سكرتێری حزبی شیوعی‌: پێدانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به‌ده‌زگای ئایینی مانای سه‌پاندنی خولیای تایفه‌گه‌رییه‌
  2024-09-17       560       
كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان له‌وتارێكدا باس له‌مه‌ترسییه‌كانی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ له‌عێراق ده‌كات‌و پێیوایه‌ كه‌ پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌كه‌ نه‌ك ته‌نیا مافی یاسادانان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌سه‌نێته‌وه‌، به‌ڵكۆ مافی دادوه‌ری له‌دادگاكانیش ده‌سه‌نێته‌وه‌‌. ده‌شڵێت، "پێدانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به‌ده‌زگای ئایینی مانای سه‌پاندنی خولیای تایفه‌گه‌رییه‌ له‌ بواری یاسادا‌و هه‌نگاوی كۆتایهێنانه‌ به‌شوناسی مه‌ده‌نیبوونی ده‌وڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵگا‌".

ئاوێنه‌: فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق داوای‌ هه‌واركردنه‌وه‌ی‌ یاسای باری کەسێتی عێراق ژمارە 188ـی ساڵی 1959 ده‌كه‌ن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرۆژه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان كردووه‌. په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌می‌ بۆ هه‌مواره‌كه‌ كردووه‌.

پرۆژه‌ی‌ هه‌مواره‌كه‌ ڕێگه‌ به‌ماره‌كردنی‌ كچی‌ 9 ساڵ ده‌دات، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ڕێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ ژنان‌و مافی‌ مرۆڤی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناوه‌.

كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان بابه‌تێكی‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ "له‌په‌راوێزی هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێڕاق بۆ نه‌هێشتنی قانونی باری كه‌سێتی ژماره‌ 188ی ساڵی 1959" بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا ده‌ڵێت، "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق، كه‌ به‌پێی ده‌ستوری ساڵی 2005 ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌وه‌قفی شیعه‌و وه‌قفی سوننه‌ ده‌به‌خشێت‌و، چاوه‌ڕێده‌كات ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ دوو یاسای باری كه‌سێتی له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری‌و له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی سوننی دابنێن. به‌م جۆره‌ بڕیاردانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆك‌و مادده‌كانی دوو یاسا، كه‌ جارێ نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌‌و خۆشیان ناینووسنه‌وه‌."

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، "گومان له‌وه‌دا نییه‌ ته‌نیا ئه‌م هۆكاره‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌‌و كاری یاسادانان به‌ جۆره‌ ده‌زگایه‌كی ناده‌ستووری ئایینی ده‌به‌خشێت، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن، كه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌مواركردنه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ناده‌ستوورییه‌‌و نه‌ده‌بوایه‌ بخرێته‌ لیستی كاری كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق."

به‌بۆچونی‌ كاوه‌ مه‌حمود، "پێدانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به‌ ده‌زگای ئایینی مانای سه‌پاندنی خولیای تایفه‌گه‌رییه‌ له‌ بواری یاسادا‌و هه‌نگاوی كۆتایهێنانه‌ به‌ شوناسی مه‌ده‌نیبوونی ده‌وڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵگا‌و، جیاكاری ئایینی‌و مه‌زهه‌بی‌و تایفه‌گه‌ری دروستده‌كات‌و، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی 14ی ده‌ستووری عێڕاقه‌، كه‌ ده‌ڵێت: عێڕاقییه‌كان بێ جیاوازی به‌ هۆی ڕه‌گه‌ز‌و تیر‌و نه‌ته‌وه‌.. ئایین‌و مه‌زهه‌ب‌و بۆچوون‌و بیروڕا‌و ڕه‌وشی ئابووری ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر یاسا یه‌كسانن."

جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، "پێدانی ده‌سه‌ڵاتی دانانی یاسای باری كه‌سێتی به‌ فقهی مه‌زهه‌بی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك ڕاو‌و بیروبۆچوونی فقهی، كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ریت‌و ئاستی ڕۆشنبیری‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێش هه‌زار ساڵ گونجاوه‌. كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌ژێر كارتێكردنی نه‌ریتی پیاوساڵاری‌و قایلبوون به‌ كۆیلایه‌تی‌و دانانی سه‌دان په‌یڕه‌وی فقهی، كه‌ ڕه‌وابوونی به‌ سیستمی كۆیلایه‌تی‌و ژن‌و غولمان فرۆشتن‌و سته‌م‌و دیارده‌ی پیدۆفیلیای داوه‌. له‌نموونه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی جیاوازی فقهی تیایدا ئێجگار زۆره‌، ڕای گشتی له‌ مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ریدا ته‌مه‌نی باڵقی به‌ نیسبه‌ت كچانه‌وه‌ 9 ساڵه‌‌و، ده‌كرێ كچی نۆ ساڵ به‌ شوو بدرێت‌و، به‌ ڕای هه‌ندێ پیاوانی ئایینی دیكه‌ی ئه‌م مه‌زهه‌به‌ له‌ نۆ ساڵ ئه‌ركی نوێژ‌و ڕۆژو‌و حیجابی به‌سه‌ردا فه‌رزده‌كرێت."

به‌وته‌ی‌ كاوه‌ مه‌حمود، "له‌هه‌ردوو مه‌زهه‌ب به‌ شێوازی جیا، بابه‌تی سیغه‌ له‌ مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری‌و مسیار له‌ مه‌زهه‌بی سوننه‌دا هه‌یه‌‌و، هه‌ردوو دیارده‌ به‌ هاوسه‌ری كاتی‌و مسیار ناوده‌به‌ن‌و، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی ئایینه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك بابه‌ت، كه‌ تیایدا ژن ته‌نیا وه‌ك كه‌ره‌سه‌ته‌ی چێژی سێكسی ته‌ماشاده‌كرێت‌و ماف‌و ئازادی ژنان‌و كچانی تیادا پێشێلده‌كرێت."

له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ نوسینه‌كه‌یدا سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ڕونیده‌كاته‌وه‌، "پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق، نه‌ك ته‌نیا مافی یاسادانان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌سه‌نێته‌وه‌، به‌ڵكۆ مافی دادوه‌ری له‌ دادگاكان ده‌سه‌نێته‌وه‌‌و، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی باری كه‌سێتی له‌ ماره‌بڕینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ كۆتایهێنانی به‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری‌و دابه‌شكردنی میرات ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی پیاوانی ئایینی‌و، به‌م جۆره‌ش دادگایه‌كی مه‌زهه‌بی بۆ بابه‌ته‌كانی باری كه‌سێتی درووستده‌بێت‌و، كارده‌گاته‌ جیاوازی حوكمی شه‌رعی نێوان خودی یه‌ك مه‌زهه‌ب له‌ چوارچێوه‌ی فره‌یی له‌ حوكمی شه‌رعی‌و جیاوازی ڕاوبۆچوونی پیاوانی ئایینی مه‌زهه‌بیكی دیاریكراو."

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو، "ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن به‌شێكی به‌رچاوی دامه‌زراوه‌ ئایینییه‌ جۆراجۆره‌كان به‌دیده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها له‌گه‌ڵ بۆچونه‌كانی ئه‌بو حنیفه‌و شافعی‌و مالك‌و جعفر السادق‌و ابن تیمیه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن‌، پیرۆزی به‌بۆچوونه‌كانیان ده‌به‌خشن، له‌كاتێكدا وته‌‌و بۆچوونه‌كانیان لێكدانه‌وه‌ی ده‌قی پیرۆزی پێشتر بووه‌، كه‌ له‌قورئان‌و فه‌رموده‌كاندایه‌."

ده‌شڵێت، "به‌م جۆره‌ ده‌قی پیرۆزی پێشتر ده‌قی پیرۆزی دواتری خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت. له‌هه‌لومه‌رجی ئه‌مرۆشدا ئه‌و ده‌زگایانه‌ی فه‌توا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ شه‌رعییه‌كان ده‌ده‌ن‌و، بۆچوونه‌كانی خۆیان وه‌ك ڕاستی ڕه‌ها ده‌خه‌نه‌ ڕوو و، جلوبه‌رگی پیرۆزی له‌به‌ر فه‌تواكانیان ده‌كه‌ن‌و، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی خاوه‌ن فشار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا فه‌توا ڕایه‌كی تاكه‌ كه‌سه‌‌و ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌ یان ڕاستی تێدایه‌. ئه‌م عه‌قلیه‌تی ڕه‌هابوونه‌ توێژینه‌وه‌كانی بواری ئیسلامناسی گرتۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌سه‌له‌كانی مافی ژن‌و باری كه‌سێتیییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ عه‌قلیه‌تی سه‌له‌فییانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌و، دوور له‌ میتۆدی ڕه‌خنه‌گرتن‌و ڕچاوكردنی واقیعی گۆڕاو‌و زه‌مه‌نی گۆڕاو، تێكرای مه‌سه‌له‌ نه‌ریتییه‌كان‌و چه‌مكه‌ كۆنه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه‌."

به‌بۆچونی‌ كاوه‌ مه‌حمود، " ئه‌م گرفتانه‌ بارگرژیه‌كی ڕوون بۆ بواری یاسا دانان ده‌خولقیێنێت، چونكه‌ بنه‌مای یاسا له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا‌و مافی مرۆڤ‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كان، ده‌بێ مۆركی گشتی‌و موجه‌ردی هه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی بواری په‌یره‌وه‌كانی بواری فقه‌، كه‌ به‌ شێوازی جۆراوجۆر لێكده‌درێته‌وه‌."

ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه‌، "گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بۆ (فقه‌) مه‌زهه‌بی‌و تایفی خۆی هه‌روه‌ك له‌مادده‌ی 41ی ده‌ستوردا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، كارتێكردنێكی نه‌گه‌تیفانه‌ی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و چه‌مكی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان ده‌بێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵێك لوغمی مه‌ترسیداری تایفه‌گه‌رییانه‌ ده‌چێنێت‌و كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایفه‌گه‌ری‌و مه‌زهه‌بی‌و ئایینی دابه‌شده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ مه‌رجه‌عیته‌ ئایینییه‌كان له‌لایه‌ك باس له‌ مه‌سه‌له‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌كان له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ باری كه‌سێتی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ سه‌ر بنه‌مای جیاوازی تایفی‌و مه‌زهه‌بی رێكخه‌ن."

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ (فقه‌)ی مه‌زهه‌بی تۆوی دووبه‌ره‌كی‌و جیاكاری ده‌چێنێت‌و ناسنامه‌ی مه‌زهه‌بی گۆشه‌گیر له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا دروستده‌كات. به‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندی تاك به‌ مه‌زهه‌ب‌و ئایینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی فه‌توا‌و مه‌رجه‌عه‌یه‌تی ئایینی ده‌بێت، له‌ كاتێكدا پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئازادانه‌ بێت."

له‌كۆتاییدا سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هاوسه‌ری‌و میرات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌زهه‌بی مه‌ترسی دیكه‌ی لێدێته‌كایه‌وه‌، له‌وانه‌: بنیاتنانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هاوسه‌ری له‌ نێو كه‌سانی سه‌ر به‌ هه‌ر مه‌زهه‌ب‌و تایفه‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی داخراو‌و، دواتریش پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌زهه‌بی دابڕاو له‌ یه‌كتر دروستده‌بێت. به‌م جۆره‌ مه‌زهه‌بگه‌ری له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌ ده‌ستووردا بنیاتی دروستبوون‌و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی ئایینیه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×