش کردووە کەوا پیشانى دەدەن، بەغداد تەنها ئەوەى ماوە گرێبەست لەگەڵ وەزارەتى دارایى بکات.

سۆران عومەر، لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە وردەکارى زیاترى خستەڕوو، ئاماژەى بەوە کرد ئەو داواى لەوەزارەتى دارایى عێراق کردووە چیدیکە چاوەڕوانى هەرێمى کوردستان نەکات، بەڵکو پێوەرى بایۆمەترى بکاتە بنچینەو لەسەر ئەو بنەمایە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان "بەنیشتمانى بکات"، سۆران وتى "ئێستا بایۆمەترى بنچینەى پێدانى مووچەیەو هەرکەس نەیبێت مووچەى نادرێتێ".

ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، "هەژمارى من" بەپڕۆسەى بەنیشتمانى کردنى مووچە نازانێت‌و پێىوایە ئەو پڕۆسەیە بۆ "دابەشکردنى مووچە"یەو لەکۆتایدا دەبێتە بەشێک لەپڕۆسەى بەنیشتمانیکردنى مووچە لەلایەن عێراقەوە، ئەو وتى "گرنگ ئەوەیە ناوى مووچەخۆران لەبانکى فیدراڵى جێگیر بکرێت‌و وەزارەتى دارایى تەمویلى ئەو بانکە بکات‌و لەوێوە مووچە دابەش بکرێت".

 

بەڵام چیرۆکەکە لەهەرێمى کوردستان بەتایبەت لاى پارتى دیموکراتى کوردستان جۆرێکى دیکەیە، بەوتەى کەسانى ئاگادار لەو پارتە لەهەولێر بەئەنجومەنى ئابورى عێراق‌و تەیف سامیش وتراوە "ئەگەر مووچە نەبێت، ئێمە چى بکەین لەچوارچێوەى دەستورى عێراق"دا.

 

زانا تۆفیق بەگ، ئەندامى مەکتەبى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لەسلێمانى زانیارییەکى تایبەتى ناو کۆبونەوەکەى هەفتەى ڕابردووى ئەنجومەنى ئابورى عێراق لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم باس دەکات، هەریەکە لەمەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى‌و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت بەڕوونى بەئەندامەکانى ئەنجومەنەکەیان وتووە، حکومەت ئەرکى سەرشانى جێبەجێکردووە، ئەوەى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى جێبەجێناکات عێراقە، هاوکات ئەوەشیان ووتووە "مووچە ئەولیاتە بۆمان".

زانا وتى "تەیف سامى بەسەرۆکى حکومەتى وتووە، بەشێکى گرفتەکان کە بۆ لیستى مووچە دێتە پێشەوە لاى تیمى ئێمەن، بەشەکەى دیکەى لایەنە سیاسیەکانى ناو حکومەتى عێراق ئاگادارمان دەکەنەوە لەخروقاتەکان، بۆیە کێشە بۆ لیستى مووچە دروست دەبێت، لەوەڵامیشدا سەرۆکى حکومەت وتویەتى ئەگەر عێراق سایشتە داراییەکان نەنێرێت مانەوەى هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى دەستورى عێراق چ مانایەکى هەیە".

ئەو ئەندامەى مەکتەبى پەیوەندییەکانى پارتى دەربارى هەژمارى من‌و  بەنیشتمانیکردنى مووچە بڕواى وایە پەیکەرى "هەژمارى من" گرنگە ببێتە پەیکەرى "بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان"، چونکە لەلایەک لەڕووى یاساییەوە "هەژمارى من" لەلایەن بانکى ناوەندییەوە موڵەتى پێدراوە، لەلایەکى دیکەشەوە هەڵەیە هەرێمى کوردستان ڕێگە بەبانکەکانى عێراق بدات کەڤەرى بازاڕى هەرێمى کوردستان بکەن، زانا وتی "بۆ مێژوو دەیڵێم، لەئەنجامدا حکومەتى عێراقى هەژمارى من دەکاتە بنەما، چونکە هەولێرو دهۆک ئەو هەژمارەیان پڕ کردووەتەوە، لەگەڵ بەشێکى سلێمانى، بۆیە دەبێتە ئەمرى واقع".

 

غالب محمەد، پەرلەمانتارى پێشووى عێراق کە ئێستا زۆر قاڵە لەپرسى مووچەى فەرمانبەران‌و بەنیشتمانیکردنى، بڕوایەکى پێچەوانەى لەگەڵ کادیرەکەى پارتى هەیە، زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە عێراق ڕازى نابێت بەپڕۆژەى "هەژمارى من"، چونکە ئەو پڕۆسەیە بەپڕۆسەیەکى هەرێمى کوردستان دەزانێت، ئەو بەئاوێنەى وت "عێراق دەیەوێت ڕاستەوخۆ پارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بخاتە سەر هەژمارى بانکێکى عێراق خۆى مووچە بدات".

ئەو پەرلەمانتارەى پێشووى عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەژمارى من وەسیتى حکومەتى هەرێمە واتە ئەگەر عێراق مووچە نەنێرێت ئەوانیش پارەیان نیە بیدەن، بۆیە لەوبارەیەوە پلانى عێراق بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات، ئەو وتى "عێراق دەزانێت هەرێمى کوردستان بەزۆرەملێ هەژمارى منى بەهێزە ئەمنیەکان پڕکردووەتەوە، پێموایە بەنیشتمانیکردنى مووچە لەفەرمانبەرانى مەدەنی هەرێمى کوردستانەوە دەستپێدەکات، چونکە ئەوان نەچوونەتە ژێر بارى ئەو پرۆسەیەوە".

 

فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە مەچەکبازى (هەژمارى من‌و تەوتین) بێزارن، بۆیە ئەنجومەنى فەرمانبەران‌و مامۆستایانى ناڕازى بڕیاریانداوە ٢٥ى ئەم مانگە دەست بەخۆپیشاندانى فراوان بکەن.

 

دڵشاد میرانى، ئەندامى ئەنجومەنى مامۆستایان‌و فەرمانبەرانى ناڕازى گفتگۆى لەگەڵ پەیامێرى ئاوێنە کرد، زانیارى ئەوەى لەبەرپرسانى عێراقەوە وەرگرتووە، عێراق تەنها دوو مانگى لەبەردەم بەرپرسانى هەرێمى کوردستان داناوە، بەپێچەوانەوە ئەزموونى دووەمى ڕیفراندۆم دووبارە دەبێتەوە، ئەو وتى "دواى کۆبونەوەکانى هەولێری نێوان عێراق‌و هەرێمى کوردستان هیچ هیوایەک نەماوەتەوە بۆ هەژمارى من".

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى مامۆستایان‌و فەرمانبەرانى ناڕازى کە یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی سەرپەرشتتى خۆپیشاندانەکانى ساڵى ڕابردووى مامۆستایانى دەکرد، ئاشکراى دەکات ٢٥ى ئەم مانگە دێنەوە سەر شەقام‌و داواى بەنیشتمانیکردنى مووچەکانیان لەعێراق‌و هەرێمى کوردستان دەکەن، زیاتر وتى "خۆپیشاندانى ئەم جارەمان نەوعى دەبێت بۆ داواکردنى بەنیشتمانیکردنى مووچەو بەنیازین لەبەردەم دادگاى فیدراڵى خەیمە هەڵبدەین".

 

هێشتا یاریکە لەنێوان "تەوتین و هەژمارى من" کۆتایى نەهاتووە، بەڵام ئاماژەکان لەعێراقەوە خێران بۆ دروستکردنى فشار بۆ سەر هەرێمى کوردستان تاوەکو مل بۆ داوکارییەکانى عێراق بدات.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×