"دەتکەم بەقوربانی فیشەکێک"، کاتێک براکان دەستیان دەچێتە خوێنی براکانیان
  2024-09-19       675       
کە خێزان پیرۆزی‌و بایەخی نامێنێ‌و غەریزە زاڵدەبێت، ئیتر مرۆڤ سڵ لەهیچ تاوانێک ناکاتەوە

ئا: دیما ئەحمەد

هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کە مانگانەو ساڵانە چەند جارێک تاوانی کوشتنی برایەک بەدەستی براکەی تیا روودەدات، لەدەیان ساڵی رابردوودا هاوشێوەی ئەم تاوانانە لەکۆمەڵگەی کوردیدا بوونیان نەبووە، دەرونناسێک دەڵێت "ئەوەی روودەدات باشترین ئاماژەیە بۆ تێکچوونی شیرازەی خێزان‌و کۆمەڵگەی کوردی".

 

پەیوەندی خوێن شەفاعەتی بۆ "وریا" نەکرد

نەپەیوەندی خوێن‌و نەبرایەتی شەفاعەتی بۆ وریای تەمەن ٣٢ ساڵ نەکرد، رێگەی ئەوەشی لە(ب.ع) برای نەگرت کە لولەی تفەنگەکەی ئاڕاستەی سەر سنگی بکات‌و بەسێ فیشەک بیکوژیت. وریا لەیەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی رابردوودا خەڵتانی خوێن کرا لەلایەن نزیکترین کەسی ژیانییەوە کە براکەی بوو، بەلای براکەیەوە وەرگرتنی میرات‌و کێشە لەسەر خانوویەکی بچووک لەگیانی وریا بە بەهاتر بوو.

بێستون محەمەد کە یەکێکە لەکەسە نزیکەکانیان، ئاماژە بەوە دەکات تا ساڵانێکی زۆر داخی کوشتنی وریا بەدەستی براکەی لەبیری کەسوکارو دراوسێکانی ناچێتەوەو هەموو جەژنی رەمەزانێ‌و هەر جارێک کە بەلای ئەو خانووە بچووکەدا دەڕوات ١٠ ساڵ بوو ببوە مایەی کێشەی نێوان وریاو براکەی، ئەو کارەسات‌و تاوانەی بیردەکەوێتەوە کە بەو چەژنە روویدا، ئەو وتی "دوای ئەوەی (ب. ع) دەیەوێت بچێت بۆ جەژنە پیرۆزە لەدایکی کە لەگەڵ وریا دەژیا لەگەڕەکی بەرکێو، وریای برای رێگەنادات دایکی بیبینێت‌و دەبێتە دەمەقاڵەیان، ئەویش دەڕوا بۆ ماڵەوەو دوای نیو کاتژمێر بەچەکی M4 دەگەڕێتەوەو تەقە لەبراکەی دەکات‌و سێ فیشەک دەنێت بەسەر سنگی وریاوەو خەڵتانی خوێنی دەکاو ھەر لەوێدا گیان لەدەستدەدات".

وتیشی "ئێستا (ب. ع) لەزیندانەو وریاش لەگۆڕستان، براکانی تریان حاشایان لە(ب. ع) کردووەو وتویانە ئەگەر رۆژێک لەڕۆژان ئازادیش بکرێت نابێت بێتەوە سەیدسادق‌و نامانەوێ چاومان بەچاوی بکەوێتەوە".

بێستون ئەوە رووندەکاتەوە کە بکوژ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانەو پلەشی هەیە، کێشەی لەگەڵ براکەی لەسەر خانووییەکی بچوکی وەرەسە بووە کە رەنگە ١٥ هەزار دۆلار بکات، ئەو وتی "ماوەی ١٠ ساڵ بوو ئەم کێشەیە بەردەوام بوو، چووبوونە لای مامۆستای ئایینی‌و لیژنەی فتواو دادگاش بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام هەر بێ چارەسەر مایەوە، تا وریا بەهۆیەوە کوژرا".

 

وریا یەکێکە لەدەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کە بەدەستی براکانی خۆیان کوژراون، زۆربەی ئەوانەی دەکوژرێن گەنجن‌و زۆربەی هەرە زۆری بکوژەکانیش هەر گەنجانن، ئێستا لەکوردستان ئەم هەواڵانە ناو بەناو دووبارە دەبنەوەو کەسیش راناچڵەکێنێت: "کەسێک براکەی خۆی کوشت"، "برایەک براکەی خۆی کوشت کە ماوەی سێ رۆژە هاوسەرگیریی کردوە"، "له‌رووداوێكدا برایەک برایەکی خۆی بەچەقۆ كوشت"، "برایەک براکەی خۆی لەسەر قەرز ‌كوشت"، "لەدووەمین رۆژی جەژنی قوربان برایەک بەدوو فیشەک براکەی خۆی کوشت"، "گەنجێک براکەی خۆی لە کاتی خەودا دەکوژێت‌و ڤیدیۆشی دەکات"، ئەوەی جێی سەرنجە هەندێکجار کە تاوانكار دان بەتاوانەكەیدا دەنێت‌، ئامادە نییە پەشیمانی بەرامبەر بەم رەفتارە ناجۆرەش دەربڕێت کە ئەنجامیداوە.

 

شیرازەی خێزان‌و کۆمەڵگە تێکچووە

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ کوشتنی برا لەلایەن براوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا لەكوردستان خەڵكانێك هێندە شپرزەو چاوچنۆکن کە بڕوایان بەهیچ رێساو بەهایەکی ئەخلاقی نییەو نە لەخوا دەترسن‌و نە لەویژدانی خۆیان‌و نە لەیاساش، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمە ئاماژەیە بۆ تێکچوونی شیرازەی خێزان‌و کۆمەڵگە لەهەرێمی کوردستان، بەمەرجێک بەدرێژایی مێژوو خێزان پیرۆزترین پێکهاتەی مرۆڤی ئێمە بووە، کە خێزان پیرۆزی‌و بایەخی نامێنێ‌و غەریزە زاڵدەبێت، ئیتر مرۆڤ سڵ لەهیچ تاوانێک ناکاتەوە".

وتیشی "لەئێستادا سۆشیال میدیا رۆڵی سەرەکی دەبینێت لەئاساییکردنەوەی توندوتیژی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی دیمەنی خوێنڕشتن‌و توندوتیژییەوە، هاوکات بڵاوبوونەوەی چەک بەڕێژەیەکی زۆر لەدەستی خەڵکیدا، لەگەڵ ئەوەشدا خراپ پەروەردەکردنی منداڵ‌و بەکارهێنانی توندوتیژیی لەخێزانداو جیاوازیی کردن لەنێوان مناڵەکاندا لەلایەن دایک‌و باوکەوە، هەروەها بێ بەها بوونی ژیانی روحی‌و زاڵبوونی ژیانی مادیی‌و پارەپەرستی‌و خۆپەرستی، ئالودەبوون بەمادەی هۆشبەر، هەمووی هۆکارن بۆ زیاتربوونی رێژەی تاوانکاریی، بەتایبەتی ئەم جۆرە تاوانە هەژێنەرانەی لەخێزاندا روودەدەن".  

قەرەچەتانی ئەوە بۆ پەیامنێری ئاوێنە ئاشکرا دەکات کە بەپێی ئەو بەدواداچونانەی کردوویانە، ئەو کەیسانەی لەچاکسازیەکان ڕاگیراون‌و پرسیاریان لێکردوون، زۆربەیان ھۆکارەکانیان کێشەی ئابوری‌و وەرەسەو دەروونیە کە برا برای خۆی کوشتووە، ئەو وتی "خەڵكێکی زۆر دۆخی دەرونییان سەقامگیر نییە، نەخۆشیی دەروونی کێشەیەکی گرنگی ئەمڕۆی ئێمەیەو ئاڵۆزیی ژیان، بێکاریی گەنجان‌و بێ هیوایی بەدواڕۆژو دانەمەزراندن، ئەمانە ھەمووی لەمێشکیدا کۆدەبێتەوە، بەداخەوە زۆرینەی گەنجانی ئێمە گرێی دەروونیان ھەیەو فشاری دەرونی زۆریان لەسەرەو بەشێکیشیان بەدەست نەخۆشی دەرونییەوە دەناڵێنن، ئەگینا بەو خوێنساردییەوە برا دەستی ناچێتە خوێنی براکەی، ئەگەر ئەم دۆخە ئابوری‌و دەرونییە چارەسەر نەکرێت حاڵەتەکانی کوشتن دەبێتە دیاردە، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی پیرۆزییە بۆ خێزان‌و دابین کردنی سەنتەری راوێژو چارەسەرە بۆ دەرووندروستی".

 

رێژەی کوشتنی برا بەدەستی برا زیادی کردووە

بەڵام سەرباری هەموو ئەو هۆکارانەش، هێشتا زۆرێک لەخەڵکی پێیانوایە ناکرێت هیچ پاساوێک بۆ کوشتننی برا لەلایەن براوە بهێنرێتەوەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ ئەم دیاردەیە بکەن‌و هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی خێزان‌و کۆمەڵگە بدەن.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "حاڵەتەکانی کوشتنی برا بەدەستی برا لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی کردووە، زۆرترین ھۆکارەکانیش کێشەی میراتی‌و وەرەسەیە".

ئەوەش رووندەکاتەوە کە بەپێی ئەو حاڵەتانەی لەبەرێوەبەرایەتیەکەیان تۆمارکراوە حاڵەتەکانی کوشتنی برا بەدەستی برا لەقەزاو ناحیەکاندا زیاتر بەھۆی زەوی کشتوکاڵی‌و موڵکەوەیە، بەڵام لەشارەکاندا بەھۆی کێشەی وەرەسەی خانوو دوکان‌و موڵکەوە بووە، ئەو وتی "چەندین کەیسمان لایە برا برای خۆی کوشتووە، جا چی برا گەورەکە بێت یان برا بچووکەکە".

وتیشی "ئێمە وەک لایەنی ئەمنی‌و پەیوەندیدار ناتوانین ھیچ کارێکی پێشوەختە بۆ ئەم حاڵەتانە بکەین، چونکە کێشەکان شاراوەن لەنێوان خێزاندا ڕوودەدەن، کاتێک ئێمە بەڕووداوەکە دەزانین، حاڵەتی کوشتنەکە ڕوویداوە، ناتوانین ھیچ  بکەین لەو حاڵەتەدا".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×